
فەرهەنگی زارەکیی موکریان پڕۆژەیەکی دوورودرێژی زمانی و کلتووری
بە بۆنەی تەواو بوونی پازدە بەرگ فەرهەنگی زارەکیی موکریانی مامۆستا سەلاح پایانیانی

فەرهاد بابۆڵی
فەرهەنگی زارەکیی موکریانی سەلاح پایانیانی، ئەو پڕۆژە گەورەیەیە کە ماوەی دوو دەیە و نیو، کاری له سەر کراوە و ١۵ بەرگی لێبڵاوبۆتەوە و بۆ تەواوکەر چەندین لک و وەچی تریشی لێبۆتەوە وەک: ئەدەبیاتی زارەکیی موکریان ـ بەشی منداڵان (دوو بەرگ)، ئەدەبیاتی زارەکیی موکریان – بەشی ژنان، فەرھەنگی جلوبەرگ و خشڵی ژنانی موکریان، فەرھەنگی زارەکیی موکریان – بەشی خورد و خۆراک و کانی مرادان (کۆمەڵێک بەند و باوی فلکلۆری کوردەواریی).
جێگە و پێگەی “وشه” له زماندا جا چ له زمانی نووسیاری و چ له زمانی زارەکی تا ئەو جێگایە گرینگە کە بە بێ ئەو، ناکرێ و نالوێ هیچ پێوەندێکی زمانی له نێو ئاخێوەرانی ساز کرێ. وشه بەشێکی گرینگی زمانە کە له واجەکان و کەرتەکان پێک دێت و تێکەڵ بە کۆمەڵە وشەیتر رستە ساز دەکەن و پەیام بە هۆی وانەوە ڕادەگوێزرێ.

زمانی هەموو نەتەوەیەک به پشوودرێژی و دە بەستێنێکی هەراوی مێژووییدا بەرەبەبەره بیچم دەگرێ و بەرەو بلووغ و باڵغبوون هەنگاو دەنێت. هەرچی زمانێک پتر بتوانێ وشە کەون و دێرینەکانی خۆی له بواری جوداوازدا بدۆزێتەوە و کاریان پێبکا ئەوە ڕەسەنایەتی خۆی زۆرتر و قوڵتر پێشان داوە. زۆر حاشاهەڵنەگرە کە بۆ زمان به تایبەت زمانی نووسیاری، ڕێزمانی کارای رستەسازی و چۆنێتی بە سەریەک لکاندنی وشەکان بۆ ساز بوونی رستەیەکی مانایی هەستیارترین کاری پێویستە بەڵام دەگەڵ ئەوەیکە نووسەری کورد دەبێ به دابی ڕێزمانەکەی خۆی ڕستە و پاڕاگڕاف و دەق بخولقێنی نابێ ئەوەشی له بیر بچێتەوە “وشە” و دەکارکردنی وشەی ڕەسەنی زمانەکەی دەنگ و دەوری کارای له زیندووڕاگرتنی کلتوور و وێژە و زمانی نەتەوەکەیدا هەیه. ئەو وشانە دەچوارچێوەی چەندین بەشی جیاوازدا دە نێو فەرەنگی زارەکیی موکریان کۆ کراونەتەوە دەگەڵ ئەوەیکە وشەکان ئارشیو کراون زۆر مەسەل و مەتڵ و بەند و باو و نوکتە و قسەی خۆش و نەستەقیش بە داکۆمێنت بوونە و بۆ هەمیشه دەپارێزرێن.
هەرچەند کاری فەرهەنگ نووسی کارێکی تیمی و گرووهییه و پێویستە دە زەمەنێکی مێژوویی و به شێوازێکی مەیدانی بکرێ تا چ شت له چاوان ون نەبێ و چ کەلێن نەمابێ له جێگای خۆیدا پڕ کرێتەوە، بۆیەش له وڵاتانی پێشکەوتوو و خەمخۆردا بە ستایلێکی سەردەمیانە و له سەر شانی زانستگاکان و کۆلێژەکانی بەشی زمانی زانکۆکاندا و له ژێر چاوەدێریی پسپۆڕانی چازان و لێزان بەڕێوەدەچێ. کەچی داخی گرانم لێره و له نێو جیهانی ڕۆژهەڵاتیدا و لە نێو ئەو بیر و ئەندێشانەی چ بڕوا و باوەڕێکی ئەوتۆیان بە جۆراوجۆریی زمانی نییه بە تایبەت بۆ زمانێکی وەکوو زمانی کوردی، هیچ ڕێکخراو و کۆلێژ و تێچوویەک تەرخان ناکرێ کارێکی ئاوا قورس و پڕبایەخ لە دووی درێ. بەڵام بەو حاڵەش، دەست ڕانەگیراوە و کار دەوامی هەبووە و چەندین فەرهەنگ و وشەدان و هەمبانەی وشەیی لەو ساڵانەدا له بواری جۆراوجۆر نووسراوە و تۆمار کراوە کە دەتوانین وەک گوڵی سەر سەوەتەی هەمووان چاو له فەرهەنگی زارەکیی موکریان بکەین. ئەو فەرهەنگە دە دووتوێی پازدە بەرگدا و بە شێوەیەکی مەیدانی و به شێوازێکی پسپۆڕانە کاری بۆ کراوە و بۆتە بناغەیەکی قایم و پتەو بۆ کۆ کردنەوەی سامانێکی بە نرخی زمانی.
زەرفییەت و پتانسییەلی زمانی کوردی له چوارچێوەی زمانی زارەکیدا بۆ دۆزینەوەی وشەی هەمەڕەنگ و ژیکەڵە یەکجار زۆر بەرین و بەربڵاوە. سەرچاوە و سەرینچاوەکانی وەک بەیت و حەیران، پەندی پێشینیان، قسەی نەستەق، نەقڵ و قایەت، مەتەڵ و مەسەل وای کردووە بە درێژایی مێژووی بوونی مڕۆڤی کورد وشەگەلێکی حەسڵ و نەسەبه و خۆماڵی و خۆجێیی بدرکێندرێن و دەکارکرێن و له سەر زاران بمێننەوە و هەرمان بن. له پاشان ئەوە ئەو زمانە زارەکییەیه دەبێتە خزێنە و گەنجینە بۆ دەوڵەمەند بوونی زمانی نووسیاری، ئەویش له هەموو ڕووبەرەکانی خۆێدا وەک زمانی زانست، زمانی وێژە، زمانی ڕۆژنامەگەری و …
فەرهەنگی زارەکیی موکریان جگە له کۆ کردنەوەی وشە و ئەسپاردەکردن و ڕادەستکردنی ئەو وشانە بۆ پڕۆژە زمانییەکان، له باری کلتووریشەوە زۆری حەول داوە هەتا تەپ و تۆزی فەرامۆشی لەو بەشەشدا وەک پێناسەیەکی گرینگی نەتەوەیی بسڕێتەوە و بە زیندوویی ڕایگرێت و بە ئەمانەتەوە ڕادەستی بەرەی ئێستا و داهاتووی کات. فەرهەنگی خورد و خۆراک، فەرهەنگی جل و بەرگ و پۆشاک و خشڵ و خاڵی ژنان، وشە و زاراوەی سەر به کلتووری ئاژەڵداری و وەرزێڕی و … به تێکڕا له کنار ئەوەیکە کارێکی هەرمانی زمانین، کارێکی پیرۆزی کلتووریشن.
لەو فەرهەنگە پیرۆزەدا بێ جیاوازیی ڕەگەزایەتی، حزوور و ڕەنگی ژنی کورد له سەر وشه، زمانی ئاخاوتن، داب و نەریتی خشڵ و بەرگ و ئەدەبیاتی ژنانە پێشان دراوە و کاری بۆ کراوە و وەک بەشێکی گرینگی زمانی ـ کلتووری ئاوڕی لێدراوەتەوە.
زمانی ژنانە له نزا و پاڕانەوە و توک و دوعا و شینگێڕی و …وەک جل و بەرگەکەی سەربەخۆیە و ئەوەش پێشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە تاکی ژن له کۆمەڵگای کوردیدا هەوێتی سەربەست و سەربەخۆی هەیه و پێویستە لە بواری زمانی و کلتووریشەوە ئاوڕی تایبەتی لێبدرێتەوە؛ کارێک کە فەرهەنگی زارەکی موکریان خۆی لێنەبواردووە و وشیارانە پڕژاوەتە سەری.
تەواوبوونی ئەو پڕۆژه زمانییه کە دەکرێ وەک تێکنۆلۆژیایەکی زمانیش چاوی لێبکردرێ پێشاندەری ئەو ڕاستییەیه کە هەم زمانێکی دەڵەمەند و فرەڕەنگمان هەیه و هەمژی پسپۆڕانێکی کۆڵنەدەر و پەرۆشن هەیه کە سەرەڕای ئەو هەمووە گیر و گرفت و بەربەستە، بەردەوام بۆ گەشەی زمان و کلتوورەکامان قۆڵی هیمەتیان لێهەڵماڵیوە و نەیانهێشتووە ڕەوتی پێشکەوتن و سەرکەوتنی سامانێکی فەرهەنگی له وەستان بکەوێ و بەردەوام حەولی وەسەریەکنانی ئەو سەروەت و سامانەیان بۆ بەرەکانی داهاتوو کردووە.
بۆ داگرتنی تهواوی بابهتهکه ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…
هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.
خانە کتاب كُردی