فەتحی شاعیر ئەستێرەیەکی گەشی ئاسمانی ئەدەب
عەلی عەبدولسەمەد
شاعیر و ئەدیب و خواناس «فەتحی» شاعیر، ناوی شێخ فاتێحی کوڕی شێخ فەتاحی کوڕی شێخ ئیسماعیلی دۆڵانە، ساڵی ۱۹۱۸ لە گوندی دۆڵانی ناوچەی قەرەداغ، لە بنەماڵەو خێزانێکی ئاینی و ئەدەبی لەدایک بووە و چاوی بە دنیا هەڵهێناوە.
هەر لەمنداڵیەوە لەنێو دیوەخانی ئاوێزان بوو بە کۆڕی شیعری شاعیران و زکری دەروێشاندا چاوی کراوەتەوە و گەورە بووە و هەر لەتەمەنی حەوت ساڵیەوە خراوەتە بەرخوێندن و قورئانی پیرۆزی تەواوکردووە لەگەڵ کتێبە فارسی یەکانی ئەو کاتدا و دوایش لەگەڵ خوێندنی کتێبی گوڵستان و بوستانی شێخی سەعدی، درێژەی بەخوێندنی فەقێیەتی داوە و لەبەر ئەوەی لاوێکی زیرەک بووە، هەر زوو فێری زمانەکانی فارسی و عەرەبی بووە.
باوکی ئەو «شێخ فەتاح» یەکێک لەخواناس و ئەدیب و منەوەرەکانی سەردەمی خۆی بووە و بەردەوام ماڵەکەی دیوەخانی شاعیران و ئەدیبانبووە و لەگەڵ ئەوەشدا خانەی لێقەوماوان و دەردەداران بووە و بۆ چارەسەر ڕویان لێناوە، کە ئێستا گۆڕستانی گردی شێخ فەتاح لەشاری سلێمانی بەناوی ئەم منەوەرەی شاراوە ناونراوە.
فەتحی شاعیر لە ساڵی ۱۹۳۸ دا ماڵیان دێتە شاری سلێمانی و لەگەڕەکی سەرشەقام نیشتەجێدەبن، تا ساڵی ۱۹۴۱ و کاتی کۆچی دوایی باوکی بەردەوام بووە لەخوێندن و لەدوای ئەوەشەوە، دەچێتە شوێنی باوکی و لەسەر ڕێگەی ئەو بەردەوام دەبێت لە خزمەتکردن بە خەڵك و ئەدەب و خامۆشنەکردنی چرای شەوانی کۆڕی شیعر و زکر.
فەتحی شاعیر لەگەڵ ئەوەی کە پیاوێکی ئاینی بووە و لەنێو حوجرەی کوردەوارییەوە پێگەیشتوە، بەڵام هۆنراوەکانی بەدەرنین لە هۆنراوەی دڵداری و نیشتیمانی و دەیان هۆنراوەی بۆ نیشتیمان و خۆشەویستی و عەشق نوسیوە.
لەڕێی شیعر و بەرهەمەکانیەوە خزمەتی زۆری بەکاروانی ئەدەبی و ڕۆشنبیری کوردستان کردووە و خاوەنی دەیان پارچە شیعری بەرز و جوان بووە و لە تەمەنێکی کەمدا توانیویەتی خەرمانێک بەرهەمی هەبێت و چەندین چوارخشتەکی و پێنج خشتەکی شیعری شاعیران بنوسێت و زیاتر لە ۲۰ بەرهەمی نوسین و وەرگێڕانیشی هەبێت..
فەتحی شاعیر جگە لەنوسین، لە وەرگێڕانیشدا دەستێکی باڵای هەبووە و هەر لەسەرەتای لاوییەوە چەندین وەرگێڕان و هۆنراوەی کوردی و فارسی و تورکی و عەرەبی، لەگۆڤار و ڕۆژنامەکانی، پەیام، هەتاو، ژین، ژیان، هیوا، بڵاوکردۆتەوە، بەناونیشانی، «ف ف دۆڵانی» یاخود «فەتحی»
ئەوە جگە لە وەرگێڕانی دەیان شاکاری گەورە لەزمانی فارسیوە بۆ سەر زمانی کوردی، کە خۆی لە «کاوە و فەرەیدون» و «مەنیجە و بێژەن» و «یوسف و زوڵێخا» و «شیرین و فەرهاد» و دەیان شاکاری دیکەدا دەبینێتەوە.
فەتحی شاعیر پەیوەندیەکی دۆستانە و گەرمی لەگەڵ هەریەک لە شاعیرانی وەک نەجمەدین مەلا و قانع و عەلادین سجادی و شێخ محەمەدی خاڵدا هەبووە و لەگەڵ قورئانخوێنی بەناوبانگیش شێخ عەبدولباسیتدا، پەیوەندیان هەبووە و چەندین نامە گۆڕینەوە هەبووە لەنێوانیاندا..
فەتحی شاعیر لەساڵی ۱۹۶۲ کۆچی دوایی دەکات و لە گۆڕستانی گردی شێخ فەتاحی باوکی بەخاک دەسپێردرێت و لەدوایخۆیشی چەندین هۆنراوە و نوسینی بەجێهێشت، لەگەڵ کوڕ و نەوەکانی (شێخ شاکیر و شێخ ستار و شێخ سەمەد و شێخ سەلام) کە بەهەمان شێوەی باوکیان بەردەوامبوون لەخزمەتی ئەدەب و خەڵک و نیشتیمان و
ساڵی ۲۰۰۵یش، شێخ ستاری کوڕی سەرجەم شیعرەکانی لە دوو توێی دیوانێکدا کۆکردەوە..
بەشێک لەنمونەی هۆنراوەکانی..
۱٫ خۆزگەم بەو کەسەی نەبوو لە دایک
ئەم سەرزەمینەی نەکرد بە لانک
نەدی نە بیستی نەبووی نە ویستی
نە لەخۆی ڕەنجان دڵ خۆشەویستی.
چی مەستی هەیە بە پیاڵەی ئەجەل
هیچی نامێنێ وەک بەفری سەر کەل.
۲٫ هیچم نەماوە غەیری فكری هیچ
ئەبێ چی بێ هیچ كە هیچ نەم بێ هیچ
ئێستا كە هیچم هیچم دیار نییە
هیچم لەكوێ بوو كە دەرچوون لەهیچ
۳٫٫منیش نەم ماوە نە دین نە ئیمان
جێگام مەیخانەو لای پیری موغان
لەیلەتولقەدرم زیندوو كردەوە
كەچی بەشەراب رۆژوەكەم شكان.
۴٫ ئیلاهی بۆچی بەختی من هەر دەبێ شەقاوەت بێ،
نابێ ساتێ ژیانی من بەخۆشی و سەعادەت بێ،
ئەو بەختەڕەشەی دات بەمن شەوی یەڵدایە دایم
هەر هیلاکی و خەمە مەگەر لەمردنا ڕاحەت بێ.