
پێشانگای کتێب؛ لە کەرنەڤاڵێکی وەرزییەوە بۆ ستراتیژییەکی نەتەوەیی

جەعفەر قارەمانی[۱]
پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر، سەرەڕای گرنگییەکەی وەک بۆنەیەکی کلتووری، لە ئێستادا لە چوارچێوەی «کەرنەڤاڵێکی وەرزی»ـدا ماوەتەوە. ڕاستییەکەی ئەوەیە ئەم جۆرە پێشانگایانە، ئەگەر وەک بەشێک لە نەخشەڕێگایەکی نیشتمانی نەبینرێن، ناتوانن ئەو کاریگەرییە قووڵە دروست بکەن کە کۆمەڵگای ئێمە پێویستی پێیەتی. پێشانگاکان دەبێ لە ئاستی «شوێنی بڵاوکردنەوە کتێب» بەرز بکرێنەوە بۆ «سەنتەری گەشەپێدانی هزری». کەمتەرخەمیی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لەوەدایە لە بری ئەوەی ئەم پێشانگایانە بکەن بە دەرفەتێک بۆ دروستکردنی «پردی پەیوەندی» لە نێوان نووسەر و خوێنەردا، زیاتر وەک چاوەدێرێکی کارگێڕی مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.
پێویستە وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا ئەم پرسیارانە لە خۆیان بکەن: ئاخۆ ئەم پێشانگایانە توانیویانە کلتووری خوێندنەوە لە «تێزێکی تیۆری»ـیەوە بۆ «کردەیەکی بەردەست» لە ژیانی ڕۆژانەی خێزانی کورددا بگۆڕن؟ ئاخۆ دامەزراوە ئەکادیمییەکان بەشدارییەکی کارایان لە گفتوگۆ فیکرییەکانی پەراوێزی ئەم پێشانگایانەدا هەیە؟ کێشەکە لەوەدایە کە ژێرخانی ڕۆشنبیریی ئێمە بەهۆی نەبوونی پشتیوانیی دارایی و سیستمی دابەشکردنی کاراوە، لە دۆخێکی لاوازدایە. پێشانگای کتێب دەبێ ئەو «هەناسەیە» بێت کە خاوەن چاپخانەکان و توێژەران لە قەیرانی ئابووری ڕزگار بکات، نەک تەنیا بۆنەیەک بۆ نمایشکردن. کاتێک ئەو دامەزراوانە وەک «پەرەپێدەر» بەشداری لەم چالاکییانەدا ناکەن، پێشانگاکان ناتوانن «گۆشەگیریی هزری» بشکێنن. پێشانگای کتێب ئەگەر نەبێتە بەشێک لە ستراتیژییەکی گەورە بۆ «پاراستنی شوناسی نەتەوەیی»، ئەوا هەرگیز ناتوانین چاوەڕوانی ئەوە بین کە نەوەیەکی خوێنەر و خاوەن ڕەخنەمان هەبێت. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە دامەزراوەکان ببن بە «تەلارسازیی هزر»، چونکە ئەو کەمترخەمییە لەم بوارەدا، زیانێکی بەرچاوە کە ناتوانین قەرەبووی بکەینەوە.
کاتێک باس لە قەیرانی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب لە کوردستان دەکرێت، پێویستە لە چوارچێوەی ڕەخنەی ڕووکەشی دەربچین و بە وردبینییەوە لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم گرفتە بکۆڵینەوە. زۆرجار باسەکە لە بازنەیەکی داخراو و بێئەنجامدا دەخولێتەوە؛ ئەوەش بەهۆی ئەوەیە ڕەخنەکان ئاراستەی شوێنی هەڵە دەکرێن. کێشەکە تەنیا پرسێکی پەیوەست بە تەکنەلۆژیا، یان سستیی بازاڕی کتێب نییە، بەڵکوو دەرەنجامی نەبوونی ستراتیژییەکی زانستییە لە ئیدارەدانی کەرتی ڕۆشنبیریدا. لە زۆرێک لە وڵاتانی پێشکەوتوودا، کتێب وەک «کاڵایەکی ستراتیژی» سەیر دەکرێت، نەک تەنیا کاڵایەکی بازرگانی؛ بەڵام لەم هەرێمە، چونکە ئەم تێڕوانینە بۆ کتێب بوونی نییە، کاتێک قەیرانی ئابووری سەرهەڵدەدات، یەکەم کەرت کە دەبێتە قوربانی، بەشی «ڕۆشنبیری»یە. کاتێک نووسەر نەتوانێت لە ڕێگەی داهاتی بەرهەمەکانییەوە بژێوی دابین بکات، یان لانیکەم تێچووی چاپی بەرهەمەکانی بۆ نەگەڕێتەوە، هزر دەکەوێتە بەردەم هەڵبژاردنێکی دژوار؛ «بێدەنگی، یان وازهێنان لە نووسین».
وەزارەتەکانی ڕۆشنبیری، پەروەردە و خوێندنی باڵا کە دەبێ وەک پارێزەری هزر و پاڵپشتیکردنی توێژینەوەی ئەکادیمی دەوریان هەبێت، لە ڕاستیدا لە ئاستی «فەرمانگەی کارگێڕیی و مۆڵەتدان»ـدا گیریان خواردووە. کاتێک دامەزراوەیەک کە ئەرکی سەرەکیی بەرهەمهێنانی مەعریفەیە، خۆی لە مۆر و واژۆکردندا دەبینێتەوە، پەیوەندیی نێوان «دەوڵەت و هزر» لە چوارچێوەیەکی ستراتیژی و گەشەپێدەرەوە، بۆ پەیوەندییەکی کۆنترۆڵکەر دەگۆڕێت؛ ئەمەش بەربەستە لە گەشەکردنی هزری ڕەخنەیی و نەتەوەیی. ئەم دۆخە دەرخەری تێگەیشتنێکی لاوازە بۆ پێگەی «هزر» لە خشتەی کاری ئەم ناوەندانە، بە جۆرێک بەرهەمی ئەکادیمی و کلتووری لەلایەن بڕیاربەدەستانەوە وەک کاڵایەکی بێبەها سەیر دەکرێت. زیانی ئەم کەمتەرخەمییە تەنیا لە ئاستی چاپنەکردنی چەند کتێبێکدا نامێنێتەوە، بەڵکوو کاریگەرییەکی قووڵی نەرێنی لەسەر داهاتووی ڕۆشنبیریی کۆمەڵگا دادەنێت و دەبێتە هۆی بێهزریی بەرەی نوێ و شێواندنی ناسنامە و کلتووری نەتەوەیی، چونکە لە نەبوونی پشتیوانیی دامەزراوەیی، پرۆسەی بەرهەمهێنانی فیکری دەکەوێتە ژێر کاریگەریی بازاڕی بێسەروبەر و تەوژمی ناڕۆشنبیرانەوە.
وەختێک توێژەرێک ساڵانێک ژیانی بۆ بەرهەمهێنانی کتێبێک تەرخان دەکات، چاوەڕوانی ئەوەیە لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە بایەخی پێ بدرێت؛ بەڵام کاتێک ئەم ماندووبوونە بە «بێدەنگی» و «نەبوونی هیچ پاڵپشتییەکی مەعنەوی و ماددی» وەڵام دەدرێتەوە، ئەوە نیشانەی کەمتەرخەمیی ڕاستەوخۆی وەزارەتە پەیوەندیدارەکانە. ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە، توێژەر و نووسەر ناچار دەکات لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی مەعریفیدا دڵسارد ببێتەوە. ناوەندە پەیوەندیدارەکان نە توانیویانە بازاڕی کتێب لە قەیران ڕزگار بکەن و نە توانیویانە ئەو ئاستەنگە ئابوورییانە تێپەڕێنن کە بوونەتە هۆی شێواوییەکی دیار لە کەرتی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب.
کەوایە، کەمتەرخەمی لە داڕشتنی نەخشەڕێگایەکی ئابووری بۆ هاریکاریی توێژەران، تەنیا زیان بە کەسایەتیی نووسەر ناگەیەنێت، بەڵکوو شکستی هزری نەتەوەیەکە لە پاراستنی بەرهەمە زانستی و ئەدەبییەکانی. بەبێ گۆڕانی بنەڕەتی لە ڕۆڵی ئەم دامەزراوانە لە ئاستی بەڕێوەبردنی کارگێڕییەوە بۆ ئاستی ئافرێنەری هزر و بەهێزکردنی ژێرخانی ڕۆشنبیری، ئێمە بەرەو بەتاڵبوونەوەی کتێبخانەی کوردی و پاشەکشەی ڕەوتی هزری دەچین؛ ئەمەش زەرەرێکی دیارە کە قەت قەرەبوو ناکرێتەوە. لەم بەشەدا ئاماژە بە هۆکارە سەرەکییەکانی داڕمانی ژینگەی هزری لە کوردستان دەکەین:
۱. هەژاریی پلان و ستراتیژیی نیشتمانی
دامەزراوە ئەکادیمی و ڕۆشنبیرییەکان نەیانتوانیوە سیاسەتێکی ڕوون بۆ «بەرهەمی هزری» دابنێن. کاتێک هیچ پلانێک بۆ هاندانی توێژەران و نووسەران نەبێت، ژینگەی هزری وەک کێڵگەیەکی بێئاو دەمێنێتەوە. بێپلانی وایکردووە توێژەران لە دۆخێکی نادیاردا بن و نەزانن بەرهەمەکەیان گرنگیی پێ دەدرێت، یان لە کتێبخانەکاندا دەکەوێتە بەر تۆز و خۆڵی لەبیرچوونەوە.
٢. نەبوونی سندووقی پاڵپشتیی دارایی
نووسەر، یان توێژەر بۆئەوەی بەرهەمێک چاپ بکات، ناچارە خۆی تێچووەکەی بدات، یان لەگەڵ پەخشانگاکان بە گرێبەستێکی نادیار ڕێک بکەوێت. دامەزراوەکان بە دابیننەکردنی بودجەی تایبەت بۆ کڕینی کتێب لە نووسەر و بڵاوکردنەوەیان لە کتێبخانە گشتییەکاندا، نووسەریان تووشی بێهیوایی کردووە.
٣. لاوازبوونی ڕۆڵی کتێبخانە گشتییەکان
کتێبخانە گشتییەکان کە دەبوو ببنە بنکەی زانیاری و پاڵپشتیکردنی هزر، ئێستا لە ڕووی خزمەتگوزاری و نوێکردنەوەی کتێبەوە لە دۆخێکی لاوازدان. کاتێک دامەزراوەکان بودجەی کڕینی کتێبی نوێ بۆ کتێبخانە گشتییەکان تەرخان ناکەن، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بازاڕی کتێب و ژینگەی هزری لاواز دەکەن.
٤. نەبوونی یاسا، بەرانبەر مافی خاوەندارێتی
یاسای پاراستنی مافی نووسەر «Copyright» لە کوردستاندا زۆر لاوازە، یان بە کردەوە جێبەجێ ناکرێت. کاتێک دامەزراوەکانی حکوومی ڕێگری نەکەن لە چاپکردنەوەی بێمۆڵەتی کتێب، یان پێشێلکردنی مافی نووسەر، ژینگەی هزری بەرەو قەیران دەڕوات و نووسەر هەست بە پارێزراوی مافی بەرهەمەکەی ناکات.
٥. باج، بارگرانییەکی نالۆژیک
زیادکردنی تێچووی گومرگی و باجی چاپکردن، ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کتێب، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی خوێنەر کەمتر کتێب بکڕێت و لە ئەنجامدا «ژینگەی هزری» تووشی ڕاوەستان دەبێت.

لە پێشانگای کتێبدا، دامەزراوە حکوومییەکان پێویستە ئەم ڕێکارانە بگرنەبەر:
– هەڵگرتنی باج لەسەر کەرەستەی چاپەمەنی و کاغەز بۆ پەخشانگاکان، بەتایبەت لە کاتی بەڕێوەچوونی پێشانگاکاندا.
– تەرخانکردنی بودجەیەکی تایبەت لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری و دامەزراوە ئەکادیمییەکانەوە بۆ کڕینی کتێبی توێژەران و نووسەران لەو پێشانگایاندا، بۆئەوەی کتێبخانەکان پێیان دەوڵەمەند بکرێن.
– داشکاندنی نرخی کتێب بۆ خوێندکارانی زانکۆ، بۆئەوەی بتوانن بەرهەمە نوێیەکان بە نرخێکی گونجاو بەدەست بهێنن.
لە کۆتاییدا، ئەگەر ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان بەم شێوە کردەییە پاڵپشتیی نووسەر و پێشانگاکە بکەن، ڕەنگە کتێبی کوردی لەنێو بازنەی کەمتەرخەمیدا بەرەو بووژانەوە بڕوات.
ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ناوەندە بەرپرسیارەکان وشیار ببنەوە و بزانن ئەگەر نووسەر و پەخشانگا نەپارێزرێن، داهاتووی ڕۆشنبیریی نەتەوەییمان دەبێتە گۆڕستانی هزر. نووسەر پێویستی بە متمانەیە، نەک بەڵێنی بێبنەما؛ پەخشانگاش پێویستی بە پاڵپشتییە، نەک لۆمەکردن لەسەر هەڵەی سیستمێک کە ئەوانیش تێیدا قوربانین.
[۱]. ghahjefer@gmail.com
هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.
خانە کتاب كُردی