خانه / اخبار و رویدادها / مزگه‌وتێکی دێرین و ناوەندێکی خوێندەواریی سلێمانی

مزگه‌وتێکی دێرین و ناوەندێکی خوێندەواریی سلێمانی

مزگه‌وتێکی دێرین و ناوەندێکی خوێندەواریی سلێمانی

پ.د.ئاراس محەمەد ساڵح

مزگەوتی سەید ئەحمەدی نەقیب یەکێکە لە مزگەوتە دێرینەکانی سلێمانی، بە وردی نازانرێت لە چ ساڵێکدا بنیاتنراوەو لەمبارەیەوە بۆچوونی جیاواز هەیە، بەڵام بەوپێیەی کەوتووەتە یەکێک لە گەڕەکە کۆنەکانی سلێمانی و بە تەنیشتی سەراوە دروستکراوە، ئەو بۆچوونە بەهێزە کە پێیوایە لەگەڵ دانانی بەردی بناغەی شاردا دروستکراوە.
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان سەرای سلێمانی لە پێش مێژووی سلێمانییەوەو لە ساڵی ۱۷۷۶ز لەلایەن مەحمود پاشای بابانەوە دروستکراوە، لەوکاتەدا شوێنی سەرا کەوتوەتە سەرەڕێگای کاروانی بازرگانی نێوان شارەکانی کەرکوک و بەغدا، کە بەرەو هەرێمی شارەزور و ئێران رۆیشتووەو لەوێشەوە بە پێچەوانەوە گەڕاوەتەوە، هەربۆیە لەو شوێنەدا سەراو دەبۆ و خاڵی گومرگ دانراوە.
لەدوای کوژرانی سلێمان پاشاوە لە ساڵی ۱۷۶۵ز دا، مەحمود پاشا و میرو کاربەدەستانی بابان لەبیری ئەوەدا بوون کە شوێنێکی گونجاو بۆ پایتەختی میرایەتییەکەیان بدۆزنەوە، سەرەتای ئەو بیرۆکەشیان بە دروستکردنی سەرای سلێمانی بووە، لەدوای دروستکردنی سەراوە، کە ژمارەیەک فەرمانبەر و دەستەی پاراستنی ئەو جێگایە، لەو خاڵە گومرگییەدا دەوامی رۆژانەیان کردووە، هەربۆیە پێویستییان بە مزگەوت و شوێنی نوێژکردن هەبووە، لێرەدا ئەو بۆچوونەی دەڵێت، ئەم مزگەوتە لە ساڵی ۱۷۷۸ز دروستکراوە بەهێز دەبێت.
بۆچوونی دووەم ئەوەیە لەگەڵ بنیاتی سلێمانییدا بەتەنیشت سەراوە دروستکراوە، لەدوای گواستنەوەی پایتەختی میرایەتی بابان لە قەڵاچوالانەوە بۆ سلێمانی، میرو کاربەدەستانی دەوڵەت رۆژانە لە سەرادا ئیشوکاریان راپەڕاندووە، لەوکاتەدا پێویستیان بەمزگەوت هەبووە، لێرەدا ئەگەری بەهێزە کە ئەم مزگەوتە لەگەڵ دانانی بناغەی شاردا دروستکراوە.
رووبەری گشتی شوێنی ئەم مزگەوتە(۱۱۲۷م) چوارگۆشەیە، لەسەرەتادا رووبەرەکەی زیاتر بووە، بەهۆی دروستکردنی شەقامی نوێ و نەخشەی کۆڵانەکان و هەندێ بیناسازی ترەوە، بەشێک لە زەوی مزگەوتەکە بەر ئەو پرۆژە نوێیانە کەوتوە، ئەوانەش وایکردووە بەشێک لە شوێنی مزگەوتەکە کەمبێتەوە.
لەبارەی ئەوەی کێ سەرەتا مزگەوتەکەی دروستکردووە، لێکدانەوەی جیاواز هەیە، ئەوانەی باسی مێژووی ئەم مزگەوتە دەکەن ئاماژە بەوەدەکەن کە لەلایەن سەید مەحمودی شێخ مارفی شێخ حەسەنی گڵەزەردەوە دروستکراوە، سەید مەحمودی نەقیب زانایەکی گەورەو خاوەن پێگەی بەهێزبووە، فەقێی شێخ مارفی نۆدێی بووەو هەرلای ئەویش ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە، لەبەرئەوەی فەقێیەکی بەتوانا و زانایەکی هەڵکەوتوو بووە، شێخ مارفی نۆدێی کچی خۆی پێداوە، ئەم زانا بەهرەمەندە یەکەم کەس بووە کە مزگەوتەکەی دروستکردووە، یان سەرەتا مزگەوتێکی بچووک و سادە بووە، ئەم فراوانی کردووەو جارێکی تر بنیاتیناوەتەوە، چونکە سەید مەحمودی نەقیب لە دەوروبەری ساڵی ۱۷۷۰ز لەدایک بووە، کاتێک بناغەی سلێمانی دانراوە ئەو تەمەنەی نەبووە مزگەوت دروست بکات. بەڵام ئەوەی هەتا ئێستا یەکلایی بووەتەوە ئەوەیە، کە سەید مەحمودی نەقیبی گڵەزەردەیی یەکەم پێشنوێژو مامۆستای ئەم مزگەوتە بووە، لەم مزگەوتەدا لەگەڵ ئیشوکاری دەرس و پێشنوێژیدا، لەبەرئەوەی نەقیبی ئەشراف بووە، خاوەنی دیوەخان بووەو هەمووکات دیوەخانەکەی جمەی هاتووە لە خەڵکی بۆ حەوانەوەو چارەسەری کێشەکانیان.
سەید مەحمودی نەقیب یەکەم نەقیبی سەیدەکانی بەرزنجە بووە لە شاری سلێمانیدا، وەکو مامۆستا ئەمین زەکی بەگ ئاماژەی پێکردووە، بەهۆی بەهێزی پێگەی زانستی و کۆمەڵایەتییەوە کراوەتە نەقیبی ساداتی بەرزنجە، زانایەکی گەورە بووەو حاشیە و پەراوێزی بەسەر هەندێ لە کتێبە زانستییەکانەوە نووسیوە، میری بابان  بە نوێنەرایەتی خۆی ناردوویەتی بۆ تاران و ئەستەمبوڵ، لە ساڵی ۱۸۵۸ز کۆچی دوایی کردووەو لە گردی سەیوان نێژراوە.
لەدوای مردنی سەید مەحمود نەقیبەوە، کوڕەکانی شوێنی باوکیان گرتوەتەوە، بە تایبەتی سه‌ید ئه‌حمه‌دی نه‌قیب و شێخ حسێنی قازی، سەید ئەحمەد لە مزگەوتەکەی باوکیدا بووەو شێخ حسێنیش لەگەڕەکی سەرشەقام مزگەوتێکی كردوەتەوەو دواتر بەناوی خۆیەوە ناسراوە، ئەم مزگەوتە دێرینە هەتا ئێستا ماوەو یەکێکە لە مزگەوتە شوێنەوارییەکانی سلێمانی. 
لەدوای کۆچی دوایی سەید ئەحمەدی یەکەم، سەید ئەحمەدی نەقیبی دووەم جێگەی گرتوەتەوە، لەبەرئەوەی کوڕ و باوک بەدوای یەکدا هەردووکیان ناویان سەید ئەحمەد بووە، بە سەید ئەحمەدی یەکەم و دووەم ناودەبرێن، سەید ئەحمەدی نەقیبی یەکەم لە ساڵی ۱۸۲۵ لە سلێمانی لەدایک بووە، لای مامۆستاکانی ئەو رۆژگارە خوێندوویەتی، دوای تەواوکردنی خوێندن، بووەتە پێشنوێژ و مامۆستای مزگەوتی خۆیان.
سەید ئەحمەدی نەقیب بەهۆی سەرقاڵی و ئیشوکاری زۆریەوە لە رۆژگاری خۆیدا داوای لە مەلا عەبدولڕەحمانی پێنجوێنی کردووە کە بچێتە مزگەوتەکەیان بۆئەوەی پرۆسەی خوێندن دوانەکەوێت و بەهۆی ئەم مامۆستا گەورەیەوە خەڵکێکی زیاتر لە فەقێی بە توانا رووبکەنە ئەم مزگەوتە.
 ئەم زانا بەهرەمەندە ژمارەیەک حاشیە و دانراوی هەیە بەسەر کتێبە زانستییەکانەوە، ئەندامی ئەنجومەنی لیواو نەقیبی سادات و زانای ئایینی بووە، لەبەرئەوەی پێگەیان بەهێز بووەو لای دەسەڵاتدارانی ئەو رۆژگارە رێزی زۆریان لێگیراوە، هەندێکجار میرو پاشاکانی بابان بە نوێنەرایەتی خۆیان ناردوویان بۆ وڵاتانی دەوروبەر، ئەم زانا بەهرەمەندە لە ساڵی ۱۸۷۹ز، کۆچی دوایی کردووەو لە گردی سەیوان بە خاک سپێراوە.
لەدوای کۆچی دوایی سەید ئەحمەدی نەقیبی یەکەم، سەید ئەحمەدی دووەم جێگەی باوکی گرتوەتەوە، ئەم زانایە لە ساڵی ۱۸۶۳ز لە شاری سلێمانی لەدایک بووە، لای مامۆستایانی رۆژگاری خۆی خوێندوویەتی، بەشی زۆری خوێندنی لای شێخ مستەفای بەرزنجی بووە، لەدوای تەواوکردنی خوێندن لە مزگەوتەکەی خۆیاندا خزمەتی کردووە.
لەگەڵ خزمەتی مزگەوتدا نەقیبی شێخانی بەرزنجە بووەو رۆژانە سەرقاڵی ئیشوکاری شێخان و خەڵکی بووە بەگشتی، لەگەڵ کاربەدەستانی ئەو رۆژگارەدا پەیوەندیی باشی هەبووە، سەردانی ئەستەمبوڵی کردووەو چاوی بە دەسەڵاتدارانی دەوڵەت کەوتووە، لە یەکێک لە سەفەرەکانییدا یاداشتەکانی بە زمانی عەرەبی نووسیوەتەوە لە ژێرناونیشانی(نفح الطیب في تاریخ رحلة سید احمد النقيب) ئەم یاداشتە زانیاری زۆری تێدایە لەبارەی رەوشی ئەو رۆژگارەو بیرکردنەوەی خەڵکی و چۆنیەتی ژیانیان.
سەید ئەحمەدی نەقیب لە ساڵی۱۹۱۰ لەگەڵ ژمارەیەک لە پیاوە گەورەکانی سلێمانی لە رێگەی کەرکوک-بەغداد-بەسرەوە سەفەری حەجی کردووە، لەهەموو جێگاکان رێزی زۆری لێگراوەو پێشوازی کراوە، لەدوای تەواوکردنی مەراسیمەکانی حەج، لە شاری مەدینە بە نەخۆشی کۆچی دوایی کردووەو لە گۆڕستانی (بەقیع) بە خاک سپێراوە.
سەید ئەحمەد شاعیر بووە و لە دوای خۆی دیوانێکی شیعری و ژمارەیەک دانراوی بەجێهێشتووە، لەبەرئەوەی شیعرەکانی لەکاتی خۆیدا بڵاونەکراوەتەوەو زۆرێکیان لەناوچوون، ناوەڕۆکی شیعرەکانی بە زۆری رەخنەیە لە رەوشی ئایینی و کۆمەڵایەتی ئەو رۆژگارەی تێدا ژیاوە.
لەدوای کۆچی دوایی سەید ئەحمەدی دووەمەوە، سەید نوری نەقیبی برای سەرپەرشتی مزگەوتەکەی کردووە هەتا لە ساڵی ۱۹۵۵کۆچی دوایی کردووە، لە مزگەوتی گەورەی سلێمانییدا بەخاک سپێراوە. 
لەدوای مامۆستایانی بنەماڵەی نەقیب ژمارەیەك مامۆستای تر لەم مزگەوتەدا خزمەتیان کردووە، لەوانە: مه‌لا موحه‌مه‌دی ره‌ش، مه‌لا شێخ عه‌زیزی سابڵاخی، مه‌لا محه‌مه‌دی چروستانی، مامۆستا سه‌ید عارفی چۆڕی، مەلا ئەحمەدی قازی پێنجوینی، مەلا هیبەتوڵای پێنجوێنی، هەریەکە لەم مامۆستایانە پێشنوێژو مودەریس بوون، حوجرەو فەقێیان هەبووەو تەدریسیان کردووە، لەم مزگەوتەدا زیاتر لە دوو سەدە پرۆسەی خوێندن بەردەوام بووە، لەوماوەیەدا ژمارەیەک زانای گەورە وانەیان تیدا وتوەتەوەو سەدان فەقێ لە زانستیان بەهرەمەندبوون و لەدوای تەواوکردنی خوێندن خزمەتیان کردووە.
هەروەها بەهۆی ئەوەی شوێنی نەقیبەکانی ئەشرافی شار بووە، وەک ناوەندێکی کۆمەڵایەتی و بەردەوام جێگەی کۆبوونەوەی خەڵکی و پیاوانی دەوڵەت و خەڵکی رێبوار و هەژار و لێقەماو بووە، بنەماڵەی نەقیبی گڵەزەردەیی بەرزنجەیی و بەردەوام لە خزمەتی مزگەوت و زانست و ئەدەب و خەڵکی هەژار و لێقەماودا بوون لەم مزگەوتە و دیوەخانی خۆیاندا.
ئەم مزگەوتە یەکێکە لە مزگەوتە دێرین و شوێنەواریەکانی سلێمانی، لەئێستادا کاک شێخ محەمەدی شێخ تاهیری نەقیب وەک سەرپەرشتیاری مزگەوتەکە دیارییکراوە، پێشنیازدەکەین بۆ لایەنە بەرپرسەکان کە ئەم مزگەوتە و هەموو مزگەوتە دێرینەکانی سلێمانی لەسەر شێوە تەلارسازییە کۆنەکەیان دروستبکرێنەوەو وەک شوێنێکی شوێنەواری دیارییبکرێن و مێژووی دروستکردنی و ناوی ئەو کەسانەی بنیاتیاناوەو ئەو مامۆستایان خزمەتیان تێداکردووە لەسەر تابلۆیەک بنووسرێت و لە ناو مزگەوتەکەدا دابنرێت، بۆئەوەی ئەو کەسانەی رۆژانە سەردانی ئەو شوێنانە دەکەن ئاگاداری ئەو مێژووە بن، لەهەمانکاتدا کارئاسانی دەکات بۆ توێژەران و رۆژنامەنووسان لەکاتی لێدوان و لێکۆڵینەوەکانیاندا زانیاری دروست پێشکەش بە خەڵکی دەکەن.
سەرچاوەکان:
۱ –  محەمەد ئەمین زەکی بەگ، تاریخی سلێمانی وە وڵاتی، چاپی دووەم ۲۰۰۵، بنکەی ژین، سلێمانی.
۲ – سەید ئەحمەدی نەقیب، دیوانی سەید ئەحمەدی نەقیب، ئامادەکردنی: مەحمود ئەحمەد محەمەد، چاپی یەکەم ۱۹۸۵بەغداد.
۳ – ئەکرەمی ساڵحی رەشە، شاری سلێمانی ۲۰۰۰ساڵ، چاپی سێیەم ۲۰۱۱ سلێمانی.
۴ – محەمەد عەلی قەرەداغی، بوژاندنەوەی مێژووی زانایانی کورد لەڕێگەی دەستخەتەکانیانەوە، چاپی یەکەم ۲۰۱۱، دەزگای ئاراس- هەولێر، بەرگی نۆیەم.
۵ – عبدالکریم محمد المدرس، علماؤنا فی خدمة العلم والدین، الطبعة الاولی ۱۹۸۳، بغداد.
۶ – محەمەد قزڵجەیی، ناساندنێکی مزگەوتەکانی سلێمانی و خوێندنگە ئایینیەکانی، وەرگێڕانی: د. ئاراس محەمەد ساڵح، چاپی یەکەم ۲۰۱۳، سلێمانی.
۷ – عەلی شێخ وەهاب، گۆڤاری سلێمانی،ژمارە۲۰۵ مانگی (۶) ۲۰۲۲٫

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

دیوانی مەولود ئۆغۆز (لیریکا بەربانگ) بڵاوکرایەوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *