
ئاسۆی شیعری هێمن لە ئاوێنەی دێڕێک‌دا؛ دژ-خوێندنه‌وه‌ی «ناڵەی جودایی»

ڕەزا عه‌لیپوور
ئەگەر سێ دەقی شیعری لە ڕۆژهەڵات هەڵبژێرین، یەکێکیان «ناڵەی جودایی»ی مامۆستا هێمنە، پێشتریش نووسیومە. ئەم دەقە لە ڕووی پێگەی مێژووییه‌وه، لە خاڵێکی هەستیاری شیعری کلاسیکی دواییندا هه‌ڵکەوتووە.
پێگەکەی هه‌ستیاره چون له سه‌ر سنووردایه، یان باشتر بڵێم خۆی سنوورە، سنووری نێوان شیعری کلاسیک و نوێ، شیعرێکە ئاماژه به هێڵە سەرەکییه‌کانی سووژەیەکی هێشتا نه‌هاتووی کورد، به ئانتاگۆنیزم و دژبه‌رییه‌کانی ده‌دات. هه‌روه‌ها سه‌ردێڕ و فورماسیۆنی گشتیی هەندێ گرفت و ململانێی دواتر، بۆ داهاتوو ده‌نووسێتەوە.
من له‌م یادداشته‌دا تاقه نیودێڕی «ناڵەی جودایی» وه‌رده‌گرم و هه‌وڵ ده‌ده‌م، به شکاندنی کرۆکی، هەندێ سەرنج به ده‌وریه‌وه ده‌رببڕم.
«با فراوانتر بکەم ئاسۆی شیعر»
ئەم نیودێڕە مێتا-شیعرییه (شیعرێک سه‌باره‌ت بە شیعر)، لە نیگای یه‌که‌مدا له‌گه‌ڵ تاکهکهیدا؛ (با لە زارم بێتەدەر پشکۆی شیعر/
با فراوانتر بکەم ئاسۆی شیعر) ده‌ڵێی لەپڕ هۆنراوه‌ته‌وه و له‌و زنجیره‌یه‌دا نابه‌جێ دانراوه، بەڵام به وردبوونه‌وه‌ی وردتر ده‌رده‌که‌وێت جێگیریی ئەم دێڕە لەو ده‌قه‌دا، هه‌م بهجێیە، هه‌م کلیله. له‌وانه‌یه بکرێت بە دژ-خوێندنه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی نیودێڕەکە و قهیراناوییکردنی (پرابلماتیزه)، نەک هەر «ناڵەی جودایی»، به‌شێکی باشی «ئاسۆی شیعری کلاسیک»ی کوردیش ڕوون و شیببێتەوه.
چۆن؟
با ناخۆدئاگای ئەم نیودێڕە مانیفێست ئاسایە شیبکه‌ینه‌وه و بپرسین ئایا ئەو شیعره ئەوەی ده‌یڵێت، هه‌ر ئەوەش ده‌کات؟ یان به‌و گوتaنه ده‌یهه‌وێ چی بشارێته‌وه؟
ڕوونە کۆی پرۆژەی شیعری هێمن و «ناڵەی جودایی»، له‌و ئاخروئۆخره‌دا ده‌ره‌تان و زه‌رفییه‌ته‌کانی شیعری پێشوو فراوانتر ناکات، بە پێچه‌وانه قاڵب و ئیمکانەکانی شیعری کلاسیک و ورده‌کاری، فه‌ن و سەنعهتهکانی سه‌رفده‌کات و ده‌یانگه‌یه‌نێته بنه‌تا، هێمن له «ناڵەی جودایی»دا کێش، قاڵبی مه‌سنه‌وی و سەروا و «زمانی ئەده‌بی»، تا سنووری لێکهەڵوەشاندنهوه دهکاتهکار و دهیانسوێت.
که‌واته گەر فراوانکردنێک ببێت بریتییه له ته‌واوکردن و داخستنی کارنامه‌ی شیعری کلاسیک. گه‌ر وابێت ساکارترین و نزیکترین ته‌فسیری ئەو فراوانکردنه یانی یارمه‌تیدانی ناڕاسته‌وخۆ و ڕێگەخۆشکردنی نێگەتیڤ و نه‌رێنی بۆ شیعری نوێیه‌ک که پێشتر نوێ بووەتەوە. ئەم یارمه‌تیدانه‌ش بە نووسینی شیعری وه‌ک «ناڵەی جودایی»ه، دیاره ئەمه گرنگه، به‌ڵام به‌ڕای من «ناڵەی جودایی» شتێکی گرنگتر ده‌کات.
سه‌رڕێژ بوونی مۆنۆلۆگ و سووژەی لێکپژاو و پەراکەنده، دوو ستوونی ده‌قه‌که‌ن که به به‌ڵگاندن و ڕستەسازیی نا- ئەده‌بی و نا-شاعیرانه‌ی باو، تێکەڵکردنی شیعر به فارسی و زمانی زاره‌کی و هاوردنی ئیدیۆم و قسه‌ی ئاسایی، پارۆدیی ساقینامه و… به‌هه‌موو ئەمانه ده‌یان وردهگێڕانەوە و دۆخی چیرۆکمهند دروست ده‌که‌ن. ده‌قه‌که په‌یتا په‌یتا زمان له هه‌ندێ دێر و نیودێڕدا به‌ره‌و گوتن و قسه‌کردنی ئاسایی ده‌بات، له زۆر شوێندا مه‌نتقی شیعر به تێکرار و دابارینی ڕێژنهئاسا ده‌گاته گوتنی ڕووت. به چه‌ندباره گوتنه‌وه‌ی
: «ئەو کەسەی، ئەو کەسەی، ئەو کەسەی و… دێم و دێم و دێم و دێم و…».
با ئەمانه‌ش گرێ بده‌ین به که‌شی ئێستدلالیی شیعره‌که‌وه که شاعیر ورد و وریا بۆ داخوازییه‌کان پاساو و ده‌لیل دێنێته‌وه. به‌کۆی هه‌موویان ئیمکان و ده‌ره‌تانی ناشیعری، چالاک و پوتانسیه‌لی نه‌سر، ئەکتیڤ ده‌بێتەوە.
لە دەروونشیکاریی لاکاندا، «ئۆبژەی بچووکی a» شتێکە کە مه‌یلی سووژە وه‌گه‌ڕ ده‌خات بەڵام هەرگیز ئەو مه‌یله به‌ته‌واوه‌تی سەرناگرێت. مه‌ی و شیعر لە “ناڵەی جودایی”دا هەمان ڕۆڵ دەگێڕن. وه‌ک ئوبژه‌ی هێمایین، ڕەوتی دەروونیی سووژە و ئاسۆی زمانی فراوانتر دەکه‌ن، به‌بێ داگیرکران و تێربوون. بۆیە ده‌توانن بگۆڕێن بۆ مه‌یلی دیکه و ته‌نانه‌ت ببنه دژی خۆیان. لە «ناڵەی جودایی»دا مه‌یل به مه‌ی و مه‌یخانه ناگاته خه‌مۆکی، سه‌رخۆشی و ده‌سته‌وه‌ستان، ده‌گاته ئاگایی، حه‌ره‌که‌ت و خه‌بات، فراوانکردنی شیعریش ناگاته خۆ قهڵەوکردن، سووژه‌ی شیعریی یه‌که، ده‌گاته ناشیعر و په‌خشان. دواجاریش سووژه تا دێت خۆی ڕێک و یەک بخات، زیاتر پارچه‌پارچه ده‌بێت و که‌لێنه‌کان سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن. “من”، ده‌بێتە “ئێمه” و ئیدی ته‌نها نوێنه‌رایه‌تیی تاک و سوژه‌ی شاعیر ناکات. هەرده‌م بڵاوە ده‌کات و هه‌رگیز له وێستگه‌یه‌کدا ناوه‌ستێت و هه‌ر دێت و دێت تا کۆتایی و که‌وتن. به‌م لۆژیکه‌وه هێمن شیعری کلاسیک ناشکێنێت، ده‌زانێت لە سه‌ره‌مه‌رگدایه و ده‌گلێت، به‌ڵام جێیناهێڵێت، ڕۆمانتیکانەش شینی بۆ ناگێڕێت و سووکیش لێینانهوێت. تا دوا هه‌ناسە کاری پێدەکات و دواتر بە هێمنی و له لووتکه‌دا ماڵاوایی لێده‌کات.
حه‌زده‌که‌م بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ئەو نیودێڕە و جارێکی دیکه ئەمدیو ئەودیوی بکه‌ین.
«با فراوانتر بکه‌م ئاسۆی شیعر»
ئەو تاکهدێڕە بە کتوپریی خۆیەوە ده‌بێ ته‌نیا داخوازییه‌کی فورمی و شیعری نەبێت و ده‌لاله‌تی دیکه‌شی هه‌ڵگرتبێت. دیاره ئاسۆی فراوانتر له به‌رامبه‌ر ئاسۆی داخراودا مانا وه‌رده‌گرێت. با بپرسین چ ستراکتۆر و چ هێزگەلێک ئاسۆیان داخستووه؟ توانستی سیاسی و ڕەخنهیی شیعر ڕێک له وڵامی ئەم پرسیارەدایه.
ناڵەی جودایی بێ ئەوەی ناوی لایه‌کی دیاریکراو ببات، ئەو هێز و لایەنە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆژیکانە دەخاتە به‌ر پرسیار که هه‌م «من»ی شاعیریان تاراندووه و «ئێمه»یان هاڕیوە، هه‌م ئاسۆی ئاگایی و هەست و جوانییان داخستووە.
ئەگەر ئەو دۆخه گرێ بده‌ینه‌وه به داخوازیی فراوانکردن، مانای ده‌بێتە ناڕەزایهتی لە داخرانی ئاسۆی ده‌ربڕین، له تهنگهبهربوون، ڕەخنه له نه‌توانایی شیعری هه‌بوو لە نیشاندانی بارودۆخی مه‌وجوود و تێپه‌ڕین لێیشی. ئیتر دیار و ڕوونە بۆچی شاعیر داوای گۆڕین و به‌رینکردنه‌وه‌ی دیدی شیعری ده‌کات؟ بۆ تێپه‌ڕاندن و نیشاندانی جیهانی دۆزه‌خیی ئەو سووژەیه و وێناکردنی جیهانی دیکه و له‌وانه‌ش گرنگتر له دایکبوونی سووژه‌ی نوێ.
شاعیر وەک شکاندنی جامی شه‌راب، فراوانکردنی ئاسۆ و گۆڕینی ڕێژیمی جوانیناسی، به ناچاری و نیازێک ده‌بینێت، چون ئاسۆی گوتن و شیعر گەیشتووە بە داخران و دوا سنوور. واته وێناکردنی ئاسۆیەک که له توانایدا بێت سووژەی بنده‌ست و ده‌نگ دابڕاو و دۆخی ئاڵۆزیان له ئاپاراتوسی زمان و شیعردا بنوێنێتەوه. که‌واته لێرەدا فراوانکردن نه‌ک تەنها حه‌ز و ئارەزوویه‌کی شیعری و بوتیقایی، بەڵکوو پێویستییەکی سیاسی، مێژوویی و ڕەخنەییه، ته‌نانه‌ت پێویستییه‌کی ئەخلاقیشه. ئەو هه‌موو پێداگرییه‌ی شاعیر له سه‌ر «دێم» (لە باتیی دێمه‌وه، ده‌گه‌ڕێمه‌وه), واته هاتنێکی جیاوازی سووژەی گۆڕراو، نه‌ک تێکرار و دووباره‌کردنه‌وه و گەڕانەوه وه‌ک جاران.
ئەو پێویستییه مێژوویی و داخوازییه سیاسییه کاتێک ڕەواتر ده‌رده‌که‌وێت که چاو له ده‌ره‌نجام و سه‌رگرتنی بکه‌ین؛ چه‌ندین پێرسۆنا و کهسایهیهتیی له ناو شیعر و چیرۆکی کوردی‌دا نووسراون، که پێشتر تارمایی و پۆرترهیان له «ناڵەی جودایی»دا کێشراوە، هەرچهند لێڵ، گشتی و ناڕوونیش ده‌رکه‌وتبێتن.
هێمن بە «ناڵەی جودایی» نیشانده‌دات شیعری کلاسیک هەرچیی کردووه تا ئێرە هێناویه‌تی و ئێتر لەوە زیاتر ناڕوات. ئەوەی کە شیعری کلاسیک لە دوای «ناڵەی جودایی» لە هەمان ئاسۆدا ماوەتەوە، سه‌لمێنه‌ری ئەو ڕایەیە. هەر بۆیە درێژەی ڕێگا و سه‌ره‌داو ده‌درێتە ده‌ست شیعری نوێ و په‌خشان. ته‌نانه‌ت ئەو فراوانکردنهی هێمن ده‌یخوازێت پێش شیعر، نەسر ده‌گرێته‌وه و پێوەند دەدرێت بە کۆتایی مێژووی پڕسهرهوهریی شیعری کلاسیکه‌وه.
«ناڵەی جودایی» ماڵاواییه‌کی دره‌نگوه‌خت، هەمیشه‌یی، هێمنانە و پڕشکۆیه له‌و سەردەمانهی که ده‌کرا جیهانی کوردی به شیعری کێشداری هاوسه‌نگ بنووسرێته‌وه. له پاش ئەو ماڵاواییە هه‌رچی شیعری کلاسیکی نووسرابێت و لە داهاتووشدا بنووسرێت، ده‌بێ ئەمە قه‌بووڵ بکات که ده‌که‌وێته پشته‌وه‌ی ئەو هێڵەوە.
دوایین وشه‌ی «ناڵەی جودایی»، «ئێوه خۆش»ە، وته‌یه‌کی باو بۆ کۆتایی و ئەسپهردهکردن. زۆریش بهجێبه به شێوەی کینایی ئەمە گرێ بده‌ین به ئەسپەردهکردنی پڕشکۆی جیهانێکی دارا کە میرات و پاشماوه‌ی نه‌ک هه‌ر بۆ شیعری نوێ، بۆ په‌خشانیش بەجێماوە.
خانە کتاب كُردی