تیۆری چاکسازیی کۆمەڵایەتی لای عەلی وەردی
د. حسام الدین فیاض
ئا: لاپەڕەی کۆمەڵناسی
بەشی یەکەم
کۆمەڵناسی عیراقی عەلی وەردی، بیرمەندێکی گەورە و ریفۆرمیستێکی دیارە لەو توێژینەوە سۆسیۆلۆژیانەی کە سروشتێکی رەخنەییان هەبوو، بە تایبەت ئەوانەی باسی بزووتنەوەی چاکسازیی کۆمەڵایەتییان لە کۆمەڵگە عەرەبی و ئیسلامییەکاندا دەکرد، بۆ زانینی هۆکارەکانی دواکەوتوویی و چەقبەستوویی و رێگاکانی دەرچوون لەم زنجیرە بۆگەنە.
مەرجەعی هزری و فەلسەفیی وەردی لە ژێر کاریگەریی بەها و بنەماکانی سەردەمی رۆشنگەری و مۆدێرنێتەی رۆژئاواییدا بوو، بەو پێیەی پیرۆزییەکی زۆر بۆ كەلەپوور نابینێت. وەردی مەبەستی ئەوەیە کە پێی دەوترێت زاراوەی زانستی، واتە کۆمەڵێک بیروباوەڕ، بەها، داب و نەریت و شتی باوە کە کۆمەڵگایەک لە کۆمەڵگایەکی دیکە جیا دەکەنەوە و، مرۆڤ لە منداڵییەوە لەسەریان پەروەردە کراوە، بەڵام دواتر تێیاندەپەڕێنێت و لە واقیعدا رەخنەیان لێ دەگرێت، واتە لەگەڵ ئێستا و واقیعدا رەخنە لە دەقی کۆن و مێژوویی دەگرێت، بۆیە لە رەخنەگرتن و ئاسۆ فراوانیدا هەموو بیرمەندانی سەردەمی خۆی تێپەڕاندبوو. وەردی لە ماوەی ژیانیدا و دوای مردنیشی مشتومڕێکی زۆری لەسەر بۆچوونەکانی بەدوای خۆیدا هێنا. بەڵگەشمان بۆ ئەمە ئەوەیە کە هاوسۆز بوو بۆ بابەتی چەشنە چەقبەستووەکان کە لە منداڵییەوە لە کۆمەڵگەی خۆجێیدا لەگەڵیان گەورە ببوو.
عەلی وەردی پسپۆڕ بوو لە لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵگەی عەرەبی بە گشتی و کۆمەڵگەی عیراقی بە تایبەتی، ئەو بانگەشەی بۆ شۆڕشێک دەکرد لە بیرکردنەوەی کۆمەڵایەتیدا لەماوەی دانانی تیۆرەیەکی کۆمەڵایەتی و میتۆدۆلۆجیایەکی زانستی و گریمانەگەلێک کە شیاو بن بۆ لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵگە و کەسییەتی عیراقی.
سەبارەت بە پرۆسەی چاکسازیی کۆمەڵایەتی، ئەو هێزە نائاگایانەی کە ئەقڵ و کۆمەڵگە بەرتەسک دەکەنەوە، چواندی بەو فشارە بەرگەهەواییەی کە قورسایی زەبەلاح هەڵدەگرن بە بێ ئەوەی هەستیان پێبکەین، مەگەر بچینە شوێنێکی دیکە کە فشاری بەرگەهەوای جیاوازە. بەهەمان شێوە ئەقڵی مرۆڤ هەست بە بارگرانی ئەو چوارچێوە فیکرییە ناکات کە بەرتەسکی دەکاتەوە، مەگەر هەنگاو بنێتە کۆمەڵگایەکی تر و کەلتورێکی ترەوە، ئەو کاتە تێبینی دەکات کە بیرۆکە و بەها و چەمکی تر هەن کە جیاوازن لەوەی کە پێی ئاشنایە.
زۆربەی ئەو شەڕ و ئازاردانەی مرۆڤ لە دژی یەکتر دەیکات بەرهەمی ئەو چوارچێوە فیکرییەن کە ئەقڵی مرۆڤ بە کۆت و بەند و دیل دەکات. وەردی هەوڵێکی زۆری دا بۆ ئەوەی نیشانی بدات کە ئەو بێ توانایی و کەموکورتییەی کە ئەقڵ پێوەی دەناڵێنێت، بەهۆی ئەو چوارچێوە فیکرییەوەیە کە کۆت و بەندی ئەقڵ دەکات لەکاتی بیرکردنەوە یان تێڕوانینی بۆ هەلومەرجە جیاوازەکان. ئەو کۆت و بەندانەی رێگرن لە ئەقڵ بریتین لە (کۆت و بەندی دەروونیی ئاگایی یان نا ئاگایی، کۆت و بەندی کۆمەڵایەتی وەک ئینتیما بۆ گروپ یان هەرێمێک یان تایەفەیەک یان کۆت و بەندی ژیاری کە هەموو گروپەکان لە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا تێیدا بەشدارن). هاوکات کۆت و بەندەکان ئاماژەن بۆ ئەوەی کە ئەقڵی مرۆڤ بەرهەمێکی کۆمەڵایەتییە، هەروەها ئەو راستییانەی کە ئەم ئەقڵە خاوەنێتی و بەرگری لێ دەکات، راستی رەهان و، دەرئەنجامی پڕۆسەی ئامادەکاری کۆمەڵایەتین کە هەوڵی چەقبەستوو و قاڵبدانی بیری مرۆڤە.
ئەرکی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی هەوڵدانە بۆ لە قاڵبدانی ئەقڵی مرۆڤ، بەو پێیەی کە دروستکراوێکی کۆمەڵگەیە، هاوکات ئەو ئەقڵە گەشە ناکات و پێناگات مەگەر لەناو بەرکەوتنی کۆمەڵایەتی و کارلێکی مرۆڤایەتیدا نەبێت. لەم بارەوە وەردەی دەڵێت: (هیچ مرۆڤێک ئەقڵی گەشە ناکات مەگەر لە چوارچێوەی ئەو قاڵبەدا نەبیت کە کۆمەڵگە بۆی دروست کردووە. ستەمە داوا لە مرۆڤێکی سەرەتایی بکەین کە فەلسەفەیەکی ئاڵۆزی وەک فەلسەفەی بێرگسۆن یان بیرکارییەکی ئاست بەرزی وەک بیرکاری ئەنیشتاین بەرهەم بهێنێت).
سەرچاوە:
ماڵپەڕی (مؤمنون بلا حدود للدراسات والأبحاث).