کۆڕی پەردەلادانی کتێبی «بۆتیقای جیاواز» بەرهەمی عادڵ موحەممەدپوور له مەریوان بەڕێوە چوو
ئێوارەی چوارشەممە ۲۴ ی گەلاوێژ کۆڕێکی ئەدەبی به مەبەستی ڕەخنە و خوێندنەوە و پەردەلادان بۆ کتێبی ” بۆتیقای جیاواز ” لە نووسینی نووسەر و لێکۆڵەر کاک ” عادڵ موحەممەد پوور ” لە لایەن ئەنجومەنی فەرهەنگی- ئەدەبیی ڕۆجیارەوە لە مەریوان بەڕێوە چوو.
لەو ئێوارە کۆڕەدا بە ئامادە بوونی چەند نووسەر و شاعیر و ڕەخنەگری ئەدەبی و چالاکانی بواری ئەدەب و مێژوو، تیشک خرایە سەر کتێبی نووسەر و باس و خواسێکی ئەدەبی و بووتیقایی سەبارەت بەو کتێبە لە پانێلکدا لە لایەن دوو شاعیر و ڕەخنەگر ” موحەممەد موەفەقی و حەمەی کەریمی ” و هاوکات چەند کەس لە ئامادەبووانی کۆڕ بە شێوەی پرسیار و وڵام ئاوڕێکی جیدی و باس هەڵگریان سەبارەت بە ” بۆتیقای جیاواز ” خستە بەر باس.
سەرەتای کۆڕەکەی بە دەسپێکی باسێکی کورت دەربارەی چالاکیی و لێهاتوویی نووسەر لە بەستێنی کار و چالاکی نووسین و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی دا لە لایەن کاک ” فیرووز عارەفی ” بە نوێنەرایەتی ئەنجومەنی ڕۆجیار ئاراستەی ئامادەبووانی کۆڕەکە کرا. دواتر لە پانێلێکی یەک کاژێرییدا لە لایەن دوو شاعیر و ڕەخنەگر” حەمەی کەریمی و موحەمەد موەفەقی ” کتێبی نووسەر کەوتە بەر باس و خواسێکی ئەدەبی و بۆتیقایی و ڕەخنەگرانی پانێل هەر یەکەوە لە گۆشەنیگایەکی تایبەتەوە کتێبەکەیان هەڵسەنگاند.
٭ موحەمەد موەفەقی لە دەسپێکی وتەکانیدا کار و چالاکییەکانی نووسەر لە بەستێنی زمان و ڕەخنە و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی دا بەرز نرخاند و دواتر برژایە سەر کۆی وتارەکانی ناو کتێبەکە و بە شێوەیەکی گشتی کتێبەکەی بە کتێبێکی باش و ئەرێنی ناوبرد و هاوکات بە دیدێکی ڕەخنەگرانەوە بە ئاماژەدان بە وتاری ” ڕێبازی ئەدەبی مەولەوی و نالی و بۆتیقایەکی جیاواز ” باس لە هەندێ ریفرنسی کرد کە نووسەر وەک سەرچاوە کەڵکی لێ وەرگرتووە سەبارەت بە ڕوانینی قوتابخانەی بابان و شاعیرانی سێ کوچکەی بابان بۆ قوتابخانەی ئەردەڵان و دەقە شیعرییەکەی نالی بۆ مەستوورە و هەروەها دەقەکەی سالم( کە بە مەبەستی دابەزاندنی شان و شکۆ و هەیمەنەی ئەدەب و شیعری هەورامی بووە ) بەوەی کە زیاتر لایەنی سیاسی بابەتەکە زەق کراوەتەوە و کەمتر وەک تێکستێکی ئەدەبی چاوی لێ کراوە.
* لە درێژەی پانێلەکەدا حەمە کەریمی هەوڵەکانی نووسەری لە بەستێنی نووسینی بابەتەگەلی ئەدەبی و شیعردا لە بەشەکانی تیۆریی و ڕەخنەی ئەدەبی و زمان دا بەرز نرخاند و ” بۆتیقای جیاواز ” ی بە کتێبێکی زۆر باشی ئەدەبی ناو برد و داوای لە خوێنەرانی چالاکیی ئەدەبی کرد بیخوێننەوە،
دواتر بە میتۆدی خوێندنەوەی دەقی ئەدەبی بە تیۆریی ڕەخنەی هاوچەرخ ئاوڕی دایەوە لە کتێبەکە و بە پێی دابەشکاریی کتێبەکە بۆ ۴ پارت، بەشی یەکەمی کتێبەکەی ” ڕێبازی ئەدەبی نالی و مەولەوی و دوو بۆتیقای جیاواز ” بە تێوریی دیالێکتیکی هێگل و بۆچوونی ” فۆکۆ ” سەبارەت بە قائیل بوون بە دوو جۆر مێژوو بە نیسبەت هونەر و ئەدەبیاتەوە، (مێژوویەکی گشتی کە هونەر و ئەدەبیات دەبەستێتەوە بە مێژووی بەستێنە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی کۆمەڵگا و مێژوویەکی سەربەخۆ و تایبەت کە هەندێ جار پشت لەو دیالکتیکە هێگلییە دەکا و بە شێوەی سەربەخۆ و تایبەت دەڕواتە پێشەوە و ئەمەش زۆر جار لە دژکردەوە و هەڵۆیستی جیدی قوتابخانە و ڕەوتە ئەدەبیەکاندا دەبینرێ. ) ئەو بەشەی کتێبەکەی خوێندەوە و دواتر بە ئاوڕدانەوەیەکی خێرا لە پارتەکانی تری کتێبە، بە تێوریی ڕەخنەگرانەی جوانیناسی ئادۆڕنۆ سەبارەت بە هونەر و بەرەهەمی هونەری و ناکۆکیی تیۆریکی نێوان ” لۆکاچ و ئادۆڕنۆ ” دەربارەی ” هونەری ئاوانگارد و هونەری رئاڵ ” و پێناسەی ئادۆڕنۆ لە فۆرمی هونەری پارتی دووەمی کتێبەکە دەربارەی ” فۆرمی کامڵی هونەری ” خوێندنەوە. هاوکات کەریمی لە درێژەی باسەکەیدا ڕەخنەی ئاراستەی بۆچوونی شفیعی کەدکەنی گرت ( کە نووسەر وەک ڕێفرنس لە کتێبەکەیدا ئاماژەی پێدابوو ) بەوەی کە هەوڵیداوە پێناسەیەکی ناتەواو لە فۆرمی کامڵی هونەری بخاتە بەر باس. و لە پرسیاری وڵامێکدا ئەوەی کردووە کە پێناسەکەی شەفیعی کەدەکەنی دەربارەی فۆرمی کامڵی هونەری پێناسەیەکی ناتەواو و ناکرێ وەک پێناسەیەکی گشتگیر بۆ فۆرمی کامڵی هونەریی پشتی پێ ببەسترێ. هەروەها سەبارەت بەو باسەی ” ڕێبازی نالی و مەولەوی دوو بۆتیقای جیاواز ” حەمەی کەریمی بە بەراورد کردنی دوو دەقی ” مەولەوی و نالی ” باسی ئەوەی کرد ” ڕەگەزی ناوەندی بە پێی تێوریی فۆرمالیستەکان ” توخمی زاڵ لە دەقی ئەدەبیدا ” بە گشتی و بۆچوونی باختین به تایبەتی لەو بارەوە ، لە قوتابخانەی ئەدەڵان و لای مەولەوی ناسکی و نەرمی و عتووفەتی زمانە، بەڵام ڕەگەزی ناوەندی لای نالی و قوتابخانەی بابان دا شکۆ و دەسەڵات و هەیمەنەی زمانە، بۆیە دەبینین دەقەکانی مەولەوی لەناسکی بەیان و نەرمی و عتووفەتی زمانی بەهرەمەندن، بەڵام دەقەکانی نالی بە دوای گەڕانەوەی شکۆ و دەسەڵات و هەیمەنەی زمان دایە.
پاشان نووسەری ” بۆتیقای جیاواز ” کاک عادڵ موحەمەد پوور سەبارەت بە ستراتیژی نووسینی کتێبەکەی پەیڤێکی کورتی پێشکەش بە بەشداربووانی کۆڕەکە کرد.
کۆتا باسی دانیشتنەکە بە پرسیار و وڵامی کاک سابیر عەزیزی و د. موحەممەد ئاشنا و ساز بوونی گفتگۆیەکی باش و ڕەخنەگرانە سەبارەت بەو بابەتانەی کە باسکران کۆتایی پێهات.