خانه / اخبار و رویدادها / دوو کتێبی نووسەری بەناوبانگ «ڕۆڵد داڵ» وەرگێڕان کرایە سەر زمانی کوردی

دوو کتێبی نووسەری بەناوبانگ «ڕۆڵد داڵ» وەرگێڕان کرایە سەر زمانی کوردی

دوو کتێبی نووسەری بەناوبانگ «ڕۆڵد داڵ» وەرگێڕان کرایە سەر زمانی کوردی

گەلاوێژ ئەحمەدزادە وەرگێڕی کورد دوو کتێبی نووسەری بەناوبانگ «ڕۆڵد داڵ»ی لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرگێڕان کردە سەر زمانی کوردی سۆرانی. ئەم دوو کتێبە کە بریتین لە: «چاڕلی و کارگەی شوکولات»charlie and chocolate factory) ) و «چاڕلی و ئاسانسۆری شووشەیی» charlie and the great glass elevator))، لە لایەن چاپەمەنی ڕێگا لە شاری بانە چاپ و بڵاو کراوەتەوە. کتێبەکان هەر لە زمانی بنەما واتا زمانی ئینگلیزییەوە وەرگێڕان کراوە و بۆ نەوەی تازەلاو گونجاوە.

 گەلاوێژ ئەحمەدزادە لە وەڵامی ئەم پرسیارە کە سەرەتا چۆن بوو کە بڕیارتدا بۆ وەرگێڕان کردنی ئەم دوو کتێبە، بە ماڵی کتێبی کوردی دەڵێت: «پاش ئاشنابوونم بە زمان و ئەدەبیاتی ئینگلیزی, بۆم دەرکەوت کە ئەوان چەندە لەبارەی داستان و ڕۆمان پێشکەوتووترن، هەربۆیە پێم خۆشبوو هەندێک لەو ئاسەوارە بەنرخانە بە خوێنەری کوردزمان  بناسێنم. هەروەها لە زمانی کوردیدا هەستم بە ئەوە کرد کە لەبواری ئەدەبیاتی منداڵان و تازەلاوان زۆر کەم کار کراوە و بۆشاییەک هەیە، بەتایبەت لە شێوازی فانتێزی و خەیاڵاوی نووسەرێکی وەکوو «ڕۆڵد داڵ»دا».

شیاوی باسە کە ڕۆژی پێنج شەممە، چواری بەفرانبار لە لایەن «ئەنجومەنی ئەدەبی ڕامان» لە شاری تاران مەراسیمی پەردەلادانی ئەم دوو کتێبە بەڕێوە چوو. لە ئەم مەراسیمە گەلاوێژ ئەحمەدزادە وەرگێڕی کتێبەکان، دوکتۆر جوتیار نەریمان خاوەنی بەڵگەی دوکتۆرای زمان و وێژەی فارسی لە زانکۆی عەلامە تەباتەبایی و بەهمەن شوکرپوور ڕەخنەگر و کارناسی باڵای ئەدەبیاتی منداڵان بەشدارییان کرد و لە کۆتاییدا وەک ڕێز و پێزانینێک بۆ تێکۆشانی بەردەوامی خاتوو گەلاوێژ ئەحمەدزادە سپاسنامەی ڕێزلێنانی ئەنجۆمەنی ئەدەبیی ڕامان لەلایەن دوکتور جووتیار نەریمانەوە پێشکەشیان کرا.

ناساندنی نووسەر:

ڕۆڵد داڵ Roald Dahl)) یەکێکە لە ناودارترین چیرۆکنووسەکانی جیهان، کە بەوە ناسراوە چیرۆکەکانی تێکەڵەیەک لە خەیاڵ، کۆمیدیا و هەندێکجاریش ترس و ڕاستی تاڵن.

ناوبراو لە ساڵی ١٩١٦ی زایینی لە وڵاتی وێڵز (بریتانیا) لە دایک و باوکێکی نەرویجی لەدایک بووە. منداڵی و ژیانی قوتابخانەی پڕ بووە لە ناخۆشی؛ باوکی و خوشکەکەی لە تەمەنێکی بچووکدا مردوون، و لە قوتابخانە ناوخۆییەکانی بەریتانیا ڕووبەڕووی مامەڵەی توند و سزای جەستەیی بووەتەوە، کە دواتر ئەم ئەزموونانە کاریگەرییان لەسەر نووسینی چیرۆکەکانی هەبووه.

لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا، داڵ وەک فڕۆکەوانی جەنگی لە هێزی ئاسمانی شاهانەی بەریتانیا RAF)) کاری کردووە. لە یەکێک لە گەشتەکانیدا لە بیابانەکانی لیبیا فڕۆکەکەی دەکەوێتە خوارەوە و بە سەختی بریندار دەبێت، ئەم ڕووداوە بووە هۆی ئەوەی دواتر دەست بکات بە نووسین دەربارەی ئەزموونەکانی جەنگ.

داڵ سەرەتا بۆ گەورەکان دەینووسی، بەڵام کاتێک بوو بە باوک، دەستی کرد بە گێڕانەوەی چیرۆک بۆ منداڵەکانی و لێرەوە بوو بە نووسەرێکی جیهانی بۆ منداڵان.

بەناوبانگترین بەرهەمەکانی بریتین لە:

چاڕلی و کارگەی شوکولات Charlie and the Chocolate Factory))

ماتیلدا  Matilda))

زەبەلاحە مێهرەبانەکە The BFG))

جادووگەرەکان The Witches))

ڕۆڵد داڵ لە ساڵی ١٩٩٠ و لە تەمەنی ٧٤ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. تا ئێستاش کتێبەکانی بۆ زیاتر لە ٦٠ زمان وەرگێڕدراون و ملیۆنان دانەیان لێ فرۆشراوە.

ژیاننامەی خۆنووسی وەرگێڕ:

نێوم «گەلاوێژ ئەحمەدزادە»یە، لە دایکبووی ساڵی ۱۹۸۲ی زایینی لە شاری بۆکان. دانیشتووی شاری تارانم و کچێکیشم هەیە بە ناوی ڤیانا. بەڵگەی ماستەرم لە بەشی زمان و ئەدەبیاتی ئینگلیزیدا هەیە. هەروەها خاوەنی دوو بڕوانامەی نێو نەتەوەیی IELTS Teacher Trainin لە وڵاتی ئوسترالیا و TESOl لە وڵاتی ئینگلستانم. بەڵگەی بەکالۆریۆسم لە زمان و ئەدەبیاتی ئینگلیزی لە زانکۆی تەورێز وەرگرتوە و لە دوای زانکۆوە خەریکی فێرکاری زمانی ئینگلیزی لە تەواوی ئاستە جیاوازەکانیدام. لە سەرەتاوە بە هۆی هۆگریم بە منداڵانەوە، وانەی زمانی ئینگلیزیم بەوان گوتووەتەوە و دواتریش تا ئاستی گەورەساڵان پەرەم پێداوە. بۆ ماوەی دوو ساڵ فێرگەیەکی تایبەتیم بۆ ڕاهێنانی زمانی ئینگلیزی لە شارەکەی خۆم واتا شاری بۆکان دامەزراند. ئێستاش زیاتر لە پازدە ساڵە خەریکی درێژەدان بە کارەکەم لە فێرگە و قوتابخانەکانی شاری تارانم. لە ئەمم دووساڵەی دواییەشدا بەڕێوبەری مامۆستایانی فێرگەکان و چەند قوتابخانەیەکم لە تاران.

ئامادەکردنی هەواڵ: ئەحمەد عەبدولحەکیمی

  https://t.me/kurdishbookhouse

 هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

کتێبی بوون و داهێنان لە نووسینی محەمەد کەمال بڵاوکرایەوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *