خانه / اخبار و رویدادها / کتێبی لەش وتە «فەنوفوونی وتاربێژی و زمانی جەستە» بڵاوکرایەوە

کتێبی لەش وتە «فەنوفوونی وتاربێژی و زمانی جەستە» بڵاوکرایەوە

کتێبی لەش وتە «فەنوفوونی وتاربێژی و زمانی جەستە» بڵاوکرایەوە

بۆ یەکەمجار لە ئێراندا کتێبێک بە زمانی کوردی لەسەر وتاربێژی و زمانی جەستە لە چاپ درا .

کتێبی لەش وتە (فەنوفوونی وتاربێژی و زمانی جەستە) بەرهەمی نوێی عەلی سوهرابی نووسەر و توێژەری بە ئەزموون، ناسراو بە”هەڵوێست”هاتە نێو کتێبخانەی کوردییەوە. پێشتر کتێبی”جنبەهای نمایشی تاریخ بیهقی” مان لەم نووسەرو چالاکە فەرهەنگییە  خوێندوەتەوە. عەلی سوهرابی جگە لە چالاکیی هونەری و ڕۆژنامەوانی دوو کتێب و بەرهەمی دەنگیی بە نێوی “زمان و وێژەی کوردی- تایبەت بە قوتابیانی قۆناغی دواناوەندی کوردستان-“و “هەڵۆ – خوێندنەوەی شیعری شاعیرانی کورد-“ی بە ئەنجام گەیاندووە و نڤیسیاریی چەند کتێبی وەک،”وقایع کردستان” ، “دستورتحلیلی زبان فارسی”و “کۆی بەرهەمەکانی میرزاشەفیع کولیایی” لە۲بەرگدا پێشکەش بە کۆمەڵگای ئەدەبی کردووە.

عەلی سوهرابی

وتاربێژی یان فەنی بەیان لەخۆیدا جۆرێ مەهارەتە و پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە زمانناسی، دەروونناسی،کۆمەڵناسی،پەیوەندییە کەلامی و ناکەلامییەکان و هونەرە شانۆییەکانەوە هەیە. هەروەها زمانی جەستەش تێکەڵێکە لە دەمارناسی ،مرۆڤناسی وشانۆ و دەورگێڕی و هەتد. هەربۆیە بابەتی ئەم کتێبە ژانرێکی ئەستەم و نێوان ڕشتەیی و چەند ڕەهەندییە.
“لەش وتە”دەستەواژەیەکی لێکدراو و نوێ و داتاشراوی نووسەرە، کە لەزمانی فارسیدا دەبێتە”تَن کلام” و هاوسەنگی “body Talk”ی ئینگلیسییە.

ئەم کتێبە بە کواڵیتیەکی باش لە بڵاوگەی ژیار لە شاری سنە لەقەبارەی ڕوقعی و بە بەرگی uv مات و برقۆک لە۱۲۴ لاپەڕەدا دوو ڕەنگ و پرۆفیشناڵ لەچاپ دراوە. نووسەر بەزیرەکی، وێنەگەلێک بە جل و بەرگی کوردییەوە بەکار دەهێنێت کە ئاستی تێگەیشتنی بەردەنگ لە بابەتەکان زیاتر دەکات. نڤیسیاریی کتێبەکە لە ئەستۆی دوکتۆرعەلی ئەشرافی بووە و پەڕڕازێن و دیزاینێری کارەکە ئاری عەبدی و فتۆگرافێریشی هونەرمەند ئەسەد سەیدیە.

ئەم کتێبە ناوازە بۆ یەکەم جارە کە بەزمانی پێوەری کوردی لە ئێراندا بەچاپ دەگات.پێشتر ئەم بابەتە بە زمانگەلی ئینگلیزی و فارسی کرابوو بەڵام بەکوردی نا.
“لەش وتە” لە دوو پاژ – یەکەم، وتاربێژی و دووەم، زمانی جەستە – پێکهاتووە. نووسەر، لایەنی فێرکاریی فەنوفوونی وتاربێژی و زمانی جەستەی کردووەتە ئامانج.
ئەم پەرتووکە بەرهەمی پتر لە ۱۵ ساڵ ئەزموونی پێشکەشکاری و شانۆکاری و وانە وتنەوە و توێژینەوەی نووسەرە لەم بوارەدا .

لە هۆکارە تایبەتەکانی نووسینی ئەم کتێبە دەتوانین بەم خاڵانە ئاماژە بکەین:
-پاراستن و گەشەی زمانی کوردی لە بواری زانستی و فێرکاری.
-فێربوونی وتاربێژی و بەکارهێنانی بە زمانی دایکی.
-ئاشنا کردنی بەردەنگ لەگەڵ زمانی جەستەی کوردان .
-دروستکردنی ناوەڕۆکی خۆجێیی.
-دابینکردنی سەرچاوەی فێرکاری بۆ زانکۆ و ڕاهێنەرانی کورد و…
جا بۆیە داڕشتنی کتێبیک بە کوردی لەم بوارەدا دەتوانێت سەرچاوەی فێرکاری بۆ مامۆستایان و ڕاهێنەران بێت و بەرهەمی زانستی و فێرکاری بۆ خوێندکارانی زانکۆ و کۆلێژ دروست بکات.
کتێبی”لەش وتە” لە زۆر بواردا بەسوودەو بەکاردێت.وەک:
-سیاسەت(وتاربێژی لە پەڕلەمان و کۆبوونەوەکان)
-بازرگانی(گفتوگۆ و ڕاگەیاندن لە کۆمپانیاکان و کۆنفڕانسەکان)
-فێرکاری(مامۆستا و ڕاهێنەران لە قوتابخانە و زانکۆ)
-پێشکەشکاری(بۆ ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن ) و…

فێربوونی ئەم تایبەتمەندیانە بە زمانی کوردی، دەتوانێت قسەی وتاربێژانی کورد کاریگەرتر بکات.هەروەها چونکە پەیوەندییە کەلامی و ناکەلامییەکان،مژارێکی بنچینەیی لە تایبەتمەندییەکانی تاک و کۆمەڵگایە،کەواتە لە ڕووی زانستی و فەرهەنگی و کارو کاسبیشەوە، پێویستە سەرچاوەیەکی فێرکاری بۆ خوێندکاران و هۆگرانی وتاربێژی دروست بکرێت، تا دەس بۆ ئەم و ئەو درێژ نەکەینەوە.
نووسەر جگە لە زمانی جەستەی میللەتانی جیهان ، دەپەرژێتە سەر تایبەتمەندییەکانی زمانی جەستەی کوردانیش.

بە کوردی وبەکورتی بڵێین،بەخوێندنەوەی کتێبی”لەش وتە”؛
-وتاربێژیتان کاریگەرتر دەبێت.
-پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانتان بە هێزتر و پتەوتر دەبێت.
-متمانە بە خۆتان ڕوو لە زیادتر بوون دەکات.
-دڵەڕاوکێی قسەکردنتان لە کۆبوونەوەکاندا لە بەین دەچێت.
-نهێنییەکانی زمانی جەستەتان بۆ ڕوونتر دەبێتەوە و
-لەگەڵ شێوەکانی وتاربێژی و زمانی جەستە ئاشناتر دەبن .

بۆ ئاگاداریی زیاتر سەبارەت بەم کتێبە، سەردانی ئەم شوێنانە بکەن یان پەیوەندی بگرن:

۱-سنە،شەقامی شەشوم بەهمەن،پشت پاساژی بەهارە،ساختمانی دایمۆند،کتێبفرۆشی و فرۆشگەی” سرو”.
 ۰۹۱۸۵۱۷۰۸۵۰   
 ۰۹۰۳۱۷۱۴۵۳۸

۲-سنە،شەقامی شوهەدا،تەنیشتی پاساژی عیزەتی،کتێبفرۆشی ئەمیرکەبیر،بڵاوگەی ژیار.
 ۰۸۷ – ۳۳۱۵۶۷۷۰     ۳۳۱۲۶۷۸۷

۳-سەقز، مەیدانی قودس،ئەوەڵی شەقامی جمهووری،کتێبفرۆشی پەیام.
۰۸۷ – ۳۶۲۲۲۴۵۷

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

شێرکۆ بێکەس بۆ گۆڤاری ئەلهەدەف: من و فەلەستینییەک دوو زیندانیین لە یەک زینداندا

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *