خانه / اخبار و رویدادها / ئاوڕدانەوەیەکی دەروونشیکاریانە بۆ ڕۆمانی «دەستەکان و نامەکان»ی جەلیل ڕەحیمی

ئاوڕدانەوەیەکی دەروونشیکاریانە بۆ ڕۆمانی «دەستەکان و نامەکان»ی جەلیل ڕەحیمی

نەخۆش نیم تەنیا دەروونم هەڵپڕووکاوە؛

ئاوڕدانەوەیەکی دەروونشیکاریانە بۆ ڕۆمانی «دەستەکان و نامەکان»ی جەلیل ڕەحیمی

 ئەمیر عەبدوڵاپوور، ماستەری دەروونناسی کلینیکاڵ، زانکۆی کوردستان، سنە

نامەوێ خۆم هەڵفریوێنم، دڵەکەم!

مەبەستم

 هەڵفریواندنی خۆم نییە

ئەگەر لێو بە درۆن

لە دەستەکانی تۆوە ڕاستی دیارن و

ئەو باسەی ئەمن دەیکەم باسی دەستەکانی تۆیە[۱]

تۆماس ئۆگدن[۲]، دەروونشیکاری فرۆیدی، بیرەوەرییەک لە مامۆستاکەی خۆی لە ژووری چارەسەری دەرمانیی دەگێڕێتەوە. هەر کاتێک نەخۆش باسی شتێکی تەواو بێمانای دەکرد، بەشێوەیەک کە هیچ پەیوەندی بە دانیشتنەوکەوە نەبوو، دەمەویست بپرسم: ببورە ئەرێ وتت چەندەت خوێ لە فاسۆلیاکان کردوە؟ ئۆگدن دەڵێت: نەخۆشەکە بۆ ئەوەی لەگەڵ هەست و سۆزەکانی بەرەو ڕوو نەبێتەوە هەموو کارێک دەکات، تەنانەت باسی فاسۆلیا خاوێنکردنەوەش لە ژووری دەرمان دەکات. لەوانەیە هۆی سەرەکی ئەم کارە، بۆ تووڕەیی یاخود هەستێکی شاراوە بگەڕێتەوە کە دواتر پێی دەگەین. نەخۆشە خەیاڵاوییەکەی مامۆستای ئۆگدن بەو پرسیارە دەیەویست چی لە ئێمە بشارێتەوە، ڕوون نییە.

«دەستەکان و نامەکان» یەکەمین ڕۆمانی جەلیل ڕەحیمییە. ئەم ڕۆمانە هەوڵدانێکی جدییە بۆ وێناکردنی دونیایەک کە کەسایەتییەکان تێیدا تووشی «کەمایەسی» و «سەرلێشێواوی» هاتوون. دەستەکان و نامەکان بە شێوازی خەڵکی ئاسایی ڕووداوەکان دەگێرێتەوە. بەرکەوتنێکی سەرەتایی لەگەڵ ئەم دەقە، وا دەرناکەوێت کە ببێت بە هەوێنی لێکۆڵینەوەیەکی دەروونشیکارییانە. هێمای زۆر کەم تێدا بەکارهاتوە، وەبیرهێنانەوەی ئازاد و تەکنیکییە دەرووناسییەکانی وەکو شەپۆلی زەینی تێدا بەدی ناکرێت، خەون و خەیاڵیش هەر وەکو زۆربەی ڕۆمانەکانی دیکە ئامادەن. کورت و کورمانجی، لەبەرچی ڕوانگەیەکی دەروونشیکاری بۆ خوێندنەوەی دەستەکان و نامەکان پێویستە؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسە گرنگە، پێوستە ڕەچاوی دوو بابەت بکرێت. سەرەتا لەبەری ئەوەی بگێرەوە یەکەم کەسی تاکە. یەکەم کەسی تاک پەیوەندییەکی دەروونی گرنگ لەگەڵ خوێنەر دادەمزرێنێت و دەبێت بە هاوڕێی. دووەم لەبری ئەوەی متمانەی ئێمە بە بگێرەوە پتر بکات، دایدەبەزێنێت و تووشی دڕدۆنگیمان دەکات. تەنانەت سەبارەت بە ئەوەی کە ئایا بەڕاستی کەسێک ئەو نامانە دەنووسێت و دەیانێرێت یان هەمووی دەسکردی خەیاڵاتی خۆیەتی گومانمان لا دروست دەکات! گێڕانەوەی ڕووداوەکان لەزۆر شوێندا دەپچڕێت و هەڵدەوەشێتەوە. تۆکمە نەبوونی گێڕانەوە، جیا لە تەکنیک، ناتەبایی نێوان پانتایی ناخودئاگا و ئاگامان پیشان دەدات کە باشترین ئامراز بۆ ناسینی، دەروونشیکارییە. ئەم نووسینە هەوڵدانێکە لەپێناو ڕوونکردنەوەی «دەستەکان و نامەکان» لەژێر ڕووناکایی ڕوانگەی دەروونشیکاریەوە.

 

بەرگریکردنێک لە ڕاستەوایی:

 

دەروونشیکاری، لە سەرەتای دەرکەوتنیدا وەکو پاککەرەوەیەک سەیر دەکرا. ئامرازێک کە دووکەڵکێش لە دووکەڵ و ڕەشایی خاوێنی دەکردەوە. دەروونشیکاری وەکو چارەسەری لەڕێگەی گفتوگۆوە سەیردەکرێت. دەرمانخواز لەمیانی قسەکردن دەربارەی ترۆما و گرێ  دەروونییەکانیەوە، سەری برینەکەی دەکاتەوە کە نازانێت لە کوێوە سەری هەڵداوە. دووپاتکرندوەی بیرەوەرییە ئازاربەخشەکان، وەک دووبارە زیندووکردنەوەیانە. دەروونشیکار لەڕێگەی وەبیرهێنانەوەی ئازادەوە، دەتوانێت پەنجە بخاتە سەر  ئەو هەست و سۆزانەی کە چەپێندراون[۳]  یان لە پانتایی  خودئاگاوە دەرکراون. لە چرکەساتی وەبیرهێنانەوەدا، کۆمەڵێک بیرەوەری جیاواز دزە دەکەنە نێو مێشکەوە، کە پێویستە بەبێ سانسۆر و شەرم بدرکێندرێن. کاتێک مرۆڤ ئەم بیرەوەریانە دەدرکێنێت، دڵەڕاوکێ و نیگەرانی دەبنە لەمپەڕی بەردەم ڕەوتی قسەکردنی نەخۆشەکە. نیشانەی دیاری نەخۆشە دەروونییەکان (بە تایبەتی سایکۆز) لەئارادانەبوونی پەیوەندییەکی تۆکمە لەنێو قسەکانیان دایە. ئەوەی نەخۆشەکە دەیڵێت، ڕوویداوە؛ بەڵام بە هۆی ئەوەی پەتی پەیوەندییەکان لە زۆر شوێن پساوە، ناتوانین لێیتێبگەین. لەهەمانکاتدا ئەمە  کلیلی دەرگای چوونە ناو دونیای نەخۆشەکەیە. قسەنەکردن و قسەی هەڵیت و پەڵیت و دابڕانی ڕەوتی گفتوگۆی ئاسایی، نیشانەیەکی گرنگن کە سەرەتا ڕەوتی گێڕانەوەی نەخۆشەکە دەشێوێنن و دواتر دەروونشیکار لە درێژەی گێڕانەوەکەدا کاری خۆی دەستپێدەکات. نەخۆشەکە شتێکی (بیرەوەری، هەست، ترس یان خواستێک) چپ کردووە و بەڵام ئەم شتە بەردەوام دزە دەکاتە نێو ژیانی واقیعی ئەو. یەکێک لە هەرە مەزنترین دۆزینەوەکانی سیگمۆند فرۆید ئەوە بوو کە پیشانیدا: شتی چەپێندراو بەردەوام هەوڵ دەدات بە شێوەی جیاواز خۆی دەربخاتەوە و دواجار وەکو وەسواسێک زەینی نەخۆشەکە دابگرێت. ئەوەی نەخۆش پێی وایە لەبیری کردووە و لەبیریشی نەماوە، بە شێوەی جیاواز خۆی دەنوێنێتەوە. هەربۆیە قسەکردنی نەخۆشەکە بە واتای لەئارادابوونی ناتەباییە: ئاشکراکەرە بەڵام داپۆشێنەر و ڕێپیشاندەر و بەلاڕێدابەرە. تایبەتمەندی دیاری بگێرەوەی ڕۆمانی «دەستەکان و نامەکان»، ئەم دڵەڕاوکێ بەردەوامەیە کە لەنێوان وتن و نەوتندا هەیەتی. دووپاتەکردنەوە بەردەوامی شتەکان و دواجار پچڕانی ڕەوتی ئاسایی ڕۆمانەکە کاتێک هەر لە لاپەرەی یەکەم بە گومانەوە دەستپێدەکات؛ گومان لەوەی کە لە هەموو نامەکاندا دێڕێک دووپات دەبێتەوە و زەینی بەخۆیەوە سەرقاڵکردوە:

 

   “هەوەڵ ساڵ کە بووم بە مامۆستا، ئێوارەی چوارشەمبانە کە دەڕۆیشتمەوە، کلیلی مزڵەکەم دەدا بە ماڵە کاعەوڵا، شەمبە کە دەگەڕامەوە، وڵاتێکی پاک و خاوێن و بۆن خۆش و لەسەر گوڵدانە عەترەشاکە نامەیەک دادەندرا کە هێندەیان عەتر پێدا کردبوو، خووسابوو و قەت تاقە کەلیمەیەکی لێ نەدەخوێندراوە و … خاترجەم جەستەم شەڕەکەی زووتر دەست پێ کردبوو، زۆر پێش ئەوە بۆخۆم ئاگادار بم، بۆخۆی زانیبووی چ شتێک چاوەڕوانی دەکا و قەرارە چی بەسەر بێ و …” لاپەرەی ٧.

 

لە کۆی دەقەکەدا، گێڕانەوەکە جاروبار بە … دەپچڕێت. وزەی بەرگریکردن، بەئاشکرا خۆی دەردەخات؛ بەڵام لێرەدا کارمان بەمە نییە کە درێژەنەدانی ئەم باسە دەتوانێت وەکو سەرپۆشێک بێت بۆ ئەو هەستانەی بگێرەوە کە سەبارەت بەم باسە هەیەتی. ڕەنگە خوێنەر لەبەر ئەو بەشەی کە لە سەرەتای ڕۆمانەکەدا بێسەرەوبەرە و ناڕێک خۆی دەرخستووە، سەری لێبشێوێت. لەوانەیە سەرەتا ئەمە وەکو تەکنیکێکی گێرانەوە سەیر بکرێت؛ ناخودئاگا بوونی ئەم پڕۆسەیە کاتێک پتر ڕوون دەبێتەوە، کە ڕێک دوای “… ” یەکەم هۆی سەرهەڵدانی نەخۆشی بگێرەوە ئاشکرا دەبێت.

نەخۆشییەکانی دەروونی-جەستەیی هۆکاری دەروونییان هەیە بەڵام بە جەستە خۆیان دەردەخەن و خواردنی دەرمان کاریان تێناکات. دەسپێکرانی ڕۆمانەکە بە گومان، نیشانەی خستنەڕووی ناتەباییەکانی ناخودئاگایە، کە ڕۆمانەکە پڕە لەم حاڵەتانە و هەروەها ناکۆکی قسەکردنی بگێرەوەشمان پیشاندەدات. هەر لەسەرەتاوە ئێمە بەر دابڕان و پچران دەکەوین. هەر وەک ئەو کاتەی کە لە دوورەوە دەزانین کەسێک سایکۆزە، ئیتر دەزانین بە شێوەیەکی یەکبەدوایکەدا و ڕێکوپێک نادوێت.

«بەرگریکردن»ـی دەروونی، سەرەکییترین زاراوەی تیۆری فرۆیدە. فرۆید لە کتێبە هاوبەشەکەیدا لەگەڵ دکتۆر جۆزێف برۆئێر[۴]، بەناونیشانی لێکۆڵینەوەیک دەربارەی هیستری[۵] (چاپی یەکەم ۱۸۹۵) دەڵێت کە توێژینەوەکانی سەبارەت بە شێوازی داڕشتنی بەرگری وایلێکردوە کە ڕێبازی زانستیی خۆی لە برۆئێر جیابکاتەوە. برۆئێر بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشە هیستریکەکان لە هیپنۆتیزم سوودوەردەگرێت. فرۆید پێشتر ئەم شێوازەی لە «ژان مارتین شارکۆ» لە نەخۆشخانەی «سال پەتریەر»ـی پاریس وەرگرتبوو. چارەسەرکاری دەروونی، لەم شێوازەدا و لەژێر کاریگەری هیپنۆزدا وایدەکرد کە لە پێشدا نەخۆشەکە ئازارەکانی خۆی وەبیر بێنێتەوە و دوایی لەڕێگەی دەڕبڕینی ئەم بیرەوەریانەوە، شێوازی دروستی مامەڵەکرن لەگەڵیان فێربێت. واتە بنەمای شێوازی هیپنۆتیزم لە سەرەتاوە وەهابووە کە لەڕێگەی خەوێکی دەسکردەوە، وایاندەکرد کە نەخۆشەکە لەبارەی ئەو ئازارانەوە کە خۆی ئاگای لێی نییە بەڵام ناخودئاگا بەدەستیەوە دەناڵێنێت، پرسیار بکات. فرۆید هەر لە سەرەتاوە لە بەکار هێنانی هیپنۆز زۆر سەرکەوتوو نەبوو. هەوڵەکانی ئەو بۆ دەستڕاگەیشتن بە ناخودئاگا، دەرگایەکی دیکەی بۆ کردەوە. فرۆید بۆی دەرکەوت کە نەخۆشەکان نایانەوێت زوو هیپنۆز بکرێن و بچنە حاڵەتێکی دەروونییەوە کە تێیدا تەواو خۆیان لەبیر بچێتەوە، هەربۆیەش  زۆر کەس نەیدەویست هیپنۆز بکرێت؛ کەوابوو لە دۆخێکی ئاوادا بەرگریکردن سەرهەڵدەدات. بەرگری هێزێكی دەروونییە، کە نایەڵێت بیرۆکە ئازاردەرەکان خۆیان دەرخەن (فرۆید و بروئێر). نەخۆش نایەوێت لەڕێگەی خەوێكی دەسکردی وەک هیپنۆز، بیروەرییە تاڵەکانی خۆی زیندووبکاتەوە. ئەم شێوازی تایبەتی گێرانەوەی ڕۆمانەکە لەبەر ئەمە گرنگە کە دەیەوێت سەبارەت بە دەقەکە دوو تیۆری بخاتەڕوو کە بۆ تێگەیشتنێکی قوڵتری کەسەکە پێویستن:

 ۱- نەخۆشی جەستەیی بگێرەوە، هۆی دەروونی هەیە.

 ۲- گێڕانەوەی بیرەوەرییکان، نیشانەیەکی بەرگرین کە لە بگێرەوەدا سەریان هەڵداوە.

 

وەبیرهێنانەوەی ئازاد[۶]

 

فرۆید ئەو کاتەی هەرزەکارێکی چواردەساڵان بوو، نووسەرە دڵخوازەکەی لودویگ بۆرنە[۷] (مردن ۱۸۳۷) بوو. بۆرنە لە وتاری «هونەری نووسینی داهێنەرانە تەنیا لە سێ ڕۆژدا» بابەتێکی شیکردبۆوە:

   “لە چەند لاپەڕەیەکدا و بۆ سێ ڕۆژ، هەر چێ دێتە نێو مێشکتەوە بینووسەوە. بیرۆکەکانت لەمەڕ خۆت، هاوسەرت، جەنگی عوسمانییەکان، گۆتە، ڕۆژی قیامەت و وەسێتە نابەجێکانت بەبێ هیچ لەمپەرێک بنووسەوە. پاش سێ ڕۆژان، لەوەی کە چ بیرەوەرییەکت لەنێو ناخی خۆتدا ڕاگرتووە سەرت سووڕ دەمێنێت.”

 

سەرچاوەی میتۆدی وەبیرهێناوەی ئازاد بۆ ئەو سەردەمە دەگەڕێتەوە. دەروونشیکار دەیەوێت هەر شتێک کە دزەدەکاتە نێو مێشکی نەخۆشکەیەوە، بەبێ کەموکوڕی بۆی بگێرێتەوە. دەبێت بیر لەمە نەکاتەوە کە ڕەنگە ئەم بیرەوەریانە، پەیوەندیدار یاخود تۆقێنەر و بێشەرمانە و ستەمکارانە بن. وەبیرهێناوەی ئازاد دوای ساڵی ۱۸۸۹ وەک تەکنیکی سەربەخۆ، سەرکەوتنی بە خۆیەوە دیت و فرۆید لە دەروونشیکاریدا سوودی لێوەرگرت. «نۆرمن هاڵند» و «هەڕۆڵد بلووم» بە تایبەتی لە ژێر ناوی دڵەڕاوکێی کارتێکەری لەسەر ئەو مژارە دوواون.

وەکو هەموو دانیشتنێکی دەرمانکردنی دەروونشیکاریانه، کە زۆرجار دەرمانخواز کۆمەڵێک وتەی بە ڕواڵەت بێبنەما دەردەبرێت، دەقەکەش دەیەوێت لە سەرەتادا خۆی ئاوا سانا و ساکار بنوێنێت؛ هەڵبەت من دواتر هەوڵدەدەم شیی بکەمەوە کە چۆنچۆنی ڕۆمانەکە هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ سیمبۆل بەرەو ڕوومان دەکاتەوە. بە زمانێکی ڕۆژەڤی خەڵکانی ئاساییەوە خۆی دەردەبڕێت. بەڵام هەر وەکو قسە بێبنەماکانی نەخۆشەکە، نەخۆشییەکەی دەردەخات، هەروەها شێوازی گێرانەوەی چیرۆکەکەش ئەوەمان پیشاندەدات کە لەگەڵ دەقێکی ئاسایی بەرەوڕوو نین. پێشتر هەر ئەم نووسەرە لە کورتە چیرۆکی «بە کەلێنی ئەو دەرگایەدا بەفر دێتە ژوورێ»دا خۆی لەسەر ئەم شێوازە ڕاهێناوە. لەو کورتە چیرۆکەدا نووسەر زۆر شارەزایانه جێگۆرکێ بە ڕووداوەکان دەکات و پانتایی نێوان فانتازیا و واقیع کە لە گێرانەوەی بەیتی پاییزەدا، ئەو کاتەی ئەحمەدی باب مردووی سواری سوارەکەی کردووە، ئاڵوگۆڕ پێدەکات. لەو ساتەوەختەدا، برینداربوون و هەڵدێرانی ئەحمەد و هەروەها ئاگرگرتنی ماینەکەی و دواجار تەراتێنکردن لەگەڵ وەبیرهێنانەوەی بەیتی پاییزەدا، کۆلاژێکی ناوازە دەخاتەڕوو کە خوێنەر سەری سووڕ دەمینێت گەلۆ بەیتی پاییزە لە وەها ساتێکی هەستیاردا دەتوانێت ئاماژە بە ژیانی واقیعی بگێرەوە بکات؟  ئەم تەکنیکە بە ئاگاییەوە هاتووەتە نێو ڕۆمانەکەوە و حاشاهەڵنەگریشە کە لەم ڕۆمانەدا دەتوانێت باشتر بەرەو خوڵقانی کەسایتییەکان لەپێناوی فۆڕمی چیرۆکەدا پەلبهاوێژێت. ئەمە ئەو هەوڵەیە کە نووسەر بە شارەزاییەوە قۆڵی لێهەڵماڵیوە. شێوازی گێرانەوەی ڕۆمانەکە لەبەر ئەم هۆکارەی کە باسمانکرد  ناتوانێت هێڵەکی بێت بۆئەوەی گێرانەوەیەکی لەسەریەک و بەدواییەکدا پێشکەش بکات. ڕۆمانەکە بە گومانەوە دەستپێدەکات و بگێرەوە دێتەوە نێو ڕەوتی ئاسایی ژیان و باسی ژیانی خۆی دەکات، بەڵام بەرگە ناگرێت و هەر لەم لاپەرەیەدا لە بەشیی دواتردا بابەتێکی  بە ڕواڵەت بێمانا دەوروژێنێت:

 

   “… خاترجەم جەستەم شەڕەکەی زووتر دەست پێ کردبوو، زۆر پێش ئەوە بۆخۆم ئاگادار بم، بۆخۆی زانیبووی چ شتێک چاوەڕوانی دەکا و قەرارە چی بەسەر بێ و …”

 

ئەم بێمانابوونە، لەگەڵ چەند دێری پێش خۆی نامۆیە بەڵام کاتێک لێی تێدەگەین کە ئێمە درێژە بە خوێندنەوەکەمان بدەین و دواجار بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم ڕستەیە بە کێها بەشی ژیانی بگێرەوە دەلکێتەوە. ئەمە بەشێکی ئەوەندە ناخۆش و چەپێندراوە، کە چارەیەکی نیە مەگەر ئەوەیکە بێمانا دەرکەوێت و لە یەکەمین لاپەرەکانەوە خۆی بخاتەڕوو و جێی خۆی بکاتەوە. ماناداری ئەو بەشە کاتێ  پتر ڕووندەبێتەوە کە بگێرەوە لەدێژەدا ملکەچی ئەو شێوازە لە ژیان دەبێت و هەر ئەو گێڕانەوە زاڵە هەڵدەبژێرێت کە لێرەدا دزەی کردووەتە نێو ناخییەوە. لەدڕێژایی ڕۆمانەکەدا، بەردەوام ئەم ڕەوتە دووپاتە دەبێتەوە. لە ڕۆمانەکەدا زۆر پاژی دیکە سەرهەڵدێنن کە تەنیا بە چاولێکردنیان لە دەلاقەی وەبیرهێنانەوەی ئازادەوە مانا دەردەخەن. وەکو ئەو کاتانەی کە بگێرەوە فلاشبەک بەکاردێنێت (لەگەڵ کاوە) بۆ ئەوەی ڕەچەڵەکی نەخۆشییەکەی خۆی لە منداڵیدا بدۆزێتەوە. هەر بەم پێیە، دەبێت زۆر بەشی  دیکە لەئارادابن کە دۆزینەوەی ماناکانیان دژوار بێت یاخود هەر بێمانا دەرکەون. بۆ نموونە ئەو کاتەی کە بگێڕەوە بۆ یەکەمجار و دواجار باسی ئەیووبە سوور و ئامین دەکات و دواتر هەر لەو بەشە دەیاننێژێت و چیتر بۆیان ناگەڕێتەوە. لەڕووی پەیوەندی دەروونشیکاریکەوە، ئەمە نەک هەڵە نییە بەڵکوو پاساوە.

 یەکێک لە بەرگرییە ئاشکراکان، دەرنەبڕینی  ئەو ستریس و دڵەڕاوکێیەیە کە بەرۆکی گرتووین. بگێرەوە بەهۆی بەرگریکردنەوە، ناتوانێت گێڕانەوەکەی خۆی بە شێوازێکی تۆکمە و هێڵەکی بگێرێتەوە. شێوازی گێرانەوە لە هێڵەکیبوون دەترازێت و چیرۆکی دیکەی هاوتەریب دێنە کایەوە؛ بۆ نموونە چیرۆکی نەرمین و ئەیووبە سوور، کە یەکجار دەیگێڕێتەوە و ئیتر بۆی ناگەڕێتەوە. لەژێر ئەم گێڕانەوەیەی نووسەردا، گێڕانەوەیەکی دیکە لە ئارادایە کە خوێنەری «کوشەندە» دەیەوێت لەویش تێبگات. ناسینی کەسایەتییەکان پێمان دەڵێت کە چیرۆکەکە ڕەوتێکی نائاسایی دەبڕێت. کەیوان، بگێرەوە و کەسایەتی سەرەکی ڕۆمانەکە «وەک ئەو هەسارەی کە ناوی ئەوی لێنراوە، شووم، گەورە، بۆش و سووکە». ناوی کەسایەتییەکان بە هەستیارییەوە هەڵبژێردراون و تا ڕادەیەک ڕەنگدانەوەیەکە لە باری دەروونی ئەوانەوە.

کاتێک فرۆید توانای قسەکردنی لەدەستدا، یەکێک لە گرنگترین وتارەکانی خۆی نووسی. لە ساڵی ۱۹۲۳ لە وتاری ئیگۆ و ئیددا، بنەماکانی ئیگۆ و ئیدی ڕوونکردەوە. ئید سەرچاوەیەکی کوێر و نەزۆکی ویستە. سوپەرئیگۆ دەنگی دەروونیکراوی دایکوباب و کۆمەڵگان، کە بەردەوام دەبیسترێن. لەنێوان ئەم دووانەدا، ئیگۆ گیرساوەتەوە. مەنسوور هاوڕێی کەیوان لە زۆر جێگادا دەبیتە ئیگۆی کەیوان و وەکو کەسێکی ژیر ڕێنوێنی دەکات. هەر بەو جۆرەی کە ئید و ئیگۆ بەردەوام لە ململانێ دان، پەیوەندی نێوان مەنسوور و کەیوانیش، پڕە لە کێشمەکێش. کەیوان چەندە دەتوانێت هەڵگری نیشانەکانی ئید بێت؟ لەڕاستیدا، چونکە بگێرەوە لە زمانی یەکەم کەسی تاکەوە دەدوێت، پەیوەندییەکی دەروونی پتەو لەگەڵ خوێنەر درووست دەکات کە لە زۆر شوێندا لەبەردەم ناسینی کەسایەتی کەیوان ڕێگرمانە. کەیوان مامۆستای گوندێکە. لەگەڵ ئەوەی لە زۆر جێگا بەرپرسیارێتی مامۆستایەکی دڵسۆزی لێناوەشێتەوە، هاوکاتیش هەڵگری چەندین بۆشایی ئەخلاقییە کە گومانی زۆرمان لادروستدەکات. کەیوان شەوانە بە دزییەوە گوێ بۆ نهێنییەکانی خەڵک ڕادەگرێت (خوویەکی کەیوان، کە نووسەر بە شارەزاییەوە ئێمە لەگەڵی ئاشنادەکات)، بەردەوام پارانۆئیدە و دەیەوێت خراپەکارییەکانی دیزەبەدەرخۆنە بکات و لە خۆی بیانشارێتەوە (لاپەرەی ۱۴)، کەیوان تەماح لە نامووسی خەڵک دەکات، تەماح لە ژنی بە مێرد دەکات و زۆر ئاشکرا لە پۆلی وانە وتنەوە پانتاییەکانی نێوان واقیع و خەیاڵی لێ دەشێوێندرێت. هەمووی ئەمانە بەرەو ئەوە ئاڕاستەمان دەکەن کە کەیوان هێمایەکە بۆ ئیدێک و مەنسووریش وەک ئیگۆیەک لەوناوەدا لەڕێگەی یاریکردن بە تۆپ و تۆپ هەڵدانەوە، خۆی خاو دەکاتەوە. «سەرتەپڵەگوێنی» «لەولاڕا تەلیسێک بە کۆڵەوە» و «کیسەسیمان» وەکوو ناوەکەیان کە قەت ناتوانن مرۆڤێکی جیددی بن. «پێکەنینی گەورە»، «ڕزق»، «ئوستاد مرادلوو» و «حەسەنە شێت» کەسایەتی دیکەی نێو ڕۆمانەکەن کە تاکوتەرا دەردەکەون. مەزنترین نیشانەیەک کە بەردەوام وەک ترۆمایەک لە قسەکانی بگێرەوەدا دەبیسترێت و هەستی پێدەکرێت، «نامەکان و دەستەکانن». ئەم نیشانەیە نەک تەنیا  زۆر دووپاتدەکرێتەوە، بەڵکوو ناونیشانی ڕۆمانەکەش هەر لەم ناوە پێک هاتووە.

“لە هەموو نامەکاندا یەک ڕستە دووپات دەبووە.” “ئەو سێ چوار ساڵە نامەیان هەر بۆ ناردووم.”هیچ سەرمان سووڕ نامێنێت کە بگێرەوە لە هەنگاوی یەکەمی ڕوبەڕوو بوونەوە لەگەڵ دەستەکان ” نەمدەزانی لەگەڵ ئەو تاقە دەستە دەبێت چ بکەم. … سەدبریا ئەو تاقە دەستە هی من با، لەگەڵ ئەو دەستەدا دەمتوانی بژیم. … دەمتوانی لەگەڵی بخەوم… دەمتوانی لەگەڵ ئەو دەستە سەفەرێکی دوور بکەین.” ئەم لێکچوونانە جێگاکەیان گۆڕاوەتەوە. میکانیزمی دەروونی لە پانتایی دەرووندا، شوناسی سووژە لەگەڵ کەسێکی دیکەدا دەگۆڕێتەوە تا ئاستی دڵەڕاوکێی نەخۆش کەم بکاتەوە. ئەگەر ڕەوتێکی لۆژیکی ڕەچاوکرابا، ئەوە دەبوو ناونیشانی کتێبەکە نامەکان و دەستەکان بووبا، چونکە ئەوە نامەکانن کە دەتوانن دەستەکان پێکبگەیەنن؛ بەڵام بەرگری دەروونی پێش بەم کارە دەگرێت و ئاسانترین ڕێگاش کە بریتیە لە جێگۆڕکێکردنی ناوەکانە لە پانتایی وەبیرهێنانەوەی ئازاددا، کە لە یەکەمین بەرکەوتنیدا لەگەڵ خوێنەر (دەروونشیکار؟) خۆی دەخاتەڕوو. چەندین سیمبۆل بەردەوام لە دەقی ڕۆمانەکەدا دووپاتە دەبنەوە: پەنجەرە، دەسحێب، گۆچان، ئەستێرە، کاکەشان و تۆپ. هەر یەک لەو نیشانە و سیمبۆلانە بە ئاشکرا دەلالەتێکن بۆ پانتایی ناخودئاگا کە پێویستە لە وتارێکی سەربەخۆی دیکەدا شیبکرێنەوە.

 

سەرچاوەکان

________________

دەستەکان و نامەکان، جەلیل ڕەحیمی، چاپی خانی

دانشنامه فروید، شارون هلر، مجتبی پردل

نظریه و نقد ادبی، حسین پاینده

[۱] شاملوو-بەهارێکی دی؛ وەرگێڕانی حەسەن قازی

[۲] Thomas Ogden (1946)

[۳] Repress

[۴] Josef Breuer(1842-1925)

[۵] Studies on Hysteria

[۶] Free Association

[۷] Ludwig Borne (1786-1837)

  https://t.me/kurdishbookhouse

 هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

چوارەمین کۆڕەشێعری ساڵانەی کــوردیی «تا زرێبـار و دێڕێک»

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *