ئاوەز و دەروون
گوڵزار فەرەج
رۆح و دەروون و هۆشی مرۆڤ، فرە رەهەند و پڕ لە نهێنین. هەر لەبەرئەوەیە دکتۆر موزەفەر هەورامی کە راوێژکاری نەخۆشییە دەروونییەکانە لەشانشینی بەریتانیا و لە دامەزراوەیەکی تەندروستی بڕوانامەی بەرزی لەبواری دەروون و دەماردا بەدەستهێناوە. ئەو زانیارییانەی کە خۆی لە هزر و بەدەستهێنانی ئەزموونی رۆژانەیدا بەدەستی هێناون و پەی پێ بردوون و ئاوەزخوازبووە، لە دووتوێی کتێبێکی ناوازەدا بەناونیشانی (ئاوەز و دەروون) کە لە هەموو زمانە جیاوازەکانی دنیاوە زانیارییەکانی کۆکردۆتەوە، بۆ خوێنەری کوردی بەیان بکات. مەبەستیشی لەم هەوڵە ئەوە بووە، ئێمەش ئەوکارانەی مێشک و ئاوەز و دەروون دەیکەن درکیان پێ بکەین و لێیان بێئاگا نەبین و هەندێ زانیاریی گەرچی کەمێکیش بێت لێوەیان فێر ببین، کۆمەڵگە و تاک پێویستیان بە زانیاریی لەبارەی فەلسەفەی مێشک و هۆشەوە هەیە بۆ ئەوەی لە راستی و سروشتی نەخۆشەکان تێبگەن. فەلسەفەش نەک هەر بە چەشنی زانست بەڵکو لە چڵەپۆپی زانستدایە بۆ خستنەڕووی راستکردنەوە و تێگەشتنی ژیان و دەوروبەر. فەلسەفە ئەگەر کۆن بێت یان نوێ، پێویستە بەهەند وەربگیرێت، فەیلەسوفەکان زۆرجار بوونەتە سەر قافڵەی دەرخستنی راستییەکان، لەسەدەی نۆزدەدا فرۆید باسی سێ جۆر لە پێکهاتەی هۆش دەکات، مێشک بەشێکی ئێجگار ئاڵۆزە و لەجەستەی مرۆڤدا، هەر بەتەنها بەیەکەوە بەستنی خانەگەلی مێشک وەک ئەوە وایە کە هەموو ئەستێرەگەلی گەردوون بەیەکەوە ببەستێ. کاتێک مرۆڤ پیاسەیەک دەکات، لەهەر میللی چرکەیەکدا بە تریلیۆن یەکەی زانیاریی ئەلیکترۆکیمیاویی زۆر ورد لەشێوەی کردەی توانستی شاراوە لە قاچەکانییەوە بۆ مێشک و بە پێچەوانەشەوە ئاڵوگۆڕ دەکرێن، بۆ ئەوەی ئەم کەسە بە شێوەیەکی رێک و پێک و هاوسەنگ و بێ کەوتن و هەڵنووتان بەڕێوە بڕوات. مێشک ئەندامێکە بێوچان لەکاردایە، کارکردنیشی لەچاو بەشەکانی تری جەستەدا زۆر زیاترە. بەهۆی مێشکەوەیە کە مڕۆڤ بووەتە پادشای بێ رکابەری سەر زەمین، رامان ، خەیاڵ ئاخاوتن، نەخشەدانان و یادگە و توانستی پێزانین، ئەمانە هەموویان کاری مێشکن مێشک لە سەدا بیستی ئۆکسجینی جەستە بەکار دەبات و ئەمە نەک تەنها لە مرۆڤدا بەڵکو لە گیانلەبەرانی تریشدا تەنانەت لە هەڕەتی سڕبوونی زستانەشیاندا، مێشک هەر لەکارکردنی خۆی ناوەستێت، زانستی سەردەم دەیسەلمێنێت کە جەستە بەگشتی و مێشک بەتایبەتی لەگەڵ هۆشی مرۆڤ لەپەیوەندی و پەیوەستی بەردەوامدان و ئەوانەشی لەجەستەدا روودەدەن، زادەی دۆخ و چالاکیی مێشکن. هیگڵ لای وابووە هۆش بێوچان لەگۆڕاندا دەبێت و لەگەڵ مێژوودا هەمیشە گەشە دەکات، بۆیە بەبڕوای هیگڵ مرۆڤ خۆی بوونەوەرێکی مێژوییە. لە کۆتاییدا پێم وایە بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر پێویستە، کتێبی (ئاوەز و دەروون) بخوێننەوە.