
وا بڕیار بوو ئەم نووسینە لە ساڵیادی کۆچی شێرکۆ بێکەس، بڵاو بکرێتەوە، بەڵام بەهۆی بارودۆخی نووسەرەوە، وەدواکەوت.
کێ لە شێرکۆ بێکەس دەترسێت؟
ئەو کاتەی پڕۆژەیەکی پێچەڵپێچ، پارچەپارچە دەکرێت

ڕەزا عهلیپوور
١- “شێرکۆ بێکەس” خاوەنی جیهانێکی فرەڕەهەندی شیعرییە. ئەم جیهانە وەک پڕۆژەیەکی درێژخایەن، بە ئەزموونکاریی جیاواز و لە چەند قۆناغدا ئافرێنراوە، بەڵام ئەو وێنەیەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و فەزای مەجازیدا لێی دروست کراوە، هاوتا و بارتەقای جیهانە شهبهنگی و پڕۆژە شیعرییەکەی نییە. پڕۆژهیهک کە لایهنی زمانی، شیعری، سیاسی و مهعریفیی لهخۆگرتووه.
بە گەڕانێکی خێرا دەردەکەوێت زۆربەی ئەو شیعرانهی لە شێرکۆ بێکەس بڵاودەکرێنەوە، ژمارەیەک گرتهی قرتاو و دهقی ساکارن که پهیجاوپهیج دەگوازرێنەوە و شەیر و هاوبەش دەکرێن، لە کاتێکدا بەشی گرنگی ئەزموونە زمانی و سیاسییەکەی لە پشتهوهی ئەم فیلتەر و پاڵوێنه ساکارویستەدا دەمێنێتەوە. تەنانەت وەرگێڕەکانیش ناوهناوه هەر ئەو دەقە جەماوەرپەسەند و ناسراوانە وەردەگێڕنەوە.
ئاساییە، میدیا بە پێی خهسڵەتی کارکردنی خۆی زیاتر ئەو دەقانە هەڵدەبژێرێت کە بۆ گواستنەوەی خێرا گونجاون، وەک کۆپلەیەکی سۆزدارانە، وتەیەکی سادە و تاوگیرانە، یان دەقێکی دروشمی. ئەمەش تەنها تایبەت بە شێرکۆ بێکەس یان شیعری کوردی نییە.
٢- دیارە ئاپاراتوسی میدیای نوێ لە بەرژەوەندیی هەندێ ڕەوتی نووسیندایە، بە تایبەت ئەو شێوازانەی وا لەسەر سادەیی و گواستنەوەی خێرا بنیادنراون. بەڵام سەبارەت بەو شاعیرانەی کە نوێکارییەکەیان لە فۆرم، پێکهاتە و شێوازی دروستبوونی دەقدا دەردەکەوێت، ئەو پاڵوێنە ساکارخوازه کاریگەریی نەرێنی و مهنفیی هەیە.
لهم سۆنگهیهوه شێرکۆ بێکەس شاعیرێکی “هەست ناسکی” خاوهن چەند شیعری “جوان” و “سادە” نییە. بهڵکوو هەڵگری پڕۆژەیەکی پشوودرێژ و پڕ زامی شیعرییە کە تا دواساتی نووسینی، بەردەوام ویستوویه خۆی نوێ بکاتەوە و سینووسی به خۆیدا هاتووهتهوه. لە زۆربەی دەقەکانیدا هەوڵیداوه مێژوو، کارەسات، ژان و ئازار و بیرەوەریی هاوبەشی کۆمەڵگاکەی بە ڕوانین و خەیاڵی تاکی و بە زمانی کۆیی بنووسێتەوە و «نیشتمان و خەڵک» لە شیعردا سازبداتەوە. قورسایی و مانهوهیشی له ههرێمی ئەدهبیاتدا لهوهدایه که ئەو جیهانە پڕ زام و خوێنە، ڕاستهوخۆ وەک بابەت ناگوازێتەوە بۆ ناو شیعر، بەڵکوو لە پرۆسەی هۆنینەوەی شیعردا، واتە بە فۆرم، بەرهەمی دەهێنێتەوە.
٣- هەر شاعیرێکی لێزان بۆ هەر ئەزموونێکی شیعری، زمان، ریتم، توناژ و ئیماژی تایبەتی هەڵدەبژێرێت و لێکیان گرێدهدات. لەبەر ئەوە، شێوەی نووسین و داڕشتن و ڕێکخستنی وێنە و کۆپلەکان خۆیان بەشێکن لە بەرهەمهێنانی مانا، نەک کەرەستەیەکی زیادە کە بکرێ به ئارەزووی خۆمان لایبهین.
لە هەر شیعرێکدا کە لەسەر پێکهاتەیەکی ئۆرگانیک بنیادنرابێت، مانا و هەست بە چەند دێڕێکی جیاکراوە ناگات. کاتێک چەند دێڕێک لە کانتێکستی خۆی دادەبڕێت، ئەو پەیوەندییە فۆرمییە لەدەست دەچێت کە لایەک لە مانای کۆپلهکهی بەرهەم هێناوە. چونکوو شیعر، پێش ئەوەی کۆمەڵە دێڕێکی جوان بێت، ڕووداوێکی زمانییە و ماناکانی لە گشتییەتی دەقدا دەردەکەوێت، نەک تهنها لە پارچەیەکی دابڕاودا.
دیارە ئەم ڕایە سەر بە سوننەتێکی بیرکردنەوەی ئەدەبییە، نەک ڕاستییەکی نەگۆڕ. لە بەرامبەردا سوننەتێکی دیکەش هەیە کە کۆپلەیەک بە یەکەیەکی سەربەخۆ و مانادار دەزانێت. هەڵبژاردنی خوێندنەوەی ئۆرگانیک لێرەدا بژاردەیەکی جوانیناسانەیە کە لەگەڵ پڕۆژەی شێرکۆ بێکەسدا کۆک و هاوسەنگە، نەک پێشمەرجێکی نەگۆڕ بۆ هەموو شیعرێک.
هەر شاعیر و خوێنەرێک کە ڕوانگهی یەکتهختهیی و ئۆرگانیکیی دهقیان بهلاوه پهسهنده چاک دەزانن مانای هەر شیعرێکی باش لە دێڕێک یان پاراگرافێکدا کورت و کۆ نابێتەوە، بەڵکوو لە پەیوەندی نێوان بەشەکانی دەقدا پەخش دەبێتەوە و لە تەواوی پێکهاتدا دەچنرێت.
سەبارەت بە شێرکۆ بێکەس، ئەمە بە ڕوونی لە دەقەکانی وەک «دوو سروودی کێوی» و «بەفر» و زۆر دهقی دیکهشی دەبینرێت. هێزی تهواوی ئەم دەقانە لە چهند دێڕێکدا نییە، بەڵکوو لە جووڵەی ناوخۆیی دەق، گەشەکردنی وێنەکان و پەیوەندیی ئۆرگانیکی نێوان بەشەکان و فەزای گشتیی دەقدایە.
٤- قرتاندن و ساکارکردنەوەی شیعر تەنها بۆ میدیا ناگەڕێتەوە، بەڵکوو پەیوەندییەکی گرنگی بە چەشە و زەوقی باو و داواکاریی خوێنەریشهوە هەیە. سەبارەت بە خوێنەری شیعری کوردی، بەشێکی بەرچاوی هێشتا چەشەیەکی موحافزەکارانە و ناوەرۆکخوازانەی هەیە کە چاو لهدهست و پابهندی پەیامی ڕوون و خێرایە.
لەبەر ئەمە، ئەو خوێنەرە زۆرجار لە پارچەدەقێکی ههستهکی زیاتر چێژ وەردەگرێت تا لە خوێندنەوەی تەواوی دەقێک کە ستاتیکا و ماناکەی لە فۆرم و ساختاری خۆیدا بەرهەم دێت.
٥- بۆ ئەم دۆخە میدیا بە تەنێ هۆکاری سەرەکی نییە، بەڵکوو ترس له پڕۆژه شیعری و سیاسی – مهعریفییهکهی شێرکۆ بێکەس لهپاڵ موحافزەکاریی خوێنەری کوردیش کاریگەریی میدیا، خێراتر و قووڵتر دەکاتەوە. میدیا و چەشەی موحافزەکار دوو هۆکاری لێکدابڕاو نین، بەڵکوو یەکتری بەرهەم دەهێننەوە و بەرەو پوپولیزمی ئەدەبی ڕێدهبڕن. گهرچی مژاری پوپولیزم پێوەندیدارە بهڵام ئێرە جێی نییه.
بەم شێوەیە بازنەیەک دروست دەبێت: چەندە پارچەدەقی سادە زیاتر بڵاودەبێتەوە، خوێنەر زیاتر پێی ڕادێت و داوای هەمان جۆرە دەق دەکات. ئەم دانوستان و وەرگرتنە تەنها شێوازی خوێندنەوە ناگۆڕێت، بەڵکوو کاریگەری لەسەر شێوازی نووسینیش دادەنێت. جۆرێک لە شیعری سادە و ڕاستەوخۆ دەکرێتە سەرمەشق، لە جیاتی ئەو شیعرەی کە لەسەر فۆرم، زمان و ئەزموونی ئەدەبی ڕۆنراوە، ئەو شیعرهی مراز و نیازی تهنها چێژبهخشین، بهرخۆری و مهسرهفبوون نییه و شتانی بوێرانهتر و ئاڵۆزی دیکهشی لە شیعر دهوێت، بهرهبهره پشتگوێ دهخرێت.
پرس ئەوە نییه شێرکۆ بێکەس شیعری ساکار و جهماوهرپهسهندی نهنووسیوه که نووسیویهتی، پرس ئەوەش نییه که شیعری شێرکۆ خۆی ئەو ئیمکان و ڕێگەیە نادا که پارچه پارچه بکرێت که دەیدات, تهنانهت کهم نین ئەو دهقانهشی که ههردهڵێی بۆ مهبهستی وهها نووسراون. مەترسیی سەرەکی ئەوەیە کە شاعیر بە ئەزموونە سادەکە و چرکه کزهکانییهوه بناسرێت، نەک بە پڕۆژە هەستیاره ئەدهبی و سیاسییهکهیهوه کە لە بەرهەمە سهرهکییهکانیدا بیچمی گرتووه.
له کۆتاییدا، ساکارسازی تەنها دەق پارچەپارچە ناکات، بەڵکوو ئەو ئەزموونی ئاڵۆزی ئەو شاعیره گراننووسانەش دەخاتە پەراوێزەوە کە بە سانایی بۆیناقرتێن و به چهند دێڕ و کۆپلهیهکی “جوان و ناسک” دهستاودهست ناکرێن.
هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.
خانە کتاب كُردی