شرۆڤەی جوانیناسیی زمانی و هزریی «موناجاتی مەلا عەبدوڵڵا»
جەعفەر قارەمانی
پوختە
ناسراوترین بەرهەمی عەللامە ئەحمەدیان لە پەخشاندا، موناجاتی مەلا عەبدوڵڵا-یە کە لە کۆمەڵێک نزا پێکهاتووە. لەو بەرهەمەدا چەمک عیرفانییەکانی وەک: زیکر، تەسلیم، ڕزا، لێخۆشبوون، سەبر، خۆنەویستی و خۆشەویستیی خودا، لە فۆرمی وشەی هاوکێش و هاوئاهەنگ دەربڕاون. بەکارهێنانی سەروادارەکان، خوێنەر لە دۆخێکی عیرفانیی بەرزدا، نوقمی پاڕانەوەکان دەکات. هەر نزایەک بە نێوی خودا دەست پێدەکات و ئەو ڕاستییە دەردەخات کە حیکمەتی خودا لە ڕۆحی عەللامەدا دەرکەوتووە. لەو موناجاتنامەیەدا، ئاوازی نێوان وشەکان نەتەنیا نزاکانی لە باری جوانیناسییەوە بەرز نواندووە، بەڵکوو پیرۆزیی چەمک عیرفانی و ئایینییەکانیشی دەرخستووە. زمانی موناجاتەکان، زمانێکی سۆزدارییە کە گوزارشت لە هەستی ناوەوەی مرۆڤ دەکەن. عەللامە ئەو زمانەی تەنیا بۆ نواندنی لاوازیی مرۆڤ لە بەرابەر شکۆی خودا بەکار هێناوە. بە پێچەوانەی زۆرێک لە موناجاتنامەکان کە زمانێکی ئاڵۆزیان هەیە، شێوازی زمانیی ئەم بەرهەمە بۆ خوێنەری ئاساییش بە ئاسانی فام دەکرێت. بێگومان سادەیی زمانی، بە واتای سادەیی مەعنەوی نییە، بەڵکوو بەو واتایەیە کە خوێنەر دەتوانێت بە ئاسانی پەیوەندی بەو پاڕانەوانە بکات. لەباری هزرییەوە بەرچاوترین پەیامی ئەخلاقیی ئەو موناجاتنامەیە بریتییە لە: جەختکردن لەسەر خۆناسین و خوداناسین. ئامانجی سەرەکیی ئەو وتارە دەرخستنی بەشێک لە جوانیناسیی زمانیی پەخشانی سەروادار و دەوڵەمەندیی هزریی ئەو بەرهەمەیە. ئەو لێکۆڵینەوەیە بە شێوازی وەسفی – شیکاری ئەنجام دراوە و هەوڵ دەدات نیشان بدات، چۆن پەخشانی سەروادار دەتوانێت سەرتر لە فۆرمێکی ئەدەبی، لە دەقێکی عیرفانی- ئایینیدا دەوری بەرچاوی لە بەرزکردنەوەی ئاستی زمانی و ئەدەبیدا هەبێت. ئەنجامی ئەو خوێندنەوەیە دەیسەلمێنێت، موناجاتی مەلا عەبدوڵڵا، تەنیا پەخشانێکی سەروادار نییە، بەڵکوو بەرهەمێکی ئەدەبیی ناوازەیە کە دەتوانێت بۆ نووسەرانی وێژەی عیرفانی ئیلهامبەخش بێت. دەرکەوت کە دەکرێت چەمکە عیرفانییە ئاڵۆزەکان بە زمانێکی هونەری و ئەدەبی دەرببڕدرێن، بە شێوەیەک هەم دڵ ئارام بکەنەوە و هەم ئاوەز نوقمی واتا بکەن.
وشەگەلی سەرەکی: پەخشانی سەروادار؛ جوانیناسی؛ موناجاتی مەلا عەبدوڵڵا؛ عەللامە ئەحمەدیان.
داگرتنی تەواوی وتارەکە