خانه / اخبار و رویدادها / بێ دەنگیی شەهاب لە رۆمانی (باوکی ئەو) دا

بێ دەنگیی شەهاب لە رۆمانی (باوکی ئەو) دا

بێ دەنگیی شەهاب لە رۆمانی (باوکی ئەو) دا

ئەژین فەهمی

هەموو چیرۆکێک بە شێوەیەک لە شێوەکان دووبارەیە، بەڵام گرنگە بتوانیت لە نێو چیرۆکە دووبارەکاندا خۆت نوێ بکەیتەوە، نوێبوونەوەیەک بەو مانایەی لەگێڕانەوە و چنینی پەیڤەکاندا، وەک چیرۆکەکانی تر دایانبڕێژی و خوێنەریش ئاشنا بکەیت. رۆمانی باوکی ئەو لە نووسینی (پەرینووش سەنیعی) و وەرگێڕانی (رووناک شوانی)، رووداوێکی جیاوازمان لە ناو چیرۆکێکی دووبارەدا بە تەکنیک و شیوازێکی جیاواز بۆ دەگێڕیتەوە. لەم رۆمانەدا منداڵێک بەناوی (شەهاب) ەوە کە خۆی وا پێشان دەدات ناتوانێ قسە بکات، بەرەنگاریی ئەو سیستمە پەروەردەییە دەبێتەوە کە لە نێو ماڵەکەیاندا پەیڕەو دەکرێت. گەر بێت و چەند دێڕێک لە دۆخی سایکۆلۆژی شەهابی سێ ساڵەوە بدوێم، کەپاڵەوانی رۆمانەکەیە، دۆخی ژیانی ئەو وایلێکردووە ماوەیەکی زۆر هەم خوێنەر هەمیش خێزانەکەی فریو بدات، خۆیمان لێ بکات بەمنداڵێکی لاڵ و بە هیچ شێوەیەک قسە نەکات. ئەم منداڵە بە توانایەکی سەرسوڕهێنەرەوە هەموو پەیڤەکانی لە نێو ناخیدا پەنگ بخواتەوە وەک هێزێکی بەرگریی بەکاری بهێنێت، لە راستیدا ئەم بێدەنگی و لەدەستدانی زمانە قەرەبووی زۆر شتی بۆ کردۆتەوە، کاتێ دەبینێت باوکی بە گێل و نەفام سەیری دەکات و جیاوازیی لە نێوان ئەو و براکانی تریدا دەکات، هیچ رێگایەکی بۆ نامێنێتەوە لە بێدەنگی زیاتر، بەرگرییەکەی شەهاب، دژی هەموو ئەو نایەکسانیانەی بەرامبەری دەکرێت و بەوەی وەک گێلێک سەیری دەکەن هەر لە بێدەنگیدا نامێنێتەوە بەڵکو دوور لە چاوی هەمووان چەند پەرچە کردارێکی فیزیکیشی دەبێت، وەک هەستان بە کەتنی جۆراوجۆری منداڵانە بۆ نموونە: لە نهۆمی سەرەوە گوڵدانێک فرێ دەداتە خوارەوە بۆ سەر شان و ملی باوکی یان شکاندنی سەری براکەی.

هاوکات برا و ئامۆزاکەشی کەتنی منداڵانەی خۆیان دەکەن بۆ ئەوەی لە سزا رزگاریان بێت دەیخەنە ئەستۆی شەهاب. هەموو خانەوادەکە و خانەوادەکەی باوکیشی هەمیشە سەرکۆنەی شەهاب دەکەن. تەنیا کەسێک لە خەمی شەهاب دایە، هەستی پێدەکات و بەرگریی لێدەکات دایکیەتی. چیرۆکەکانی نێو ئەم رۆمانە بەش بەش لە رێی کارەکتەری دایکی شەهاب و خودی شەهابەوە دەگێڕدرێنەوە. جیاواز لە هەموو شتێک بۆ من جگە لە گرنگی پێدانی دایکی بۆ شەهاب خودی داپیرەیشیەتی کە یارمەتیدەرێکی گرنگی ئەو دەبێت. داپیرەی دەتوانێ سەر لە نوێ شەهاب بدۆزێتەوەو وای لێ بکات قسەبکات، ئەو پەیڤانەی لە گەروویدا لە ئەنجامی ر‌قێکی زۆرەوە ساڵانێکە کپ بوون و نەهاتوونەتە بێنە دەرەوە. داپیرەی شەهاب دەتوانێت پەیوەندییەک لەگەڵ شەهاب دروست بکات کە متمانەیەکی گەورە دەبێتە بنەمای ئەو پەیوەندییە بە شێوەیەک هیچ کەسێکی تر ناتوانێت ئەو پەیوەندییە درووست بکات. کاتێ نەوە و داپیرە پێکەوە بە تەنیا لە ماڵ دەمێننەوە، داپیرە وەک ئەوەی لە تەمەنی ئەودا بێت مامەڵەی لەگەڵ دەکات، ورد وچڕ دیقەت لە هەڵس وکەوتەکانی دەدات تەنانەت ئەو دەمەی نەوەکەی لە رەوشێکی پڕ لە توڕەییدا قاپەکان دەشکێنێت، لێدەگەڕێت رقی چەن ساڵەی خۆی بە شکانی قاپەکان بڕەوێنێتەوە.نەک هەر ئەوە بەڵکو ئەویش چەند قاپێکی لەگەڵ دەشکێنێت و دەیکات بە گەمەیەکی خۆش لە رقەوە بۆ دڵخۆشی و خەندە.

لەوانەیە داپیرە هەوڵ بدات لە رێگەی دروست کردنی ژینگەیەکی ئارام و منداڵانەوە متمانە و ئاسودەیی بۆ نەوەکەی دروست بکات، هەردوولا هەوڵ دەدەن رۆڵە کۆنەکان بگۆڕن و پەیوەندییەکی نوێ دروست بکەن لەم رێگەیەشەوە دەگات بەوەی بتوانێت زمانی نەوەکەی بپژێ و ئاسان لە بەردەمی داپیرەدا بێتە گۆ و شەوانیش دوای چیرۆک خوێندنەوە بۆ نەوەکەی، پەیڤە شاراوەکان نەمێنێن و ئەوانیدیش لە زمانپژانی شەهاب تێبگەن. گەر سەرنج بدەین بەپێی تیۆری (ئالفرێد ئادلێر ) دەکرێ ئەم رەفتارە شێوازێک بێ وا بکات لەم رێگەیەوە خۆشەویستی و گرنگی پێدانی داپیرە بۆ نەوەکەی سەرچاوەی گرتبێت لەرێگەیەکی تریشەوە شەهاب هەستی بە کەمزانینی خۆی کرد بێ و لە رێگەی شکاندنی قاپەکانەوە خۆی لای داپیرەی بسەپێنێ و تێشمانبگەیەنێت کە چیتر نابێت پەراوێز بخرێت و ئەویش شایەنی ئەوەیە وەک براکانی خۆشیانبوێت و رێزی لێ بگرن. کاتێک داپیرە هەوڵ دەدات نەوەکەی بەقسە بهێنێت ئەمە دەکرێ وەک بەشێک لەپرۆسەی چاکبوونەوەی نەوەکەی و هەوڵێکیش بێت بۆ گەڕانەوەی دۆخی ئاسایی شەهاب. ئەمە نیشانەی ئەزموون و هەستیاریی و تێگەیشتنی داپیرەیە بۆ پێداویستیەکانی نەوەکەی. بێگومان نیشاندانی باری دەروونیی شەهاب وپشتگوێ خستنی و تەنانەت گرنگیدانی ئەو لەلایەن دایکی و داپیرەیەوە رووداوەکانی رۆمانەکە بە ئاقارێکی تردا دەبات کە بۆ نموونە جووڵە دەخاتە تێکڕای رووداوەکان و ژیانی کارەکتەرەکانی تریشەوە.

بەڕای من زمانی وەرگێڕانی ئەم رۆمانە رۆڵێکی گەورەی لە دروست کردنی ژینگە و پێشاندانێکی روون و ئاشکرای کارەکتەرەکاندا هەبووە،(رووناک شوانی ) یلێزانانە بەکوردیەکی پاراو، توانیویەتی رستەکان بە چەشنێک چڕ بکاتەوە وەک ئەوەی بەدیار فیلمێکی سینەماییەوە دانیشتبین. ئێمە لە رێی وەرگێڕەوە دەتوانین ئەم جوانییەی نێو دەق ببینین، جوانییەک هەم لە داڕشتنەوە و هەمیش لە چنینی رستەکانەوە وشەگەلێکی کوردانە و پوختمان بەرچاو بکەوێت، بەپێی پێویست بە دوای هەندێک وشەدا وێڵ دەبین و بێزار نابین، ئێمە لە رێگەی ئەم زمانە سادە و پاکەی وەرگێڕەوە بەر ئیستاتیکایەک دەکەوین کە بەرز ونزم پێکەوە لە وێنەکانی رۆمانەکەدا کۆ دەکاتەوە، لام وایە گرنگیی ئەم رۆمانە جگە لە نیشاندانی باری دەروونیی منداڵێك بە دیوێکی تردا نووسەر کارەکتەرەکانی تری لەهەر تەمەن و رەوش و ژینگەیەکی تردا وەک خۆی تێیدا قووڵ بووەتەوە، بێگومان کارکردن لە بابەتی خێزاندا بەو هەموو کارەکتەرە جیاوازانەوە هەرگیز کارێکی ئاسان نییە.
سەرچاوە: رۆمانی باوکی ئەو،
ن: پەرینووش سەنیعی،
و: رووناک شوانی

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

سێ وتار دەربارەی ئەدەبیاتی كوردی

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *