خانه / اخبار و رویدادها / لاپەڕەیەکی‌ ون لە ژیانی‌ شێخ محەمەدی‌ خاڵدا

لاپەڕەیەکی‌ ون لە ژیانی‌ شێخ محەمەدی‌ خاڵدا

لاپەڕەیەکی‌ ون لە ژیانی‌ شێخ محەمەدی‌ خاڵدا

پ.د.ئاراس محەمەد ساڵح

مامۆستا شێخ محەمەدی‌ خاڵ یەکێکە لە زانا گەورەکانی‌ کورد و نووسەرێکی‌ بەهرەمەندی‌ سەدەی‌ بیستەمە، لە سییەکانی‌ سەدەی‌ رابردووە چووەتە ناوەندی‌ نووسین و روناکبیری‌ و هەتا ساڵی‌ ۱۹۸۹ کۆچی‌ دوایی کردووە بەردەوام بووە، لەگەڵ ئەوەدا قازی‌ بووە و لەو پۆستەدا چەند شوێنک گەڕاوە، بەڵام بۆ ساتێک لە جیهانی‌ نووسین و رۆشنبیری دانەبڕاوە و لەم بوارەشدا خزمەتی‌ زۆری‌ کردووە.
هەتا ئێستا ئەوانەی‌ لەسەر ژیانی‌ شێخی‌ خاڵیان نووسیوە باسی‌ قۆناغەکانی‌ خوێندن و هەوڵەکانی‌ لە بواری‌ نووسین و پیشەی‌ قازێتیان کردووە، بێگومان ئەمانە بەشی‌ هەرە زۆری‌ ژیانی‌ ئەم زانا بەهرەمەندەن، بەڵام لاپەڕەیەکی‌ گرنگ لە ژیانی‌ شێخ محەمەدی‌ خاڵ وەرگرتنی‌ سەرۆکایەتی‌ لقی سلێمانی‌ (جمعیة‌ حمایة‌ الاطفال في العراق) (کۆمەڵەی‌ پاراستنی‌ مناڵانی‌ عیراق) بووە.
ئەم رێکخراوە لە ساڵی‌ ۱۹۲۸ لە شاری‌ بەغداد دامەزراوە، هەتا ساڵی‌ ۱۹۵۴ بەردەوام بووە لە خزمەتکردنی‌ مناڵانی‌ عیراق، لە زۆربەی‌ پارێزگاکانی‌ ئەوکاتەی‌ عێراقدا لقی‌ هەبووە، لە ساڵی‌ ۱۹۴۴ لە سلێمانی‌ لقی کردووەتەوە و مامۆستا شێخ محەمەدی‌ خاڵ سەرۆکایەتی‌ لقەکەی‌ کردووە و ناهیدەی‌ شێخ سەلام هاوکاری‌ بووە.
کاری‌ ئەم رێکخراوە دابینکردنی‌ هاوکاریی‌ ماددی‌ بووە بۆ مناڵان و پێشکەشکردنی‌ خزمەتی‌ تەندروستی‌ و هۆشیارکردنەوەی‌ دایکان و کۆکردنەوەی‌ هاوکاریی بووە بۆ مناڵانی‌ هەژار و کردنەوەی‌ بنکەی‌ تەندروستی‌ لە شارەکاندا، ئەم رێکخراوە توانیوێتی‌ خزمەتی‌ زۆر پێشکەش بە مناڵانی‌ عیراق بکات، بە تایبەتی‌ لەو قۆناغەدا کە بارودۆخی‌ ئابووری‌ و تندروستی‌  عیراق زۆر خراپ بووە.
ئەوەی‌ جێگای‌ ئاماژەپێکردنە «بەهادین نوری‌« کە ئەوکاتە پارێزگار (متصرف)ی‌ سلێمانی‌ بووە، ڕۆڵی‌ گەورەی‌ هەبووە لە کردنەوەی‌ لقی سلێمانی‌ کۆمەڵەکەدا، هەروەها هاوکاری‌ دارایی و پێداویستی‌ تری‌ کردوون، دەوڵەمەند و کەسایەتی‌ و بازرگانەکانی‌ سلێمانی‌ کۆمەکی‌ ئەم رێکخراوەیان کردووە، لەو رۆژگارەشدا رێکخراوەکەش خزمەتی‌ بەرچاوی‌ بە مناڵان و دایکان کردووە.
ئەوەی‌ جێگەی‌ باسە لێرەدا بە پێی‌ هەواڵێکی‌ رۆژنامەی‌ (ژین) ئەم لقە لە رۆژی‌ (۲۰/۵/۱۹۴۴) بە ئامادەبوونی‌ موتەسەڕیف لە کاتژمێر شەشی‌ ئێوارە لە باخچەی‌ خەستەخانەی‌ سەرەوە کۆبوونەوەی‌ هەڵبژاردنی‌ دەستەی‌ بەڕێوەبردنی‌ لقی‌ سلێمانی‌ کراوە.
لە ژمارەکانی‌ داهاتوودا رۆژنامەکە باسی ئەوە ناکات ئەوانە کێ بوون هەڵبژێراون، بەڵام لە ژمارە (۸۶۳)ی‌ رۆژنامەی‌ (ژین)ی‌ رۆژی‌ (۱۳/۳/۱۹۴۷) دەرچووە، لە لاپەڕە (۱)ی‌ رۆژنامەکەدا لە ژێر سەردێڕی‌ (سوپاسی‌ رەسمی‌) سوپاسنامەیەکی‌ مامۆستا شێخ محەمەدی‌ خاڵ کە لە ریگەی‌ موتەسەڕیفەوە ناردوویەتی‌ بۆ سەرۆکی‌ (کۆمەڵەی‌ پاراستنی‌ مناڵان) لە بەغداد، بە راشکاوی‌ نووسیوێتی‌: (رەئیسی‌ جەمعیەتی‌ شعبەی‌ حمایەی‌ اطفال شێخ محمدی‌ خاڵ بیانی‌ تشکری‌ بۆ سعاتی‌ بها‌ءالدین نوری پاشای‌، سکرتێری‌ جمعیتی‌ اطفالی‌ بغدا نوسیوە…) ئەم هەواڵە بە راشکاوی‌ مامۆستا شێخ محەمەدی‌ خاڵی‌ بە سەرۆکی‌ لقی‌ سلێمانی‌ ناوبردووە.
سوپاسنامەیەکی‌ کۆمەڵەکە لە ژمارە (۷۴۶) رۆژنامەی‌ (ژین) کە لە رۆژی‌ (۱۲/۶/۱۹۴۴) دەرچووە، لە لاپەڕە (۱)دا بڵاوکراوەتەوە، لەو سوپاسنامەدا ستایشی‌ هەموو ئەوانەی‌ کردووە کە هاوکاری‌ ئەو کۆمەڵەیان کردووە، هەروەها باسی‌ لە پاوکوخاوێنی‌ و خزمەتی‌ باشی‌ مناڵەکانی‌ کردووە و خۆزگەی‌ خواستووە کە پێشتریش رێکخراوی‌ لەو شێوەیە هەبوایە.
  لە ژمارە (۷۴۹)ی‌ رۆژی‌ (۱۶/۷/۱۹۴۴)ی‌ رۆژنامەی‌ (ژین)دا لە هەواڵێکدا لە ژێر ناوی‌ (حمایەی‌ اطفال) نووسیوێتی‌: (بەرە بەرە کۆمەڵی‌ حمایەی‌ اطفال رونقێکی‌ تەواویان داوە بە خدمت و سەرپەرشتی‌ منداڵان، جارێ دەستەی‌ کچان بە سەرکردەیی ناهیدە سەلام و چەند کچۆڵەیەکی‌ تر هەموو رۆژێ ئەو منداڵانە ئەشۆن و پاکیان ئەکەنەوە و دڵخۆشیان ئەدەنەوە…) ئەم هەواڵە ئەوەی‌ لێوەردەگیرێت کە خاتوو ناهیدەی‌ شێخ سەلام سەرۆکی‌ دەستەی‌ کچان بووە و کۆمەڵە کچێک هاوکاری‌ بوون، هەروەها بەشی‌ کچان و بەشی‌ کوڕان بە جیابووە.
هەر لەم هەواڵەدا باسی‌ ئەوە دەکات کە کوڕانی‌ مەکتەبیش بەردەوام تێدەکۆشن بۆ کۆکردنەوەی‌ هاوکاری‌ و کەلوپەل بۆ رێکخراوەکە، هەروەها دەڵێت: (ماڵ و خێزانی‌ موتەسەڕیف قوماشێکی‌ زۆریان کڕیوە و لە بارەگای‌ کۆمەڵەکە بڕیویانە و داویانە بە ماڵەکان هەتا بۆیان بدورن و دواتر بۆیان بگێڕنەوە دابەشی‌ بکەن بەسەر مناڵەکاندا).
 لە ژمارە (۷۶۲) رۆژنامەی‌ (ژین) کە لە رۆژی‌ (۲۶/۳/۱۹۴۴) لە چاوپێکەنێکدا لەگەڵ موتەسەڕیف لەبارەی‌ کۆمەڵەی‌ پاراستنی‌ مناڵانەوە پرسیاری‌ لێکراوە کە لە ئێستا و داهاتوودا چییان بۆ دەکەن؟ لە وەڵامدا موتەسەڕیف وتویەتی‌: (لە ئێستادا کۆمەڵەکە شوێنی‌ نییە و چوار دوکانیان بۆ بەکرێگیراوە، بەڵام لە بەرنامەدا هەیە بینایەکی‌ گەورەیان بۆ دروست بکەن کە شوێنەکەی‌ لە (۱۰)هەزار مەتر چوارگۆشە کەمتر نەبێت، لە سەردانیدا بۆ بەغداد قسەی‌ لەگەڵ وەزیری‌ دارایی و ناوخۆ کردووە و بەڵێنی‌ (۱۰) هەزار دیناری‌ وەرگرتووە، هەروەها بۆ زەوییەکەش پێی باش بووە لە باخچەی‌ بەردەمی‌ مزگەوتی‌ گەورەدا جێگەی‌ بۆ دابین بکرێت، لەوبارەوە داوای‌ لە حاجی‌ سەعید ئاغا کردووە و دوو هەزار مەتر زەوی‌ پێداوە و حەمەی‌ ئەوڕەحمان ئاغا هەزار مەتر و  خۆشیان وەک موتەسەڕیفییەت دوو هەزار مەتری‌ بۆ دەکڕن، حکومەتیش پێنج هەزار مەتریان دەداتێ).
پێشنیار کردنی‌ ئەو ڕووبەرە زۆرە لەلایەن موتەسەڕیفەوە و لە بەرنامەیدا بووە ئەو شوێنە لە داهاتوودا بکاتە قوتابخانەیەکی‌ پیشەیی گەورە وەکو ئاماژەی‌ پێکردووە.
 لە ژمارە (۸۷۲) رۆژمامەی‌ (ژین)دا کە لە رۆژی‌ (۲۲/۵/۱۹۴۷) دەرچووە، محەمەد ئەمین زەکی‌ بەگ رەخنەی‌ گرتووە لە وەرگێڕانی‌ ناوی‌ کۆمەڵەکە بۆ کوردی‌، هەرچەند ناوی‌ نەبردووە، بەڵام زیاتر رووی‌ رەخنەی‌ لە شێخ محەمەدی‌ خاڵە، چونکە لە ساڵی‌ ۱۹۳۵ شێخی‌ خاڵ سەرقاڵی‌ تەفسیر و گرنگیدان بووە بە زمانی‌ کوردی‌، بێگومان ئەو وەرگێڕانەش هەر خۆی‌ کردوویەتی‌ وەک سەرۆکی‌ کۆمەڵەکە و زمانزان.
 مامۆستا ئەمین زەکی‌ پێێ وابووە (ساوا) بۆ مناڵی‌ ناو لانک بەکارهاتووە، نەک مناڵێک گوێبگرێت و بخوێنێت وەک ئەو مناڵانەی‌ ناو کۆمەڵەکە، هەروەها لەبارەی‌ (لیژنە)وە کە لە بەرامبەر (لجنه‌)ی‌ عەرەبی دانراوە، پێی وابووە لیژنە بۆ هەڵچنینی‌ دار لەسەر یەک بەکارهاتووە، نابێت بە کۆمەڵێک کەس بوترێت لیژنەی‌ فڵان، بەلایەوە واباش بووە کە ناوەکە هەر بە عەرەبی بنووسرێت، چونکە لقی‌ کۆمەڵەیەکی‌ بەغدایە و پەیوەندییان لەگەڵ ئەواندا هەیە ئەوانە لە زمانی‌ کوردی‌ تێناگەن.
ئەم هەواڵە بەڵگەیە هەتا ساڵی‌ ۱۹۴۷ لقی‌ سلێمانی‌ ئەو کۆمەڵە بەردەوام بوون لە کارو چالاکی‌، دوای‌ ئەو مێژووە هەواڵی‌ نییە لە رۆژنامەی‌ (ژین)دا، کۆمەڵەکە لە بەغداد هەتا ساڵی‌ ۱۹۵۴ بەردەوام بووە، دوای‌ ئەو مێژووە هەڵوەشاوەتەوە، پێدەچێت لقی‌ سلێمانیش هەتا مێژووە بەردەوام بووبێت لە کاروچالاکی‌.
هەڵبژاردنی‌ کەسێکی‌ وەک شێخ محەمەدی‌ خاڵ بۆ سەرۆکی‌ لقی‌ سلێمانی‌ کۆمەڵەکە لەبەرئەوە بووە، کە شێخ محەمەدی‌ خاڵ زانایەکی‌ ئاینی‌ ناسراوی‌ شارەکە و لە هەمان کاتدا چەند ساڵێک قازی‌ شەرعی‌ بووە، کەسێکی‌ خاوەن پێگە و جێگەی‌ متمانەی‌ خەڵکی‌ بووە، چونکە سەرچاوەی‌ داهاتی‌ کۆمەڵەکە یارمەتی‌ و هاوکاری‌ خەڵکی‌ بووە، ئەو کەسانەش کە هاوکاری‌ خەڵکی‌ دەکەن یارمەتییەکانیان رادەستی‌ کەسانێکی‌ باوەڕپێکراو دەکەن بۆ ئەوەی‌ پارە و خێرەکانیان بگاتە شوێنی‌ تایبەتی‌ خۆی‌.

سەرچاوەکان:

یەکەم:  رۆژنامەی‌ (ژین) ژمارە (۷۴۲) لە رۆژی‌ (۲۵/۵/۱۹۴۴) دەرچووە.
دووەم:  رۆژنامەی‌ (ژین) ژمارە (۷۴۶) لە رۆژی‌ (۲۲/۶/۱۹۴۴) دەرچووە.
سێیەم:  رۆژنامەی‌ (ژین) ژمارە (۷۴۹) لە رۆژی‌ (۱۶/۷/۱۹۴۴) دەرچووە.
چوارەم:  رۆژنامەی‌ (ژین) ژمارە (۷۴۴) لە رۆژی‌ (۸/۶/۱۹۴۴) دەرچووە.
پێنجەم:  رۆژنامەی‌ (ژین) ژمارە (۷۴۶) لە رۆژی‌ (۲۲/۶/۱۹۴۴) دەرچووە.
شەشەم:  رۆژنامەی‌ (ژین) ژمارە (۷۶۲) لە رۆژی‌ (۲۲/۵/۱۹۴۷) دەرچووە.
حەتەم:  رۆژنامەی‌ (ژین) ژمارە (۸۶۳) لە رۆژی‌ (۱۳/۳/۱۹۴۷) دەرچووە.
هەشتەم:  گۆڤاری‌ سلێمانی‌، ژمارە (۲۱۲) مانگی‌ (۷-۸/۲۰۲۳) دەرچووە.
نۆیەم:  نخبة‌ من الباحثین العراقیین/ حضاره‌ العراق، الطبعة‌ الا‌ولی‌ ۱۹۸۵، المجلد۱۳٫
دەیەم:  زۆر سوپاسی بنکەی‌ ژین و مامۆستا رەفیق ساڵح دەکەین کە هاوکاری‌ زۆریان کردین لە پێدانی‌ رۆژنامەی‌ ژین.

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

کتاب “حقوق رسانه و اخلاق حرفه ای” توسط هیوا محمدپور منتشر شد

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *