خانه / اخبار و رویدادها / رانانی کتێبی بیرەوەرییەک لە لووتکەدا

رانانی کتێبی بیرەوەرییەک لە لووتکەدا

رانانی کتێبی بیرەوەرییەک لە لووتکەدا

محەمەد مێرگەسۆری

رامان و خوێندنەوەی بیرەوەری هەر کەسایەتی و مرۆڤێک، جگە لەوەی سەرگوزشتەیەکی خێرایی ژیان و وێستگەکانی ئەو کەسەمان بۆ وێنا دەکرێ، هاودەم چەندین رووداو و چیرۆکی جیاجیات دێنەوە پێشچاو، کە هەر یەکێکیان لە هەندێ رووی رووداو، ئەکتەر، زەمەن، شوێن، لەوانەیە هاوچۆنییەتی بەشێکی ئەو وێستگە و قۆناغی ڕۆژگار و ژیانی هەر یەکێکمان بێ. واتە جۆرێک لە رەگەزەکانی گێرانەوەکە، هاوتەریبن لەگەڵ گێرانەوە و باس و خواسی ژیانی خۆمان، بە تایبەت بۆ کوردستانیان. کەسایەتی ناسراوی شاری سلێمانی بەرێز وەستا عومەری مەڵکەندی بیرەوەرییەکانی لە دووتوێی کتێبێکی قەبارە ۱۷۱ لاپەڕەییدا بەناوی (لە دامێنەوە بۆ لوتکە)، نووسیوەتەوە و ئامادەی کردووە و پ. د. هۆگر شێخ مەحموود پێشەکی بۆ نووسیووە و پێداچوونەوەی بۆ کردووە. بە سوپاس و خۆشحاڵییەوە دانەیەکی پێشکەش کردین، کە بە خوێندنەوەی کتێبەکە، سەرەنجی راکێشاین بۆ رانان و خوێندنەوەیەکی کورت و پوختی ناوەڕۆکەکەی.

تێرمێکی زانستی و ئەدەبی
ژیاننامە autobiography، وەک تێرمێکی زانستی و ئەدەبی و هونەری لە نێوەندە ئەدەبی و زانستییەکان ناسراوە، کە کەسێک خۆی بیرەوەرییەکانی دەنووسێتەوە، جیایە لەوەی کەسێکتر بیرەوەری biography بۆ بنووسرێ. 

لەو چەند لاپەڕەیەدا، گێڕەرەوە، زۆر جوان دەستپێکی ژیان و زنجیرەی رووداو و بەسەرهاتەکانی هونیوەتەوە، کە لە هەر بەشێکی ناونیشانەکانی بابەت و وێستگەکانی ژیانی، چەند ئاکار و بەهایەکی باڵا و ئامۆژگاری ئاسا لە هزر و بیرمان وێنا دەکەن و دواتر بەپێی قۆناغەکانی دیکەی گێڕانەوەکەی دیمەنێکی پڕ لە ئەندێشەی خەملیو و تراژیدی و پاشان هیوا و ئومێد دەخوڵقێنن، کە هەست بکەین سەرکەوتنی مرۆڤ تەنها لە هەنگاوەکانیدا نییە، بەڵکو هاوتەریب دەبێ خاوەن بڕوا و متمانەبەخۆبووش بێ، تاکو بگاتە لووتکە.
لووتکە (TOP) لەم گێڕانەوەیەدا، گەیشتن نییە بەو ئامانجەی کە هەموومان خوازیارین و بۆی تێدەکۆشین، بەڵکو مانەوەی مرۆڤ و کەسەکانە بەو شێوە راستەقینەیەی خۆی هەیبووە و روانینی بۆ ئەو رابڕدووەشە، کە وای لێکردووە کە پەند و ئەزموونی لێوەرگرێ.
دەمێکە گێڕانەوەی بیرەوەریی، وەک تێرمێکی زانستی و مەعریفی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێ و خاوەن دیدێکی مێژوویی و ئەزموونگەراییە لە فێلدی نووسین و بە گشتی لە فەلسەفە و مەعریفەدا بە تایبەت، لەبەر ئەوەی گێڕەرەوە، جگە لەوەی سەرگوزشتە و رۆژانی ژیانی دەکاتەوە بە رستە و کتێب، ئامانج و مەبەستییەتی پەیام و رازێکش بگێڕێتەوە، کە لەوانەیە هەندێجار خۆی هەستی پێ نەکات یان هەر بە ئەنقەست لە ناوەخنی دێڕەکانیدا بیشارێتەوە و بیکاتە مەتەڵێک، بۆ ئەوەی خوێنەران و ئەوانەی بایەخ بە رۆڵی ئەم جۆرە لە نووسین دەدەن، بە دوای ئەو مانا و مەغزا شاراوانە، مەبەستدارانەدا بگەڕێن، کە جێی بایەخ و تێگەیشتن و توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکانیانە.

پاراستنی جۆرێک لە هاوسەنگی
ناوەخنی ئەم گێڕانەوەیە، تاڕادەیەکی زۆر بابەتیبوونی – Objectivity  پێوە دیارە، بەوەی کە بە رەوانی لەبارەی کۆمەڵێک کار و پڕۆژە و رووداو دواوە، کە وەک خۆی وێنەکەی نیشانداوە. ئەمەش بابەت و لایەنێکی گرنگە بۆ گێڕانەوە و پاراستنی جۆرێک لە هاوسەنگی لەو بابەت و تەوەرانەی نووسیوویەتی و لەگەڵ ئەوەی دوای  ۷۰ ساڵ تەمەن، پێویست ناکا باسیان بکات و بینووسێتەوە. 

هەروەها لەنێو دێرەکاندا رەنج و رۆحی هاریکاری، کۆڵنەدان، متمانە، رێز، پێزانین، وەفا، وردی لە بڕیاردان، خۆلەبیرنەکردن، لەسەرووی هەمووشیان بڕوابوون بە یەزدان و لایەنی رۆحی، هەموو ئەم چەمک و دەستەواژانە لە زنجیرەباس و گرێچنی گێڕانەوەکەدا رووبەرێکیان گرتۆتەوە، کە بۆتە هۆی ئەوەی وەستا عومەر، تەنها وەک حەلوافرۆش، شاگرد، پاسەوان، نەوتفرۆش، وشکەفرۆش، وەستایەک دەرنەکەوێ، کە بە بێ ئەوەی واهەست بکات ئەوسا لە دامێنی گۆیژە و ئەزمر چۆن بووە و چۆن دەستی پێکردووە و ئێستاش هەر بەرەو لوتکە هەنگاو دەنێ،  بەڵکو تا دەگاتە قۆناغی وەستایی و دواتریش خاوەن پڕۆژە و نەخشەی بنچینەیی، خاوەن دیدێکی مرۆییانە و نیشتمانیی و خاکپارێزی بووە و ئاوات و خۆزگەکانی هی خۆی نەبوون، هی شاری سلێمانی و گەڕەکەکەی و ئینجا هەموو کوردستان بوون، ئەو دید و بۆچوونەشی هەتا ئێستاش لەگەڵ باڵا دەکات و هەردەڕۆن و دەڕۆن و دەڵێ: چی باشترینە، چی ‌تازەترینە، چی پێشکەوتووترینە، چی شیاوترینە، دەبێ پێشکەشی ئەم خاک و وڵات و گەلە بکرێ. 

ئاوەدانکردنەوەی زانکۆی سلێمانی
بۆ پشتگیری ئەو چەند دێڕەی سەرەوە، لەساڵی ۱۹۹۲ بە دەستپێشخەری رەحمەتی سەرۆک مام جەلال، هەوڵدرا جارێکیتر زانکۆی سلێمانی دابمەزرێنرێتەوە، وەستا عومەر دڵسۆزانە لەگەڵ چەند کەسایەتی و دڵسۆزیکیتر  دەبێتە سەرمەشقی ئەندازیارانی ئاوەدانکردنەوەی زانکۆی سلێمانی.

بۆیە وەک خاوەنکار و بەڵێندەر و وەبەرهێنێک، بەشێکی زۆری  پڕۆژە و کارگە و کۆمپانیا و ئیش و کارەکانی لەلایەن فابریکە و کۆمپانیای بەناوبانگ و پێشکەوتووەکانی ئەوروپی و جیهانە جێبەجێکراون و دامەزرێنراون. 
لەوانەیە بەرێز و کەسایەتی دیکەی شاری سلێمانی و خاوەنکاری وەک وەستا عومەر مەڵکەندی بیرەوەرییەکانیان چاپ و بڵاوکردۆتەوە، بەڵام ئەم گێڕانەوەیە جیاوازە، چونکە بە زمانێکی زۆر سادە و جوان واقعییانە نووسیویەتی. 

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

نامزدها گروه «علوم اجتماعی» جایزه کتاب سال معرفی شدند

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *