کتێبی «بەرهەمە ڕۆژنامەوانییەکانی هەژار موکریانی» چاپ و بڵاو کرایەوە
کتێبی « بەرهەمە ڕۆژنامەوانییەکانی هەژار موکریانی» بە قەڵەمی زامدار ئەحمەد و لە لایەن وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان چاپ و بڵاوکرایەوە. ئەم كتێبە کە ۳۹۸ لاپەڕەیە، زۆرینەی بەرهەمە ڕۆژنامەوانییەكانی هەژار موكریانی تێدایە، هەم بە گۆڤار و هەم بە ڕۆژنامە، كە لە ۸۹ بابەت پێك دێت. كتێبەكە هەم سكانی بابەتەكانی تێدایە، هەمیش بە تایپ كراوی دانراوە.
زامدار ئەحمەد ڕەسووڵ
ناساندنی نووسەر:
زامدار ئەحمەد ڕەسووڵ ساڵی ۱۹۹۳ لە كۆیە لەدایكبووە. قۆناغەكانی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە كۆیە تەواو كردووە. ساڵی ۲۰۱۶ لە بەشی مێژوو/ فاكەڵتی پەروەردە/ زانكۆی كۆیە، بەكالۆریۆسی بەدەستهێناوە. ساڵی ۲۰۲۲ لە بەشی مێژوو/ زانكۆی علوم تەحقیقات/ تاران بڕوانامەی ماستەری وەرگرتووە. لە ئێستادا (۲۰۲۴) لە بەشی مێژوو/ فاكەڵتی پەروەردە/ زانكۆی كۆیە خوێندكاری دكتۆرایە، لە بەشی مێژووی نوێ و هاوچەرخ. توێژەر لە مێژووی نوێی هاوچەرخ، لە گۆڤارە ناوخۆییەكان گوتار و نووسینی بڵاوكردووەتەوە. ناوبراو تا ئێستا ۱۸ کتێبی نووسیوە کە زۆرینەیان لەبواری مێژوو و کەسایەتیە ناودارەکانی کورد بوون. سێ توێژینەوەی زانستیشی هەیە کە بریتین لە:
۱- دەرکەوتن و گەشەکردنی بیری ئیسلامی سیاسی لە باشووری کوردستان (۱۹۷۹- ۱۹۹۱)/ ئیخوان مووسلمین لە شاری هەڵەبجە بە نموونە، گۆڤاری زانكۆی هەڵەبجە، توێژینەوەیەكی هاوبەشە لەگەڵ توێژەران: (جەوهەر عەزیز ئەحمەد و ڕێباز عەبدولكەریم قادر)، پەسەند كراوە بۆ بڵاوكردنەوە.
۲- نهجیبه مهلا محهممهد جەلیزادەی كۆیی، ژیان و ڕۆڵی له نوسینهوهی مێژوودا، توێژینەوەیەكی هاوبەشە لەگەڵ توێژەر: پ. ی. د. هۆشمەند عەلی مەحموود، لە كۆنفرانسی نێودەوڵەتی (ژن لە ئاوێنەی كۆمەڵگە و مێژوودا)، لە زانكۆی سلێمانی، ڕێككەوتی ۶ و ۷ی كانوونی یەكەمی ساڵی ۲۰۲۳ پێشكەش كراوە.
۳- بزاڤی هونەری و ڕۆشنبیری لە شاری كۆیە (۱۹۷۰- ۱۹۷۴)، توێژینەوەیەكی هاوبەشە لەگەڵ توێژەر: پ. د. هۆشمەند عەلی مەحموود، لە كۆنفرانسی نێودەوڵەتی (رۆلێ زانستێن مرۆڤایەتی و جڤاكی د خزمەتا جڤاكیدا)، لە زانكۆی ئاكرێ، ڕێككەوتی ۲۴ی و ۲۴ی نیسانی ساڵی ۲۰۲۴ پێشكەش كراوە.
زامدار ئەحمەد تا ئێستا چوار کتێبی لەسەر مامۆستا هەژار موکریانی نووسیوە. یەکێکیان ئەمەیە کە بڵاو بۆتەوە، کتێبی دیکەش واتا «هەژار موکریانی (ژیان و ڕەنگدانەوەی مێژوو لە بەرهەمەکانیدا) پایاننامەی ماستەری بووە کە لە ناوەندی مەم و زین لە هەولێر لە چاپ دراوە. ئەو دوو کتێبی دیکەش کە لە پەراوێزی نووسینی پایاننامەکەدا بیرۆکەی لە لایەن نووسەرەوە دروست بووە، بریتین لە: «هەژار موکریانی لە چەند دیدارێکدا» و «بیبلیۆگرافیای بەرهەمەکانی هەژار موکریانی» کە لە خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەی چوارچرا لە سلێمانی بڵاوکراوەتەوە.
لە پێشەکی کتێبی «بەرهەمە ڕۆژنامەوانییەکانی هەژار موکریانی»دا نووسراوە:
ڕۆژنامەگەری كایەكی گرنگی كۆمەڵگایە، ئەو كۆمەڵگایەی جۆرەكانی ڕاگەیاندنی لە ناو بڵاوكراوەتەوە، ڕۆشنبیرتر و پێشكەوتووتر بوون، تاكەكانی هزر كراوەتر و بیر تیژتر بوون و توانیویانە جوان و ناشیرین، دۆست و دوژمن، ڕاست و چەپ، باش و خراپی خۆیان لە یەكدی جیا بكەنەوە، لە لایەكی دیكەوە بوونی ڕۆژنامە شارستانیەتی كۆمەڵگە نیشان دەدا، چون ڕاگەیاندن وەك كایەیەكی كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و ڕامیاری ڕۆڵێكی گرنگی لە چۆنیەتی ژیان و ڕەفتار و كولتووری كۆمەڵگاكاندا هەیە.
رنگی ڕۆژنامە بە تەنیا لە بڵاوكردنەوەیدا نییە، بەڵكوو ئەرشیف كردن و پاراستنی بڵاوكراوەكە، سەنگینترە لە بڵاوكردنەوەیان، بەڵام بەداخەوە لە ڕابردوودا و بە ئێستاشەوە ئەرشیف كردنی ڕۆژنامە و گۆڤار بایەخێكی ئەوتۆی پێ نادرێت، بۆیە كاتێك خوێنەرێك، توێژەرێك… بە نموونە: بە دوای ڕۆژنامە و گۆڤارەكانی سەدەی ڕابردوودا دەگەڕێت بە ئەستەم دەستی دەكەوێت، یاخود بەشێك لە ژمارەكانی دەست ناكەوێت، یان بەشێك لە ژمارەی بڵاوكراوەكان لە بنەچەدا فەوتاون و نەماون، كە ئەمەش نەنگییە بۆ مێژوو و ئەرشیفی ڕۆژنامە و گۆڤارە كوردییەكان. لە كاتێكدا بابەتی بەپێز و گرنگ لە بڵاوكراوەكاندا هەیە، تەنانەت لەم ڕێگەیەوە دەتوانرێت هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی سیاسی، كۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، ڕۆشنبیری، ئەدەبی، كولتووری، ئابووری، وەرزشی… ئەو كاتە بكەیت.
لە نیوەی دووەمی ساڵی ۲۰۲۱ بە مەبەستی نووسینی نامەی ماستەرەكەم سەبارەت بە هەژار موكریانی، سەرقاڵی گەڕان و كۆكردنەوەی سەرچاوەی جیاواز و جۆراوجۆر بووم، هەم لە كتێب، گۆڤار، ڕۆژنامە، بەڵگەنامە… لە دوای گەڕان و بەدواداچوونی ورد، لە عێراق و لە ئێران، ژمارەیەكی باشی سەرچاوەم سەبارەت بە موكریانی دەست كەوت، لە نێویاندا زۆرینەی بەرهەمە ڕۆژنامەوانییەكانی بوون.
دوای پۆلێن بەندی و جیاكردنەوەی سەرجەم بەرهەمە ڕۆژنامەوانییەكانی هەژار، دەركەوت زۆرینەی بەرهەمەكانیم بەردەستە، بۆیە بە گرنگ و پێویستم زانی، سەرجەمیان هەم بە تێكست (دەق) و هەم بە سكان لە كتێبێكدا بڵاوبكەمەوە، بۆ ئەوەی كاتێك كەسێكی دیكە بە دوای بەرهەمە ڕۆژنامەوانییەكانی هەژاردا دەگەڕێت، هاوشێوەی من وێڵ و عەوداڵی عێراق و ئێران نەبێت، بەتایبەتی ڕۆژنامە و گۆڤارەكانی ئەو سەردەمەی هەژار تێدا بووە، بەڵام بە هۆی كۆنی بەشێك لە ڕۆژنامە و گۆڤارەكان، لە كاتی سكانكردن كواڵێتییان زۆر كەم بوو، بە شێوەیەك لە كاتی دووبارە چاپ كردنەوە سوودی ئەوتۆی بە خوێنەران نەدەگەیاند، لەبەر ئەوە سكانی ڕۆژنامە و گۆڤارەكان لادران و لە كۆتاییدا بەشێك لەو سكانانەی كواڵێتی بەرزیان هەبوو، وەك پاشكۆ دانراون.
ئەم كتێبە زۆرینەی بەرهەمە ڕۆژنامەوانییەكانی هەژار موكریانی لەخۆگرتووە، دەڵێم: زۆرینە و ناڵێم: هەموو، چونكە دەشێت بەرهەمی دیكەی هەبووبێت و من دەستم پێی نەگەیشتبێت. لەم كتێبەدا ۸۹ بابەتی هەژار دێتە بەرچاوت، كە هەژار لە گۆڤار و ڕۆژنامەكان بڵاوی كردووەتەوە، بەم شێوەیە:
یەكەم: بابەتە كوردییەكان:
ئەلف: ڕۆژنامەكان:
حەڤدە بابەتی لە ڕۆژنامەی كوردستان، بڵاوكردووەتەوە، لەو ۱۷ بابەتە، ۱۱ بابەتیان شیعر بووە، ۵ بابەتی دیكە وتار بووە، تەنیا ۱ شیعریشی تەرجەمەی سەر زمانی كوردی كردووە، كۆی گشتی ئەم بابەتانەی بە ناوی (هەژار) لە ڕۆژنامەدا بڵاوكردووەتەوە.
دوو بابەتی لە ڕۆژنامەی كوردستان، سیاسی- زانیاری- كۆمەڵایەتی- وێژەیی، (ڕۆژنامەی كوردستانی تاران) بڵاوكردووەتەوە، كە لە بنەچەدا شیعرێكی دوور و درێژە و بە دوو بەش بڵاوكراوەتەوە.
با: گۆڤارەكان:
دە بابەتی لە گۆڤاری نیشتمان، بڵاوكەرەوەی بیری كۆمەڵەی ژیانەوەی كوردستان (ژ. ك) بڵاوكردووەتەوە، لەو ۱۰ بابەتە، ۹ بابەتیان شیعر بووە، تەنیا ۱ شیعریشی تەرجەمەی سەر زمانی كوردی كردووە. لەم ۱۰ بابەتە لە ۶ بابەتیان ناوی خۆی نەنووسیوە، دوو بابەتیشی بە ناوی (ع. هەژار) و ۲ بابەتیشی بە ناوی (هەژار) بڵاوكردووەتەوە.
یەك شیعری لە گۆڤاری هاواری كورد بە ناوی (هەژار) بڵاوكردووەتەوە.
یەك شیعری لە گۆڤاری ئاوات بە ناوی (ڕ. م) بڵاوكردووەتەوە.
پێنج بابەتی لە گۆڤاری هەڵاڵە بڵاوكردووەتەوە، لە نێویاندا ۴ بابەتیان شیعرە و بابەتەكەی دیكەش وتارە، كە سێ بابەتی بە ناوی (ع. هەژار) و دوو بابەتەكەی دیكە بە ناوی (هەژار) بڵاوكردووەتەوە.
دوو بابەتی لە گۆڤاری كوردستان بڵاوكردووەتەوە، بابەتێكیان شیعرە و بابەتەكەی دیكەی تەرجەمەی شیعرێكە بۆ زمانی كوردی، هەردوو بابەتەكەش بە ناوی (هەژار) بڵاوكراوەتەوە.
یەك شیعری لە گۆڤاری گڕوگاڵی منداڵان بە ناوی (هەژار) بڵاوكردووەتەوە.
یەك شیعری لە گۆڤاری دەنگی گێتی تازە بە ناوی (هەژار) بڵاوكردووەتەوە.
یەك شیعری لە گۆڤاری هیوا بە ناوی (هەژار) بڵاوكردووەتەوە.
یەك شیعری لە گۆڤاری ڕزگاری بە ناوی (هەژار) بڵاوكردووەتەوە.
چوار بابەتی لە گۆڤاری ڕۆناهی بڵاوكردووەتەوە، دوو بابەتیان شیعرە، بابەتێكیان وتارە، بابەتەكەی دیكەش تەرجەمەی شیعرێكە بۆ سەر زمانی كوردی، هەر چوار بابەتەكەش بە ناوی (هەژار) بڵاوكراوەتەوە.
هەژدە بابەتی لە گۆڤاری كوردستان بڵاوكردووەتەوە، كە ۱۴ بابەتیان شیعرە و ۴ بابەتیان وتارە، كە ۶ بابەتیان بە ناوی (هەژار)، ۵ بابەتیان بە بێ نووسەر، ۳ بابەتیان بە ناوی (شڕۆڵ)، ۴ بابەتەكەی دیكەش تەرجەمەیە بۆ سەر زمانی كوردی، كە ۳ دانەیان بە ناوی (مام سیپاڵ) و بابەتەكەی دیكەش بە ناوی (سیپاڵ) بڵاوكراوەتەوە.
سێ بابەتی لە گۆڤاری نووسەری كورد بڵاوكردووەتەوە، كە ۲ بابەتیان وتارە و بابەتەكەی دیكەش شیعرە، هەر سێ بابەتیشی بە ناوی (هەژار) بڵاوكردووەتەوە.
یەك وتاری لە گۆڤاری پەروەردە و زانست بە ناوی (هەژار) بڵاوكردووەتەوە.
دوو بابەتی لە گۆڤاری كۆڕی زانیاری كورد بڵاوكردووەتەوە، بابەتێكیان وتارە و بابەتەكەی دیكەش شیعرە، هەردوو بابەتەكەش بە ناوی (هەژار) بڵاوكراوەتەوە.
هەشت بابەتی لە گۆڤاری سروە بڵاوكردووەتەوە، ۵ بابەتیان وتارە و ۲ بابەتی دیكە شیعرە، بابەتەكەی دیكەش وتارێكە و تەرجەمە سەر زمانی كوردی كردووە، كۆی بابەتەكانیشی بە ناوی (هەژار) بڵاوكردووەتەوە.
سێ شیعری لە گۆڤاری مامۆستای كورد بە ناوی (هەژار) بڵاوكردووەتەوە.
سێ وتاری لە گۆڤاری مەهاباد بە ناوی (هەژار) بڵاوكردووەتەوە.
سێ بابەتی لە گۆڤاری هەولێر بە ناوی (هەژار) بڵاوكردووەتەوە، كە بابەتێكیان شیعرە، دوو بابەتەكەی دیكەش لە بنەچەدا یەك وتارە، بەڵام لە دوو ژمارەدا بڵاوكراوەتەوە، لە ناوەڕۆكدا هۆكارەكەی باس كراوە.
دووەم: بابەتە فارسییەكان:
ئەلف: ڕۆژنامەكان:
یەك وتاری لە ڕۆژنامەی كوردستان، بە ناوی (عەبدالرحمن هەژار) بڵاوكردووەتەوە.
با: گۆڤارەكان:
یەك وتاری لە گۆڤاری كوهستان بە ناوی (عبدالرحمن شرفكندی) بڵاوكردووتەوە.
بەو پێیە، هەژار موكریانی ۲۰ بابەتی لە دوو ڕۆژنامەی جیاوازدا بڵاوكردووەتەوە، كە هەردووكیان لە كوردستانی ئێران دەرچوون، كە تێیدا ۱۹ بابەتیان بە زمانی كوردی و بابەتێكی بە زمانی فارسی بووە. هەروەها لە ۱۹ گۆڤاری جیاوازدا بابەتی بڵاوكردووەتەوە، كە ۹ گۆڤاریان لە كوردستان ئێران دەرچوون، ۱۰ گۆڤارەكەی دیكە لە باشووری كوردستان و عێراق دەرچوون.
بە شێوەیەكی دیكە بڵێین لە كۆی ئەو ۸۹ بابەتەی هەژار موكریانی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەكاندا بڵاوی كردووەتەوە، ۶۳ بابەتیان شیعرە و ۲۶ بابەتەكەی دیكە وتارە.
جێی ئاماژەیە بگوترێت موكریانی، لە كۆی گشتی بڵاوكراوەكانی لە گۆڤار و ڕۆژنامەكان، بە چەندین ناوی خوازراو و بێناو بابەتی بڵاوكردووەتەوە، واتە بەدەر لە ناوی هەژار بە ناوی خوازراوی (ع. هەژار)- ۲۰ بابەتی بڵاوكردووەتەوە، بە تایبەتی لە گۆڤاری نیشتمانی دەورانی كۆمەڵەی ژیانەوەی كوردستاندا. لەگەڵ ئەوەشدا لە چەندین بڵاوكراوەدا ناوی خۆی نەنووسیوە، بە تایبەتی لە بڵاوكردنەوەی دەمەتەقێیەكاندا، واتە بە بێ نووسەر بابەتەكانی بڵاوكردووەتەوە. هاوكات لە گۆڤاری ئاوات بە ناوی خوازراوی (ڕ. هـ) و (ڕ. م) بابەتی بڵاوكردووەتەوە. هەروەها بە ناوی خوازراوی (سیپاڵ و مام سیپاڵ) بابەتی لە گۆڤاری كوردستانی عێراق بڵاوكردووەتەوە؛ لە هەمان كاتدا بە ناوی خوازراوی (شڕۆڵ) بابەتی لە هەمان گۆڤاردا بڵاوكردووەتەوە. بەم شێوەیە دەتوانین بڵێین هەژار موكریانی بە هەریەك لە ناوەكانی (هەژار)، (بێ نووسەر)، (ع. هەژار -۲۰)، (ڕ. هـ) و (ڕ. م)، (سیپاڵ)، (مام سیپاڵ) و (شڕۆڵ) بابەتی بڵاوكردووەتەوە.
ئامادەکار: ئەحمەد عەبدولحەکیمی