د. سەمەد ئەحمەد
ساڵانێکى زۆر پێش ئێستا، ئەوكاتەی تەمەنم (۱۲) ساڵ بوو، لە پۆلی شەشی سەرەتایی بووم، لەهەر شتێك زیاتر حەزم لە یاریی فوتبۆڵێن بوو.. چاكم لە بیرە، تەواوی ساڵانی منداڵیی و چەند ساڵێكی تەمەنی هەرزەكاریش، هەرگیز وەكو كەسێكی ئاسایی بە رێگادا نەدەڕۆیشتم، ئەوێ رۆژێ لە رۆشتنمدا دار و بەرد و قوتوو و تەنەكە و هەرچی تریش بهاتایە رێگام، بۆخۆمم دەكرد بە تۆپ و شەق و نوكە شەقم لێ دەدان. لەسەر ئەم ئەتوارەم دایكم هەمیشە لێم توڕە دەبوو، سەرزەنشتی دەكردم.
من كە خەڵكی كەركوكم، ماڵمان لە گەڕەكی شۆرجە بوو، شۆرجە هەتا رووخانی رژێمی بەعس، گەڕەكێكی كەم ئاو و زۆربەی كاتیش بێ ئاو بوو. دایكم هەفتانە بۆ شۆردنی ئێمە و جلە چڵكنەكانمان، دەیبردین بۆ ماڵی دایكی، ماڵی نەنكم لە گەڕەكی ئیسكان بوو، ئەوان هەمیشە ئاویان هەبوو. ئێمە ئەم رێگەیەمان هەر بە پێ دەبڕیی كە سەعاتێك زیاتر بوو.. جارێك لە جاران، مەگەر هەر خۆم و خوا بزانین چەند حەزم دەكرد زوو بگەینە ماڵی نەنكم، چونكە بەڵێنی ئەوەیان پێدابووم كە تۆپێكم دەدەنێ!.
بـــە ئومـــێدی دەستخســــتنی تــــۆپ، چێشتەنگاوی رۆژێكی هاوین، گەیشتینە ماڵی نەنكم (خاڵم – شەهید مستەفا گەرمیانی) بەخێری هێناین، خاڵم ئەوكاتە گەنجێكی تازە هەڵچوو بوو، لە رادەبەدەر خۆشەویستیی بۆ ئێمە هەبوو، خۆشەویستیی ئێمەش بۆ ئەو هەر وابوو (بە داخەوە ئەم ئازیزەم لە ۱۶ ی تەمموزی ساڵی ۲۰۰۷، لەتەقینەوەیەكی تیرۆریستیدا، لە كەركوك شەهید بوو). خاڵم دەستی گرتم و وتی ئەمڕۆ دەتبەم بۆ شوێنێكی خۆش. من كە دڵم هەر لەلای تۆپەكەم بوو، زۆر دڵشاد نەبووم بەم داوەتە، پاشان وتی: دەتبەم بۆ كتێبخانە، كتێبخانە شوێنێكە پڕ لە كتێب. خاڵم بردمی بۆ كتێبخانەی گشتیی كەركوك، ئەوە یەكەمجار بوو شوێنی ئاوها ببینم، شوێنێكی فێنك و دڵگیر بوو، بەڵام من دڵم هەرلەلای تۆپەكەم بوو، دوای تاوێكی كەم لە دانیشتن، خاڵم بە دووكتێبەوە گەڕایەوە، یەكێ بۆ من و یەكێ بۆ خۆی، ئەوەی من كتێبێكی بچووك بوو، هێندە فامیدە نەبووم كە دیقەت لە ناونیشان و ناوی نووسەرەكەی بدەم، بەڵام ناوەڕۆكەكەیم لەبیرە كە چیرۆكێكی داستان ئامێزبوو.. بە نابەدڵییەوە كەوتمە موتاڵاكردن و هەڵدانەوەی لاپەڕەكانی، چیرۆكەكەم لە گیان خۆش بوو، بە ئاسانی لەگەڵیدا رۆیشتم .. نەخێر تا دەهات زیاتر لە رووداوەكان نزیك دەبوومەوە، دڵگەرمانەتر دێڕ بە دێڕم دەخوێندەوە و لاپەڕەم هەڵدەدایەوە.. ئیدی تەواو بەوپەڕی شانازی و خۆشحاڵییەوە بووم بە دیلی كتێبەكە .. ئاگام لە كات و لە خۆم و لە دەوروبەرم نەما، نازانم چەندی پێچوو، من هەر سەرقاڵی خوێندنەوە بووم، لەم كاتەدا خاڵم وتی: نەڕۆین؟
– زۆرم نەماوە، با تەواوی بکەم..
خاڵم دەسخۆشی و ئافەرینی لێكردم، من دەستم كردەوە بەخوێندنەوە، ئەو بەدیارمەوە راوەستا هەتا كتێبەكەم تەواو كرد.. پاشان بردمی بۆ بازاڕ و لەفە و شەربەت و كاستەر و چلورە و نازانم چی تریشی بۆ كڕیم، بەڵام لەلای من تامی هیچیان هێندەی تامی رووداوەكانی ناو كتێبەكە خۆش و بەلەزەت نەبوون، ئەوە یەكەم تامی خۆش و پڕ چێژی كتێب بوو كە كردم، لەو رۆژەوە من و كتێب بووین بە هاوڕێ. لەو رۆژەوە هەتا ئەمڕۆ، كتێب وەك هاوڕێیەكی بەئەمەك لە تەنهاییدا، بەبێ دەنگیی حیكایەتی پڕ لە حیكمەتم بۆ دەگێڕێتەوە، لە چۆڵەوانیی دڵدا ئاوەدانیم بۆ ساز دەكات، كاتێكیش نەفامی و نەزانیی دەوروبەرم لێڵ و تاریك دەكات، كتێب بەهانامەوە دێت و بەری دیدەم رووناك دەكاتەوە. ئەوكاتانەشی رقو کینە، تەماح و چاوچنۆكیی،خۆپەرستیی هۆش و جەستەم داگیر دەکەن، كتێب بۆم دەبێتە فریشتەی رەحمەت و نەفرەت لە رەفتارە ئەهرەمەنییەكانم دەكات، لەجێی وی تۆوی خۆشەویستی، لێبوردەیی، میهرەبانیی، دادپەروەریی، هێمنیی، عیزەت و غیرەت دەچێنێت.
لە ژیانمدا چەندین شوێن گەڕاوم، بەچاوی خۆم دیمەنی جوان و ناشرینم بینیوە، بەڵام كتێب لێنەگەڕاوە كە هەر لە ئێستادا بژیم و تەنها كوڕی یەك سەردەم بم، ئەو بەسەلیقە و شارەزایی ودەوڵەمەندیی، لەلایەك گەڕاندومێتییەوە بۆ رابردوو و بردومیی بۆ ناو دڵی مێژوو. بە هاوڕێیەتی كتێب بوومەتە گەڕیدە و بە كوچە وكۆڵانەكانی مەملەكەتەكانی سۆمەر و بابل و ئاشور و یۆنان و فیرعەونەكاندا پیاسە دەكەم.. بە داب و نەریتیان، بە ئاین و بیر وباوەڕیان، بەژیانی كۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوورییان، بەجل وبەرگیان، بە خواردنیان، بەیاسا و رێسایان، بە هەمووشتێكیان ئاشنادەبم. لەلایەكی تریشەوە هەر كتێبە كردومییەتی كوڕی ئایندە و هۆش و فامم ناچار دەكات كە پێشبینی ئایندە بكەم، بۆ ئەوەی بێ ئەمەک نەبم لە بەرامبەر كتێبدا كە هاوڕێی تەمەنمە، زەحمەتە بتوانم باس لە كاریگەریی یەك دوانێكیان بكەم و ئەوانی دی فەرامۆش بكەم، هەر هێندە دەڵێم: كتێب سەرچاوە بووە بۆ خۆناسین و ئەوی دی ناسیی و دەوروبەر ناسینم، ئەگەر وابێت چۆن خۆم بە قەرزاری پیت و وشەو رستە و دێڕ و لاپەڕەی كتێب نەزانم؟ چۆن دەكرێت فەرامۆشی بكەم؟ نەخێر و سەد جار نەخێر. لەدوای ئەوەندە ساڵە لە پەیوەندیی و دۆستایەتی من و كتێب، ئێستا لەهەر كاتێك زیاتر شەیدا و عاشقیم، رۆژانە و بەبەردەوامیی دەخوێنمەوە، كتێب لە ئامێز دەگرم، ماچیان دەكەم، ئەوانیش عەیش و خۆشیم پێ دەبەخشن.
هەر لە منداڵییەوە دڵم بەخشیوە بەكتێب، ئێستا كتێبخانەكەم لەسێ ژوردا جێكردووەتەوە، ئەگەر رەفە و خانەکانى هاوشانی یەك ریزبكەم، درێژییەکەى (۲۰) مەتر و بەرزیییەکەی دوو مەتر و نیو دەبێت.. ئیدی بیهێننە پێش چاوی خۆتان و مەزەندەی بكەن كە چەند هەزار كتێبم هەیە، بەڵام من لەوەتەی فامم كردووەتەوە لەناو دەریای كتێبدا مەلەدەكەم، كەچی هێشتا هەر تینووی پیت و وشە و رستە و دێڕ ولاپەڕەم، لەم رووەوە هەست دەكەم زمانم وشكە. دەزانم لەبارەی بایەخ و گرنگیی كتێبەوە كەمم وتووە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا نامەوێت لەمە زیاتر فرەوێژیی بكەم، چۆن كەسی تینوو بەباسكردنی فێنكایی و خۆشی و چێژی ئاو، تینووێتی ناشكێت، لەبری باسكردن، پێویست دەكات بابای تینوو، شەربە ئاوێك هەڵقوڕێنێت، هەر ئاوها دەزانم من بەم چەند دێڕە هەرگیز ناتوانم تینوێتی تۆ بۆ كتێب بشكێنم، دەی كەوابێت خۆت وەرە بین بنێ بە ئاوی سازگاری دەریای كتێبەوە و تینووێتیت بشكێنە، ئەوجا لە من باشتر دەزانیت چێژی كتێب چەند زۆرە و لە چیدایە؟!