خانه / اخبار و رویدادها / چه‌ند سه‌رنجی خێرا له سه‌ر پوپولیزمی ئەده‌بی

چه‌ند سه‌رنجی خێرا له سه‌ر پوپولیزمی ئەده‌بی

چه‌ند سه‌رنجی خێرا له سه‌ر پوپولیزمی ئەده‌بی
 
ڕەزا عەلی‌پوور

۱-پوپولیزمی ئەدەبی واتە ئەو چه‌شنه نووسینه‌ی بۆ ڕاکێشانی به‌رده‌نگی فراوان، ڕووده‌کاته ساکارکردنەوە، ورووژاندنی سۆزی خاو، هەڵپەساردنی ئەندێشە، به‌کارهێنانی زمانی سواو و خه‌یاڵکردی تەنک، ڕگەزی هەست‌بزوێن و گێڕانه‌وه‌ی یه‌ک‌توێ. لەو جۆرە ئەدەبەدا، ئاستی ئەده‌بی، تێڕامان، جوانیناسی و ئاڵۆزیی فۆڕمی و فۆڕمی گران، ده‌کرێنه فیدای پێوه‌ندیی خێرا، زمانی به بریق‌وباق، تاوگیری و خۆش‌لێهاتنی جه‌ماوه‌ری. هەمان شت ئادورنۆ و هورکهایمێر وه‌ک‌ قوربانیکردنی ئاڵۆزی و داهێنان، له پێناوی مه‌سره‌ف و بازاڕدا باسی ده‌که‌ن.
 
۲- جیا له «پیشه‌ کولتوور»ی فرۆشیار، گوتاره سیاسییه‌کان و به‌تایبه‌ت دوو گوتاری چه‌پ‌خوازیی ئورتودوکس و ناسیونالیزمی زێدەڕۆ و گشتخواز، خوازیار و مشته‌ریی هه‌میشه‌یی ئەده‌بی‌ پوپولیستین، چونکوو هه‌ردوو، ساکارکردن‌ و‌ یه‌کده‌ست‌کردنی زمانی پێڕەو ده‌که‌ن، هەڵبەت بۆ دوو ‌مه‌به‌ست و به دوو ئاراسته‌ی جودادا.‌ ئەده‌بی‌ پوپولیستیش به پشتیوانیی ئەو گوتارانه، هێژمونیی خۆی به‌سه‌ر داهێنان و ئەده‌بیاتدا ده‌سه‌په‌نێت و ته‌نانه‌ت بۆی بلوێت زمانیش به بارمته ده‌گرێت، ئەمه‌ش مانای پەککه‌وتنی داهێنانه.
 
۳-پرسی سه‌ره‌کی ئەوه نییه نووسه‌ر و شاعیری پوپولیستی ناسراوتر و له ڕەواجتره، کێشە ئەوه‌یه پێوانه‌ی ئەده‌بی پوپولیستی ببێته پێودانگی ئەده‌بیاتی مودێڕن، تێڕامێن و داهێنه‌رانه‌، ناوی خۆی بنێ ئەده‌بی خەڵکی و ‌هه‌ر ئەده‌بێکی دیکه که دانه‌چه‌مابێت بۆ زەوقی گشتی و باو، به تاوانی ئێلیتیزم، دژواری و ئاڵۆزبوون، پەڵەدار بکات.
 
۴-پوپولیزمی ئەدەبی، ئەده‌بیاتی خه‌ڵکی (popular literature) نییه، ئەده‌بیاتی خه‌ڵکی گه‌ر ساده‌یش بێت، بەڵام ‌ده‌کرێ دروشمی نه‌بێت و ئەزقه‌زا توانستی ئەزموون و به‌رهه‌مهێنانی مانا و مه‌عریفه‌سازیشی ببێت. ئەده‌بیاتی خه‌ڵکی، ده‌توانێت “خەڵک” به‌رهه‌م‌بهێنیت و‌ بەشەده‌نگی بێده‌نگ و په‌راوێزییه‌کانیش بدا. 
 
۵- ئەگەر پوپولیزمی سیاسی، به ڕوانگەی لاکلائۆ مه‌رج و میکانیزمی سه‌رگرتنی دیموکراسیی رادیکاڵه و له ڕێگەی زنجیره‌ی هاوڕاژەیی، ده‌نگه‌ لێک‌دووره‌کان کۆده‌کاته‌وه و ڕزگاریده‌رە، له هونه‌ر و ئەد‌ه‌بیاتدا، ئەم میکانیزمه به‌پێچه‌وانه‌وه‌ کار ده‌کات؛ پوپولیزمی ئەدەبی نه‌ک زنجیره‌ی هاوڕیزی، به‌ڵکوو یه‌کده‌نگی‌ و‌ یه‌کده‌ستی زمانی‌ ده‌سه‌پێنێت و دابه‌زێنه‌ر و فریوده‌رە. له جیاتیی “تاک“ و ته‌نانه‌ت خه‌ڵکی  People بەر‌هێنەر، ئاپۆره‌ی   (Mass) به‌رخۆری ده‌وێت.
۶- ئێستا پانترین هێڵ و به‌ڕمێنترین گوتاری ئەده‌بی، لە مه‌یدانی ئەده‌بی کوردیدا، پوپولیزمی ئەده‌بی و نووسینی پوپولیستییه.
ئا: به پاڵپشتی گوتاره نا ئەده‌بی و سیاسییه‌کان.
ب: له کزیی ئەده‌بی مودێڕن و ته‌ناته‌ت پاشه‌کشێی ئەده‌بی خه‌ڵکی.
ج: به ناوکۆی سوشیال میدیا.

  https://t.me/kurdishbookhouse

 هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

برگزاری جشن مهرگان در غار باستانی کرفتو دیواندره

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *