کتێبی “هێماکانی دونیای ڕۆمان” بڵاو دەکرێتەوە
کتێبی هێماکانی دونیای ڕۆمان، گفتوگۆیەکی درێژە دەربارەی ڕۆمان و هێماکانی لە نێوان هەر دوو ڕۆماننوس نەبەز گۆران و بەختیار عەلیدا. ئەم بەرهەمە لە ماوەیەکی نزیکی داهاتوودا دەکەوێتە بەر دەستی خوێنەران.
خاڵی سەرەکی گفتوگۆکان لەم کتێبەدا، لێدوانە لەسەر شێوازی دەرکەوتنەوەی هێماکان لە تێکستدا، خوێندنەوەی ئەو گۆڕانکاریی و لادان و ڕاڤەکارییانەیە کە بەسەر ڕەمزە گەورەکاندا دێن.
نەبەز گۆران سەبارەت بەم بەرهەمە دەڵێت: گفتوگۆ کردن لەگەڵ کاک بەختیار عەلی سەرنجڕاکێشە، هەمیشە لە شوێنێکەوە قسە دەکات، کەمترین نیگای کەوتووەتە سەر، یان بڵێم: بەردەوام دیدگایەکی نوێ دەخاتە ڕوو، کە دنەی بیرکردنەوە دەدات سەر لە نوێ بۆ گۆشە نەبینراوەکان بگەڕێت. ئەم کتێبە،گەر بڵێم: ئیشکردنێکی نوێیە، لە دونیای ڕۆمانی کاک بەختیار عەلی وتنێکی نادروست نییە، پێشتر بەمجۆرە و بەم چڕییە ئیش لەسەر هێما سازی ناو ڕۆمانەکانی نەکراوە. ئەوەندەی ئاگادارم ڕیشەناسی بۆ هێماکانیش نەکراوە، یانی: دونیای ڕەخنەی ئێمە،کاتێک بەر ئەم کتێبە دەکەوێت، بەر ڕیشەیەکی قوڵی مێژوویی و هێماسازی ناو دونیای ڕۆمان و زمان دەکەوێت، کە پێشتر لەبارەیانەوە هوشیارییەکی قوڵ نەبووە.
ئەم کتێبە لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی رەهەندە.
لە بەشێک لەکتێبەکەدا ھاتووە: (لای من کەشتی کەرەستەی پەڕینەوە بووە بەرەو جێگایەک، کە لەسەر نەخشەی ڕاستەقینە بوونی نییە، واتە کەرەستەی جوڵەیە بەرەو مەحاڵ. خەونی سەرەکی پاڵەوانەکانی من ئەوە نییە لە شارێکەوە بچنە شارێکی دی، لە وڵاتێکەوە بچنە وڵاتێکی دی، لە سایەی فەرمانڕەوایەکەوە بگوازنەوە بۆ سایەی فەرمانڕەوایەکی تر، بەڵکو مەبەستی سەرەکیان ئەوەیە لە سەردەمێکەوە بگوازنەوە بۆ سەردەمێکی تر، لە شێوە ژیانێکەوە بۆ شێوە ژیانێکی تر، لە واقعێکی تاریک و نەگۆڕەوە بۆ جیهانێکی کراوە و پڕئەگەر. لە دۆخی وەهادا کەشتی وەک کەرەستەیەکی مەجازیی، وەک هێمایەکی شیعریی و ئەفسانەیی بۆ ئەو گواستنەوەیە کاردەکات)