خانه / اخبار و رویدادها / ئەحمەد موختار بەگی جاف، شاعیری زمان پاراو

ئەحمەد موختار بەگی جاف، شاعیری زمان پاراو

ئەحمەد موختار بەگی جاف، شاعیری زمان پاراو

خەلیل عەبدوڵڵا

لەشێخ‌و واعزو سۆفی لەمەولا من كەنار ئەگرم
پیاڵەی مەی بەیادی دیدەی مەستی نیگار ئەگرم
لەشەوقی بەژن‌و باڵای تۆیە ئەی شۆخی پەری پەیكەر
لەباخا جێ‌ لەسایەی عەرعەرو سەرو‌و ‌و چنار ئەگرم

كەسایەتییەكی نیشتمانی‌و كۆمەڵایەتی‌و شاعیر‌و چیرۆكنووسێكی گەورەو پایەبەرزی كوردستانە، لەرێی بەرهەمە ئەدەبیەكانییەوە خزمەتێكی زۆری بەبوارەكانی ئەدەبی‌و كەلتوری كوردستان كردووە.
ئەحمەد بەگی وەسمان پاشای محەمەد پاشای كەیخوسرەو بەگی جاف كە بە ئەحمەد موختار بەگی جاف ناسراوە، لەساڵی ۱۸۹۸ لەئامێزی خێزانێكی ناوداری هەڵەبجە هاتۆتە دنیاوە، باوكی كەسایەتیەكی مەزن‌و سەرداری هۆزی گەورەی جاف بووە، عادیلە خانمی دایكیشی بەهەمان شێوە ژنێكی هەڵكەوتوو بووە.
ئەحمەد موختار لەشاری هەڵەبجە خراوەتە بەرخوێندن‌و قۆناغەكانی سەرەتایی ‌و ناوەندی لەوێ‌ خوێندووە.
لە رێی مامۆستای تایبەتەوە زمان‌و ئەدەبی عەرەبی‌و فارسی‌و توركی‌و ئینگلیزی خوێندووە.
ئەحمەد موختار كەسایەتییەكی دیاری كۆمەڵایەتی‌و ئیداریش بووە‌و لەکۆتایی ساڵی ۱۹۱۸ تا ۱۹۲۵ قائیمقامی شاری هەڵەبجە بووە‌و خزمەتی باشی پێشكەش بەخەڵك‌و ناوچەكەی كردووە.
دواتر دوو خول ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بووە‌ و لەرێی خەباتی پەرلەمانییەوە بەرگری لە مافەكانی گەلی كورد كردووە.
ئەحمەد موختار شاعیرێكی گەورەیە، هەر لەسەرەتای ژیانی گەنجییەوە بایەخی بەشیعر داوە‌و لەژێر كاریگەری شیعرەكانی تاهیر بەگی برای‌ و حافز‌ و سەعدی شیرازیدا بووە.
خاوەنی چەندین شیعری بەرزی نیشتمانی‌و نەتەوەییە، بەشیعرەكانی بەرگری لە مافەكانی گەلی كوردستان كردووە.
بێ‌ لەبواری نیشتمانی، ئەحمەد موختار چەند دەقێكی شیعری جوانی بۆ عیشق‌و خۆشەویستی نووسیوە.
ئەحمەد موختار هەموو شیعرەكانی لەدوو توێی دیوانێكدا چاپ كراوە‌و خاوەنی دیوانی خۆیەتی.
بێ لەشیعر، ئەحمەد موختار جاف چیرۆكیشی نووسیوە‌و لەو بوارەدا بەپێشەنگ‌و رچەشكێن دائەنرێ‌‌و خاوەنی چیرۆكی (مەسەلەی ویژدان)ە‌و لەكۆتایی بیستەكانی سەدەی رابردوودا نوسیویەتی‌و ساڵی ۱۹۷۰ د.ئیحسان فوئاد پێشەكی بۆ نووسیوە‌و چاپی كردووە.
 ئەم ئەدیب‌و كەسایەتییە گەورەیەی كورد لە۵ی شوباتی ۱۹۳۵ لەلایەن دەستێكی چەپەڵ‌و غەدارەوە تیرۆر كرا‌و لەگۆڕستانی عەبابەیلێی نزیك هەڵەبجە بەخاك سپێردرا.
درود بۆ گیانی پاك‌و پیرۆزی ئەحمەد موختار بەگی جاف شاعیر‌و چیرۆكنووس‌و ئیداری‌و پەرلەمانتار.

لەخەو هەستن میللەتی كورد درەنگە خەو زەرەرتانه‌
هەموو تەئریخی عالەم شاهیدی فەزڵ‌و هونەرتانە
دەسا تێكۆشن ئەی قەومی نەجیبی بێكەسی مەزڵوم
بەگورجی بیبڕن ئەو رێگە دوورەی وا لەبەرتانە

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

ئەو رۆمانە جوانەی، بەدەرنییە لە رەخنە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *