کتێبی «خانمە ناودارەکانی کەرکووک» چاپ و بڵاو کرایەوە
کتێبی «خانمە ناودارەکانی کەرکووک» لە کۆکردن و نووسینی عەبدولستار جەباری و پێداچوونەوەی وشیار ئەحمەد ئەسوەد لە شاری کەرکووک چاپ و بڵاو کرایەوە. عەبدولستار جەباری نووسەری کتێبەکە بە ماڵی کتێبی کوردی دەڵێت: «ئەم کتێبە یەکەمین کتێبە سەبارەت بە مێژووی شاری کەرکووک کە تایبەت بێت بە خانمان، بەرگی یەکەمی پێک هاتووە لە ۱۶۴ لاپەڕە کە ۳۶ خانمی ناوداری شاری کەرکووکی لە هەموو بوارەکاندا لەخۆ گرتووە وەکوو: بواری نووسین، هونەر، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئەنفال و هتد. بۆ نموونە لەڕووی سیاسییەوە باسی «لەیلا قاسم»ی تێدایە کە هێمای ئافرەتی تێکۆشەر و ئازادیخوازی کوردە، لەڕووی ئەنفالیشەوە «ئیڤا»ی تێدایە کە لەکاتی ئەنفال لەناو بەندیخانەدا لەدایکبووە و لەڕووی نووسینیشەوە «ئەحلام مەنسوور» و «هێرۆ کوردە»ی تێدایە کە لەبواری نووسیندا زۆر بوێر بوون. لەڕووی شێوەکاریشەوە «نەرمین ئەحمەد ئەسوەد» یەکەمین ئافرەتە کە لەنێو کەرکووک پێشانگای کردۆتەوە لەگەڵ «تارا خەلیل»ی شێوەکار. هەروەها لەبواری زانستەوە «دوکتۆر شەونم یەحیا»ی تێدایە کە یەکەم ئافرەت بووە لە کەرکووک کە بەڵگەی دوکتۆرای لە بەشی فەلسەفەی کۆمەڵناسی لە زانکۆی سۆربۆنی پاریسی یەک وەرگرتووە.
جەباری لە درێژەدا بە ماڵی کتێبی کوردی دەڵێت: «من بەردەوامم لە نووسینی بەرگی دووهەمی کتێبەکە و یەکەم کتێب لەسەر خانمانی کورد لە ساڵی ۱۹۶۹ لە لایەن جەبار جەباری نووسراوە و ئەم کتێبەش یەکەم کتێب دەبێت لەسەر خانمانی شەری کەرکووک.
شیاوی باسە کە ئەم کتێبە ڕۆژی یەکشەممە ۶ی تەموز لە مەراسیمێکدا لە هۆڵی پەیمانگای زانست لە شاری کەرکووک بە بەشداری نووسەران، ڕۆشنبیران و هەندێک لەو کەسانەی کە لە کتێبەکەدا بوونیان هەیە، پەردەی لەسەر لادرا و بە فەرمی بە خەڵک ناسێندرا.
ئەم کتێبە لە سەرەتاوە بەم شێوە پێشکەش کراوە: «بە سیمبولی خانمانی کورد بە “بووکی کوردستان” شەهید لەیلا قاسم پێشکەشە» و ڕیزی ئەو کەسانەی کە لەنێو کتێبەکەدا بوونیان هەیە بریتین لە: ئەحلام مەنسوور، ئاوێزان نووری، ئیڤا سیمبولی ئەنفال، پەری سابیر، تارا خەلیل، چنوور نامیق، چۆپی فەتاح، حەبێ خان، خاڵدار قەواڵی، زێبا خان، زینە عیزەدین جەباری، سارا مەسعود عەبدوڵڵا، شلێر ڕەشید، دوکتۆر شەونم یەحیا، دوکتۆر شنۆ ئەحمەد غەفوور، شوکریە کازم، شۆخان نوورەدین، فاتمە کەیفەدین، فەوزیە عیزەدین، گەلاوێژ جەباری، گەشاو بیبانی، کەنار سەفیر، کوردستان محەمەد سەعید، کوردە شێخ سدیق، لەیلا قاسم، لیزا فەلەکەدین کاکەیی، مریەم خان، مەهاباد قەرەداغی، مەهتاب ماجید، دوکتۆر ناز فەلەکەدین کاکەیی، نەرمین ئەحمەد ئەسوەد، نازەنین نەجیب گەرمیانی، نەجیبە ئەحمەد حەکیم، هەوار فارس، هەوری تاڵەبانی و هێرۆ کوردە.
لە پشتی بەرگی کتێبەکە ئەم تێکستە نووسراوە:
خوێنەری ئازیز لەبەر ئەوەی ئەم کتێبەی بەردەستت بەرگی یەکەمە و دڵنیام بێ کەموکوڕی نییە، ڕەنگە بڵێن بۆ فڵانی تێدا نییە؟ یەکەم ئەوانەی لە بەرگی یەکەمی کتێبی (مروارییەکانی کەرکووک) بڵاوبوونەتەوە لێرە دووبارەم نەکردوونەتەوە، دووهەم هەر خودی خۆم داوام لە زۆربەی ئافرەتە ناودارەکانی کەرکووک، یان میراتگرەکانیان کردووە وێنەیەک و ژیاننامەکەیانم بۆ بنێرن، هەندێکیان بە سوپاسەوە نازیان هەڵگرتین و بە دەنگمانەوە هاتن و هەندێکیشیان بەداخەوە بێ نازیان کردین، وەلێ دڵنیام پاش بڵاوبوونەوەی ئەم کتێبە، ئیدی هەر خۆیان پێوەندیمان پێوە دەکەن و ژیاننامەکانیان دەنێرن.
ئامادەکردنی هەواڵ: ئەحمەد عەبدولحەکیمی
هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.