
بۆ کۆمەڵگەی کوردی لە هزر و تراژیدیای فەرهاد پیرباڵ تێنەگەیشت؟

جەعفەر قارەمانی
ڕۆژێک لە ڕۆژان، لە ناو ململانێ فیکری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئەدەبییەکانی کۆمەڵگەی کوردیدا، ناوێک دەرکەوت کە سنوورە باوەکانی شکاند و بوو بە سیمایەکی ناسراوی فیکری؛ ئەویش فەرهاد پیرباڵ بوو. کێشەی گەورە لەوەدا نەبوو کە ئەو چی گوت، بەڵکوو لەوەدا بوو کە کۆمەڵگەی کوردی چۆن پێشوازی لەو هزرە کرد. پیرباڵ لە یەک کاتدا نووسەر، ڕۆماننووس، توێژەر، مامۆستای زانکۆ و لە سەرووی هەمووشیانەوە ڕەخنەگرێکی توندوتیژ و پێشەنگ بوو. ئەو تەنها ڕەخنەگرێکی ئاسایی نەبوو کە لە چوارچێوەی ئەکادیمیایەکی داخراودا پەیڤ بنووسێت، بەڵکوو ڕۆشنبیرێکی بێباک بوو کە دژی بێدەنگی وەستا.
هزری پیرباڵ لەسەر بنەمای ڕەخنەی توند و شکاندنەوەی تابۆکان دامەزرابوو. لەو نووسەرانە بوو باوەڕی بە «دەسەڵاتی دەقی پیرۆز» نەبوو، جا ئەو دەقە ئەدەبی بێت، سیاسی بێت، یان کۆمەڵایەتی. لە ڕێگەی خوێندنەوەی ئەدەب، فەلسەفە و مێژووی ڕۆژئاواوە هەوڵیدا هۆشیارییەکی نوێ بنیات بنێت. لە بنەڕەتدا، هزری ئەو دژی دواکەوتوویی، خۆبەزلزانی و چەقبەستوویی فیکری بوو؛ بەڵام یەکێک لە تراژیدییا گەورەکانی ژیانی پیرباڵ ئەوە بوو کە کۆمەڵگەی کوردی، بە هەموو چین و توێژەکانییەوە، لە خوێنەری ئاساییەوە تا دەگاتە نوخبەی ڕۆشنبیر، نەیتوانی لە قووڵایی، مەبەست و فەلسەفەی هزری ڕەخنەگریی ئەو تێبگات. ئەم دۆخە وای کرد، ڕەهەندەکانی هزری پیرباڵ لە ژێر کاریگەریی شێواز و پەرچەکردارە توندەکانیدا بشێوێندرێن و ناوەرۆکی سەرەکییان لەبەرچاو ون ببێت. پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: بۆچی کۆمەڵگە و ناوەندە هزرییە کوردییەکان نەیانتوانی لە قووڵایی بیری ئەم کەسایەتییە تێبگەن؟ هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم تێنەگەیشتنە بریتین لەم خاڵانە:
١. تێگەیشتنی ڕووکەشی
یەکەم و گەورەترین هۆکارێک کە کۆمەڵگەی کوردی لە تێگەیشتن لە پرۆژەی فیکریی فەرهاد پیرباڵ پەکخست، ئەوە بوو کە کۆمەڵگە نەیتوانی جیاوازی لە نێوان کەسایەتی و ڕەفتاری تاکەکەسی لەلایەک، و هزر و پرۆژەی فیکری لەلایەکی ترەوە دانێت. پیرباڵ زۆرجار، بۆ ورووژاندنی کۆمەڵگە، شکاندنەوەی بتە فیکرییەکان و تێکشکاندنی قالبە باوەکان، پەنای بۆ ڕەفتاری توند و لێدوانی ورووژێنەر و پڕ لە تووڕەیی دەبرد؛ بەڵام کۆمەڵگەی کوردی کە زۆرتر لەسەر بنەمای سۆزداری و پاراستنی هاوسەنگییە کۆمەڵایەتییەکان دامەزرابوو، لەبری ئەوەی ناوەرۆکی ڕستە و بیرۆکەکانی بخوێنێتەوە، تەنها ڕووکەشی دەرکەوتن و شێوازی دەربڕینی وەک یاخی سەیر کرد. ئەم تێگەیشتنە ڕووکەشییە بوو بە هۆی ئەوەی سەرنج لەسەر ناوەرۆکی قووڵی هزر و ڕەخنەکانی نەدرێت، بەڵکوو زیاتر گرنگی بە شێوازی دەربڕین و پەرچەکردارەکانی بدرێت.
٢. ترسی کۆمەڵگەی نەریتی لە تێکشکاندنی «پیرۆزییەکان»
فەرهاد پیرباڵ دەیویست کۆمەڵگەی کوردی لە خەوی قورسی پیرۆزکردنی مێژوو، سەرکردەکان و تەنانەت فۆرمە باوەکانی کۆمەڵگا و زانکۆش بەئاگا بهێنێتەوە. پیرباڵ بە بوێرییەکی بێوێنە پەلاماری پیرۆزییەکان دەدا و پێی وابوو تا کاتێک ئێمە لە ڕووی هزرییەوە ئازاد نەبین، ناتوانین پێشکەوتنی ڕاستەقینە بەدەست بهێنین؛ بەڵام کۆمەڵگەی کوردی، بەتایبەتی لە قۆناغە سەختە مێژووییەکاندا، هەمیشە پێویستی بە هەبوونی «پیرۆزی» هەبووە، بۆ ئەوەی لە ڕێگەیەوە ئارامی و هاوسەنگیی دەروونی بپارێزێت. لەبەر ئەوە، کاتێک پیرباڵ ئەم پێکهاتە پیرۆزانەی دەخستە ژێر پرسیارەوە، کۆمەڵگە ئەوەی وەک هەڕەشەیەک لەسەر بەها و ناسنامەی خۆی سەیر دەکرد. لەبەر ئەوە، نەک هەر لە هزری ئەو تێنەگەیشت، بەڵکوو زۆرجار سزاشی دا، چونکە ڕەخنەکانی پیرباڵ وەک ئاوێنەیەکی ڕوون، ناتەواوی، ناخۆشی و قەیرانەکانی کۆمەڵگەی کوردی بێ هیچ پەردەیەک نیشان دەدان.
٣. دووبەرەکیی نێوان «ئەکادیمیای داخراو» و «ڕەخنەی کراوە»
فەرهاد پیرباڵ خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا لە زانکۆی سۆربۆن بوو و شارەزاییەکی قووڵی لە ئەدەبیات و فەلسەفەی ئەورووپی هەبوو؛ بەڵام کاتێک گەڕایەوە کوردستان، ڕووبەڕووی جۆرێک لە ئەکادیمیایەکی ڕووکار و داخراو بوو کە تێیدا ڕەخنە زۆرجار وەک ئامرازێکی کێبڕکێی پلەی زانستی دەبینرا، نەک وەک پرۆسەیەکی بەردەوامی پرسیارکردن و نوێکردنەوەی زانین. پیرباڵ نەیدەویست ببێتە مامۆستایەکی ئاسایی زانکۆ کە تەنها بۆ دەستەبەرکردنی پلەی زانستی وتار بنووسێت، بەڵکوو دەیویست زانکۆ بکاتە ناوەندێکی شۆڕشی هزری و بەرهەمهێنانی بیر؛ بەڵام ژینگەی ئەکادیمی و بەشێک لە نوخبەی ڕۆشنبیریی کوردی، کە زۆرجار بەدوای پاراستنی بەرژەوەندی و پێگەی خۆیاندا بوون، نەیانتوانی بەرگەی ئەو جۆرە ڕەخنە فیکرییە بگرن. لەبەر ئەوە، هەوڵیان دا لە ڕێگەی بێدەنگکردن، پەراوێزخستن، یان کەمکردنەوەی پێگەی ئەکادیمی، فەرهاد پیرباڵ لە ناو مەیدانی گفتوگۆی فیکری دووربخەنەوە.
٤. نەبوونی نەریتی «خوێندنەوەی ڕەخنەیی» لە کولتووری کوردیدا
یەکێک لە کێشە بنەڕەتییەکانی تری کۆمەڵگەی کوردی ئەوەیە کە کولتووری خوێندنەوەی ڕەخنەیی تێیدا زۆر لاوازە. لە کۆمەڵگەیەکدا کە پەرتووک نەبێتە بەشێکی ژیانی ڕۆژانە و ڕەخنە وەک «دوژمنایەتی» سەیر بکرێت، سروشتییە مرۆڤە پێشەنگ و نوێخوازەکان گۆشەگیر ببن. فەرهاد پیرباڵ دەقەکانی بە زمانێکی پڕ لە ئارگیومێنت، هێما و زانیاریی فراوان دەنووسی کە پێویستی بە خوێنەرێکی چالاک، بیرمەند و تێگەیشتوو هەبوو کە بتوانێت لە پشت ڕستە توند و ورووژێنەرەکانیەوە، پەیامە مەعریفی و هزرییە قووڵەکانی بخوێنێتەوە؛ بەڵام زۆرجار خوێنەر تەنها سەرنجی بۆ سەردێڕەکان، یان لێدوانە توندەکان دەچوو و ناوەرۆکی هزری نەدەخوێندەوە؛ بۆیە بە وردبوونە و لێکدانەوەی بەرهەمەکانی دەتوانرێت لێی تێبگەین، نەک بە سەیرکردنی سەردێڕ، یان گواستنەوەی لێدوانە توندەکانی.
ئەنجام
کۆمەڵگەی کوردی نەک هەر لە هزر و ڕەخنەی فەرهاد پیرباڵ تێنەگەیشت، بەڵکوو لە زۆر بۆنەشدا خەریکی سزادان و بێزارکردنی ئەو کەسایەتییە بوو. پیرباڵ خەمخۆرێکی نیشتمان بوو کە لە زۆر ڕووەوە سەردەمی خۆی تێپەڕاندبوو. ئەو دەیویست کۆمەڵگەی کۆنەپەرست بڕووخێنێت، بۆ ئەوەی بە شێوازێکی نوێ دابمەزرێنێتەوە. بێگومان، پێویستە کات تێپەڕێت تا نەوەکانی داهاتوو، دوور لە سۆزداری و بە تێڕوانینێکی مەعریفی و ڕەخنەگرانە، بگەڕێنەوە سەر دەقەکانی فەرهاد پیرباڵ و لەوێوە بزانن چ گەوهەرێکی هزری لە ناو ئەو هەموو تووڕەیی و یاخیبوونەدا حەشار درابوو. بیر و هزری فەرهاد پیرباڵ، وەک هەر بیرمەند و مرۆڤێکی تر، بێگومان لە کەموکووڕی بەدەر نەبوو؛ بەڵام مەترسیی ڕاستەقینە لەوەدا نەبوو کە ئەو چی گوت، بەڵکوو لەوەدا بوو کە کۆمەڵگەی کوردی نەیتوانی جیاوازیی بیرکردنەوە و ڕەخنەکانی لێک بداتەوە و وەریبگرێت. غەدر لە هزری کوردی تەنها لە دەرکردن، یان پشتگوێخستنی فەرهاد پیرباڵدا نەبوو، بەڵکوو لەو بێتواناییەدا بوو کە کۆمەڵگە و ناوەندە هزرییەکان نەیانتوانی لەگەڵ ڕەخنە جیددییەکانی، گفتوگۆیەکی زانستی و ڕەخنەگرانە دروست بکەن و ئەو ڕەخنانە بکەنە بنەمایەک بۆ نوێکردنەوەی فیکری و پەرەپێدانی هۆشیاریی نەتەوەیی.
هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.
خانە کتاب كُردی