پاڵەوانی رۆمانی (توێشووی رسوایی)
کاوە رەحمان
لە رۆمانی (توێشووی رسوایی)دا (ئارام حەسەن) تەکنیکی مۆنۆلۆجی بەکارهێناوە بۆ نووسینی کۆی ئەو رووداوانەی کە خودی نووسەر بەباشی زانیوە بکرێتە نێو چوارچێوەی نووسینی رۆمانەوە، هەر چەند ئەمجۆرە لە تەکنیکی رۆمان، کلاسیکە و مۆدێرن نییە بەتایبەتی بۆ ئەم سەردەمە بە کۆن دادەنرێت چونکە گەر چاوێک بخشێنین بە ئەدەبیاتی ئەم ناوچەیەدا، بە ئەدەبیاتی عەرەب و فارسدا، ئەوەمان باش بۆ روون دەبێتەوە کە نووسینی رۆمان شێوازی نوێگەریی بەخۆیەوە بینیوە، هەروەک هونەرەکانی (شیعر-کورتە چیرۆک – پەخشان)، بەڵام ستایلی ئەم نووسینە خوێنەری خۆی هەیە، کەم تا زۆر چێژبەخشە، بەوپێیەی خۆێنەر کاتیک ئەم رۆمانە دەخۆێنیتەوە ماندوو نابیت، سەخت و گران نییە، تێکەڵ بە فەلسەفە و لۆژیک نییە، بەڵکو زۆر بە ئاسانی دەتگەیەنێتە سەرئەنجام.
ئێوارە کۆڕێک لە لقی سلێمانی یەکێتی نووسەرانی کورد رێکخرا، منیش درەنگ کەوتم لە کۆتاییدا پێڕاگەیشتم ئامادەبم، دواتر هەرچۆنێک بێت بە نرخێکی گونجاو رۆمانەکەم کڕی، لە ماڵەوە هەر بۆ شەوەکەی دەستم کرد بە خۆێندنەوەی. نووسەر، خوێنەر بەشداریی پێدەکات لەگەڵ رووداوەکان، هاوکار و هاوڕێگا و هاوشانی پاڵەوانی ناو رۆمانەکە دەبێت کە ناوی (زارا)یە و لە دادگای هەولێر سکاڵانووسە، ناسراو دەبێت بەوەی سکاڵا بۆ هەموو چین و توێژێک دەنووسێت، بە تایبەت بۆ هەژار و نەدار و لێقەوماوان، هاوکاریی ئەو خەڵکە دەکات و لەو ئازار و مەینەتییانەی کە بەسەریان هاتووە و کەس گوێیان بۆ راناگرێت، ئەم گوێیان لێدەگرێت. لەوانەی هاتوون سکاڵا دەنووسن دژی پیاوی چاوچنۆکن، پیاوی داوێنپیس و … هتد.
رۆمان ئەو ژانرە ئەدەبیەیە کە مەودای خەیاڵ تێیدا زۆر فراوانە، کات و شوێن دوو بکەری سەرەکین، نووسەر زۆر بە جوانی دەتوانێت یاریی بەو دوو رەهەندە بکات بەو پێیەی دروستکەری رووداوەکانە، مێژووی رۆمان ئەوندە دوور نییە، تەنانەت تا ئێستاش لەگەڵ چیرۆکی درێژ جیانەکراوەتەوە.
لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم رۆمان، نووسراوێکی خەیاڵیی درێژترە لە کورتەچیرۆک و چیرۆک کە چەندین چەشنی هەیە و هەرکام لەم چەشنانە نوێنەری جۆرێک لە چیرۆکی ناو زەینی نووسەرن، رۆمان بریتییە لە گێڕانەوەیەکی چیرۆکئامێزی دوور و درێژ، لە میانەی گێڕەرەوە وێنەی ژیانی کەسایەتییەکان لە چەندین رووەوە و لە چەندین شوێن و کاتی بەریندا دەردەخات، زۆرجار خەیاڵ رۆڵی لە داڕشتنی رووداوەکاندا هەیە. لە رۆماندا چەند رەگەزێکی گرنگ کۆدەبنەوە، لەوانە: رووداو، کەسایەتیی سەرەکی، شوێن، کات، چیرۆکبێژ (یان گێڕەرەوە)، گێڕانەوە، بۆگێڕەوە، خەیاڵ، وەسف، دیالۆگ، گۆشەنیگا و شتی تریش.