خانه / اخبار و رویدادها / کات و شوێن لە “درەنگانی دەریا لەبەر پەنجەرە”ی یۆنس رەزایی دا

کات و شوێن لە “درەنگانی دەریا لەبەر پەنجەرە”ی یۆنس رەزایی دا

کات و شوێن لە “درەنگانی دەریا لەبەر پەنجەرە”ی یۆنس رەزایی دا

ئیسماعیل ئیسماعیل زادە/ ئۆسلۆ

لەو شوێنەی کە دوو توخمی “کات و شوێن” دەبنە بەشێک لە پێکهاتەی ناوەکیی دەق و “کات” وەک پێکهاتەی گێڕانەوە مامەڵەی لەگەڵ‌دا دەکرێت، تیۆری فۆرمالیستی دێتە ئاراوە. لەم تیۆرەدا “کات و شوێن” نەک وەک توخمە ڕاستەقینەکانی دنیای هەستپێکراو، بەڵکو وەک واتای پێکهاتەیی لە ناو کاری هونەری و داهێنەرانەدا دێنە بەرباس. بە واتایەکی دیکە بانگدەرانی تیۆرەکە پێیان وایە کە ئەم جووتتوخمە لە بەرهەمێکی هونەری دا وەک بەستێن و بە لەبەرچاوگرتنی پێوەندییەکانیان لەگەڵ توخمە پێکهاتەییەکانی دیکە (وەک تەوەر، شێواز و پێکهاتە…) شرۆڤە بکرێن. فۆرمالیستەکان بە تایبەت لە ئەدەب و هەروەها هونەری سینەمادا دەڵێن کە ئەوان لە دەقێکدا، توخمی دەستکرد و زەینین کە پێویستە لە رووی ئەرکەکەیانەوە لە پێکهاتەی بەرهەمەکەدا شیبکرێنەوە نەک بە پێی لێکچوونیان لەگەڵ دنیای بینراودا.

“کات و شوێن” لە شیعردا دەتوانن گرێبەستە “شیعری – باو”ەکان هەڵوەشێننەوە و رێگە خۆش بکەن بۆ خوێندنەوەی کارکردی ئەوان لە پێوەندیی لەگەڵ پێکهاتە و فۆڕم دا، بەتایبەتی کاتێ لە سەر توانستی بەردەنگ قسە دەکرێ بۆ دۆزینەوە. واتە وەک جووتتوخمێکی بزوێنەر و گرێدراو بە پێکهاتەی گشتیی بەرهەم، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە داڕشتنی ئەزموونی بەردەنگ دا. لەم روانگەیەدا مەرج نییە ئەوان بە ژینگەیەکی مێژوویی یان جوگرافیای دیاریکراوەوە ببەسترێنەوە، بەڵکو وەک ئامرازێک بۆ جەختکردنەوە لەسەر پێکهاتە و ریتم و شێوەی شیعریی بە کار دەهێنرێن. واتە بۆ گەیاندنی راستییەک سەبارەت بە دنیا سەرنجیان پێنادرێت، بەڵکو بۆ بەشداریکردن لە بەهای ئەدەبی و هونەریی بەرهەم لە ئارادان.

ئەم روانگە فۆرمالیستییە بە جەختکردن لەسەر چۆنییەتیی نیشاندانی ناوەڕۆک، هەوڵ دەدات “کات و شوێن” لە سنوورە کۆنکرێت و تاک ئاراستەکان (لە شاعیر/بەرهەمهێنەرەوە بۆ بەردەنگ) رزگار بکات و بیانگۆڕێت بۆ توخمی هونەری و فرەمانایی کە لە دڵی زمان و پێکهاتەی دەق‌دا دیسان دادەڕێژرێنەوە. بە واتایەکی تر ئامانج ئەوە نییە تێبگەین “کات و شوێن” ئاماژەیە بۆ راستییەکی دەرەکی، بەڵکو ئەوەیە تێبگەین کە چۆن ئەم توخمانە لە ناو کارەکەدا بەشدارن لە دروستکردنی مانا و کاریگەریی هونەری و جوانیناسی‌دا. هەروەها پێداگریی لەسەر ئەوە دەکرێتەوە کە دەبێ وەک ئامرازێک هەم لە “کات” و هەم لە “شوێن” تێبگەین کە یەکپارچەیی جوانیناسیی بەرهەم بەهێزتر دەکەن. ئەم چەشنە خوێندنەوەیە لە چوارچێوەی فۆرمالیزمدا پێداگریی دەکات لە سەر لایەنی زمانی و وەسفکردنی “کات و شوێن” بۆ بەشداریی کردن لە کەش و هێما یان تەوەری دەق.

 

خوێندنەوەی شیعری “درەنگانی دەریا لەبەر پەنجەرە”

 

لە ڕوانگەی فۆرماڵیستییەوە ئەم شیعرە تیشک دەخاتە سەر توخمە ناوکییەکانی دەق: پێکهاتە، زمان، وێنە، ڕیتم ، شێوازی بنیاتنانی مانا، تەوەر، كات و شوێن. ئەوەی کە ئەم کورتە وتارە سەرنجی پێدەدات جووتتوخمی “کات و شوێن”ە لە “درەنگانی دەریا لەبەر پەنجەرە”دا. لە شیعرەکەدا ئەوان واتاگەلێکی نەگۆڕ نین، بەڵکو توخمگەلێکی بزوێنەر و بگۆڕن کە ڕەنگدانەوەی هەست و ئەزموونە دەروونییەکانی شاعیرن و لە کارلێکی زمانی و چۆنیەتیی ڕەنگدانەوەیان لە دەقەکەدا دێنە بەرباس.

 

¤ کات

لە شیعری مەبەستی وتارەکەدا “کات” رەوتێکی تاکلایەنی و چەقبەستوو نییە، بەڵکو دیاردەیەکی فرەڕەهەندییە. کات زۆربەیجاران لە رێی گەمەکانی زمان، دووبارەکردنەوە، سڕینەوە و بۆشاییەکانی نێوانی پێکدێ یان بە دیاردەیەکی ڕیتمی و کاتیی وێنا دەکرێت. شاعیر هەوڵ دەدا بە هێندێک تەکنیکی وەک پارچەپارچەبوونی کات، ئاماژەی ناڕاستەوخۆ یان نیشاندانەوەی چرکەساتە لێکهەڵوەشێندراوەکان، تێگەیشتنی باو لە کات ئاستەنگ بکات. ئەم توخمە لێرەدا ئامرازێکە بۆ دروستکردنی دژوازی یان تیشک خستنە سەر پێکهاتە نەک گێڕانەوەی ڕووداوێکی مێژوویی یان راستەقینە. بۆ نموونە شاعیر دەیەوێ دەستکاریی کات بکات بە تێکهەڵکێشانی ڕووداوی دادێ لەگەڵ ئێستا و رابوردوو یان فراوانکردنی ساتەکان، بە جۆرێک بەردەنگ کاتێکی شیعریی ئەزموون بکات کە لە کاتە راستەوخۆ و ڕاستەقینەکان دابڕاوە:

“دواتر وێنەی نسێکان درێژ دەبنەوە/ بە دیوارەکانی بیرەوەریمەوە” ئاماژەیە بە گەڕانەوە یان دانەبڕان لە رابوردوو.

“دەبێ پیرۆزبایی وەرزی داهاتوو بکەم/ لە دارێک کە درەنگ کەوت لە کات دا” جەخت لە سەر جوڵەی خاو یان درێژخایەن دەکاتەوە.

“لە زمانم دا/ لە مێژووشم دا/ بووبا هەسارەیەکی دوور” لێرەدا کات دەکرێتە بەشێک لە ناسنامەی ئاخێوەر. بۆیە کاریگەرییەکەی دەردەکەوێ لەسەر نەک تەنیا رابوردووی خۆی، رەنگە لە سەر زمان و مێژووی مرۆڤیش.

هەروەها شاعیر کات وەک لایەنێکی ئەزموونی و دەروونناسانە وێنا دەکات، لە جێیەک کە ساتەکان هەندێک جار دوادەخرێن و هەندێکجاریش خێراتر دەبن، واتە تێگەیشتنی پچڕپچڕ لە “کات”. شیعرەکە لە نێوان ساڵ، مانگ و رۆژ و چرکەساتە جۆراوجۆرەکان دا دەجووڵێت بێ ئەوەی کات تێیدا دیاریی بکرێت. بۆ نموونە ئاماژە دەکات بە “بە تەعبیری ئەوڕۆ هەینی هەڵفڕینی تێدا یاساغە/ دەبێ پیرۆزبایی وەرزی داهاتوو بکەم” کە رەنگە “سبەینێ” روو بدات “لە دوا ساتەکانی هاوین”. ئەم ئاماژانە بۆ کات هەستێکی زووتێپەڕ دەگەیەنن بەڵام یارمەتیی بەردەنگیش دەدەن بۆ باشتر پێوەندیگرتن بە دەقەکەوە.

ئەم پچڕپچڕبوونە دەکرێ بە خاڵێکی بەهێز دابنرێ لەبەر ئەوەی سرووشتی شڵەژاوی تەنیایی (دەروونی) و بیرەوەریی نیشان دەدا.

 

¤ شوێن

لە خوێندنەوەی فۆڕمالیستی‌دا “شوێن” لەبری ئەوەی تەنیا پاشخانێکی بینراو یان جوگرافی بێت، لە زمان و شێوەشیعریی دا خۆ دەگرێت و دەوری جوانیناسی و پێکهاتەیی دەبێت. “شوێن” دەتوانێت لە شێوەی وێنەی ئەبستراکت، هێما یان تەنانەت بۆشایی و دژوازیی زمانی‌دا دەربکەوێت. شاعیر دەتوانێ بەکاری بهێنێت بۆ دروستکردنی هەستێکی زەینیی لە شیعرەدا، بێ ئەوەی بەردەنگ لە دنیایەکی داڕێژراودا بمەیێت. لەم چەشنە شیعرانەدا ئەم پێگەیە لە ڕێگەی خوازە و گەمەکردن بە ئاستەکانی زمان، دەتوانێت وەک کەشی زەینیی دەربکەوێت کە لۆژیکی زمانیی خۆی زاڵ بکات. هەروەها دەکرێت وەک قۆناغێکی مێتافۆرمیک کار بکات کە تێیدا وشە، دەنگ و واتاکان کارلێک دەکەن. بۆیە شاعیر تەنیا بۆ ئاماژەدان بە پێگەیەکی دیاریکراو ئەم توخمە بە کار ناهێنێت بەڵکو وەک توخمێک بۆ بەرزکردنەوەی ڕەهەندە بینراو و هەستیارەکانی شیعر سەیری دەکات. ئەم جۆرە لە نیشاندانی شوێن زۆرجار بابەتی و گرێدراوی ئەزموونی زمانیی بەردەنگە:

 لە “درەنگانی دەریا لەبەر پەنجەرە”دا “شوێن”، وەک چەمکێکی گشتچەشن نەک تەنیا پێوەندیی بە شوێنە راستەقینەکانەوە هەیە، بەڵکو پێوەندیشی هەیە بە کەشی دەروونی و سیمبولیکییەوە.

“نسێی سەفەر بە دۆزەخ دا” خوازەیەکە بۆ دیمەنێکی ناخی کە بە بەربەرەکانی یان ئازار دەردەکەوێ. دۆزەخ دەتوانێ وەک حاڵەتێک لە شوێن لێکبدرێتەوە نەک شوێنێکی ڕاستەقینە.

“سێبەری خۆم کە دەبێتە رووبار” ناسنامەی سوژە بە گۆڕانی شوێن گرێ دەداتەوە. سێبەر کە درێژکراوەی سوژەیە، دەبێتە ڕووبارێک، هێمای جووڵە و بەردەوامی. بۆیە شوێن بەشێکە لە ئەزموونی شەخسیی لە بابەتەکەدا.

“دواتر وێنەی نسێکان درێژ دەبنەوە/ بە دیوارەکانی بیرەوەریمەوە”، “دەبێ لە رۆژێکی پشوو دا/ چەند کەس کە هاوواتای باخچەن بنووسمەوە/ لە دەفتەری ژمارە تەلەفوونەکانی ئۆرژانسی دا”. شوێن لێرەدا شؤڕ بۆتەوە بە رابوردووی شاعیر و زمانەوە و بۆتە لێکدراوێک کە دەیکاتە تۆڕێک لە فرەواتای زمانی و دەچێتە ئەوپەڕی واتای سەڵتی خۆیەوە.

هەروەها ناوە تایبەتەکانی وەک “گەلاوێژ”، “رەزبەر”، “رێبەندان”، “خاکەلێوە” هاتووە، کە دەتوانن ئاماژەیەکی جوگرافی یان هێمایی و نیشانەیەک بن بۆ پێناسەکردن بەڵام ئەم واتایانە وەکوو کۆد کار دەکەن و پێویستی بە پاشخانی مێژوویی بەردەنگ هەیە بۆ خۆگرێدانەوە بە واتای پشتەوەی کۆدەکانەوە.

هەر وەک ئاماژەی پێکرا، لە خوێندنەوەی شوێن لەم شیعرەدا دیاردەیەکی فرەچین دەبینین چ راستینە و چ ئەبستراکت. لە ڕێگەی وێنەکانی وەک “شێعرێکم بۆ چۆڵی کۆڵان خوێندباوە” و “هێشووی دەریا”، “رووبار” و “دەبێ لە رۆژێکی پشوو دا/ چەند کەس کە هاوواتای باخچەن بنووسمەوە” شوێنەکان هەم راستین و هەم خوازە و وەک ڕەنگدانەوەی دۆخی دەروونیی سوژە کار دەکەن. واتە پێکهاتەی زمان و بەکارهێنانی وێنە ئەوە روون دەکەنەوە کە چۆن ئەم رەنگدانەوە ئاڵۆزەی شوێن پێکدێت.

لە لایەکی ترەوە، ئەو شوێنانەی لە شیعرەکەدا ئاماژەیان پێکراوە، وەک ” نسێی با/ بە نهێنی پەیکەرەکانی شارەوە”، “سێبەری خۆم کە دەبێتە رووبار/ بە رۆژێکی تەحتیلی غەریبی دا” و “تا نزیک سنوورەکانی ئێوارێ”، هەڵگری هەستێکن لە تەنیایی، دوورکەوتنەوە و دابڕانی شاعیر دەدەبڕن. تەنیایی لێرەدا حاڵەتێکی دوو جۆریی هەیە: هەم ئازاربەخشە “سێبەری تێپەڕین لە ژنێک/ کە سەرەتای ئاژاوە بوو” و هەم سەرچاوەی خوڵقاندن و مانایە؛ وەک “گەر لە کاتی تەنیاییم تێنەپەڕیبا/ لەوانە بوو/ شێعرێکم بۆ چۆڵی کۆڵان خوێندباوە”. هەروەها “ژن” و “چۆڵی” وەک ئامادەبوون و شوێن؛ واتایەکی فرەچینیان هەیە کە بە شێوەیەکی فەرمی بە دووبارەکردنەوە و تێکەڵکردنی توخمە زمانییەکانی دیکە بەهێزتر دەبن.

 

ئەنجام

لە شیعری “درەنگانی دەریا لەبەر پەنجەرە”دا کات و شوێن لە شێوە باوەکان دادەبڕێن و دەبنە دیاردەی گرێدراو بە پێکهاتە و زمانەوە. ئەم تێڕوانینە وا لە شیعرەکە دەکا نەک تەنیا لە ڕووی ناوەڕۆکەوە، بەڵکو لە شێوازی پێشکەشکردنی‌دا ئەزموونێکی نوێ و هونەریی دەخاتە بەردەست. شیعرەکە لێکدراوێکە لە داهێنانی زمانی و واتای قووڵ و پێکهاتەهەڵوەشێنی لە فۆرمدا کە دەبێتە نموونەیەکی ڕوون لە بەکارهێنانی داهێنەرانەی کات و شوێن لە ئەدەبیاتی مۆدێرن دا. بۆیه بەرهەمەکە چ له ڕووی زمان و چ له ڕووی واتاییەوە شایانی شیکاریی قووڵه. بە واتایەکی تر گێڕانەوەی راستەوخۆ یان لۆژیکیی تایبەت نابیندرێ، بە جێی ئەوە وێنە و واتاکان بە شێوەیەکی پرشوبڵاو بەڵام بە زنجیرەیەک پێوەندیی دەروونیی پێکهاتوون. ئەم پرشوبڵاوییە پێکهاتەییە بە جۆرێک نیشاندەری سروشتی لێکدابڕاوی کات و شوێنە لە شیعرەکەدا.

 شاعیر بە بەکارهێنانی وێنەی فرەتوێ و وشەسازیی بەپیت، ئەزموونێکی ناوازە لە خوێندنەوەی شیعرەکە بە دەستەوە دەدات. ئەم توخمانە وەک ئامرازێک بۆ دەربڕینی پاڵپەستۆی دەروونی و ڕەنگدانەوەی هەستی هەڵپەسێران و پارچەپارچەبوون دەردەکەون.

 

بابەتی کۆتایی کە پێویستە ئاماژەی پێبکرێت دووپاتبوونەوەی وشە سەرەکیی وەک “نسێ/سێبەر”، “تەنیایی”، یەکگرتوویییەکی ناوەکی بە شیعرەکە دەبەخشن. بەتایبەتتر “نسێ/سێبەر” وەک هەوێنێکی پێکهاتەیی بە شێوەیەکی وشیارانە دووپات دەکرێتەوە و دەبێتە تانوپۆی شیعرەکە لە رەگەزی واتا و ریتم: “دواتر وێنەی نسێکان درێژ دەبنەوە”، “نسێی سەفەر بە دۆزەخ دا”، “نسێی با/ بە نهێنی پەیکەرەکانی شارەوە”، “سێبەری خۆم کە دەبێتە رووبار”، “سێبەری تێپەڕین لە ژنێک”، “سێبەرم بە درێژایی خیابان دا/ خەریکە گڕ دەگرێ”؛ لێرەدا نسێ/سێبەر لە هەر وێنەیەک‌دا بە شێوەیەکی جیاواز دەردەکەوێ و لە هەر گۆڕانێک دا دەورێکی نوێ دەبینێت لە ڕەنگدانەوەی مرۆڤەوە هەتا دەگاتە خوازەیەک بۆ تێپەڕین و گۆڕانکاری.

هەروەها تەوەرێکی دیکەی شیعرەکە کە دەکرێ خوێندنەوەیەکی سەربەخۆ لەم وتارەی بۆ بکرێت، واتای “تەنیایی” و کەشی دواکەوتنی روودانی ئەو تەنیاییەیە. شاعیر واتای تەنیایی وەک بەشێک لە نەستی فەلسەفیانەی خۆی بەشدار دەکات و بە ڕووداوێکی حەتمی لە درەنگانی ئێستای‌دا بانگی بۆ دەدات.

درەنگانی دەریا لەبەر پەنجەرە

 

درەنگ کەوتووە تەنیاییم

بەتەعبیری ئەوڕۆ هەینی

کە هەڵفڕینی تێدا یاساغە

 

دەبێ پیرۆزبایی وەرزی داهاتوو بکەم

لە دارێک کە درەنگ کەوت لە کات دا

دواتر وێنەی نسێکان درێژ دەبنەوە

بە دیوارەکانی بیرەوەریمە

 

نسێی سەفەر بە دۆزەخ دا

سێبەری تێپەڕین لە ژنێک

کە سەرەتای ئاژاوە بوو

نسێی با

بە نهێنی پەیکەرەکانی شارەوە

کە لە ئاوردا

دەبوونە باڵندە

سێبەری خۆم کە دەبێتە رووبار

بە رۆژێکی تەحتیلی غەریبی دا

دەخوشێ

تا نزیک سنوورەکانی ئێوارێ.

 

گەر لە کاتی تەنیاییم تێنەپەڕیبا

لەوانە بوو

 شێعرێکم بۆ چۆڵی کۆڵان خوێندباوە

تا شۆڕەبییەکان لەخەو راسابان

کچەکان بسکیان لە پەنجەرەوە بەرداباوە

بۆ وەبیرهێنانەوەی ئەفسانە و

وردە وردە وەرزەکانم گۆڕیبایە

 

بۆ وێنە بمنووسیبا پیرۆزە رێبەندان

تا سەری ئاور سووڕ مابا

لە وشەکانم

بمدرکاندبا پیرۆزە مانگێک

 لە دوا ساتەکانی هاوین

بە ئەستێرەیەکەوە کە گەلاوێژە

با کیژێک ناوی خۆی دیباوە

لە زمانم دا

لە مێژووشم دا بووبا هەسارەیەکی دوور

 

رەنگە بمنووسیبا پیرۆزە رەزبەر

مەبەستیشم مەستی نەبا

بەڵکوو بەدارەکانەوە

نیگام بووبا بە هێشووی دەریا

زۆر کاتی دیش پیرۆز دەبوون

تەنانەت خاکەلێوە

جگە لە ساتە تاریکەکانی تەنیایی

 

دەبێ لە رۆژێکی پشوو دا

چەند کەس کە هاوواتای باخچەن بنووسمەوە

لە دەفتەری ژمارە تەلەفوونەکانی ئۆرژانسی دا

 

هاتوو بەیانیی خۆر گیرا

ژمارەیەک دەگرم

 هەموو نازناوەکانی هەتاو بێ

 

نیوەڕۆیەک هیلاک بم

لەبەر هوروژمی خەیاڵێکی تازە

ژمارەیەک بگرم خەونەکان هەموو تەعبیر کا

 

ئێوارەیەک

کە سێبەرم بە درێژایی خیابان دا

خەریکە گڕ دەگرێ

ژمارەیەک دەگرم

یەکەم وڵامی بارانە

 

زۆر کایەی دیکە پێویستن

لەوڕۆدا

 کە یەکەمی مانگی زایینیی ژانە

 

لەبەر پەنجەرە کتێبی دەریا بە دەستەوە

بیر لە بیابان دەکەمەوە

باسی نەهەنگەکان تەواو ناکەم و

تاقەدارێک

لە حیکایەتی دایکم دا وەبیر دێنمەوە

لەبەر پەنجەرە خەریکە وردە وردە

بانگی ژنێک دەکەم ناوی لەیلایە

دەڵێ: درەنگ کەوتووە تەنیاییت

بیرێک لە نەخشەی نیشتمان بکەوە و

پەنجەرەکان بخە سەر پشت.

 

دەبێ وەبیر ئەوینی دارێک بکەمەوە

درەنگ دەبێ ئەگینا

ئەوەی شێعری سبەینێیە

 

ژێدەر:

 

  •  Latter og dialog, utvalgte skrifter, Forfatter: Mikhail Mikhajlovitsj Bakhtin, oversetter: Audun J. Mørch, Utgitt 2003.
  •  Litterær analyse – en innføring, Forfatter: Gitte Mose (red), Per Thomas Andersen (red), Thorstein Norheim (red), Utgitt 2012.
  • فرهنگ انديشه انتقادي از روشنگري تا پسامدرنيته، ناشر: مرکز، مترجم: پيام يزدانجو، نويسنده: مايكل پين، سال انتشار: ۱۳۹۴

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

نامزدها گروه «علوم اجتماعی» جایزه کتاب سال معرفی شدند

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *