خانه / دسته‌بندی نشده / دیوانی مستەفا بەگی كوردی و پرسیارەبێ وەڵامەكان

دیوانی مستەفا بەگی كوردی و پرسیارەبێ وەڵامەكان

دیوانی مستەفا بەگی كوردی و پرسیارەبێ وەڵامەكان

سدیق سەعید رواندزی

مستەفا بەگی كوردی، یەكێكە لە شاعیرەكانی سێكوچكەی شیعری بابان و  لە ڕووی قۆناغ و مێژووی شیعرییەوە، هاوسەردەمی نالی و سالم بووە و هەرسێكیان بە یەكەوە قوتابخانەی شیعری بابان پێكدەهێنن، بەڵام كوردی بە بەراورد لەگەڵ نالی، ئەو پێگە و شوناسە شیعرییە دیارەی نییە، لە كاتێكدا نالی هیچ شیعرێكی سیاسی و نەتەوەیی نییە بەراورد بە كوردی. گەر سەرنج لە شیعرەكانی كوردی بدەین، كە مامۆستا حەمەبۆر لە دوو بەرگدا چاپی كردووەو لێكدانەوەی بۆ شیعرەكان كردووە،  هەست بە گەلێك جیاوازی لە ڕووی ستایلی شیعری، زمان و جیهانبی و تیمەی شیعری كوردی دەكەین، كە لە نێو بازنەی شیعری كلاسیكیدا جیاواز دەكەوێتەوە،ئەمەش هەم مایەی گومانە هەمیش پرسیار بەوەی، چۆن كوردی بەو شێوە زمانە شیعری نووسیوە و زمانەكەی لە نالی و سالم و سەردەمەكەی خۆشی ناچێت؟ بێگومان جۆرە پەتیبوونێك، روونبێژیی و سادەییەك لە شیعری كوردیدا هەیە، كە لەگەڵ زمانی باوی سەردەم و ئەزموونی شیعری كلاسیكی كوردی ناگونجێت، مانا لە شیعری (كوردی)دا، سادە و دیارە، لە رووی فۆڕم و جیهانبینییەوە شیعرەكانی كوردی لە ئاستێكدان ئاڵۆزییەكی ئەوتۆیان نییە و هەموو خوێنەرێك لە ناوەڕۆكی شیعرەكانی دەگات، لە كاتێكدا ناتوانین لە یەك دێڕ شیعری نالی بگەین، بەبێ گەڕانەوەمان بۆ شڕۆڤەكانی مامۆستای پایەبەرز مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس. ئەم شێوازە لە زمان، لە هەموو شیعری (كوردی)دا نابینرێت، بەڵكو لە ئەزموونی ئەودا، زمان یەك ستایل و فۆڕمی نییە، وەك ئەوەی لای نالی هەیە. كوردی لە شیعرێكدا دەڵێت:_

بەداوی زوڵف تو دانەی خاڵی سەر ڕووت
گرفتارە دڵی سەد عاشقی ڕووت
نیگاهی چاومەستی نیمە خوابت
هەزاری وەك منی خستۆتە تابووت

مانا لەو شیعرەی (كوردی)دا، كراوەیە بەرەو ڕووی هەموو جۆرە خوێنەر و خوێندنەوەیەك، لە هەر ئاستێكی ڕۆشنبیریدا بێت، كوردی دووسەد ساڵ لەمەوبەر ئەو شیعرەی بەو زمانە سادەو ڕوونە نووسیوە، بۆ هەموو سەردەم و قۆناغێك دەبن. وشەكانی (رووت ، بۆتە، گرفتار، زوڵف، نیگاه) لە رووی پێكهاتەی شیعرییەوە وشەی نوێ و سەردەمیانەن و بۆ هەموو قۆناغێك دەبن. هەندێك شیعر وەك ئەو نموونانەی باسم كردن، هێندە سادەن نەك لە زمانی كلاسیك دوورن، بگرە لە زمانی ئێستاو هاوچەرخ دەچن، كەچی لە ئەزموونی نالی دا، زمان یەك مەودا، یەك جۆر زمانە و هەر ئەمەشە وایكردووە شیعری نالی بە ئاسانی بناسرێتەوە و ئەو تێكەڵییەی زۆرجار لەنێوان شیعری شاعیرە كلاسیكەكان هەیە، لە شیعری ئەودا نەبینرێت. كوردی شیعرێكی بۆ سالم نووسیوە، ئەگەر بڕوانینە ئەو دەسپێكەی لە شیعرەكەیدا هەیە، پاشان بەراوردی بكەین بە وەڵامەكەی سالم كە هەردووكیان لە لاپەڕە (۷۹) ی دیوانی كوردی دا بڵاو كراونەتەوە، بە ئاسانی هەست بەجیاوازی زمانی هەردوو شاعیر دەكەین. كوردی لە سەرەتای نامەكەیدا بۆ سالم دەڵێت:

موشتاقە دڵم لەو دەمەی چۆڵە مەقامت
بۆ بیستنی ئەشعاری پڕو خۆشی كەلامت

هیچ ناڕوونی و ئاڵۆزییەك لە ناوەڕۆك و دەسپێكی ئەم نامەیەدا نییە و ئێمە زۆر بە سادەیی لە میانەی خوێنەوەیدا، دەزانین كوردی تاسەی بینینی سالم دەكات و شوێنەكەی بە چۆڵی دەبینێت و  بیری قسە خۆشەكانی دەكات، كەچی كاتێ سالم وەڵامی كوردی دەداتەوە دەڵێت:

ئەی تاسی بەدەن پوڕ فەرەحی لەززەتی نامت
وەی داخی دڵی خەستە نمەك سوودی كەلامت

ئایا زمانی وەڵامی نامەكەی سالم، وەك هی كوردی ڕوون و سادەیە؟ تێگەیشتن لەو دەسپێكە، وەك سەرەتای شیعرەكەی (كوردی)یە؟ لە راستیدا، ئەو ستایلە جۆراوجۆرە لە شیعری كوردی، كە ستایلێكی هارمۆنی و هەمەڕەنگە، بەهیچ شێوەیەك لە ستایلی دیاریكراو و جێگیری شیعری كلاسیكی كوردی ناچێت، لە میانەی خوێندنەوەی دیوانی مستەفا بەگدا، كاتێ بەوردی سەرنجم لە وشە و دەربڕینە شیعرییەكان و تۆپۆگرافیای دەقەكان و ستانزای شیعرەكان دەدا، هەستم بە جیاوازییەكی گەورەی زمانی شیعری ئەم شاعیرە دەكرد،ئەمەش بۆ من مایەی پرسیار و گومانە. كوردی لە شیعرێكی دیكەدا دەڵێت:

چێشم ئەمڕۆ ژەهری مار و ڕوحی شیرینم نەهات
زەخمی كۆنەم هاتە ژان و مەرهەمی برینم نەهات
من غەمم خوارد و خەمیش خوێنی جگەرمی خواردەوە
بۆیە گریام چەند بە چەند فرمێسكی خوێنینم نەهات
غەم سەری لێ داوم و یارم قەت سەرێكی لێ نەدام
د _ك _ل ۱۱۵)

پێكهاتەی وشەسازیی و فۆڕمی زمان، ئاستی واتا و دەلالەتی گەیاندن لەوشیعرەی كوردی دا، لەزمانی كلاسیك ناچێت، ئەمە بەو مانایە نییە شیعرەكە هی ئەو نەبێت، بەڵكو بەو مانایەی نالی، كەدیارترین شاعیرەو باڵادەستییەكی زۆری بەسەر زماندا هەبووە، بۆچی بەو زمانە سادەیە شیعری نەنووسیوە، ئەگەر زمانەكە هی سەردەمی كوردی بووە؟ هەموو دیوانی نالی بگەڕێیت، یەك دێڕە شیعری سادەی لەوشێوەیەی تێدا نییە، ئەم كۆپلەیە بۆ هەموو كات و سەردەمێك لەڕووی شیعرییەوە دەگونجێت و دەخوێنرێتەوە، تەڵعەت تاهیریش لە نووسینێكیدا(۲) باس لەو ستایلە كوردانەیەی شیعری كوردی دەكات، بێ ئەوەی روونی بكاتەوە یان ئەو پرسیارە بكات، ئەم ستایلە بۆ لە شیعری (كوردی)دا هەیە و بۆ لای نالی و سالم نییە؟ وێرای ئەمانەش هەر لە دیوانی (كوردی)دا، وشەی شیعری ئەوتۆ هەن، لە زمانی شیعری ئەو كاتەدا بوونیان نییە، بۆنموونە كوردی لە شیعرێكدا دەڵێت:

دا بزانین مەشغەڵەتمان چۆن دەخەیتە گیر و گاز
( د –ك ل ۱۵۶)

گیرو گاز وشەیەكی نوێ و سەردەمیانەیە، لەدوای ڕاپەڕین وەك هاو واتایەك بۆ وشەی (ئیشكالیەتی عەرەبی) دێتە نێو زمانی باو و فەرهەنگی كوردییەوە. مامۆستا حەمەبۆر لە  لێكدانەوەیدا بۆ ئەم وشەیە (مانای بەگیر هێنانی نووسیوە) بەڵام وەك وتم لە بەرانبەر ئیشكالیەتی عەرەبی بە كاردێت، هاوكات تەنها بەگیر هێنانە، نەك گیرو گاز!

 پەراوێزەكان: 
۱_ دیوانی كوردی، ئامادەكردنی محمەد مستەفا (حەمە بۆر) بڵاوكراوەی دەزگای ئاراس ، ساڵی چاپ _۲۰۱۰٫
۲_مستەفا بەگی كوردی و غەزەلی غیلمان، تەلعەت تاهیر، ماڵپەڕی دەنگەكان، ڕێكەوتی ۲۰۱۱/۵/۲۶٫

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

گرووپی هاوڕێیانی خوێنەر، لە یادی پێنجهەمین ساڵەیاندا

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *