
لەسەر کێشی ڕوباعی و به نەغمەی قەڵەمی «ئالی»

سەلاح پایانیانی
پوختەی وتار
کتێبی «نێوانی من و تۆ» بەرهەمی عەزیز ئالی، لەم دوایانەدا لە لایەن «ئینتشاراتی سەرای هێمن»ـەوە بڵاو کراوەتەوە. ئەم کتێبە لە سێ بەشی سەرەکی پێکهاتوووە. بەشی یەکەم لێکۆڵینەوە و ڕەخنەی ئەدەبییە. نووسەر لەم بەشەدا دوای ناساندنی قاڵبی ڕوباعی و وەزنەکانی، مێژووی ئەم قاڵبە لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ بە کورتی دەگێڕێتەوە؛ ئینجا وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە کە بۆچی قاڵبی ڕوباعی لە چاو قاڵبی دیکەی وەک غەزەل و قەسیدە زۆر درەنگ هاتۆتە ناو شیعری کوردییەوە؛ دوای ئەوە دێتە سەر هەڵسەنگاندنی ڕەخنەگرانەی ڕوباعییەکانی شاعیران و وەرگێڕانی کورد لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ. بەشی دووەمی کتێبەکە برێتییە لە ٣٥٥ ڕوباعیی خودی نووسەر کە ژمارەیەکی کەمیان تەرجەمەن. بەشی سێهەمی کتێبەکە فەرهەنگۆکێکی ٢٥ لاپەڕەیییە و بۆ ئەو وشە و ئیستیلاحانەی ناو دەقی کتێبەکە تەرخان کراوە کە مانایان لە فەرهەنگ و سەرچاوەکاندا بە وردی و تەواوی نەهاتووە. مەدخەلەکان بە شێوەیەکی زانستی و کاربردی (practical usage) مانا کراونەتەوە و بۆ زۆریان نموونە لە مەتن و سەرچاوەی موعتەبەر هێنراوەتەوە. شیاوی گوتنە ئەم بەرهەمە دوو «پاشکۆ»شی بە ناوی «ناونامە» و «کتێبنامە» لەگەڵە کە ناوی کەسوشوێن و سەرچاوەکانی تێدا هاتووە.
کۆی وتار
لەسەر کێشی ڕوباعی و به نەغمەی قەڵەمی «ئالی»
سەلاح پایانیانی
شێعر یەکێک لە دانەبڕاوترین کردە و گوتەکانی سەر بە خەیاڵدانی مرۆیە؛ لە وەتا مرۆیەک پێی خستۆتە سەر ئەم گۆی زەوییە سەرێک حاڵات و گوتە و کردەی وای هەبوون لە چاو گوزەرانی باقی ڕۆژێی جیاوازتر و دڵدۆزتر بوون. بێگومان بەرلەوەی عەقڵی بەوە بشکێت خەیاڵی لە پەنجەکانیەوە سەر بکات و لاشانی ئەشکەوتان بنەخشێنێ و گزموولە قوڕان هەڵخڕێنێ و پەیکەرۆکەی لێ پێکبێنێ، بە دەم ژینی تێکەڵ ڕاوی کێویی شاخ و داخەوە لە سەیری شنینەوەی پنجە گوڵێک، زایەڵەی داڕژانی ئاوهەڵدێرێک، کەشمونەشمی پەلەوەرێکی مێوینە، ڕاکەڕاکی گەواڵەی هەوران و پێدزکەی مانگ و … ختووکەیەک بە دڵیدا هاتووە و تەزوویەکی خۆش دە لەشی گەڕاوە؛ بێوەی دەرەتانی دەسگیر کردنی هەبووبێ. ژیانی بەکۆمەڵ و زمان گرتن بۆ پێکگۆڕینەوەی مەبەستەکان بەرەبەرە هەلێکی خستۆتە بەر دەم؛ نەک هەر بۆخۆی ئەو کورتەساتانە و ئەو تیشکەڵە تەزووانە ڕاو کات و لە هوندروونییەوە هەڵگوێزێت، بەڵکوو بۆ بوونەوەرێکی وەک خۆشیان ڕاگوێزێت؛ ئەوە نەقڵی گوورانی هەوێن و دندووکە دانی خولیای شێعرە؛ ئەو حاڵاتە سەیر و سۆبەتەی تا وێستاش ئەگەر مرۆ سەربزێوانە سەری بە هەموو کەلێن و قوژبنەکانی خیلقەتدا کردووە؛ هێشتاکوونێش دەروەستی نەهاتووە لە پێناسەیەکدا قەتیسی کات.
شێعر دەگەڵ کەوتنە سەر زار و زمانان و بە دەم گەشە کردنییەوە، ڕیشاژۆشی کردووە و لکوپۆشی لێ بۆتەوە؛ جوغڕافیا و کەش و کلتووری کۆمەڵگە و زەمەنی بەخۆدا هاتنی ڕەنگ و بۆی جۆراوجۆری وێخستووە؛ ئەو وەچانەی دواتر بە «قەتعە» و «غەزەل» و «قەسیدە» و «ڕوباعی» و «پێنج خشتەکی» و چی و چی نێودێر کراون و بە سەر یەکەوە بەشێک لە وێژەی گەلانیان پێکهێناوە و لێر و لە وێ جەزی خەرمانیان کۆکۆیە. دەگەڵ ئەوەی ئەو تاقمەی سەروسڕڕێکیان لەو خستنە ڕووی هەستەدا بووە، بەشێکی زۆر کەمی کۆمەڵگە بوون، پێی چوو هەتا لەو نێوەدا تاقمێکیش هەڵکەون ئاوڕێکی هەڵسەنگێنەرانە لە داهاتی وان بدەنەوە و حاسڵیان شەن و کەو کەن؛ ئەو تاقمە کەمترە هەمان ڕەخنەگران و تۆژەرانن ئەگەر تانوپۆی کری هەست و خەیاڵی ئەوان شاعیران دەدۆزن و عەیاری دەر دەخەن، بێوەی حەکمەن {= حوکمەن} هەرچی دەیڵێن زرینگەی بێت و تا هەتایە درزان هەڵنەگرێت؛ چونکە وەک فڵانە فەیلەسووف گوتی «هەر گۆڕانە وەک خۆی دەمێنێت و دەمێنێت».
لە خودی خوڵقاندنی شێعر بترازێ، وەک زوربهی بەشەکانی تری وێژە، ماڵوحاڵی کورد ڕووت و
بێنموود دەنوێنێ و لەو نێوەدا تۆژینەوە لە هەژارییدا سەرتۆپیانە! بێبەختانە چارەنووسی شێعر لە نێو ئەو نەتەوەیەدا وەک چارەی ژین و ژیانی خۆی لێڵ و لەرزۆک بووە؛ چ جای دەرەتان بۆ پێدا چوونەوە و لە کەو و بێژینگ دان و داتەقاندنی ئەو حاسڵاتە. ئەوە بەو واتایە نییە ئەگەر تا وێستا تۆژینەوەی کوردی لەو بوارەدا هیچ بەرێکی نەگرتووە؛ بەڵکوو قسە لە وەیە داهاتێکی وای نەبووە ئۆخژنت بێنێتێ و تینوایەتیت بشکێنێ. بۆشایی بەرهەمی تۆژینەوەیی لە سەر خودی شێعر بەگشتی، جوان جوان لەچاو دەدات، نەخاسمە لە سەر جۆرێکی تایبەتیی شێعر؛ هەرچەند هەرتک لایان بۆ لا کردنەوە لە وێژە فەڕزن و بەجێ هێنانیان زەروورە. دیارە ئەوەش پیاوی ڕەسیدەی خۆی دەوێ، قەڵەمێکی وا پتەویش ئەگەر لە گرفنچکان هەڵ نەکەوێ؛ بەو حیسابەیە دەڵێم هەژاریی بە توێڵی وێژەی کوردییەوە عەیانە. وەک گوترا وا نییە تا وێستا لە سەر شێعر هیچ نەگوترابێ و نەنووسرابێ، نەخێر نووسراوەی زۆر و بۆر هەن، بەڵان دەقی لێکۆڵینەوەیی پسپۆڕانەی چڕوپڕ و گشتگر دەگمەنن؛ واتە تۆژینەوەیەک ئەگەر نووسەر یەک بابەتی دیاری بە ئامانج گرتبێ و نە کوتنی لەسەر ئەو بابەتە لە کورتێی دابێ و نە هێندی پەل بۆ پەڕاوێزان هاویشتبێ کە ماکی بابەتەکەش کەوتبێتە پەڕاوێزەوە! جا کورد گوتەنی ئەو ڕیس و گوریسەم بۆیە تەنی، بڵێم ئۆخخەی نەمردین و کتێبێک تایبەت بە یەک جۆرە شێعر، بە قەڵەمی یەکێک له کوردیزانترین و وردبینترین و ئەدیبترین کەسایەتییەکانی کورد وەبەرهەم هات؛ «نێوانی من و تۆ»؛ تۆژینەوەیەک لە سەر «ڕوباعی» و بە پاڵیەوە کۆمەڵە ڕوباعییەکی تۆژەر و شاعیری موکریان «عەزیز ئالی».
بەشی تۆژینەوەی ئەو کتێبە بۆخۆی کتێبێکی سەربەخۆی ۲۳۰ لاپەڕەیییە و تۆژەر دەقودۆغر دە قەبەڵی ڕوباعی کردووە و هەرچەند لە ئارداوێژیڕا دەردەکەوێ بەسەر خەسلەتەکانی هەموو جۆرە شێعرێکی کلاسیکدا زاڵە، بەڵام بە بابەتە دیاریکراوەکەیەوە نووساوە و خۆی لە قسەی زیادە پاراستووە؛ بۆشایی ئەو جۆرە تۆژینەوانەن ئەگەر وێژەی کوردییان سەغیر خستووە و ئاتاجی تۆژینەوەی لەو جسنەیە؛ هەوەڵەن نووسەر بۆخۆی سەرێک بێ لە نێو سەراندا؛ چ لە باری پسپۆڕایەتی سەر بە تۆژینەوەکە و چ لە ڕوانگەی دەست و قەڵەمی شاعیرێتییەوە. دووهەمەن حەد و سنووری خۆی لە دەربڕیندا بە میزان ڕاگرێ، هاوکات ئەوەی پێویستە بیڵێ، وە بن لیچی نەدات و لێیبدوێ و لاسەنگی نەکات. «عەزیز ئالی» لەو تۆژینەوەیەدا نەغد ئەو کەسەیە ئەگەر بواری شێعر لە کوردیدا موحتاجێتی. «ئالی» بەپێی ئارەزووی خۆی تەنیا «ڕوباعی»ی وەک یەک لە لکەکانی شێعر، بۆ تۆژینەوەکەی دیاری کردووە و سەرپاکی بەرهەمەکەی بۆ ئەو بابەتە تەرخان کردووە، بێ وەی سەر و بەر بکات.
ئەو بەر لە هەموو شت بە ڕەگاژۆی ڕوباعیدا ڕۆ چووە و لە جەرگەی سەر هەڵدانییەوە تاوەکوو بنە خستنی لە هەرێمی وێژەی کوردیدا سرنجی داوەتێ. قسەی لە خاوەنڕایانی فارس خوازتۆتەوە و ئەدەبیاتی عەڕەبیی لەو ڕووەوە دۆزیوە و وتارەکەی پێ بەڵگەمەند کردووە. لەو بەشەیدا خوێنەرەوە هەست بە هەژاریی وێژەی دەوڵەمەندی فارسییش دەکات؛ وا کە خاوەن ڕایانی بەحیساب قسەپتەویشی بە سەهوو چوون، یاکوو دەمارگرژی قسەی لێ هەتڵە کردوون. «ئالی» قسە لە قسەیاندا دەکات و لە ڕاستییەکان دەدوێ. لە پێشینەی ڕوباعی دەکۆڵێتەوە و ناوەرۆکی وەرد دەداتەوە و قۆناغی وەبرەو کەوتن و بێبرەوبوونی دەردەخات. نووسەر لەم تۆژینەوەیەدا پسپۆڕانە عەیارەیەکی قسەبڕی بۆ ڕوباعی داناوە و لەو ڕوویەوە کەوتۆتە قسان؛ کێشی عەرووزیی ڕوباعی وەک درووشمی سەرەکیی ئەو جۆرە شێعرە، ئەو جۆرە ڕوانینە خۆماڵییە بێبنەمایە دەگۆڕێت ئەگە هەموو کورتەشێعرێکی چوار نیوەدێڕی بە ڕوباعی دادەنێ و نێوی چوارینەی دەخاتە سەر. شارەزایی تەواو و کەماڵی نووسەر بە سەر عەرووزدا ـ ئەو یاسا توێتوێیە! ـ وای بە دەستەوە داوە ئەگەر بەهاسانی سەرژیل و بنژیلی لێ بگرێ، دەرکاودەرک نەکات و ڕاستە و ڕاست لە ماڵە ڕوباعی وەژوور کەوێ.
هەرچەند مەسەلەی نووسەر لەو تۆژینەوەیەدا قامک نانە سەر شاعیرێتی و دەستڕۆیشتوویی ئەو شاعیرانە نییە وا ڕوباعییان بە تەماڵ هەڵناوە، بەڵام شێوازی تۆژینەوەکەی بۆتە تەرازوویەکیش بۆ هەڵسەنگاندنی هێز و پێزی ئەو شاعیرانە لەو بوارەدا. «ئالی» شاعیرانی کوردی ڕوباعیبێژی، ئەوی تەنانەت تاقە دانەیەکیشی کوتبێ، دەستنیشان کردووە و بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە هەر دوو دیوی تەکووزی و نوقسانیی بەرهەمەکەیانی وە دەر خستووە. تەرازووی تۆژەر لەم هەڵسەنگاندنەدا زەوق و سەلیقەی خۆی و قسەی بێبەڵگە نا، بەڵکوو ئەو عەیارانەن وا دەبنە جومگەکانی جەندەکی شێعر و هۆی قیت و قنج ڕاگرتن و نوون تێ نەبوونی. ئەو بە نموونەوە لەو سەنگانە دواوە و شێعرەکانی پێ هەڵسەنگاندوون. لەو ڕوانگەیەوە ئەو تۆژینەوەیە هاوکات وتارێکی ڕەخنەییشە سەبارەت بە قەڵەمی دانەدانەی ئەو شاعیرانەی نێوی هێناون و قسەی لێکردوون؛ «پیرەمێرد»، «بێخود»، «کەمالی»، «شێخ نووری شێخ ساڵح»، «هەژار»، «حەقیقی»، «ئاوات»، «خاڵەمین»، «مەلا غەفوور دەباغی»، «هاوار»، »هەڵۆ» و «ئەمین گەردیگلانی». نووسەر کاریگەریی جیرانەتیی ئەدەبیاتی فارسی و عەڕەبی لەسەر دزە کردنی ڕوباعی بۆ نێو وێژەی کوردی لێکدەداتەوە و ڕەوتی گەشەی ڕوباعی لە نێو شاعیرانی باشوور و ڕۆژهەڵاتدا دەنوێنێ و بە ئەگەری زۆرەوە یەکەمین شاعیر و وەرگێڕی ڕوباعی دەر دەخات.
خاڵێکی تری جێ سرنج بە زەروورەت دانانی لێدوان لە سەر ئەو ڕوباعییانەیە وا لە فارسییەوە کراونەتە کوردی و بەشێکی زۆر لە ئاشتەبای ئێستای ڕوباعی نێو وێژەی کوردیین. تۆژەر لێرەش هەمیسان بە دیدێکی ڕەخنەگرانەوە ڕوباعیە وەرگێڕدراوەکانی داوەتە بەر مەدی نەزەر، لێی هەڵبژاردوون و لەگەڵ عەسڵەکەیان پێکی گرتوون و لە ڕووی کەرەسەکانی شێعرییەوە لایەنی باش و ناباشی دەر خستوون. نووسەر تەنگژەی بەستێن و قفڵ و بەند نەبوونی جۆرە شێعری ڕوباعی لە ڕووی یاسای عەرووزەوە لە نێو داڕشتەی زمانی کوردیدا باس دەکات و لەو ڕووەوە ئاوڕ لە بەرهەمی شاعیرانی کۆن و نوێ دەداتەوە و لە جێگرتە نەبوونی سروشتیی کاڵای عەرووز لە زمانی کوردیدا دەدوێ. خاڵی جێ سرنج لە باسی کردەی ئەو شاعیرانەدا ئەوەیە تۆژەر تاپۆی پێگەی بەرێی شاعیر و بەرهەمەکەی لە نێو خوێنەرەوان و بەگشتی کۆمەڵی کوردەواریدا، لە بەر چاوی خۆ ڕەواندووە و نەکەوتۆتە ژێر تەوژمی کاریگەریی ناوبانگی شاعیر یا بەرهەمی دانسقەیەوە و پێوانەی زانستییانەی خۆی لێکردۆتە بەڵگە و بەو تەرزەی حیساب لێکداونەتەوە؛ بۆ نموونە لە قسە کردنی لە سەر شاعیرێکی وەک «هەژار» و بەرهەمێکی جێکەوتوو و پەسند کراوی وەک «چوارینەکانی خەییام بە کوردی»دا.
خوێنەرەوەی ئەو کتێبە دوای خوێندنەوەی، بەری چاوی سەبارەت بە پێگەی ڕوباعی لە ئەدەبیاتی دەوروبەردا ڕوونتر و خانەکانی مێشکی لە ناسینەوەی ڕەوتی ڕوباعی لە وێژەی کوردیدا دارماڵن. شارەزایی و ئەزموونی شیاوی باسی تۆژەر لە سەر عەرووزی شێعر، ئەگەر دوای پشکووتنی هەست، گرینگترین یاسای داڕشتنی شێعری کلاسیکە، بە ڕوونی بەو تۆژینەوەیەوە دیارە و خوێنەرەوە دەکارێ وەک سەرچاوەیەکی جێمتمانە بۆی بگەڕێتەوە و پشتی خۆی لێ بکاتەوە. بە خوێندنەوەی ئەو تۆژینەوەیە لێت عەیان دەبێت ڕوباعی لە بنەڕەتدا چییە و چ جۆرە شێعرێکە، کەنگێ و لە کوێ سەری لە هێلکەی هەست جوقاوە، ناوەرۆکی چ بووە و چ ڕێیەکیان پێ پێواوە و چۆن دەرکاودەرک چووە، کەنگێ سەری بە ماڵی وێژەی کوردیدا کردووە و چۆن داودامەزراو بووە و داهاتووی بەرەو کوێ دەچێت؟
بەشی دووهەمی ئەو کتێبەش بۆخۆی دیوانێکی سەربەخۆیە و دەبێ بڵێین هەر چارەنووس ڕەگەڵ ئەو تۆژینەوەیەی خستووە! دیوانێکی ۱۸۰ لاپەڕەیی کالاڕێژ لە ڕوباعیی جوان. نزیکەی ۳۵۵ ڕوباعی لە خۆ گرتووە و ناوەرۆکی جۆراوجۆریان وێخراوە؛ باس لە جوانی، ئەوین و ڕابواردن (۸۵ دانە)، دەردەدڵ، خەفەت خواردن، لە حەسرەت و بەخت دوان (۷۶)، ڕەوتی ژیان و مەرگ، چارەنووس و ترس و پرسی بوون و نەبوون (۴۴)، بابەتی کۆمەڵایەتی و دەردی ناسۆری کۆمەڵگە (۳۷)، ڕوانین لە ئاوێنەی سروشتدا و بوونەوەر و بێگیان دواندن (۲۷)، کوردایەتی، نەتەوەپەرەستی و نیشتمان (۱۶)، خیلقەت و خودا و شەیتان و … (۱۶)، دوان لە شێعر و گوتن (۱۱)، پێهەڵاگوتن بە کەس و شوێن و …(۱۰)، شەڕ و خراپە و ستەم و دوژمنایەتی (۹)، بۆنە (۷)، ئازادی و ماف (۵)، گاڵتەئامێز (۴)، دین و موسوڵمانەتی (۳) و هونەر (۲).
۴۰ دانەی ئەو ڕوباعییانە لە زمانی فارسی و دوانیان لە زمانی ئینگلیسییەوە وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردی؛ ئەخەوان، بێدڵی دێهلەوی، مەولەوی، مەحموود کیانووش، هیلالی جوغتایی، کەماڵەددین ئیسماعیل، شێخی بەهایی، عەتتار، بێرتوولت بڕێشت و … ئەو شاعیرانەن کە شێعری لێ وەرگرتوون. بەو حیسابە هۆنەر لێرەدا شاعیر و وەرگێڕیشه و دەکرێ لە هەر دوو ڕووەوە بخوێنرێتەوە و سرنجی بدرێتێ و ئەویش وەک یەک لەو شاعیرانەی باسی لێوەکردوون هەڵسەنگێندرێ، کارێک کە بۆخۆی خۆی لێ پاراستووە و بێ لە وەی چەند تێبینییەکی پێویستی خستبێتە سەر کۆمەڵە ڕوباعییەکەی، هیچی دی لێ نەکوتوون و بۆ ڕەخنەگرانی جێ هێشتوون. بێ سەر کردن بە ناوەرۆک و پوختەی شێعرەکان، ئەوەی لە شێوازی چاپی ئەو ڕوباعییانەدا خۆ دەنوێنێ ئەو چەند خاڵەن:
- بۆ دانەدانەی ڕوباعییەکانی نێوی داناوە و زۆر چەلان ڕوباعییەکە وەک شتێک تەفسیری نێوەکەیەتی؛
- لە زۆر جێیان ئاماژەی بەو بابەتە کردووە ئەگەر بۆتە هەوێنی بزواندنی شاعیر و ڕوباعییەکەی لێ کەوتۆتەوە، بابەتەکەشی داناوە؛ جا مەسەلێک، دێڕە شێعرێک یان گوتەیەک بووبێت؛
- دەقی عەسڵیی ئەو ڕوباعییانەی لە پاڵ وەرگێڕانەکانیەوە داناوە و کاری پێکگرتنی بۆ خوێنەرەوان و ڕەخنەگران هاسان کردووە؛
- شاعیر لە ڕووی دەربڕینەوە خۆی بە زاراوەی موکریانەوە نەبەستۆتەوە و قالب و داڕشتەی ڕوباعییەکانی بە کەرەسەی زاراوەیی دیش تۆکمە و تەکووز کردووە؛
- نزیک دە دانە لەو ڕوباعییانەی بە دوو جۆر گوتووه و دڵی نەهاتووە یەکیان وەلا نێت و هەر دوو جۆری داناون و هەڵبژاردنی بۆ خوێنەرەوان جێهێشتوون. (لێرە لە بژاردنی کۆی ڕوباعییەکاندا بە یەک دانە داندراون)؛
دوابەشی ئەو کتێبە «فەرهەنگۆک»ـێکە زیاتر لە ۳۰۰ وشە و زاراوەی لەخۆ گرتووە (۲۵ لاپەڕە) و بە شێوەیەکی ورد و زانستییانە ڕوون کراونەتەوە و وەک پاشکۆیەک خراونەتە سەر کتێبەکە. ئەو وشە و زاراوانە لە ڕوباعییەکانی شاعیردا دە کار کراون و مانا زانینیان بەر چاوی خوێنەرەوە ڕوون دەکەنەوە. ئەم فەرهەنگۆکه بەپێی فەرهەنگنووسیی مۆدێرن ڕێکخراوه. واتا لە ڕوانگەی «وشەنامەیی» و لیستکردنی وشەکان دوور کەوتووەتەوە و بەرەو «شیکردنەوەیەکی سیستەماتیک لە زمان» هەنگاوی ناوە. تایبەتمەندیی دیاری ئەم شێوازە، گۆڕینی پێناسە وشک و کورتەکانە بە ڕوونکردنەوەی چەمکی، بەکارهێنانی و زەمینەیی (Contextual)؛ بە جۆرێک کە وشەکە نەک تەنیا لە ڕووی زمانەوانییەوە، بەڵکوو لە ڕووی کۆمەڵایەتی، کەلتووری و مێژووییشەوە ڕوون بکرێتەوە. لەم ڕوانگەیەدا، جەختکردنەوە لەسەر پێکهاتەی زمانەوانی، کۆڵینەوەی پەیوەندیییە واتاگەلییەکان (وەک هاوتا و دژەکان) و شیکردنەوەی گۆڕانکارییە زمانەوانییەکان بە تێپەڕبوونی کات، خاڵی ناوەندییە.»
بەکورتی و به کوردی ئەم بەرهەمه سەرچاوەیەکی زانستیی جێبڕوا و بەڵگەمەنده بۆ پەیجوورانی ڕەوتی گەشه و نەشەی ڕوباعی له ئەدەبیاتی فارسی و عەرەبیدا بەگشتی و خوازرانەوه و گوازرانەوەی بۆ نێو وێژەی کوردی بەتایبەتی. هەروەها نموونەی کارێکی ورد و پوخت و پاراوه بۆ خوێندکارانی ئەدەبی کوردی و لێکۆڵەرانی کێشی عەرووزی له شێعری کوردیدا.

عەزیز ئالی
له کۆتاییدا پڕبەدڵ پیرۆزبایی له کتێبخانەی کوردی دەکەم و هیوادارم خۆشخۆش چاومان به کاره شاز و ناوەزەکانی مامۆستا عەزیزی تاقانه ڕوون بێتەوه.
هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.
خانە کتاب كُردی