خانه / دسته‌بندی نشده / بۆچی گرنگە نووسەران ئاوڕ بدەنەوە لە دەسنووس، کەشکۆڵ و بەیازە کۆنەکان؟

بۆچی گرنگە نووسەران ئاوڕ بدەنەوە لە دەسنووس، کەشکۆڵ و بەیازە کۆنەکان؟

[بۆچی گرنگە نووسەران ئاوڕ بدەنەوە لە دەسنووس، کەشکۆڵ و بەیازە کۆنەکان؟]

چەند سەرنجێک لە سەر “کۆبەرهەمی فەریقی مەلا ڕەسووڵی گۆڵێ”؛کۆکردنەوە و ساخکردنەوەی “سەباح مەلا عەبدوڵا(نیکخا)” 

“حەمەی کەریمی”

قانیع بە ڕاستی مەیکە بە گاڵەلە داخی خوا حاڵم بێحاڵە.
عالەمی خوڵقان ڕزقیان ئەدابۆ هێندێک مەنێ ڕزقی یەکساڵە
بۆ یەکێ پڵاو، خۆرشت و کەباب
بۆ هێندێ گەنم، بۆ هێندێ گاڵە.
ئەوا من مەلام ئەڵێم بە هەر جۆر
خۆ قانیع ئەدیب فیکر و خەیاڵە.
ئاخر بەکام ڕوو کڕنووش بەم بۆ تۆ
سەدجار بە خۆت سوێند، حاڵم بەدحاڵە.
بۆچی یەزید بووم حسەینم فەوتان
ڕووی تۆ لە حەنام ئەوەندە تاڵە.
وادەی من و تۆ ڕۆژەکەی میعاد
شەرت بێ لە حەشرا بیکەم بە گاڵە.
“فەریقی”     

۱ 

٭ “محەمەد ئارەکۆن”  نووسەر و بیرمەندی هاوچەرخی عەرەب پێی وایە: “خوێندنەوەی ڕابردوو بۆ تێگەیشتن لە ئێستا و بنیاتنانی داهاتوو بۆ هەر نەتەوەیەک بابەتێکی پێویست و گرنگە.” لەم گۆشەنیگاوە هەوڵدەدەم بۆچوونێکی تایبەتی “مارتین هایدگەر” لە تێزە بە ناو بانگەکەیدا “هایدگەر و پرسیاری بونیادین” سەبارەت بە [مێژوو و چارەنووس] لەسەر دوو چەمکی گرنگی (یەکەم: گێڕانەوە، دووەم: ڕووداوی مێژوویی) بۆ ئەم باسە دەست‌نیشان بکەم. ئەڵمانییەکان سەبارەت بە ڕووداوی مێژوویی لە دوو دەستەواژە کەڵک وەردەگرن، ئەڵبەت بە دوو مانای زۆر جیاواز، یەکەمیان وشەی (گششتە)یە [Geschichte] بە مانای (ڕووداوی مێژوویی) نە خودی مێژوو.  وشەی دووەم (هێستۆری) کە ئینگلیزییەکان لە زمانی یۆنانی  و وشەی (Historia) وەریانگرتووە و بە مانای لێکۆڵینەوە و زانیاریی وەدەست هێنانە سەبارەت بە ڕووداوی مێژوویی. ئەوەی کە لە زمانی فارسی و کوردیدا بە هەڵە پێیدەڵێن: “مێژوو” (وەکوو دەیان هەڵەی تری لەمجۆرە کە لە زمانە بیانییەکانی ترەوە هاتۆتە نێو زمانی فارسی و کوردی و تا ئێستاش بەردەوام خەریکین بە هەڵە دووپاتیان دەکەینەوە و بەکاریان دەبەین.) بە هەر حاڵ وشەی هێستۆری لای هایدگەر بە مانای مێژوو یان ڕووداوی مێژوویی نییە، بەڵکوو شرۆڤە و لێکدانەوە و گێڕانەوەی ڕووداوی مێژووییە. ئێستا کەی ڕووداوێکی مێژوویی وەکوو ڕووداو مانا وەردگرێت؟ بۆ وڵامدانەوە بەم پرسیارە هایدگەر پێی‌وایە تاکوو ڕووداوێکی مێژوویی نەگێڕدرێتەوە و شرۆڤە و لێکۆڵینەوەی لەسەر نەکرێت، مانای ڕووداو پەیدا ناکات. بۆیە هایدگەر وەکوو فەکت نموونە بە دیاردەی مەرگ دێنێتەوە و دەڵێ: مردن ڕووداوێکی سرووشتییە بۆ هەر زیندەوەرێک، بەڵام تاکوو کەسێک نەیگێڕێتەوە و ڕەوایەتی نەکات، نابێت بە ڕووداوێکی مێژوویی، بۆیە تاکوو کەسێک مردنی ئەویتر نەگێڕێتەوە و ڕاپۆرتی لێنەدات (وکوو قوتابییەکانی سوقرات یان نووسەرانی ئینجیل کە مردنی سوقرات و مەسیحیان گێرایەوە) ئەم ڕووداوە مانای مێژوویی پەیدا ناکات. واتە نابێتە (Historia) بۆیە هایدەگەر پێیوایە مرۆڤەکان بەردەوام لە حاڵەتی گێڕانەوەدان.    
۲

٭ “مارتین هایدەگەر”  کاتێک باس لە مێژوویی‌بوونی دازاین دەکات، زیاتر لە دەستەواژەی یەکەم واتە (گششتە) کەڵک وەردەگرێت و پێی‌وایە یەکێک لە تایبەتمەندییە بەرچاوەکانی دازاین کە دەکرێت وەکوو خاڵی جیاکەرەوەش لە ئاژەڵ ناوی ببەین، مێژوویی‌بوونی دازاینە. ئەوەی کە مرۆڤ بە پێچەوانەی ئاژەڵ و زیندەوەرەکانی تر ئاگای لە ڕابردووی خۆی هەیە، لە حاڵێکدا ئاژەڵەکان و باڵندە و زیندەوەرەکان هیچ ئاگاداری رابردووی خۆیان نیین. بۆیە  کاتێک  هایدگەر باس لە  (زاین گششتە) دەکات، دەستەواژەی گششتە لای ئەو مانایەکی تایبەتتر، جیا لە مانا گشتیەکەی وەردگرێت. ئەویش زیندوومانەوەی ڕووداوی مێژووییە تا هەنووکە. بەو مانا ڕووداوی مێژوویی ئەوەیە کە لە کاتی سەرهەڵدانییەوە تاکوو ئێستا کاریگەریی خۆی لەسەر کۆمەڵگا و مرۆڤەکان هێشتبێتەوە. بۆ نموونە  “جیهان و ئەندێشەی یۆنانی ڕووداوێکی مێژووییە” چونکە لە فیکر و ئەندێشەی مرۆڤدا فەزایەکی کردۆتەوە کە تاکوو ئێستاش ئێمە لەو فەزایەدا دەژین. بەهەرحاڵ بەم باسەوە دەمەوێت بڵێم: بۆچی دەبێت نووسەرانی ئێستای کورد هەندێک بەیاز و کەشکۆڵی تایبەت بخوێننەوە و ئاوڕی جیددی لێ‌بدەنەوە ؟ چونکە ئەو بەیازانە هەندێک ڕووداوی مێژوویی یان وردەڕووداو و سەربوردە و بەسەرهاتمان وەک شایەتحاڵ بۆ دەگێڕنەوە کە ڕەنگە لە کتێبە مێژووییەکاندا ئەو بەسەرهات و ڕووداوانە بە مەبەستی تایبەت و چەواشەکارانە نووسرابێت یان بە هەر هۆیەک باس نەکرابێت. (وەک خۆم هەمیشە بە گومانەوە سەیری مێژووم کردووە و ئاوڕم لە کتێبە مێژووییەکان داوەتەوە) بەڵام ئەو بەیاز و دەسنووسانەی کە نووسەرەکەی وەک شایەتحاڵێک ڕووداوەکان یان سەربوردە و بەسەرهات و ماجەراکان دەگێڕێتەوە، بابەتێکی ترە و بەلامەوە گرنگ بووە و چەند جار خوێندوومەتەوە.

۳

٭ دەسنووسەکانی “مەلا ڕەسووڵی گۆڵێ” ناسراو بە “فەریقی” شاعیر ( ۱۹۰۴-۱۹۶۴ ی زایینی) پێنج کتێبی جیاجیایە و بە هەوڵ و تێکۆشانی ماندوونەناسانەی “سەباح مەلا عەبدوڵا (نیکخا)” نووسەر و لێکۆڵەر لە بواری دەسنووس، ئەدەب و مێژووی زارەکیدا کە لە دامەزرێنەران و ئەندامی کارای “کومیتەی کەلەپووری ناوەندی فەرهەنگی هونەریی ڤەژین”ە و ئێستا لە دەرەوەی وڵاتە و لە سوئیس دەژی، کۆ کراوەتەوە و ساخکراوەتەوە.  کاک سەباح وەک بۆ خوی لە پێشەکیی کتێبەکەدا باسی کردووە: نزیک بە دە ساڵی خایاندووە تا ئەم دەسنووس و پەڕتووکانەی فەریقی شاعیر کۆبکاتەوە و لە دووتوێی کتێبێکدا چاپیان بکات! دیارە کاری مەیدانی لە بەستێنی نووسیندا کارێکی ئێجگار قورس و تاقەت‌پڕووکێنە و بە دەگمەن نووسەران خۆیان بەو بابەتەوە خەریک دەکەن. کتێب و دەسنووسەکانی “فەریقی” لەو بابەتە گرنگانەیە کە پێویستە خوێنەران و توێژەرانی کورد ئاوڕی لێبدەنەوە و بیخوێننەوە. یەکێک لە بەشەکانی “کۆبەرهەمی فەریقی” بریتییە لەو بەسەرهات و ڕووداوە مێژووییانەی کە فەریقی بۆ خۆی شایەتحاڵی بووە و بە شێوەی نەزم و نەسر دەریهێناوە و ڕەوایەتی کردوە. ئەم پەڕتووکە ناوی “ڕووس و گرانی و ئەبحاسی موتەفەڕەقەی زەمان”ە و ئەگەرچی وەکوو قەوارە تەنیا هەشت‌یەکی کتێبی کۆبەرهەمی فەریقییە، بەڵام هێندە بە لای منەوە گرنگ بوو و قسەی بۆ وتن تێدابوو، کە خوێندنەوەی بوو بە پاڵنەرم بۆ ناساندنی.

فەریقی مەلا ڕەسووڵی گۆڵێ

نامیلکەی “ڕوس و گرانی” بریتییە لە ڕووداوەکانی هەر دوو دیوی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە تاکوو نیوەی ئەم سەدەیە.

هەوڵدەدەم لە چوار بەشدا، بە کورتی ئاماژەیان پێدەدەم. بەشی یەکەم: هاتنی ڕووسیای تێزاری لە گەرمەی شەڕی جیهانیی یەکەمدا بۆ کوردستان و داکەوتنی گرانی و قات و قڕی دوای ئەو شەڕە، بەتایبەت لە ناوچەی بانە و مەریوان و چەمی شلێردا. گرانی و قات و قڕییەکی وەها کە ڕۆژانە لە لادێکاندا چەندین پیاو و ژن و منداڵ لە برسان مردوون یان ئەوەی کە بەشێکی زۆر لە خەڵک بە هۆی برسییەتییەوە، ناچار بوون لاکی تۆپیوی ئاژەڵەکان بخۆن و بەشێکی تریش گژوگیای هەردان بخۆن. هەروەها درووستبوونی لەشکری سەواڵکەران و هێرشیان بۆ لادێکان و تاڵانکردنی مەڕ و ماڵاتی خەڵک بە هۆی برسییەتییەوە. دیاردەی گرانی و قات و قڕی به تایبەت لە سەردەمی شەڕدا بۆ هەر ناوچە و وڵاتێک کە شەڕ ڕووی تێدەکات، تا ڕادەیەک زۆر دیاردەیەکی نائاسایی نەبووە و زۆربەی ئەو خەڵک و میللەتانەی دنیا کە تووشی شەڕ بوون، بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەزموونی گرانی و قات و قڕییان هەبووە. بە تایبەت لە سەردەمی هەردوو شەڕی جیهانیدا، بەڵام وەها گرانی و قات و قڕییەک کە لە سێکوچکەی مەریوان، بانە، پێنجوێندا که فەریقی شاعیر دەیگێڕێتەوە، کەم وێنە و دەگمەن بووە.
  بەشی دووەم:  شەڕی نێوان ڕووس و خەڵکی ناوچەی مەریوان و بانەیە. هاوکات  قەتڵ و عام و کوشتاری خەڵک هەم لە لایەن ڕووس و هەم سپای عوسمانی و سووتاندن و تاڵان کردنی مەڕ و ماڵاتی خەڵکی سڤیل لەو ناوچانەدا. فەریقی خۆی  وەک شایەتحاڵێک  زۆر بە وردی و بە شێوەیەکی پوخت ئەم بەشەی بە نەزم دەرهێناوە.
بەشی سێیەم : شەڕی دەسەڵاتی نێوان هۆزە کوردەکان و دواتر موئامەرە و پیلانگێڕی و خیانەتی هەندێ لە بەگزادەکان بە دژی یەکتر و به قازانجی دەسەڵاتی ناوەندیی تاران. هەروەها سەرهەڵدان و بەلاڕێداچوونی کۆمەڵێک حەرەکەتی ئیعتیرازیی وەک: ( حەمەتاڵ، سەیدعەتاکەل، خولەپیزە و هتد.
بەشی چوارەم : هاتنی هێزی ئینگلیس بۆ کوردستان و پشتیوانی لە شێخ مەحموود بۆ درووستکردنی دەوڵەتێکی هەرێمی لە ناوچەکەدا و پاشان پیلان و دەسیسەی ئینگلیسەکان دژ بە شێخ مەحموود و شەڕی نێوان کورد و ئینگلیس بە سەرکردایەتی شێخ مەحموود و پشتیوانیی سەرۆک هۆزەکان و خەڵکی مەریوان و هەورامان لە شۆڕشەکەی شێخ مەحموود و شەڕکردنیان دژ بە هێزی ئینگلیس و پاشان حکوومەتی پاشایەتیی ئێران و مەلیکیی عێراق تاکوو مەرگی عەبدولسەلام عارف لە ١٩٦٦ .
بە گشتی گێڕانەوی ئەم بەسەرهات و ڕووداوە مێژووییانە لە کوردستان بە تایبەت لە ناوچەکانی مەریوان و هەورامان و پێنجوێن و بانە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا کە سەرەتای سەدەیەکی خوێناوی بوو بۆ  گەلانی بندەستی جیهان و بێ‌بەزەیی تر و خوێناوتریش بۆ کورد؛ مێژووی پڕ لە چەوسانەوەی سەدەی بیستەم، سەدەی کوشتار و داگیرکاریی، سەدەی درووستبوونی شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکان و کەوتن و شکستە یەک له دوای یەکەکانیش.
بۆیە پێموایە کۆکردنەوە و ساخکردنەوەی ئەو دەسنووسە کۆنانەی کە وەختی خۆی بە هۆی شەڕ و ئاوارەیی و تاڵانکردن و سووتاندنەوە، شتێکی کەم نەبێت، بەشێکی هەرە زۆریان تەفر و توونا بووە، لە پێناو دەوڵەمەند کردنەوەی کتێبخانەی کوردی و زیندووکردنەوەی بەشێکی گرنگ لە وێژە و کەلەپووری ئێمە وەکوو کورد، بۆ نووسەرەکەی کارێکی ئێجگار گران و پڕ لە زەحمەتە و لە هەمان کاتیشدا جێی دەسخۆشانە و پێزانینە.

  https://t.me/kurdishbookhouse

 هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.

 

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

مطالبات باقیمانده کتابفروشی‌ها در شش ماه گذشته تسویه شد

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *