
ناوەندێکی بڵاوکردنەوەی کوردیی خەڵاتێکی نیودەوڵەتی پێبەخشرا
ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەیتد پرێسی ئەمریکی (ئەی پی) بڵاوی کردەوە، کە خانەیەکی چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی لە تورکیا، بەهۆی خۆڕاگریی چەند ساڵەیەوە لە بەرامبەر سانسۆری دەوڵەت، خەڵاتی کۆمەڵەی خانەکانی بڵاوکردنەوەی ئەمریکا – ئەی پی پی وەرگرت.
ئاژانسەکە ڕوونی دەکاتەوە کە خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی ئاڤێستا لە تورکیا، بە هۆی بەرز ڕاگرتن و پاڵپشتیکردنی چاند و فەرهەنگی کوردی بۆ چەندان ساڵە لە ژێر زەبری سانسۆری دەوڵەتی تورکیایە، لەبەر ئەو بەهێزییەی خەڵاتی خۆڕاگریی کۆمەڵەی دەزگاکانی بڵاوکردنەوەی ئەمریکای بۆ ئەمساڵ پێ بەخشرا، وەک ئاژانسەکە باسی کردووە لەبەر ” بوێری و هێزی خۆڕاگریی لە داکۆکیکردن لە مافی ئازادی ڕادەربڕین.”
ئاژانسەکە دەڵێ” لە ساڵی ٢٠٠٥یش، ئاڤێستا ئەو خەڵاتەی پێ دراوە و ئێستاش دوای بیست ساڵ زیاتر دیسان خەڵاتەکەی پێ بەخشرایەوە.
هەر بۆیە، کۆمەڵە ئەمریکییەکە بەو خەڵاتە دانی بە خۆڕاگریی و بەرگەگرتنی ئاڤێستادا ناوە و پێی وایە لە ئێستادا بە هێزتر بووە.
سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمەڵە ئەمریکییەکە ماریا پاڵانتی ئاماژەی بەوە کردووە کە خانەی ئاڤێستا لە دوو کاتی جیاوازدا کە بیست ساڵ زیاتریان نێوانە خەڵاتەکەی پێ دراوە و تەنانەت لە ئێستادا ئاڤێستا مکوڕترە لەسەر ئەو شەڕەی دەیکات و ئەوەش جەختکردنەوەیە لە ڕاستییەکی بنەڕەتی: شەڕی ئازادیی ڕادەربڕین ناوەندی ئازادییە بەڵام هەرگیز تا ئێستا بە ڕاستی نە گەیشتووەتە سەرکەوتن.
ئاژانسەکە ئاماژە بە بوونی کورد دەکات لە تورکیا وەک پێکهاتەیەکی گەورە و گرنگی وڵاتەکە کە سەردەمێکی درێژە لە پێناوی مافە نەتەوەییەکانیان خەبات و تێکۆشان دەکەن. لە لایەکی تریشەوە ئاماژە بە سەرەتای دامەزراندنی دەزگای ئاڤێستا دەکات لە سااڵی ١٩٩٥، لە پێناوی ناساندن و تیشک خستنە سەر” کولتوورە ونبووەکان”، لە ماوەی کارکردنیدا سەتان کتێبی بە زمانی جۆراوجۆر بڵاوکردووەتەوە و بووە بە ناوەندێک بۆ کولتووری کوردی. بە چەندان شێوەش کەوتووەتە بەر زەبری توندوتیژی و سانسۆری دەوڵەت وەک قەدەغەکردنی کتێبەکانی، سووتاندنی کۆگای کتێبەکانی، قەدەغەکردنی خانەکە بە شێوەیەکی کاتی لە ساڵی ٢٠٢٣ و هەروەها ناساندنی بە ” دەزگای تیرۆر”.
ئاژانسەکە ئاماژە بە لێدوانی عەبدوڵا کەسکین، دامەزرێنەری ئاڤێستا دەکات لەسەر وەرگرتنی ئەو خەڵاتە بۆ جاری دووەم و بە هاندانی دەزگاکەیانی دادەنێ بۆ بەردەوامی ئەرکەکانیان وهاندانی ئەدەب و لێکۆڵینەوە و ڕۆشنبیریی و ڕووناک کردنی ڕێگایان بۆ خۆڕاگریی زێدەتر.
خانە کتاب كُردی