لە یادی شەست و حەوت ساڵەی كۆچی دوایی شاكر مەجرومدا
ئومێد شێركۆ شاكر مەجروم
شاكر عەبدولعەزیز محەمەد عەبدولئەمیر ناسراوە بە شاكرمەجروم، ساڵی ۱۸۹۴ی زاینیی لە شاری سلێمانی لەدایك بووە، لە بنەڕەتدا بنەماڵەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەی (وان) لە باكوری كوردستان، لە شۆڕشی شێخ مەحموود بەشدارێكی بەرچاوی دەبێت، تەنانەت لە حكومەتی شێخ مەحمووددا پۆستی دەدرێتێ بە پلەی (مودیری پۆستە و تەلەگراف) دادەمەزرێت. كەمال رەئوف محەمەد لە بەرنامەی رۆژێ لە رۆژان كە لە رادیۆی كوردی لە بەغدا پێشكەش دەكرا، وتی: (باوكی شاكر مەجروم) عەبدولعەزیز یەكەم كەس بووە كە ئامێری تەلەگرافی هێناوەتە كوردستان. شاكرمەجروم كەسێكی باوەرپێكرا بووە لە لای شێخ مەحمود، دوای رووخانی حكومەتی شێخ مەحمود دەستگیر دەكرێت دوای دادگاییكردنی بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەردەچێت، بەڵام جێبەجی ناكرێت سزاكەی دەكرێت بە بەندكردنی بۆماوەی حەوت ساڵ، ئەم سزایەشی سووك دەكرێت بۆ حەوت ساڵ دوورخراوەیی لە شاری بەغدا لە ژێرچاودێری پۆلیس ژیان بەسەر دەبات، بۆ بژێوی خۆی لە شەقامی رەشید نزیك مەیدان دوكانێك بە كرێ دەگرێت كاری توتن فرۆشی دەكات، دوكانەكەی سەرەڕای ئەوەی لە ژێر چاودێری پۆلیسدا بووە، بەڵام بۆتە شوێنی دیدار و بە یەك گەیشتنی رۆشنبیر و سیاسییەكان و پیاوە دیارەكانی ئەو كات وەك (شێخ مەعروفی بەرزنجی، مەحموود جەودەت، بەشیر موشیر، شێخ سەلام، جەمال بابان، رەفیق حیلمی، ئەمین رواندزی). هەروەها مستەفا شەوقی نووسەر و رۆژنامەنووس كاتێ گۆڤاری (پەیژە) چاپ دەكات، بۆ بڵاوكردنەوەی دوكانی شاكر مەجروم هەڵدەبژێرێت و دەیكات بە شوێنی گۆڤارەكە، لە بەرگی دواوەی گۆڤارەكە دەنووسێت، ناونیشان دوكانی شاكر مەجروم لە شەقامی رەشید لە بەغدا. ساڵی ۱۹۳۰ی زاینیی لە دوورخراوەیی دەگەڕێتەوە بۆ شاری سلێمانی، لە رۆژی ۶ی ئەیلولی ۱۹۳۰ی زاینیی بەردەركی سەرای سلێمانی بەشداریی خۆپیشاندانەكە دەكات، بە هەوڵی چەند دڵسۆزێك دادەمەزرێت لە دادگا بە باش كاتب، بە هۆی كاری دادگا هەر ماوەیەك لەم شارانە دەبێت (كفری، رانیە، چەمچەماڵ)، ساڵی ۱۹۳۷ی زاینیی فەرمانی گواستنەوەی بۆ دەردەچێت بۆ رواندز تا لە دادگای رواندز درێژە بە كار و فەرمانەكانی بدات، بە پێی قسە و گێڕانەوەی خەڵكی رواندز شاكرمەجروم لە خزمەتی خەڵكدا بووە، كاری بۆ ئاسان كردوون و رێنمایی كردوون. ناوبراو ساڵی ۱۹۵۴ی زاینیی خانەنشین دەكرێت. لە رۆژی ۱۴/۹/۱۹۵۷ی زاینیی كۆچی دوایی دەكات و لە گۆڕستانی گەردەگەرد بە خاك دەسپێردرێت، سێ كوڕی لە دوای خۆی بەجێهێشت بە ناوەكانی (عەبدولعەزیز، شێركۆ، فەرهاد)، خاوەنی کتێبخانەیەكی گەورەبوو، دەوڵەمەند بە کتێبی جۆراوجۆر و بەڵگەنامە و یادگارییەكانی سەردەمی شێخ مەحمود، بەڵام بەداخەوە لەبەر بارودۆخی نالەباری كوردستان و كەوتنی شوێنی جوگرافی رواندز لە کاتی ململانێ سیاسییەکاندا زۆربەیان فەوتان، بە تایبەتی لە ساڵی ۱۹۷۴ی زاینیی بە هۆی شەڕەوە سووتان، هەندێ لە وێنە و دەستنووس نەبێت كە لەلای شێركۆی كوڕی پارێزراون، ئەوەی شایانی باس بێت تا ساڵی ۱۹۹۱ی زاینیی پیاڵە و ژێرپیاڵەیەك لە ماڵی شێركۆ پارێزرابوو كە شێخ مەحمود چای تێدا خواردبووە، بەڵام بەهۆی رووداوەكانی مانگی ئاداری ۱۹۹۱ی زاینیی دوای راپەڕین لەناوچوو. ئەوەی جێگای ئاماژەكردنە لە کتێبی شاری سلێمانی ۲۰۰ ساڵ، بەرگی یەكەم، چاپی سێیەم، بەدەستكارییەوە ۲۰۱۱ی زاینیی لەلایەن ئەكرەمی ساڵحی رەشە ئامادەكراوە لە لاپەڕە ۴۸۴ زنجیرەی ۲۶ ناوی شاكرمەجروم فەندی هاتووە وەك خاوەن موڵكەكان «مەلاكەكان»ی كاتی خۆی سلێمانی . ئامینە سوبحی تۆڵۆن یەكێك لە خێزانەكانی شاكر مەجرومە كە لە رواندز هەر بە ئامینەخان بانگدەكرا، لە شاری مەرعەش لە باكووری كوردستان لەدایك بووە، ژنێك ئازا و تێگەیشتوو چاوتێربووە، هەردەم هەوڵی داوە منداڵەكانی پەروەردەیەكی دروست بكات بۆ ئەوەی خزمەتی كورد و كوردستان بكەن، زۆر جار فەرهاد شاكر دەگێرێتەوە و دەڵێت دایكم كە دەهاتە سەردانم لە گرتووخانەی نووگرەسەلمان دەیوت فەرهاد كوڕەكەم خۆت دڵتەنگ مەكە تۆ لەسەر كوردایەتی گیراوی، خوانەخواستە لەسەر شتێكیترنەگیراوی، وەك دایكەكانیتر نەبوو دەست بە گریان بكات، لەو هەموو سەردانانەی كە كردوومی نەگریاوە. لە ساڵی ۱۹۶۶ی زاینیی لە رواندز كۆچی دوایی دەكات و لە تەنیشت شاكر مەجروم لە گۆڕستانی گەردەگەرد بە خاك دەسپردرێت.