خانه / اخبار و رویدادها / مودەڕیس؛ زانای ئایین ‌و ئەدەب

مودەڕیس؛ زانای ئایین ‌و ئەدەب

مودەڕیس؛ زانای ئایین ‌و ئەدەب

خەلیل عەبدوڵڵا

 بڕوانە خەیمەی بەرزی ئاسمان
لە رۆژ ‌و مانگ‌ و لە ئەستێرەكان
بەو نەخشانەوە كە فیكری مانی*
سەرگەردان ئەبێ‌ لە شێوەی جوانی

مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس زانایەكی گەورە و ناوداری كوردستان ‌و عیراق بوو، لە رشتەكانی ئاین‌ و ئەدەب خزمەتێكی زۆری كردووە‌ و شوێن پەنجەی رەنگینی دیارە.
عەبدولكەریم محەمەد عەبدولفەتاح ناوی تەواوی ئەو زانایە‌ و بە مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس ناسراوە.
ساڵی ۱۹۰۱ لە گوندی گوێزەکوێرەی سەر بەشارۆچكەی مەریوانی رۆژھەڵاتی کورردستان لەدایك بووە.
لە بیارە ‌و سلێمانی دەرسە ئاینیەكانی خوێندووە، ساڵی ۱۹۲۴ لەسەر دەستی زانای ناسراو شێخ عومەر قەرەداخی لە رێورەسمێكدا لە سلێمانی ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە.
لە بیارە‌ و هەڵەبجە‌ و سلێمانی‌ و بەغدا كاری مەلایەتی كردووە، مەلایەكی زیرەك‌ و بەتوانا بووە.
مامۆستا مودەڕیس ئاینپەروەرێكی قوڵ ‌و لە هەمان كاتدا كوردپەوەرێكی دڵسۆز بووە. یەكەم مەلای كورد بووە، وتاری نوێژی هەینی بە زمانی شیرینی كوردی پێشكەش كردووە.
ژیانی بۆ لێكۆڵینەوەی ئاینی ‌و خواپەرستی لەلایەك ‌و بۆ لێكۆڵینەوەی ئەدەبی كلاسیكی كوردی تەرخانكردووە‌ و دوانەی ئاین ‌و ئەدەب وەك دوو كۆرپە ‌و جگەر گۆشەی خۆشەویستی خۆی سەیر كردووە‌ و تەمەنی خۆی پێی بەخشیون.
مامۆستا مودەڕیس لەساڵی ۱۹۶۰ەوە دەچێتە بەغدا، لە مزگەوتی شێخ عەبدولقادری گەیلانی بە مودەڕیس دادەمەزرێ ‌‌و ئیدی تا كۆتایی ژیانی لە بەغدا دەمێنێتەوە، بەغدا دەرگایەكی گەورەی زانستی ئاینی ‌و ئەدەبی بۆ ئەو دەكاتەوە، ئیدی لە پایتەختەوە بازنەی پەیوەندییەكانی فراوان دەبێ‌، كاروانی بەخششە ئاینی ‌و ئەدەبییەكانی بەڕێدەكەوێ‌‌ و تا دوا رۆژەكانی ژیانی خەرمانێك بەرهەمی ئەدەبی‌ و ئاینی پێشكەش دەكات. كە خۆی لە ۸۳ كتێبدا دەبینیتەوە، ۴۷یان بەكوردی‌و ۲۹یان بە عەرەبی‌و ۷یان بەفارسی.
كتێب ‌و لێكۆڵینەوەكانی بەگشتی بابەتی زانستیی بەنرخن، لە ناویاندا بەرهەمە ئەدەبییەكانی بۆ ساخكردنەوە‌ و شیكردنەوەی دیوانی شاعیرانی كورد‌ و بەچاپگەیاندن ‌و بڵاوكردنەوەیان خزمەتێكی گەورەی كەم وێنەیە، ئەو ‌و كوڕەكانی نەبونایە ئەو سامانە نەتەوەییە بەپەرتەوازەیی دەمایەوە.
هەربۆیەش هێمنی شاعیر هەموو هاووڵاتییەكی كورد بەقەرزداری ئەو زاتە دەزانێت.
بەكۆششی ئەو ‌و كوڕەكانی دیوانی شاعیرانی وەك: (مەولەوی، بێسارانی، نالی، مەحوی، سالم، فەقێ‌ قادری هەمەوەند) ساخ كراونەتەوە ‌و چاپكراون.
مامۆستا مودەڕیس خۆشی شاعیر بووە‌ و بەنازناوی نامی شیعری بڵاوكردۆتەوە.
لێكۆڵینەوەشی لەسەر بەرهەمەكانی مەولانا خالیدی نەقشبەندی ‌و شێخ عوسمان سیراجەدین كردووە.
چەند كتێبی دیكەی هەیە لەوانە (مەكتوبانی كاک ئەحمەدی شێخ- چوار بەرگ، یادی مەردان- دوو بەرگ، بنەماڵەی زانیاران، عەقیدەی مرزیەی مەولەوی، تەفسیری نامی بۆ قورئانی پیرۆز- حەوت بەرگ)‌ و چەندانی تر.
مامۆستا مودەڕیس ئەندامی كۆڕی زانیاری كورد بووە، لە رێی ئەو دەزگایە‌ و گۆڤارەیەكەوە خزمەتێكی زۆری بە ئەدەبی كوردی كردووە.
ئەندام ‌و بەرپرس بووە لە چەند رێكخراوێكی باڵای ئاینی ‌و پێگەی دیار بووە.
پاش تەمەنێكی پڕ بەخششی زیاتر لە یەك سەدە‌و خزمەتێكی زۆر بەكاروانی ئاینی‌و ئەدەبی، لە شەوی۲۹ لەسەر ۳۰ی ئابی ۲۰۰۵، بۆ دواجاری چاوەكانی لێكنا‌ و چووە بەر دلۆڤانی خودا‌ و لە مزگەوتی شێخ عەبدولقادری گەیلانی لە بەغدا بەخاك سپێردرا.
دروودی رێز‌و وەفاو ئەمەكداری بۆ گیانی پاك‌و پیرۆزی مودەڕیس، ئەو زانا كوردەی لەرێی دوانەی ئاین‌و ئەدەبەوە خزمەتێكی زۆری كرد‌و گوڵاوی رێز‌وخۆشەویستی پرژاند.
* مانی نیگارکێشێکی گەورەی چینی بووە.

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

ثبت‌نام بیستمین آزمون سراسری قرآن و عترت آغاز شد

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *