خانه / اخبار و رویدادها / تیۆری وەرگرتن و رەخنەی شیعری كوردی

تیۆری وەرگرتن و رەخنەی شیعری كوردی

تیۆری وەرگرتن و رەخنەی شیعری كوردی

د. هەرێم عوسمان

تیۆری وەرگرتن و رەخنەی شیعری کوردی، نامەیەکی دکتۆرایە (عەباس محەمەد قادر) ساڵی ۲۰۲۲ بە سەرپەرشتیی (پ. د. عەلی تاهیر) پێشکەشی کۆلێجی زمان – زانکۆی سلێمانی کردووە. نامەکە بە رێبازی وەسفی شیکاری نووسراوە و بۆ سێ بەش دابەشکراوە، وەک رێخۆشکەرێک سەرەتا باسی رابردووی رەخنە دەکات، کە زیاتر بایەخی بە نووسەر و دەق داوە، بەڵام تیۆری وەرگرتن بایەخ بە وەرگر دەدات.

بەشی یەکەم
 ئەم بەشە لە سێ پار پێکهاتووە و باسی چەمک، زاراوە، مێژوو و رەوتەکانی تیۆری وەرگرتن و رێچکە فەلسەفییەکانی کردووە. ئەم تیۆرە لە بارودۆخێکی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی لەلایەن نووسەرانی قوتابخانەی کۆستانسی ئەڵمانی (یاوس و ئایزەر)ەوە دامەزرا. یاوس لە ساڵی ۱۹۶۷ وتارێکی لەبارەی چییەتی مێژوویی و بۆچییەتی لێکۆڵینەوە لە ئەدەب نووسی، تیایدا چوارچێوە گشتییەکانی تیۆری وەرگرتنی خستەڕوو، کە کاردانەوەیەک بوو بەرامبەر مێژووی رەخنە، کە بایەخیان بە نووسەر و دەق داوە و بەشێوەی رەها ئەو مێژووەیان باسکردووە، لەکاتێکدا راستی لە ئەدەبدا رێژەییە. خوێنەر لای ئەمان سەرچاوەی کۆتاییە بۆ واتا، چونکە بۆشاییەکانی دەق پڕدەکاتەوە، لەبەرئەوە ئەگەر لایەنێکی تیۆر و جیهانبینییە رەخنەییە کۆنەکان بایەخیان بە وەرگر دابێت، ئەمان وەریانگرتووە و رەخنەشیان لەو لایەنانەی گرتووە کە وەرگری پەراوێزخستووە. 
لەکۆندا ئەدیبان بە پێی پێودانگی دیاریکراو دەیاننووسی، بەڵام لە ئێستادا داهێنانی ئەدەبی شکاندنی پێودانگەکانە، هاوکات نووسەر لەبری خواستی وەرگر تێر بکات، نامۆیی ساز دەکات و وەرگر چالاک دەکات لە دۆزینەوەی واتای جیاوازدا، چونکە هەموو دەقێکی ئەدەبی بە سروشتی خۆی خوازەییە، دەقی کراوەش هەڵگری بەها و واتای جیاوازە و لە خوێندنەوەدا ئەو واتایانە ئاوەڵا دەبن، لەم رووەوە تیۆری وەرگرتن لە هەڵوەشاندنەوەگەریی و هێرمۆنتیکا نزیک دەبێتەوە، هاوکات دژی بەستنەوەی دەقە بە مێژووی نووسینەوە، ئایزەریش پێیوایە دەق لەگەڵ خوێندنەوەی نەک نووسینی لەدایک دەبێت، لەبەرئەوە سێ جۆر خوێنەر دیاری دەکەن: خوێنەری ئاسایی، گرنگیپێدەر و خوێنەری رەخنەگر. ئەم تیۆرە هەموو پێوەرە ئایدۆلۆجییە پێشوەختەکانیان رەتکردووەتەوە و بابەتیانە لە دەقیان روانیوە، بەو مانایەی کە خوێنەر واتای جیاواز بە پێی کۆنتێکستەکان بە دەق دەدات، لەبەرئەوە هەردوو چەمکی (ئاسۆی چاوەڕوانی و ئیستاتیکای کاریگەر) بەکارهێناوە، کە ئاسۆی وەرگرەکان (ئێستا و رابردوو و ئایندە) و دەق بەریەک دەکەن و ئیستاتیکای بەرهەمدار لەدایک دەبێت. توێژەر دواتر باسی سەرچاوە فەلسەفییەکانی تیۆرەکە دەکات و ئاماژە بە رەوتی هێرمۆنتیک و فینۆمینۆلۆجی دەکات. لە هێرمۆنتیکدا راڤە لە پێناو تێگەیشتن لە دەق بووە، لەبەرئەوە گادامێر ئاسۆی واتا و پێشبینییە مێژووییەکان و ئەو ئاسۆیەی کە دەق لە خۆی دەگرێت تێکەڵ دەکات، یاوسی وەک گادامێر پشتی بەم توانەوەیەی ئاسۆکان بەستووە، چونکە هیچ دەقێک لە بۆشاییەوە لەدایک نەبووە، ئەم کارلێکەش پرسیار لای وەرگر دروست دەکات و بەدرێژایی خوێندنەوە دیالۆگ لەنێوان خوێنەر و دەق‌دا دروست دەبێت، بەم دیالۆگەش خوێنەری ناوەوە بۆشاییەکانی دەق دەکاتەوە، لە کۆتایی ئەم پارەدا توێژەر نمونەی شیعرێکی مەلای جزیری بە هێرمۆنتیک و نالی بە فینۆمینۆلۆجیا شیکاری دەکات و پاشان باسی کاریگەری شێوازگەری رووسی و بونیادگەری پراگ و سۆسیۆلۆجیای ئەدەب لەسەر تیۆری وەرگرتن دەکات.

بەشی دووەم
 ناونیشانی ئەم بەشە (خوێنەر و خوێندنەوە، کارلێکی نێوان دەق و خوێنەر)ە، ئەم بەشە لە حەوت پار پێکهاتووە و باسی جۆرەکانی خوێندنەوە و خوێنەر دەکات، کە لە کۆندا دەق ئاشکرا بووە و خوێنەریش پابەندی نووسەر و دەق بووە، (من لەسەرمە بیڵێم و ئێوەش لەسەرتانە بیزانن)، لە کۆندا ئاسۆی خوێنەر و دەق یەکبوون، لەبەرئەوە رەخنەی کۆنی کوردیش ئایدۆلۆجی و دەقیش ئەرکداربووە، یاخود رەخنەگر ئەرکی راستکردنەوەی هەڵەی نووسەر بووە، کەواتە سیانەی کۆمەڵایەتی و دەرونی و ئیشتراکی پێکهاتەی بەشی زۆری رەخنەی لەخۆگرتووە و پرۆسەی خوێندنەوەش لە کۆندا ستوونی و ئاسۆییە، بەڵام لە رەخنەی نوێدا دەق و خوێنەر نەک نووسەر و دەق کارا دەبن، کەواتە پرۆسەی خوێندنەوە دەبێتە بێکۆتایی و جەمسەری (هونەری)نووسەر لەگەڵ جەمسەری (ئیستاتیکی) وەرگر کارلێک دەکەن. دواتر باسی خوێنەر جۆرەکانی دەکات، بۆ نموونە ریڤاتیر (خوێنەری کۆکەرەوە) بۆ شیکردنەوەی شێوازگەری دەقی شیعری و ئایزەریش (خوێنەری ناوەوە) بەکاردەهێنن، دەیکەنە رێکاری کارلێکی دەق و خوێنەر، لەبەرئەوە خوێنەر ئەو کەسەیە کە بەها بە دەق دەدات، (ئەگەر جاران دەیانگوت واتا لە سنگی شاعیردایە، ئێستا واتا لە سنگی خوێنەردایە). دواتر توێژەر بەرلەوەی باسی چییەتی خوێندنەوە بکات، چەند جۆر خوێنەر (خوێنەری نموونەیی، گریمانەیی، بژاردە، باڵا، هەواڵدەر، مەبەستدار بەسەردەکاتەوە). سەبارەت بە خوێندنەوە رەهەند و مەبەستی جیاواز لەخۆدەگرێت، وەک (بەردەوامی بیریی، زانیاریی، بەڵگەیی، سۆزداری، هێمایی…) مەبەست لە خوێندنەوە تەنیا شیکاری و راڤەی دەق نییە، بەڵکو دیالۆگی خوێنەر و دەقە کە مەرجی رۆشنبیریی، بیری و ئیستاتیکی خۆی هەیە، ئەم مەرجانەش گوتاری رەخنەگر لەگەڵ گوتاری ئەدەب (دەق) دەخاتە ناو دیالۆگ و شێوازی جیاوازی خوێندنەوە چالاک دەکات، کە دەکرێت، خوێندنەوەی سایکۆلۆجی، هەڵوەشاندنەوەیی، سیمۆلۆجی، رەوانبێژی…تد، بۆ نموونە لە خوێندنەوەی سیمۆلۆجیدا ئەمبرتۆ ئیکۆ خوێندنەوەی جیاوازی بۆ کراوە، لەبەرئەوە رەخنەگرێک پێیوایە ئیستاتیکای وەرگرتن درێژکراوەی گەشەکردووی بۆچوونەکانی ئیکۆیە. دواتر توێژەر باسی ئاستەکانی شیکردنەوەی دەق بەهۆی کارلێکی دەق و خوێنەر دەکات، کە بەیەکداچوونی دەق جۆرێکە لە گرێدانی دەق لەگەڵ دەقەکانی بەر لە خۆی، لەبەرئەوە دەق لە جوڵەیەکی بەردەوامدایە بۆ تێپەڕاندنی خۆی و کرانەوەی بەڕووی دیاردە ئەدەبییەکان و گەڕانی بەدوای دەقی تردا هەتا کارلێکی لەگەڵ بکات و تێیبپەڕێنێت و خۆی دروستبکاتەوە، لەبەرئەوە دەقەکان بەیەکدا دەچن و  یەکتر دەبڕن، ئەمەش سەرچاوەی فرەواتایی و تێپەڕکردنی ناوەندێتییە. هەر لەم پارەدا توێژەر ئاماژە بە پێنج ئاستی شیکردنەوەی دەق دەکات: کارلێکی وەرگر و دەق، شیکردنەوەی چاوەڕوانییەکانی وەرگر، ئاستی فیدباک، ئاستی گروپە راڤەکارییەکان و ئاستی ئاسۆیی(رێزمانی) و ستوونی(واتایی). لە پاری شەشەمیش باسی پەیوەندی تیۆری وەرگرتن بەو تیۆرانە دەکات کە روو لە خوێنەرن، وەک هەڵوەشاندنەوەگەری، سیمۆلۆجیا، رەخنەی وەڵامدانەوەی خوێنەر کە سەر بە قوتابخانەی ئەنگلۆ ئەمریکییە. لە کۆتایی ئەم بەشەشدا ئاوڕێک لە رەنگدانەوەی تیۆری وەرگرتن لە رەخنەی کوردیدا دەداتەوە. 

بەشی سێیەم
 ئەم بەشە پراکتیکی چەند چەمکێکی تیۆرەکەیە، کە پاری یەکەم بۆ ناساندنی حەوت چەمک (چێژی ئیستاتیکی، ئاسۆی چاوەڕوانی، مەودای ئیستاتیکی، توانەوەی ئاسۆکان و گۆڕانیان، شارەزایی(ئەزموون) ئیستاتیکی و تێکەڵبوونی ئاسۆکان و لۆجیکی پرسیار و وەڵام) تەرخان کراوە، پاری دووەمیش چەند دەقی شیعری کوردی بە پێی چەمکەکانی یاوس خوێندووەتەوە، نالی شاعیر بە نموونە وەردەگرێت، کە هەوڵیداوە لە رێگەی زمانی شیعرەوە شۆکێک بۆ خوێنەر دروست بکات، چونکە لە زمانی رۆژانە و باو لایداوە، ئەمەش تێکشکانی ئاسۆی چاوەڕوانییە، چونکە گەر ئاسۆی دەق و ئاسۆی چاوەڕوانی خوێنەر یەکبوون، ئەوا دەقەکە هیچی تازەی پێشکەش نەکردووە.

تەبعی شەکەر باری باری من کوردی ئەگەر ئینشا دەکا
ئیمتحانی خۆیە مەقسوودی لە عەمدەن وا دەکا

نالی ئاسۆی چاوەڕوانی خوێنەر کە بە فارسی و عەرەبی، یاخود بە شێوەزاری هەورامی و فۆلکلۆر راهاتووە، تێکدەشکێنێت، لەبەرئەوە نالی پرۆژەیەکی شیعریی و زمانێکی دامەزراندووە، یاخود نموونەی مەلای جزیری دەهێنێتەوە بە کرمانجی ژووروو دەنووسێت و خۆی لە ئەدەبی فارسی جیا دەکاتەوە، چونکە ئەوان سەعدی و حافزیان هەیە:
گەر لوئلوئی مەنثوور ژ نەزمێ تە دخوازی
وەرە شیعرێ (مەلێ) بین بە شیراز چ حاجەت

دواتریش نمونەی شیعری گۆران بۆ خاوێنکردنەوەی زمان و فەرهەنگێکی زمانی شیعری جیاواز لە کلاسیک دەهێنێتەوە، کە ئاسۆی چاوەڕوانی خوێنەری شیعری کلاسیک تێکدەشکنێت. جیا لە زمانی شیعر نموونەی ناوەڕۆکی شیعریش لە چەند شیعری گۆران دەهێنێتەوە:

قژکاڵی لێو ئاڵی پرشنگی نیگا کاڵ،     ئەی کچە جوانەکەی سەرگۆنا نەختێک ئاڵ!

رەنگی کاڵ چووەتە شوێنی رەنگی تۆخی کلاسیک، قژی کاڵ و لێوی ئاڵ، شوێنی قژی رەشی رەشماری گرتووەتەوە. دواتریش نموونەی شیعری عەبدوڵڵا پەشێو، شێرکۆ بێکەس، لەتیف هەڵمەت و دلاوەر قەرەداغی دەهێنێتەوە. پاشان باسی تۆپۆگرافیای دەق دەکات، کە شیعری کلاسیک زۆرترین پانتایی داگیر دەکرد، بەڵام شیعری نوێ بە دێڕی دوو سێ وشەیی و نەخشە و هێڵکاری جیاواز، ئاوازی شیعر ساز دەکات، بۆ نموونە تۆپۆگرافیای شیعرێکی قوبادی جەلیزادە نیشان دەدات:

خوێنی منیش تنۆک تنۆک و
سەر لەبەر،
دا
چ
ۆڕ
ایە
گەرووی ئەو کولەکە تەڕەی،
کە بیلالی حەبەشی شەڵاڵی کردبوو،
لە
(اللە
اکبر)
لە عەرعەرەوە قسە دەکەم
لە عەر عەر !!!

شاعیر لەلای چەپ بۆ لای راست دەچێت، ئەمەش ناوەڕۆکی باسەکەیەتی کە ئەنفال و کوشتنی کورد ناڕەوا و ناڕاستە، لەبەرئەوە هێڵێکی راست و چەپی بەسەردا دەهێنێت، هەروەها دەردەچێت لە یاسای نەهاتنی بزوێن لە سەرەتاوە. لە کۆتایی ئەم باسەدا بە وردی تێکشکانی ئاسۆی چاوەڕوانی لە نموونەی سەروا بەسەردەکاتەوە و دەچێتە پاری سێیەم بۆ باسکردنی چەمکەکانی ئایزەر، کە بە خوێنەری ناوەوە دەستپێدەکات. ئەم خوێنەرە نووسەر لە کاتی نووسیندا شوێنی بۆ دادەنێت و گریمانەی دەکات، واتە خوێنەرێکی ناونشینی ناو دەقە، هەرچەند شاعیر و ئەدیب دانیشی پێدانەنێت، ئەوا ناخودئاگا ئەم خوێنەرە ئامادەیە، لەبەرئەوە ئەم خوێنەرە مەبەستداری و بۆشایی دەق دیاری دەکات، کەواتە بۆشایی دەق پانتایی کارلێکی دەق و وەرگرە، بەجۆرێک دەق یان وەرگر لە پلە و ئاسۆیەکی جیاوازی مەعریفی و زانیاریدان، پاشان باسی روانگەی گەڕۆک و لێکدراوی نەرێنی دەکات و دەچێتە ناو پراکتیکی شیعرەکان و نموونەی هەشت شاعیری کورد دەهێنێتەوە. لە کۆتاییشدا بە ۱۳ خاڵ ئەنجامەکان دەخاتەڕوو، لەوانە، دەقی کراوە مەرج نییە لە رێگەی زمانێکی ئاڵۆزەوە ساز بێت، یاخود هەموو دەقێک مەرج نییە فرەخوێندنەوە لەخۆ بگرێت، ئاسۆی چاوەڕوانی پێویستە بە پێی کات دیاری بکرێت، چونکە ئەو دەقەی بۆ سەردەمێک ئاسۆکان تێکدەشکێنێت، دەشێت بۆ سەردەمێکی تر سازگار بێت، لەبەرئەوە تێکشانی ئاسۆی چاوەڕوانی لە دەقدا دەکرێت وەک پێوەری داهێنان بخوێنرێتەوە.

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

سێ وتار دەربارەی ئەدەبیاتی كوردی

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *