هونەرمەند خەلیل عەلی: دەرفەتم بۆ رەخساوە سروش لە ژینگەی خۆم وەربگرم
سازدانی:
نەرمین عوسمان محەمەد
هونەرمەند خەلیل عەلی لە دایک بووی ساڵی ١٩٧٤ ی رانیە یە و پسپۆریی لە پەروەردەی هونەریدا هەیە، خاوەنی ٢٨ کتێب و سێ پێشانگەی تایبەتە و بەشداریشی لە ٥٧ پێشانگەدا کردووە لە دەرەوە و ناوەوەی وڵاتدا و چەندین رێزلێنانی وەرگرتووە، لە ساڵی ١٩٩٤ەوە مامۆستایە و بایەخ بە هونەری فۆتۆگرافیش دەدات، دواین کاری پرۆژەیەکی هونەرییە پێشکەش بە شاری رانیەی کردووە بە ناونیشانی (مێژووی هونەری فۆتۆگرافیی لە رانیە)، تێیدا بە فۆتۆ و بەڵگەنامە مێژووی رانیە دەگێڕێتەوە، ئەم کارە لە پڕۆژە گەورەکانی نووسەرە و ٢٥ ساڵ کاری تێدا کردووە و ئامادەیە بۆ چاپ، هەر بۆیە ئەم دیدارەم بە پێویست زانی لەگەڵ بەڕێزیان:
* کارتان لەبواری پەروەردەی هونەریدا لە چەند قۆناغێکدا کردووە، هەست دەکەن ئامانجەکەتان پێکاوە؟
– یەکێک لە کێشەکانی پڕۆسەی پەروەردە و فێر کردن لە کوردستاندا ئەوەیە، هیج پڕۆگرامێکی تایبەت نییە بۆ وانەی هونەر بەتایبەتیش بۆ پەروەردەی هونەر، لەبەرئەوە بیرم لەوەکردەوە کە ئەزموونی کاری خۆم بکەم بە پڕۆگرام و لەگەڵ بەشی پرۆگرامسازی لە وەزارەتی پەروەردە رێکەوتین بۆ ئەوەی بتوانم سیانزە پرۆگرام بۆ وەزارەتی پەروەردە دابنێم لە قۆناغی زارۆخانەوە تاوەکو قۆناغی ئامادەیی کە ئەمەیان (١١) پڕۆگرامە و دواتریش دوو پڕۆگرامم داناوە بۆ پەیمانگەی هونەرە جوانەکان بەشی شێوەکاری کە یەکێکیان شێوازی وانەوتنەوەیە (دیداکتیک/ ( Didacticو پڕۆگرامی پەروەردەی پڕاکتیکی لە وانەی هونەردا کە وەزارەتی پەروەردە چاپی کردووە و بەداخەوە دووبارە چاپ نەکرایەوە چونکە پرۆگرامی هونەر کاریگەریی لەسەر تاکی کورد بەجێدەهێڵێت لە زارۆخانەوە تا دەگاتە زانکۆکان و زەوقی جوان و دیدگای جوان لەلای تاک دروست دەکات و ئەمەش کاریگەریی لەسەر بوارەکانی ئەندازە و پزیشکیش دەبێت.
* هەستدەکەیت ئەو بەشەی پەروەردەی هونەریی کە بۆ پەیمانگەی هونەرە جوانەکانت داڕشتووە جێبەجێ کرا بێت؟
_ بەداخەوە ئەو بەشەیشیان هەر فەرامۆش کرا و ئەوەی تاوەکو ئێستاش لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکاندا دەگوترێتەوە شێوازی وانە گووتنەوەی گشتیە، بەڵام ئێستا دوو پرۆگرامی دیکەم بۆ زانکۆکان ئامادە کردووە بریتین لە پەروەردەی هونەر بە شێوازی تیۆری و پەروەردەی پڕاکتیک لە وانەی هونەردا بۆ هەر سێ ئاستە باڵاکەی زانکۆ و خۆشبەختانە رۆڵی خۆی هەبووە.
* بەشێکی دیکەی بایەخدانتان بۆ هونەری گەلانە ، لەو بوارەدا چیتان پێشکەش کردووە؟
– لەسەر هونەری گەلی مایا کتێبێکم نووسیووە و لەسەر هونەری Hyperrealism هایپەرڕیالیزم کە تازەترین تێزی هونەرییە لە جیهاندا کتێبێکم نووسیوە، تازەترین کتێبیشم لەسەر هونەری ئیسلامییە، ئەمەیان بۆ ماوەی (٨) ساڵ سەرقاڵی بووم کە تازەترین توێژینەوەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کرا بێت لەو بوارەدا .
* یەکێکی دیکە لەو بوارە هونەرییانەی کاری تێدا دەکەیت هونەری فۆتۆگرافە، کارەکانتا لەو بوارەدا چین؟
خاوەنی پڕۆژەیەکی لۆکاڵیم تایبەتە بە ناوچەی رانیە، هەوڵێکی تاکە کەسی خۆمە چونکە لە رانیە هیچ سەرچاوەیەکی نووسراومان نیە، بۆیە هەوڵمدا هەموو ئەو شتانەی هەن بە دیکیۆمێنت بکرێن و بیانپارێزین، پرۆژەکەم دوو بەشە، بەشی یەکەمیان باڵندە کێوییەکانی رانیە بوو کە پێک هاتووە لە وێنەی دووسەد جۆر باڵندە بە کوالتیەکی بەرز چاپ کراوە و بەشی دووهەم بریتیە لە رووەکە سروشتییەکانی رانیە کە هەموو رووەکە سروشتیەکان لەخۆ دەگرێت،
لەگەڵ فەرهەنگێکدا کە لە هەزار لاپەڕە پێکهاتووە، پرۆژەی سێهەمم بریتییە لە مێژووی هونەری فۆتۆگرافیی لە رانیە و ئەمەیان دە کتێبە و چواردە هەزار وێنە لەخۆی دەگرێت، تا ئێستا دوو کتێبی لێ چاپ کراوە لە دەرەوەی وڵات و کتێبی سێهەمیشی لە دیزایندایە، مەبەست لەم ئەرشیف کردنە پاراستنی مێژووەکەمانە بۆ نەوەکانی داهاتوو.
* پێت وایە هونەرمەند لە وڵاتی خۆیدا بمێنێتەوە داهێنان دەکات یا خود لە دەرەوی وڵات؟
بەشبەحاڵی خۆم دەرفەتم بۆ رەخساوە سروش لە ژینگەی خۆم وەربگرم و داهێنان بکەم بەڵام لەهەمان کاتدا هونەرمەند هەیە لێرە دەرفەتی بۆ نەڕەخساوە و لە دەرەوەی وڵات توانیویەتی داهێنان بکات.