لەپای چی دەنووسین؟
شێرزاد حەسەن
دەتوانین بەڕەهایی بڵێین پرسیارێکی وا رووبەڕووی هەموو نووسەرێک دەبێتەوە، لەسەر ئاستی خودگەرایی و هەم لەباری کۆمەڵایەتییەوە، لەنێو هەر جوگرافیایەکدا کە نووسین هەبێت، ئەم پرسیارە لەلایەن خوێندەوار و نەخوێندەوارەکانیشەوە ئاراستەی قەڵەم بەدەستان دەکرێت، ئەم پرسیارەش، بەتایبەتی یاخەگیری ئەدیبان دەبێتەوە، پەیوەست بەژانرە جیاوازەکانی وێژە و ئەدەبیاتەوە؛ شیعر، چیرۆک، شانۆ و رۆمان، سەرباری کۆی لقەکانی زانستەمرۆییەکان؛ فەلسەفە، سایکۆلۆژی، سۆسیۆلۆژی… پرسیارەکەش رەوایە لەهەر کەسێکەوە بێت، هەر لەسەرەتاوە مەرجە دەرکی ئەوە بکەین مادام ژیان و زیندەگی مەردمگەل لەنێو دووجەمسەر و بازنەدا جێگیر و جێکەوتەبووە؛ کە ئەوانیش:تراژیدیا و کۆمیدیایە، کە دەکات مەرگەسات و بەزمەسات، هەڵبەتە دیوەتراژیک و دراماتیک و مەرگەساتەکە زاڵترە و پانتاییەکی بەرفراوانی داگیرکردووە بە بەراورد لەتەک کۆمیدیا و بەزمەسات.
بۆ هەمیشە وەڵامی جیاوازمان دەست دەکەوێت، لەسەر زاری نووسەرانی هەر حەوت کیشوەرەکەوە و زەقترینیان ئەم وەڵامە حازربەدەستە و باوەیە کە نووسەران کۆکن لەسەری، گوایە ژمارەی هەر زۆرینەی نووسەران وای دەبینن پەیامێکی پیرۆزیان هەیە بۆ مرۆڤایەتی کە مەرجە پەخش و بڵاو بکرێتەوە، پەیامێک کە سەرچاوەکەی لەخزمەتی مرۆڤپەروەرییەوە هاتبێت لەسەر ئاستی لۆکاڵی و هەم جیهانگیری کە بەقازانجی مرۆڤایەتی بشکێتەوە، نووسەرە ناودارەکان بروایان وایە هەر یەکە و بەجیا دەتوانێت بەشداربێت لەبونیاتی ئەو مێژووەی هەمانە، لەسەر ئاستی رامیاری و کۆمەڵایەتی و و فیکری و فەرهەنگی، بەواتا پشکی هاوبەشی هەبێت لەتەک هاوپیشەکانی خۆی، رۆڵی بەرچاو و سەنگین و دامەزراویان هەبێت لە پەرەپێدان بەکولتووری رەسەن و جێکەوتە و برەودان بەو کەلەپوورەی وەک میرات لە دایک و داپیران و و باوک و باپیرانەوە بۆ ئێمە بەجێماوە. بێگومان دەکرێت هەندێکیان پتر نارسیستانە حەز بکەن پێگەداربن و ناودەنگیان بگاتە هەمووان، لە روانگەی نووسەری هیندۆ ـ ئینگلیزی وەک (جۆرج ئۆرویڵ /۱۹۰۳ ـ ۱۹۵۰) کە رۆماننووس و ژۆرنالیست بوو، بڕوای وایە ئەم رۆحی نارسیستییە کە خۆپەرستییەکی تێدایە بۆ نووسەرانی لاو، چ مێینە بن و چ نێرینە، رەوایە بەر لەتەمەنی بیست، کە هێشتا هەرزەکار و فەریکە نووسەرن، بەڵام لەتەک هەڵكشاندنی تەمەندا مەرج ئەو خودویستی و خۆ بەزلزانینە فەرامۆش بکەن و ئیدی خاکەرا و گەردوونگەراییانە سەرگەرمی پەیامی خۆیان بن!.
یەکێک لە پاڵنەرەکانی نووسین وا کەوتۆتەوە گوایە ژمارەیەکی بێ شوومار لە نووسەران بڕوایان وایە ناوەڕۆکی ئەدەبیاتی دونیا ئاماژە بەناڕێکی و گرفت و کێشەکانی مەردمگەل دەکەن، کە سیخناخە بەئاریشە و تەنگژەباری و دراما و تراژیدیا و کارەساتباری بەدرێژایی مێژوو، نموونەی بەرچاو بەرپابوونی جەنگ و شەڕە لەنێو هەر حەوت کێشوەرەکە، شکستی و نشوستی و داڕووخانی کوشندە لەسەر ئاستی رامیاری و مەزهەبگەرایی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و فیکری و فەرهەنگی کە کۆتایی نایەت، وەک ئەوەی مرۆڤ لەنێو دڕندەکانی جەنگەڵ، لەهەموویان خوێناویتر و بڕندە و دڕەندەترین بێت و نەسرەوێت!.
هاوکات نووسەران لافی ئەوە لێدەدەن ئەوانیش لەتەک زانا و داناکانی زانستە مرۆیی و سرووشتییەکاندا هەوڵ دەدەن ماریفەت و زانیاری و ئاگاهی مەردمگەل دەڵەومەندتر بکەن، چ وەک خۆناسین و چ دونیاناسی بووبێت کە راستی و هەقیقەتی تێدایە، بەڵام مێژووی شەڕانگێزی زاڵترە بەسەر مێژووی ئاشتەواییدا، مێژوو پێماندەڵێت نووسەرانی وا هەبوون و هەن کە ‘ئایدیۆلۆژست’ بوون و پتر لەبەرەی دەستەڵاتداران بوون رۆڵیان هەبووە لە بەدکاری و نامرۆیی. ناچارین بگەڕێینەوە نێو مێژوو لە دێر زەمانەوە تاوەکو ئێستاکێ، گەر بگەڕێینەوە بۆ ئەفسانەکان و داستانەکان هەرچەندە دیوەجوانەکەی نەخشینە وەک دۆزینەوەی مانا و مرۆڤناسی، بارتەقای ئەوە و زیاتریش؛ دراماتیک و تراژیکە کە لەباری ئینسانییەوە مەردمگەل گیرۆدەن بە دەست تەنگژەباری و مەرگەسات و وەیشوومە و ئافاتی نەبڕاوە.
تۆماری کۆن و دێرین بەشێوە سەرەتایییەکەی لەنێو ئەشکەوت و دار و دیوار و ئاسەوارەکانی بەجێماون، دەیسەلمێنێت مەردمگەڵ بێ گرفتاری و ئاریشە نەژیاوە، دەستنووس و بەڵگە و ئەرشیف و ئارکیۆلۆژیا پێماندەڵێن مرۆڤ ئەوکاتە گیرۆدە و سەرگەردان دەبێت، کە لە سرووشت دێتە دەرەوە و گوایە بونیاتی مێژووێک دەنێت بەو کەڵکەڵە و خولیایەوە، گوایە دەبێت بەدامەزرێنەری شارستانی جۆراوجۆر، بەڵام وەک فەیلەسووف و بیرمەندی ئەلمانی”هێربرت مارکوز ـ
۱۸۹۸ – ۱۹۷۹ ” دەژنەوێت، شارستانییەتێک بووە کە لەسەر حیسابی کوشتنی ‘ئێرۆس’ە کە دەکاتە خوداوەندی خۆشەویستی و جوانی و ژیاندۆستی، شارستانییەتێک”تاناتۆس” پەرستبووە،خوداوەندی مەرگدۆستییە و هاوکاتیش پەیوەستە بەخودی رۆح ـ کوژی و تاریکپەرستی!
دەتوانین بڵێین پرسیارێکی واهی سەبارەت بە پاڵنەر و هۆکار و فاکتەرەکانی نووسین، زادەی هۆشیاری و کونجکۆڵی و مەراقێکی ئەندێشەمەندانەیە و خاوەن پرسیار و هەم وەڵامی جیاوازی نووسەرانە لەنێو جوگرافیا و میژووی جیاوازدا؛ کە دەکرێت لەنێو هەندێک بازنە و تۆڕی بەربڵاوی ئەدەبیاتدا یەکبگرنەوە، بەڵام بەرەهایی؟ نا. کڵێشەکان زۆرن و دەگۆڕێن سەبارەت بەچییەتی و چۆنییەتی و چەندییەتی و گرنگی ئەدەبیات لەسەری ئاستی دونیا. ناکرێت بیرمان بچێت ئێمە لەسەردەمێکدا دەژین سیخناخە لە قەیران و تەڵزگە و کۆسپ و تەگەرەی نوێ بۆ خودی نووسین و داهێنان، گوایە سەردەمی کۆمیونیکاسیۆنی خێرایە و هێرشی ‘زیرەکی دەستکردە ‘ کە رەنگە ببێت بە قاندڕ و رکابەری داهێنانی ئەندێشەمەندانە و خۆرسکانە، نەک زادەی تەکنەلۆژیای تەکاندەر بە دیوە نەرینییەکەیدا. ئاخر لەسەرەتای سەرهەڵدانی خودی ئەدەبدا؛ وەڵامەکان بۆ دۆزینەوەی پاڵنەری نووسین بووە، سادە و ئاسان بوون، بەتایبەتی لە دێر زەماندا ئەدەبیات پتر زارەکی بووە؛ نەک تۆمارێکی کۆنکریتی و بەرجەستە و روون و دیار.
خودی دیاردەی پەیدابوونی ‘زیرەکی دەستکرد’ دوو تیم و بەرەی لە یەکتری جیا کردۆتەوە، تابوور و ئۆردوێک لە مەردمگەلی تەوەزەل و بێ بەهرە کە ئیدی دەتوانن لە نووسینی پەخشانێکەوە بۆ نامەی ماستەر و دکتۆرا بکەونە سەر قاپ و خوانی ‘زیرەکی دەستکرد’ بۆ خۆ رزگارکردن لە عەقڵ و ئەندێشەمەندی و داهێنانی مرۆڤ ـ خوڵقێن، ئەوەیان لەباری ئاکادیمی ترسناکترە لەوەی خەمسارد بین بەرامبەر بەو هەزارەها ئامێر و رۆبۆتانە کە جێگە بە خودی ئینسان جێلەق دەکەن و بۆ هەمیشە پتر لەبازنەی رۆح پەوروەری و فانتازیا و ئیستاتیکا و جوانناسی خۆیان دەدۆزییەوە!.
بێگومان هەر ئەدیبێکی داهێنەر لەژیر کاریگەری و هەلومەرجی پەیوەست بەو ژینگەیە نەخشە و پلانی خۆی دەبێت، کە دەکرێت سەر بەئایدیۆلۆژیایەکی کوشندە و مەرگهین بێت، یانژی پێچەوانەکەی بێت کە رۆحی هیومانیستی و ئاشتەوایی و دادپەروەری بکەن بەسەر مەشقی ژیان و زیندەگی شکۆمەندانە. ئەفسون و جوانی ئەدەبیات لەوەدایە بۆ هەمیشە بارمان دەکات بە پرسیارگەلێکی زۆر وا دەکات قایل و رەزامەند نەبین بە هەر وەڵام و کڵێشەیەکی ساز و ئامادەکراو کە دەستخەڕۆمان بکات، ئەدەبیات کانگا و سەرچاوەی گومانیشە سەبارەت بەخودی ئینسان خۆی و کۆی بەهاکان و ئایدیاکان کە لەهیچ پیرۆزکراون بەمەرجی پەک کخستنی عەقڵ و ئاوەز!.