کتێبی «زەرد و سوور و شەمامە» بڵاوکرایەوە
ناسنامەی کتێب: «زەرد و سوور و شەمامە»، کۆکردنەوەی: عەتا وەلەدی، چاپەمەنی: ڕێگا، ساڵی چاپ: زستانی ۱۴۰۳.
کتێبی “زەرد و سوور و شەمامە” کتێبێکی نوێ لە چاپەمەنیی ڕێگایە کە ۲۱۴ دەق لە گێڕانەوەی یارییەکی کۆنی کوردستان (هەتۆڵ مەتۆڵ) بە زمانی کوردی (لوڕی، لەکی، کەڵهوڕی، فەیلی، هەورامی، زازایی، کورمانجی، سۆرانی، گەڕووسی و…) لەخۆ گرتووە و لەم کتێبەدا بۆ یەکەم جارە کە شێوازە ڕەنگامەکانی گێڕانەوەی یەک کایەی منداڵانە لە سەرجەم دیالێکتە کوردییەکانی زمانی کوردی (لوڕی، لەکی، کەڵهوڕی، فەیلی، هەورامی، زازایی، کورمانجی، سۆرانی، گەڕووسی و…) بە ڕۆحێکی هاوبەش و کۆنەستێ کوردانەوە بڵاو دەکرێتەوە.
لە ناوەکانی دیکەی ئەم کایەیە لە ناوچەکانی کوردستاندا دەکرێ ئاماژە بە؛
هەلوور بلوور، هەکڵ مەکڵ، هەتەڵ مەتەڵ، هەتۆڵ مەتۆڵ، پاپارنجێ، هاگنە گنە، هەگنە گنە، هێکلۆ مێکلۆ و… بکەین.
عەتا وەلەدی
عەتا وەلەدی لە دایکبووی ١٣۵۵ی تیلەکۆی کامێرانە و ماوەی ٢١ ساڵە دانیشتووی مەریوانە. ئەم شاعیرە، بۆ چەندین خول ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی فەرهەنگی_ئەدەبیی مەریوان و بەرپرسی کومیتەی شێعری ئەنجومەنە، لە کارە بەرچاوەکانی ڕێکخستنی کۆڕی ساڵانەی شێعری کوردی بۆ سەرجەم دیالێکتە کوردییەکانی«تا زرێبار و دێڕێک»ە کە لێژنەیەکی ٧ کەسی بۆ کاروبارەکانی داناوە و ئەمساڵ کۆڕی سێهەمی بەڕێوە چوو. پێشتر و لە ساڵی ١٣٩٦ «گۆرانیی شینی ژنی چەڵتووکچن» کە ٩٩ هایکۆی کوردییەی لە چاپەمەنیی گوتاری سەقز چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
شاعیر، ڕۆماننووس، وەرگێڕ و پسپۆڕ و ڕەخنەگری ئەدەبی منداڵان و براوەی خەڵاتی شۆرای کتێبی منداڵانی ئێران لە ساڵی ۱۳۸۳ هەتاوی بە بۆنەی کتێبی دیوار و براوەی پەیکەرە و سوپاسنامەی خەڵاتی هانس کریستیەن ئەندرسێن و هەر وەها براوەی خەڵاتی کتێبی ساڵی کوردستان و کتێبی ساڵی ئەدەبیی منداڵانی ئێران، جەبار شافعیزادە لە پێشەکییەکی ٢٠ لاپەڕەییەدا باسێکی زانستی لەسەر یاری بۆ منداڵان، خوێندنەوەیەکی زانستی و تێروتەسەلی لەسەر کردووە و وێڕای ئەمەش خوێندنەوەیەکی بۆ یەک لە یارییەکانی نێو کتێبەکە کردووە.
جەبار شافعیزادە
شافعیزادە لە پێشەکیی ئەم کتێبەکەدا دەڵێ: لە کۆمەڵگەی کوردیدا وەکوو هەموو کۆمەڵگەکانی تر، یاری ڕۆڵێکی هەرە گرنگی لە پەروەردەی زمان و بیروهزری منداڵاندا هەبووە و، زۆریان هەوڵ داوە هەتا لە ڕێگای یارییەوە لەگەڵ نهێنییەکانی جیهاندا ئاشنایان بکەنەوە. وەک چۆن فەیلەسووفێکی وەکوو هایدیگر دەڵێت: “زمان، یانەی بوونە”، بۆ منداڵانیش “یاری، یانەی بوونە” و بەبێ یاری، هیچ منداڵێک تا ڕادەی پێویست گەشە ناکات و پەروەردەیەکی پەسەندکراوی نابێت.
کوردیش وەکوو نەتەوەکانی تر، یاریی منداڵیان کردوەتە بەستێنێک بۆ وەی جیهان بە منداڵان بناسێنن و لەو ڕێگایەوە لەگەڵ تۆم و ماکەکانی جیهاندا ئاشنایان بکەنەوە. پێگە و ڕێژەی ئەو یارییانەی نەتەوەی کورد کە لەلایەن ڕۆژهەڵاتناسانی بەناوبانگەوە تۆمار کراون، ڕاشکاوانە دەریدەخات کە کورد لەمێژە لە گرینگایەتی یاریی تێگەیشتووە و بەپێی ئەو سەرچاوانەی لەبەردەستدان بۆمان دەردەکەوێت کە ڕێژەی یارییەکانی کورد لە هەڵسەنگاندنی لەگەڵ نەتەوەکانی تر لە ئاستێکی بەرزتر دایە. دەوڵەمەندی ئەدەبی زارەکی کوردی لە کەس شاراوە نییە و دراوسێکانیش دانیان بەو ڕاستییەدا ناوە. بۆ وێنە خاتوونی لێزان و پسپۆڕی بواری ئەدەبی منداڵانی ئێران “سورەیا قزل ئەیاغ” لە کتێبی یارییەکانی ئێراندا؛ بەپێی توێژینەوەی زانستیی سەلماندوویەتی کە زۆرترین یارییەکان لە ئاستی جوگرافیای وڵاتی ئێراندا تایبەت بە نەتەوەی کوردە؛ کە لەو کتێبەدا ۱۹۲ یاری تایبەت بە نەتەوەی کوردی تۆمار کردووە.
هیوادارم ئەم كتێبە جگە لە خزمەتێکی گچکە بە دیالێکتەکانی زمانی کوردی، ببێتە هۆکار و هاندەرێک بۆ کۆکردنەوە و تۆمارکردنی ئەدەبی زارەکی کوردی بەسەرجەم دیالێکتەکانی کە هۆی ڕەنگامەیی و دەوڵەمەندیی زمانی کوردین و سامانێکی نەتەوەییمانە، ڕەواندنەوەی ئەو ترسە گەورەیەی لای کۆکەرەوە و ئامادەکەری کتێبەکەش درووست بووە بۆ ئاوڕنەدانەوە و مەترسی تێداچوونی سامانی زارەکیمان بڕەوێنێتەوە و هەر هەموومان لەم سامانەی نەتەوە خاوەنداری بکەین و نەهێڵین بفەوتێن و بە کۆکردنەوە و تۆماریان كەلێنێك لە بەشی ئەدەبی زارەکی لە کتێبخانەی کوردیدا پڕ بکەینەوە.
عەتای وەلەدی لە ماوەی ٣ ساڵ هەوڵ و تێکۆشانیدا، توانیویە ۲۱۴ دهقی یەک کایەی بە ڕواڵەت هێندە ساکاری منداڵانەی کۆ بکاتەوە و دەوڵەمەندیی سامانی زارەکی کوردی خستووەتە پێش چاوی بەردەنگ و ئەمەش هەنگاوێکی باشە بۆ پاراستنی چەمکێک لە ئەدەبی زارەکیمان، جیاوازی ئەم کتێبە لەگەڵ ئەو کتێبانەی لەسەر ئەدەبی زارەکیی کوردی کراون، نەک کۆکردنەوەی چەندین بابەتی جیاوازی زارەکی کە داچوونێکی قووڵە لە سووچێکی ئەدەبی زارەکیدا و دەرخستنی گێڕانەوە و چەشنە لێکچوو و جیاوازەکانی ئەم یارییە لە سەرجەم دیالێکتەکانی زمانی کوردیدا خستوهته بهردهست.
ڕەنگە زۆرێک لە دهقهکان خاڵی هاوبهشیان زۆر بێت و لە هەندێکیشیان جیاوازی نێوان ئهو دهقانه له، تهنیا یهک یان دوو وشهدا بێت، بەڵام سەرجەم دەقەکان لەبەر مەودای جوگرافیایی سەرەڕای لێکچوونەکانیان لە دوو توێی کتێبەکەدا بڵاو کراونەتەوە و ئەمەش جگە لە دەرخستنی هاوبەشییەکان و هەنگاوێکە بۆ پاراستنی سەرجەم گێڕانهوهکان وهکوو سروهتێکی نیشتمانی و، ئاوڕدانەوە لە گشت ناوچهکانە و ئاوێنەیەکی باڵانوێنە کە هەر کوردێک خۆی لەوێدا ببینێتەوە. هیچ هەڵسەنگاندنێک بۆ دەقەکان نەکراوە و دەقادەق وەک گەیشتووەتە دەستی بە ناوی کەسە، گوند و شار و ناوچەکەی خۆیەوە بڵاو کراوەتەوە. پێویسته جیا لهم تۆمارکردنەیان، له لایان کهسانی پسپۆڕهوه توێژینهوهیهکی زانستی لهسهریان بکرێت و، به کهڵک وهرگرتن له ڕهوت و شێوازێکی ئاکادیمیانه، پۆلێنبهندی بکرێن.
جێگای ئاماژەیە کتێبی «زەرد و سوور و شەمامە» ٢۵٧ لاپەڕەیە و لە سێ بەشی سەرەکیی پێشەکی، هەتۆڵ مەتۆڵ لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا و دەقەکان پێک هاتووە و بە ئەژماری ١٠٠٠ بەرگ چاپ کراوە.
هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.