خەڵاتی هەژار و قۆناغێکی نوێ بۆ زانکۆی کوردستان
خۆشحاڵم ڕێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتی قەڵەمی هەژار لە زانکۆی کوردستان لە سنە بە شێوەیەکی پڕشکۆ و بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆری نووسەرانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بەڕێوەچوو. لەبەر ئەوەی لە سنە نیم ئەو شانازییەم نەبوو لە خزمەتی میوانانی قەدرگراندا بم. هەر لێرەوەش بەخێرهێنانیان دەکەم و هیوادارم کات و ساتێکی خۆشیان لە سنەی باوان بەسەر بردبێت. سوپاس و پێزانینیشم هەیە بۆ هەوڵ و ماندووبوونی بەرپرسانی زانکۆی کوردستان بەگشتی و توێژینگەی کوردستانناسی بەتایبەتی و هەموو ئەندامانی لێژنەکانی هەڵسەنگاندنی کتێبەکان کە توانیان لە ئاستێکی بەرز و شیاودا ئەم هەنگاوە گرنگە لە پێناوی بووژاندنەوەی زیاتری نڤیساری کوردیدا هەڵبگرن.
زانکۆی کوردستان لە سنە ئەوڕۆکە بووەتە ناوەندێکی گەورەی زانستی بۆ توێژینەوەی زمان، وێژە، مێژوو، هونەر و چاندی کوردی و له پێگەی هێمایەکی گرنگ و پڕبایەخدا بۆ پەرەپێدانی فەرهەنگی ڕەسەن و مسۆگەرترکردنی ناسنامەی کوردی دەدرەوشێتەوە. ساڵی ٢٠٠٠ کە وەک مامۆستا لەو زانکۆیە دەست بەکار بووم سێ ئاواتم هەبوو کە بریتی بوون لە کردنەوەی بەشی کوردی، دانانی ناوەندێک بۆ توێژینەوەی کوردی و دەرکردنی گۆڤارێکی ئەکادێمیک لەو بوارەدا. ئەو سەردەمە وەک ئێستا نەبوو و چالاکی بۆ زمانی کوردی لە زانکۆ بڤە بوو، بەڵام به خۆشحاڵی و شانازییەوە دوای چارەکە سەدەیەک خەباتی شێلگیرانە و بەکۆمەڵ هەر سێ ئاواتەکە هاتنە دی.
سەرەتا بۆ ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵای ئێران قایل بکەین نامەی فەرمی دەربارەی کردنەوەی بەشی کوردی بۆ زانکۆ بنێرێت چەندین قۆناغمان بڕی. نامەکە لە ٢٠٠١دا گەیشت و بەرنامەی خوێندنی کوردیمان لە ٢٠٠٢دا نووسی و لە ٢٠٠٣ لە لایەن وەزارەتەوە پەسەندکرا و لە ٢٠١٤دا بە پێی هەمان بەرنامە خوێندکارمان وەرگرت و بەشەکە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر پەرەی سەند. ناوەندی توێژینەوەی کوردستانناسی لە ٢٠٠٠دا دامەزرا و لە ٢٠١۶دا بە هۆی چالاکیی زۆرەوە ئاستی بەرزکرایەوە بۆ توێژینگەی کوردستانناسی. لە ٢٠٢٠دا ئاواتی سێیەمیشم هاتە دی کە بریتی بوو لە بەدەستهێنانی نوانەی دانپێدانراو و هاوکۆلکەی کاریگەری بۆ ژورناڵی زمان و ئەدەبی کوردی، بە چەشنێک کە لە لایەن دەزگاگەلی نوانەسازی و ئاماژەپێویی نووسینی زانستییەوە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پەسەند کرا.
لە پاڵ ئەمانەشدا، سەدان سێمینار، وێبینار، وۆرکشاپ، سەمپۆزیۆم، فێستیڤاڵ و کۆنفرانس، هەر هەموویان بە کوردی، بەڕێوەچوون. دەیان گۆڤاری کوردیش لە لایەن خوێندکارانەوە دەرچوون. چەندین سەرچاوەمان بۆ وانەکانی بەشی کوردی دانا، ئەو وانانەی لە بەرنامەی خوێندنی کوردیدا داماننابوون. کە بەشی کوردیش کرایەوە، بە ڕۆحێکی کوردانە و ڕوانگەیەکی نوێخوازانەوە مامەڵە لەگەڵ هەموو زار و ناوچەکاندا کرا.
بەشی بە حاڵی خۆم هەست بە دڵخۆشی و سەرفرازییەکی زێدە مەزن دەکەم و ویژدانم تەواو ئاسوودەیە کە توانیم هەنگاوێکی بچووک لە پێناوی دانانی ئەو دامەزراوانە و گەشەپێدانی بواری فێرکاری و توێژینەوەی کوردی لە زانکۆی کوردستان لە سنە هەڵبگرم. پێم وایە مەحاڵە ئەنجامی ئەو هەموو ئەرک و زەحمەتە، کە بە دەیان قۆناغدا تێپەڕی، بۆ کەس بڕووخێندرێ. ئێمە کۆڵمان نەدا و بەرهەمی ئەو خەباتەی بەسەر دەیان هەوراز و نشێودا سەرکەوت تاهەتایە بە کەس لەناو ناچێت. بە پێچەوانەوە، پەروەردەکردنی سەدان خوێندکاری زیرەک کە ئێستا زۆربەیان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات مامۆستای زمان، ئەدەب، هونەر و هزری کوردین بووەتە هۆکار بۆ گەشاندنەوەی فرەتری تینەکە و بووژاندنەوەی سامانی بەنرخی کەلەپوورە دەوڵەمەندەکەمان.
یادی ئەو ڕۆژانە بەخێر کە یەکەمین کتێبی کوردیی چاپکراوی زانکۆی کوردستانم نووسی و هانی خوێندکارانم دەدا بۆ بەکوردیکردنی سەرجەم پۆستەرەکان. یادی بەخێر ئەو ڕۆژەی کە یەکەم خولی خوێندکارانی بەشی کوردیمان وەرگرت، کە لە دانیشتنێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا پلەی توێژینگە بەرزکرایەوە، کە هاوکۆلکەی کاریگەریمان بۆ ژورناڵەکە وەرگرت وەک یەکەمین و تاقە گۆڤاری کوردی کە خاوەنی ئەو تایبەتمەندییە بێت. یادی بەخێر ئەو ڕۆژەی ساڵی ٢٠٠٠ کە سەدان کتێب و گۆڤارە کوردیی کتێبخانەکەی خۆمم پێشکەشی ناوەندی توێژینەوەی کوردستانناسی کرد کە ئێستا بە خۆشحاڵییەوە بووە بە خاوەنی گەورەترین کتێبخانەی کوردی لە ئێراندا. بەڵام ئەو قۆناغە کۆتایی پێ هات و ئێستا زانکۆی کوردستان لە قۆناغێکی تردایە.
لە کۆتاییدا پێویستە یادێک بکەین لە هەموو ئەو ئازیزانەی دەوریان گێڕا لە بنیاتنان و پەرەپێدانی ئەو دامەزراوانە، لە خوێندکارانی ئەوینداری پەیڤی کوردییەوە تا بەرپرسانی دڵسۆزی زانکۆ لە ئێستا و رابردوودا. ئەم دەستکەوتە بەنرخانە بە هیچ شێوەیەک بەرهەمی خەباتی تاکەکەسێک نین، بەڵکوو ئاکام و دەرئەنجامی هەوڵی بەکۆمەڵی دەیان کەسن لە قۆناغی جیاجیادا.
بەڕێوەچوونی ئەم ڕێوڕەسمە هەنگاوێکی پتەوی دیکەیە بۆ گوتارسازی لە پێناوی بەرزڕاگرتنی پێگەی دانەران و بەرهەمەکانیان. گەشەپێدانی نڤیساری کوردی پێویستی بە ڕاکێشانی سەرنجی بەردەنگە و تەرخانکردنی خەڵات بۆ بەرهەمەکان دەور دەگێڕێ لە بەردەنگدۆزینەوە و بەردەنگپێویدا. لە ناخی دڵیشمەوە پیرۆزبایی لەو نووسەرە پایەبەرزانە و لەو توێژەرە قەدرگرانانە دەکەم کە خەڵاتەکەیان بردەوە. ئەو بەڕێزانە مایەی شانازین بۆ هەموو کوردێک و هیوادارم وەک هەمیشە سەرفراز و سەربەرز بن.
ئاوەدان بێت نیشتمان
بەختیار سەجادی
تۆرۆنتۆ ۲۰۲۵/۵/۳۰
هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.