خانه / اخبار و رویدادها / بۆچی من بە کوردی دەنووسم و گرنگە تۆیش بە کوردی بخوێنیتەوە؟

بۆچی من بە کوردی دەنووسم و گرنگە تۆیش بە کوردی بخوێنیتەوە؟


بۆچی من بە کوردی دەنووسم و گرنگە تۆیش بە کوردی بخوێنیتەوە؟ / ڕەزا عەلی‌پوور

۱- با لە بیرمان بێت ئەم زمانە وەک هەر زمانێکی دیکە، بە سەدان ساڵ، به پێی ویست و‌ نیاز، ڕەنج و حه‌زی خه‌ڵکانێکی ئەم جوگرافیایه داهێنراوە و لە ناو زار و زمان و‌ بیرگەی ملوێنان کەسدا جێگیر بووە. وشە بە وشەی داتاشراوه، فۆنێم به فۆنێم تیف‌تیفه دراوه و وە‌ک بوونه‌وه‌رێک گیانی به‌به‌ردا کراوه، ئێستایش مینا گه‌نجینه‌یه‌کی زیندوو گەیشتووە به من و تۆ.

۲- به‌ لاته‌وه سه‌یر نه‌بێ؛هیچ زمانێکی دیکە بە من و تۆ، به خەون و ناخوداگا و هەستمان ئەوەندە سازگار نییە کە ئەم زمانە هەیە. چونکە سەدان ساڵە بوونی کۆیی و ڕابردووی تۆ و من، خۆشی و ناخۆشیی من و تۆ، ڕەنج و چێژ و یاده‌وه‌ریی کۆیی تۆ و من بەو زمانە و له ناو ئەم زمانه‌دا بووە. مێژووی تۆ – خوازراو‌ و نه‌خوازراو- له‌م زمانه‌دا هه‌ڵکۆڵدراوه. خۆ دابڕاندن لەو زمانە خۆ هەژارکردنە بە دەستی خۆت به ده‌ستی خۆم. زمان ته‌نها له ناو نه‌ست و‌ هه‌ست‌-ی تۆ و مندا نییه، هه‌ست و نه‌ستیشمان شکڵ پێده‌دات. وه‌ک چۆن که‌سێتیی چیرۆک و ڕۆمانه‌کانی من و هاوڕێکانم ته‌نها نیشته‌جێی زمانی کوردی نین، هاوکات ئافرێنراوی ناو ئەم زمانه‌ن و هه‌ر ئەم زمانه‌ش ده‌توانێت تایبه‌تیان بکاته‌وه. 

۳-تۆ زمان نیت، جیهانی تۆ زمانی تۆیە، تۆ لە ناو زماندای، منیش. ئایا دەتوانین زیگوراتی بیابان و ئەهرامی میسر، بکه‌ین بە هی خۆمان و شانازی پێوە بکەین؟ ئایا زمانی شێکسپیه‌ر، موعه‌ڕی و فرده‌وسی، میراتی ڕاسته‌وخۆی تۆن؟ له کاتێکدا پشت و کەسوکارەکانی تۆ هیچ پشکیان له دانانی یه‌ک خشت و دیواریان نیه و هیچ به‌شێکیان لە هۆنینه‌وه‌ی یه‌ک دێڕی ده‌قی ئەوان نه‌بووه؟ بەڵام تۆ دەتوانی و مافی خۆتە له بابا تاهیره‌وه تا خانی و مه‌وله‌وی، تا نالی و هێمن و شێرکۆ بێکەس، شانازییان پێوە بکه‌یت و بیکه‌ی بە موڵکی خۆت، من و هاوڕێ کوردی‌نووسه‌کانیشم ده‌توانین به په‌یڤ و وشه به‌ وشه‌یان سه‌رله‌نوێ ده‌قی دیکه‌ به‌رهه‌م بهێنینه‌وه، به‌رهه‌می وه‌ها که ته‌نها به‌م زمانه ده‌کرێت، ته‌نها ئەو کاتیش زیندوو ده‌مێنن که تۆ بیانخوێنیته‌وه.

۴- ئەرێ، زمانەکان دژ بە یەک نین، کوردی باش بزانی ده‌کرێ فارسیش باش فێرببی، ئینگلیزی و زمانی دیکەش.
وایه؛ دووزمانەیی و چەندزمانەیی جیهانمان فراوانتر دەکاتەوە و سوودی زانستی، کەلتووری و ئابووری زۆرە، بەڵام پاراستنی زمانی دایک وەک بنەما، کلیلی ئەو فراوانکردنه‌یه. وایە، زمانە نوێیەکان مێشک بەهێز دەکەن، داهێنان و دەرفەتەکان زیاد دەکەن، تێگەیشتن له کەلتوورەکان باشتر دەکەن، بەڵام بەبێ زمانی دایک، ناکرێت. دووزمانەیی ڕاستەقینە دەبێ زمانی دایک بەهێز بکات نەک جێگرەوەی بێت.

۵- زمانی خۆت لاببه پەیوەندیی هه‌سته‌کیی خۆت لەگەڵ گه‌نجینه‌یه‌ک کە پڕە لە دەلالەت، سۆز و ئەندێشە لەدەست دەدەیت، دڵنیا بە زیاتر له‌وه‌یش. بەبێ زمانی دایک، وەک پەنابەر و کرێنشینی، مرۆڤ ته‌نها له زمانی دایکیدا خاوه‌ن‌ماڵە، له‌وانی دیکه کۆچه‌ره، توریسته، یان غه‌واره و ئاوارەیە.
له‌ملاوه زمانی دایک پێوەندییەکی سۆزدارانە و قووڵ و خاوەن‌ماڵانەت پێ دەدات هه‌ستده‌که‌ی خانوویه‌کت هه‌یه خشت به خشتی تاپۆ و تایبه‌تی خۆتە. که‌واته با کورت و ساکار ببێژم؛ زمانی خۆت بە منداڵەکەت نه‌ده‌ی وه‌ک ئەوەیە لەو بەشەماڵه بێبه‌شت کردبێت و کردبێتت به کرێچیی که‌سی دیکه. 

۶- نووسین و خوێندنه‌وه بە کوردی نە ئەکتیکی گوندی و دواکەوتووانەیە، نه کرده‌یه‌کی سیاسیی و ناسیۆنالیستی، تەنانەت پڕاوپڕ شوناسخوازانەش نییه. گه‌رچی ده‌کرێ هه‌ندێ لەمانه‌ به دواهاتی بن، بەڵام نووسین و خوێندنه‌وه بە کوردی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆیە لەگەڵ جیهان و هەستیدا، که‌شف و ناونانی جیهانه به زمانی خۆت، نه‌ک به زمان و زاری که‌سی دیکه، که‌واته نووسین و خوێندنه‌وه به زمانی خوت چه‌نده کرده‌یه‌کی ساکار و ئاساییە، هاوکات کردەیەکی ڕەسەنی هەستیناسه‌کی و ئۆنتۆلۆژیکه.

  https://t.me/kurdishbookhouse

 هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.

 

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

برگزاری جشن مهرگان در غار باستانی کرفتو دیواندره

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *