خانه / اخبار و رویدادها / شێرکۆ بێکەس بۆ گۆڤاری ئەلهەدەف: من و فەلەستینییەک دوو زیندانیین لە یەک زینداندا

شێرکۆ بێکەس بۆ گۆڤاری ئەلهەدەف: من و فەلەستینییەک دوو زیندانیین لە یەک زینداندا

شێرکۆ بێکەس بۆ گۆڤاری ئەلهەدەف: من و فەلەستینییەک دوو زیندانیین لە یەک زینداندا

سازدانی: عبداللە صخي

 و/ نەوزاد عەلی ئەحمەد

شێرکۆ بێکەس شاعیری ناسراوی کوردستانی عیراق، ئەو ناوێکی گرنگە لەنێو ئەو ناوانەی شیعری هاوچەرخی کوردییان نوێکردۆتەوە.
گفتوگۆکردن لەگەڵ شێرکۆ بێکەس، گفتوگۆ نییە دەربارەی تیۆرەکان، بەڵکو گفتوگۆیەکی سادە و خۆمانەیە، هەروەک چۆن کاتێک شەرم دەکات یان نیگەرانە لە وەڵامەکانی، شێرکۆ تەنانەت لە وەڵامەکانیشیدا پرسیار لە خۆی دەکات، وەک ئەوەیە ئێستا یەکەمین شیعری بنووسێت، لەکاتی گفتوگۆیەکەماندا بەدوای رستەی گونجاو لە زمانی عەرەبیدا دەگەڕێت، رستە بە ئاستی چڕیی شیعرەکانی، بەڵام هەمیشە لەمەدا سەرکەوتوو نییە، چونکە زمانی عەرەبی، زمانی دایکی نییە، بەهەرحاڵ، شاعیر لەسەرەتای قسەکانیدا رۆژانی سەرەتای سەرهەڵدانی شیعری خۆی گێڕایەوە و وتی:
– کە منداڵ بووم لە شاری سلێمانی لە کوردستانی عیراق هەستم بە جۆرێک لە ئازاردانی روحی دەکرد، لەنێوان خۆم و لەنێوان چیا و بەفردا، دەچووم چەندان کاتژمێر لەبەردەم شاخی گۆیژە دەوەستام، ئەو شاخەی دەڕوانێتە شار، سروودم بۆ خۆم دەگوت، دەموت دەمەوێت گوزارشت لەو خۆشەویستییە، یاخود بەیەکگەیشتنی نهێنی نێوان هەردووکمان بکەم، لەسەر کاغەزێک یەکەمین شیعرم بۆ بەفر نووسی، ئێستا شیعرەکەم بیرم نایەتەوە.
* دوای ئەمە، ئەوانەی نووسیت بڵاوتکردنەوە؟
– کەسێکی هێمن بووم، حەزم لە گۆشەگیریی بوو. ئەوکاتە رۆژنامەیەکی کوردی هەفتانە هەبوو ناوی «ژین» بوو. ئەوسا ئەو رۆژنامەیە تاکە سەرچاوەی رۆشنبیریی من بوو، ئەو رۆژانە زمانی عەرەبیم نەدەزانی، ئەمە لە پەنجاکاندا بوو، لەوکاتەدا زۆر تامەزرۆ بووم بۆ ئەو رۆژەی، کە رۆژنامەکە دەربچێت، گەشەی شیعرم بەو رۆژنامەیەوە گرێدراوە، سەرسام بووم بە شاعیرانی گەورەی کورد وەک (عەبدوڵڵا گۆران و هەردی)، زۆربەی شیعرەکانیانم لەبەرکردبوو.

* ئایا ئەوکاتانە چاوت بە عەبدوڵڵا گۆران کەوتووە؟
– بەڵێ چاوم پێیکەوتوە، پەیوەندیم لەگەڵی هەبوو، ئەو پەیوەندییە وابەستەیە بە شیعری هاوچەرخی کوردی. هەندێک لە شیعرە دەستپێکەکانی منی خوێندبۆوە و هانیداوم، فێری کردم چۆن کۆنتڕۆڵی کێشی شیعر بکەم، کە پشت بە ریتمەکانی گۆرانیی فۆلکلۆری کوردی دەبەستێت، بڕگەکان بە پەنجە دەژمێردرێن. دیدارەکانم لەگەڵ گۆران و هەردی، کلیلی بەدەستهێنانی مەعریفە بوون، هەروەها هانیدام بە قووڵی لە شیعر بڕوانم و بە دەنگی بەرزیش باس لە چەوساندنەوە بکەم، کە گەلی کورد دووچاری بووە، ویستم وشەیەک بڵێم تا پتەو و جێگیر بوەستم، هەروەها رووم لە شاعیرە نیشتمانپەروەرەکانی کورد کرد، کە ئەوانیش کاریگەرییان لەسەرم داناوە. لە ئەنجامی ئەمەدا شیعری نیشتمانیم نووسی. ئەوە سروشتییە، کە شیعرەکانی سەرەتام پێنەگەیشتوو بوون، دەستم بە پێداچوونەوەیەکی فراوان بە شیعری کلاسیکی کوردی کرد، لە شاعیرە دیارەکان وەک: (ئەحمەدی خانی، نالی، سالم و ئەوانی دیکە). باوکی شاعیرم (فایەق بێکەس) کاریگەریی مەعنەوی لەسەرم داناوە، بەڵام زوو مرد، رووبەڕوو سوودم لە ئەزموونەکەی نەبینیووە، بەڵام کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر دڵم هەیە، بەتایبەتیش بۆ هەڵوێستە ناسراوە نیشمانییەکانی.

* چۆن بە ئەدەبی عەرەبیی گەیشتی؟
– لە سەرەتای شەستەکاندا شیعرەکانم باشتر پێگەیشتن، بەشێکیان لە گۆڤارە کوردییەکانی وەک: (هیوا، رۆژی نوێ)دا بڵاوبوونەوە. لە پەنجاکاندا (شەستەکان)  وەرگێڕ. پەیوەندیم بە بزووتنەوەی چەکداریی کوردەوە کرد، کارکردن لەنێو ئەشکەوت و دوندی شاخەکان بۆ من ئەزموونێکی تازە بوو، ئەوکاتە شیعری تایبەتم نووسی، کە پەیوەندییان بە ژیانی پێشمەرگەوە هەبوو، شیعرەکانم لەوێ لە رۆژنامە نهێنییەکاندا بڵاوبوونەوە. ساڵی ۱۹۶۷ بۆ خزمەتی سەربازیی لە بەغدا بووم، نووسەر و شاعیرانی ناسراوم بینی، دەستم بەخوێندنەوەیەکی چڕی بەرهەمی ئەدەبی و شیعر کرد، هەستمکرد پێدەگەم و بەرەوپێش دەچم، یەکەمین دیوانە شیعرم، کە «تریفەی هەڵبەست»ە لە بەغدا چاپمکرد.

* ئایا شیعری بەرەنگاریی کوردی هەیە، چۆن لەم چەمکە دەڕوانیت؟
– بەڕای من شیعری بەرەنگاریی لە هەر شوێنێک بێت، پەیوەندییەکی بابەتی بە بەرەنگاریی ئەو گەلانەوە هەیە، کە دژ بە سیستمە داپلۆسێنەرەکانن.

 *«ئەم چاوپێکەوتنە لە گۆڤاری «الهدف»، ژمارە ۸۴۸، رۆژی ۱۹۸۷/۸/۱۹دا بڵاوبۆتەوە. کە گۆڤاری «الجبهة الشعبیة لتحریر فلسطین»ە، یەکەمین ژمارەی ساڵی ۱۹۶۹ لە غەززە- فەڵەستین دەرچووە و تا ئێستاش بڵاودەبێتەوە. نازانم ئەم چاوپێکەوتنە چەند لاپەڕەی بۆ تەرخانکراوە، بەداخەوە من تەنیا یەکەم لاپەڕەم دەستکەوتووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان 

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

هفتمین نمایشگاه بین‌المللی کتاب سلیمانیه با حضور ایران افتتاح شد

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *