جوانیناسیی تێگه‌یشتن له “وه‌رزی پێنجه‌م”دا
سارا خهنشا
جوانیناسیی تێگه‌یشتن
تیۆری جوانیناسیی تێگه‌یشتن، ناونیشانێکه که به‌گشتی بۆ ئاماژه‌کردن به ئاراسته‌یه‌ک له ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی به‌کار دێت و له دوایین ساڵه‌کانی ده‌یه‌ی ١٩٦٠ و ده‌یه‌ی ١٩٧٠، له‌لایه‌ن مامۆستایان و فێرخوازانی زانستگای کۆنستانسی ئاڵمانی ڕۆژاوا ئاماده و په‌رداخ کرا؛ هه‌ر بۆیه “قوتابخانه‌ی کۆستانس”یشی پێ ده‌کوترێت. “هانس ڕۆبێرت یاس” و “وۆلفگانگ ئایزێر” له گرینگ‌ترین بیرمه‌ندانی ئه‌م قوتابخانه‌یه‌ن. ده‌توانین بڵێین که تیۆریی جوانیناسیی تێگه‌یشتن گرینگ‌ترین و ناوه‌ندیترین بابه‌تی قوتابخانه‌ی کۆنستانس هه‌ژمار ده‌کرێت و ئه‌ندامه‌کانی به جێی ڕووکردنه سه‌ر شێوازگه‌لێکی نه‌ریتی و کۆن که جه‌ختیان له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی ده‌ق و لێکدانه‌وه‌ی ڕێکی ده‌قه‌کان بوو، پڕژانه سه‌ر خوێندنه‌وه و تێگه‌یشتن له ده‌قه وێژه‌یییه‌کان. له ڕاستیدا ئه‌م تیۆرییه سرنجێکی زۆری به کاردانه‌وه‌ی خوێنه‌ر له‌سه‌ر ده‌ق و ڕۆڵه‌که‌ی له ئافراندنی واتا داوه. ئه‌م قوتابخانه‌یه هه‌رچه‌ند پێوه‌ندییه‌کی چڕی له‌گه‌ڵ ڕه‌خنه‌ی خوێنهرتهوهر هه‌یه، به‌ڵام له بواری پێشگریمانه تیۆررییهکان و ڕوانگه گشتییه‌که‌ی، گه‌لێک له هاوتا ئهمریکایییهکهی یه‌کگرتووتره (مکاریک،١٣٨٤: ٣٤٠).
ئایزێر و یاس گرینگ‌ترین تیۆرییه‌کانیان سه‌باره‌ت به جێگه‌وپێگه‌ی به‌رده‌نگ له ده‌قدا هێنایه ئاراوه. به بڕوای ئه‌وان به‌بێ به‌شداریی چالاک و به‌رده‌وامی خوێنه‌ر هیچ جۆره ده‌ق و به‌رهه‌مێک بوونی نابێت. که‌واته به‌پێی ئه‌م تیۆرییه، جوانیناسی به خوێندنه‌وه و به‌رده‌نگ گرێ دراوه و له‌و ڕوانگه‌یه‌وه، واتا له پێواژۆیه‌کی پێچهڵاوپێچ و له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی خوێنه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ق بیچم ده‌گرێت.
له کاتی خوێندنه‌وه‌ی ده‌قدا به‌رده‌نگ ده‌بێ له ده‌قدا ئاماده بێت، هه‌ر ئه‌و جۆره‌ی که زمان تێیدا ئاماده‌یه و ناچارمان ده‌کات لێی ورد بینه‌وه و بیبینین. به‌رهه‌می هونه‌ری سه‌رڕێژ له ڕه‌گه‌زگه‌لێکی دیارینه‌کراوه که له ڕووی کاریگه‌رییه‌وه پێوه‌ندی به لێکدانه‌وه‌ی خوێنه‌ره‌وه هه‌یه. ئایزێر به لێکۆڵینه‌وه‌کانی سه‌باره‌ت به کارلێکی نێوان خوێنه‌ر و ده‌ق، ئاراسته‌ی مێژووییی یاسی بۆ تێگه‌یشتن له به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌کان ته‌واو کرد. له ڕاستیدا سرنجی ئایزێر به‌ره‌و ئه‌م پرسیاره ڕاکێشراوه که چۆن و له چ بارودۆخێکدا به‌رهه‌مێک، بۆ خوێنه‌ر واتای هه‌یه. له کاتێکا که لێکدانه‌وه‌ی نه‌ریتی به‌دوای ئاشکراکردنی واتای شاراوه‌ی به‌رهه‌مه، ئایزێر تێ ده‌کۆشێت واتا وه‌ک به‌رهه‌مێک چاو لێ کات که له کارلێکی نێوان به‌رهه‌م و خوێنه‌ر وه‌دی دێت، واتا ئه‌و کاریگه‌رییه‌ی که لێی ئه‌زموون ده‌کرێت نه‌ک ئه‌و په‌یامه‌ی که ده‌بێ لێی تێ بگه‌ی (مکاریک، ١٣٨٤: ٣٤١).
ئایزێر بۆ هه‌ر به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بی دوو جه‌مسه‌ر له‌به‌رچاو ده‌گرێت و له وتارێک به ناوی (The Reading Process: A Phenomenological Approach)دا ده‌ڵێت: “به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی دوو جه‌مسه‌ری هه‌یه؛ یه‌کیان جه‌مسه‌ری هونه‌رییه و ئه‌وی تریش جه‌مسه‌ری جوانیناسانه‌یه. “جه‌مسه‌ری هونه‌ری” ئاماژه به ده‌قێک ده‌کات که له‌لایه‌ن نووسه‌ره‌وه خوڵقاوه و “جه‌مسه‌ری جوانیناسی” سرنج ده‌خاته سه‌ر تێگه‌یشتنێک که خوێنه‌ر پێی گه‌یشتووه.”
“ستراتێژیی خوێنه‌ر”، که هه‌ر کام له ئایزێر و ئینگاردێن بڕوایان پێی بوو، بریتی بوو له خوێندنه‌وه‌ی هه‌نگاو به هه‌نگاوی ده‌ق و ئافراندنی ورد ورد له زه‌ینی خوێنه‌ردا بیچم ده‌گرێت. ئایزێر له‌سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌یه که: “ئه‌وه‌ی که خوێنه‌ران ته‌واو جیاواز و به شێوه‌گه‌لێکی جیاواز ده‌که‌ونه ژێر کارتێکه‌ریی ئه‌و ڕاستییه‌ی که له‌لایه‌ن ده‌قێکه‌وه ئافرێندراوه، خۆی شایه‌تیی ئه‌م بانگه‌شه‌یه‌یه که ده‌قه وێژه‌یییه‌کان، خوێندنه‌وه ده‌که‌ن به پێواژۆیه‌کی داهێنه‌رانه که زۆر سه‌رتر له‌و تێگه‌یشتنه ڕووتهیه که‌وا له‌سه‌ر کاغه‌ز هاتووه.
ئایزێر له تیۆریی دیارده‌ناسیی خوێندنه‌وه‌ی خۆیدا، پێوه‌ندیی دوولایه‌نه‌ی نێوان ده‌ق و خوێنه‌ر ده‌گرێته به‌ر. کۆی به‌رهه‌مه‌کان و ڕێکاره ده‌قییه‌کان به ساناییی چوارچێوه‌یه‌ک ده‌خه‌نه ڕوو که تێیدا خوێنه‌ر ده‌بێ ئۆبژه‌یه‌کی جوانیناسی بۆخۆی چێ کات. که‌واته تێگه‌یشتنی جوانیناسانه وه‌ک نیشانێک له تیۆری تێگه‌یشتن له ماوه‌ی کارلێکی نێوان ده‌ق و خوێنه‌ر، داده‌نرێت. ئایزێر به‌مه جوانیناسیی تێگه‌یشتن ده‌ڵێت، چونکه خه‌یاڵی خوێنه‌ر ده‌ورووژێنێت و به به‌رهه‌م ژیانێکی نوێ ده‌به‌خشێت. به‌پێی ئه‌م تیۆرییه ده‌ق و به‌رده‌نگ له‌گه‌ڵ یه‌کتر له کارلێکێکی دوولایه‌نه‌دان و به‌پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی بابه‌ته‌کان، پێوه‌ندییه‌که یه‌کلایه‌نه نییه و ته‌نیا له‌لایه‌ن به‌رهه‌مه‌وه به‌ره‌و به‌رده‌نگ نییه، به‌ڵکوو به‌رده‌نگیش له سازدانی ئه‌م پێوه‌ندییه دوولایه‌نه ڕۆڵێکی بنه‌ڕه‌تی ده‌گێڕێت (مکاریک، ١٣٨٤: ٣٤٤).
له ڕاستیدا ده‌ق وه‌کوو تاقیگایه‌که که مه‌زنده‌ی خوێنه‌ر، چێژی وه‌پێشکه‌وتنی خوێنه‌ر له نووسه‌ر، له‌و ده‌قه‌دا به ئاکام ده‌گات یان ناگات. خوێنه‌ر پێشگریمانه‌یه‌کی هه‌یه؛ جاری وایه ده‌قه‌که وه‌ڵامێکی بۆ پێشگریمانه‌که‌ی ده‌بێت و له ئه‌نجامدا خوێنه‌ر خۆی پێ ژیر ده‌بێت، به‌ڵام جاری واشه وه‌ڵامێکی بۆی نابێت؛ له‌و کاته‌دا خوێنه‌ر پێشگریمانه‌یه‌کی تر ده‌دۆزیته‌وه. به‌م شێوه‌یه خوێندنه‌وه و ڕووبڕکێی (چالش) خوێنه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ق ده‌چێته پێش. ئه‌و ده‌قه‌ی وا هێلانه‌ی نامرادییهکانی پێشگریمانه‌کردنی خوێنه‌ر بێت، سهرسووڕێنتره. ئه‌و ده‌قه هێزێکی زۆرتری له‌چاو خوێنه‌ر هه‌یه و وه‌پێش خوێنه‌ر ده‌که‌وێت. ئایزێر پێی وایه که: “خوێندنه‌وه‌ی ده‌قێکی پته‌و له ڕێگه‌ی زنجیره‌یه‌ک له خوو و خده‌کان بیچم ده‌گرێت. گریمانه‌کانیش له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م خووانه چێ ده‌بن و “ستراتێژیی خوێندنه‌وه” واتا ناسیاوی له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕێکار، کۆد و گرێبه‌سته ئه‌ده‌بییانه‌ی که‌وا له به‌رهه‌مێکی تایبه‌تدا که‌ڵکیان لێ وه‌رگیراوه” (احمدی، ١٣٨٢: ٦٨٤) و له لایه‌که‌ی دی “ستراتێژیی ده‌ق” هه‌یه که ده‌رخه‌ری لوانه واتایییهکانی ده‌قه؛ واتا “له‌نێوان ئاسۆی ده‌لاله‌تی واتاییی ده‌ق و خوێنه‌ر، پێوه‌ندییه‌ک ده‌ئافرێنێت که ته‌نیا له ئه‌نجامی وردبوونه‌وه‌ی ده‌ق نییه، به‌ڵکوو به‌رهه‌می بۆنه نێواندهقێتییهکانه، هه‌ڵبه‌ت ستراتێژیی ده‌ق، خۆی ده‌توانێت له ڕێگه‌ی ئه‌و ڕێکارانه‌ی که له ده‌قدا به‌کار هاتوون، بناسرێن” (احمدی، ١٣٨٢: ٦٨٧). ده‌بێ بزانین ئامانج له‌و پێکهاته نێواندهقێتییانه، ستراتێژیی خوێندنه‌وه و ده‌ق، ڕاڤه‌کاری و نیگا نوێیانه به ده‌ق و دواتر تێگه‌یشتنی خوێنه‌ر، چییه؟! ئایزێر و هاوڕێیه‌کانی له‌سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌ن که له‌م پێواژۆیه‌دا، خوێنه‌ر خه‌ریکی دۆزینه‌وه‌ی توێژه‌کانی تری ده‌روونی خۆی ده‌بێت. ئایزێر پێی وایه که: “ده‌قی ئه‌ده‌بی ده‌بێت به شێوه‌یه‌ک بێت که هێزی خه‌یاڵی خوێنه‌ر بورووژێنێت جۆرێک که خۆی بتوانێت ئه‌و شته‌ی وا له به‌رچاویه‌تی، یه‌کلایی بکاته‌وه؛ چونکه خوێندنه‌وه ته‌نیا کاتێک چێژبه‌خشه که کارێکی داهێنه‌رانه و چالاک بێت.”
یه‌کێک له ده‌ستکه‌وته‌کانی خوێندنه‌وه ئه‌وه‌یه، که خوێنه‌ر خۆی ڕاده‌ستی خه‌یاڵی ده‌ق ده‌کات و له ڕاستییه‌کانی ژیانی ڕۆژانه‌ی دوور ده‌بێته‌وه و ده‌توانێت به‌و دووربوونه‌وه‌یه له ڕاستیی ده‌ره‌کی و چێ‌کردنی جیهانی ناوه‌کی، سه‌فه‌ر بکات؛ سه‌فه‌ری زه‌ین له جیهانی ده‌قدا. دیاریی ده‌قیش بۆی ئه‌مه ده‌بێت که بوارێک ده‌ڕه‌خسێنێت هه‌تا خوێنه‌ر تێیدا پێداچوونه‌وه‌یه‌ک به خۆی، بیروهزره‌کان، خووه شیاو و نهشیاوهکانیدا بکات. به‌م شێوه‌یه هه‌ر چیرۆکێک ده‌توانێت یه‌کێک له به‌شه نه‌ناسراوه‌کانی منی خوێنه‌رم بۆ بدۆزێته‌وه. ئه‌وه‌ی که ئاخۆ، خوێنه‌ر ده‌توانێت وه‌رگری په‌له‌پیتکه (تلنگر)کانی ده‌ق بێت یاخۆ ده‌یهه‌وێت نیگایه‌کی نوێی له‌مه‌ڕ خۆی و ده‌وروبه‌ری هه‌بێت، شتێکه که بۆ خوێنه‌ر و ویسته سه‌ره‌تایییه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه. خوێنه‌ر ده‌بێ ڕێگه بدات هه‌تا ده‌رگا واتایییهکانی ده‌قی به ڕوودا بکرێنه‌وه. هه‌ر وه‌ک ده‌زانین “واتا” تابشتی په‌نگخواردووی ده‌قه، ئه‌وه خوێنه‌ره که ڕێگه‌ی به‌کرده‌وه‌بوونی ده‌دات.
له‌م وتاره‌دا تێ ده‌کۆشین به‌پێی ڕێکاره‌کانی تیۆریی جوانیناسیی تێگه‌یشتن، ڕوانگه‌ی ئایزێر له کۆمه‌ڵه‌چیرۆکی وه‌رزی پێنجه‌مدا لێک بده‌ینه‌وه.
پێوه‌ندیی کارلێک (دیالێکتیک)ی نێوان ده‌ق و خوێنه‌ر
به‌پێی بۆچوونی ئایزێر واتای هیچ ده‌قێک نه‌گۆڕ نییه؛ واتا له کاتی خوێندنه‌وه‌ی ده‌قدا به‌رهه‌م دێت یان به وته‌ی خودی ئایزێر واتا “ڕووداوێکی چالاک”ه. مه‌به‌ستی ئایزێر له واتا وه‌ک “ڕووداوێکی چالاک” ئه‌وه‌یه که واتا له‌گه‌ڵ هه‌ر جار خوێندنه‌وه‌ی خوێنه‌ره جیاوازه‌کان، به شێوه‌یه‌کی جیاواز وه‌دی دێت. بۆ نموونه ئه‌و واتایه‌ی که خوێنه‌رێک له چیرۆکی “ڕزگاری به کاتی کازیوه” هه‌ڵده‌کڕێنێت، بێگومان واتایه‌کی ڕێژه‌یییه، چونکه ڕه‌نگه خوێنه‌رێکی تر هه‌ر بۆ ئه‌و چیرۆکه واتایه‌کی جیاواز داده‌نێت. که‌واته به‌پێی تیۆریی ئایزێر به‌کارهێنه‌ری ده‌ق (خوێنه‌ر/ ڕه‌خنه‌گر)ـه که له کارلێک له‌گه‌ڵ ده‌قدا، واتاکه‌ی دیاری ده‌کات، نه‌ک به‌رهه‌مهێنه‌ری ده‌ق (دانه‌ر).
ئایزێر بهپهرهدان به کاری دیاردهناسانێک وه‌ک ئێدمۆند هوسێرل و ڕۆمێن ئینگاردن، لێڕوانینێکی سێلایه‌نه بۆ لێکدانه‌وه‌ی ده‌ق ده‌خاته ڕوو و ده‌ڵێت: “پڕژانه سه‌ر ده‌ق، پێوه‌ندی به خوێنه‌ر و له هه‌مووان گرینگتر به دۆخی کارلێکی نێوان ده‌ق و خوێنه‌ر هه‌یه.” له ناوه‌ندی تیۆریی ئه‌ودا، چه‌مکی خوێنه‌ری شاراوه (ضمنی) هه‌یه که خه‌ریکه باس له پێواژۆیه‌ک ده‌کات که به‌پێی ئه‌و، چییه‌تی (ماهیت)ی پێکهاته ده‌قییه‌کان له ڕێگه‌ی چالاکییه زه‌ینییه‌کانه‌وه به‌ره‌و ئه‌زموونه تاکه‌که‌سییه‌کان گۆڕانکارییان به‌سه‌ر دێت (مکاریک، ١٣٨٤: ٣٤٣). ده‌سته‌واژه‌ی خوێنه‌ری شاراوه، هاوئاڕاسته له‌گه‌ڵ ڕوانگه‌ی کارلێکیی ئایزێر له‌مه‌ڕ به‌رهه‌مهێنانی واتا، چه‌مکێک نییه که ته‌نیا هیی ده‌ق یان خوێنه‌ر بێت، به‌ڵکوو هیی هه‌ردووکیانه. ئه‌م چه‌مکه که پێشپێکهاتهی ده‌ق له‌خۆ ده‌گرێت که به‌رهه‌مهێنانی واتا ده‌لوێنێت یان سانای ده‌کات و هه‌م ده‌سته‌به‌رکردنی واتا په‌نگخواردووه‌که له‌خۆ ده‌گرێت که خوێنه‌ر له پێواژۆی خوێندنه‌وه ده‌یکات. که‌واته ئه‌و مۆدێله‌ی که ئایزێر له‌مه‌ڕ خوێنه‌ری شاراوه مه‌به‌ستییه‌تی، مۆدێلێکی دیارده‌ناسانه‌یه که له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له به‌رانبه‌ر خۆتێهه‌ڵقورتانه ئه‌زموونییه‌کاندا ڕاده‌وه‌ستێت، پێداویستییه پێویسته‌کانیشی بۆ شه‌نوکه‌وکردنی ده‌قێکی تایبه‌ت هه‌یه (مکاریک، ١٣٨٤: ١١١)
ئه‌م جۆره خوێنه‌ره به‌شێک له پێکهاته‌ی چیرۆکه و ئه‌و خوێنه‌ره‌یه که له‌نێو ده‌قدا ونه و ده‌ق ڕوو به ئه‌و نووسراوه. ته‌کنیکگه‌لێکی جیاواز بۆ دۆزینه‌وه‌ی خوێنه‌ری نێو ده‌ق هه‌یه که بریتن له: گه‌ڕانه‌وه (ارجاع)کانی نێوده‌قی و گه‌ڕانه‌وه‌کانی ئهوپهڕدهقی [وه‌ک هێماکان، ئاماژه به ئایه‌کان، ئوستووره‌کان .. گۆشه‌نیگا، بۆشایییه‌کان و شێوازی نووسراوه‌کان، بڕواکان، دابونه‌ریت و که‌سایه‌تییه‌کانی چیرۆک].
ئایزێر له‌نێوان خوێنه‌ری شاراوه و خوێنه‌ری ڕاسته‌قینه که وه‌ڵامه‌کانی به ده‌ق له ڕووی ناچارییه‌وه له بنهماهزرییهکانی تایبه‌ت به خۆی سه‌رچاوه ده‌گرێت، جیاوازی داده‌نێت؛ بۆ نموونه ناوی چیرۆکی “ڕزگاری به کاتی کازیوه” و یه‌کێک له که‌سایه‌تییه سه‌ره‌کییه‌کانی چیرۆک به ناوی “شه‌ریف” و هه‌روه‌ها ماڵی ڕه‌سوو ئاغا وه‌ک ڕه‌گه‌زێک بۆ خوڵقاندنی که‌شی چیرۆک و ئاگر و گورگ له دوو دێڕی یه‌که‌می ئه‌م چیرۆکه‌دا،واتا: “خه‌ونی ده‌دی ماڵی ڕه‌سوو ئاغای سووتاندووه، به باڵه‌فڕه و لینگهفرتهش له‌و خه‌وه ڕانهدهبوو. ئاگر وه‌ک گورگێکی هاری بریندار به‌ره‌و لای ده‌هات” (ل ١٧)، ڕهگهزگهلێکن بۆ چوونه نێو چیرۆک و ڕاکێشانی سرنجی خوێنه‌ری چالاک به‌ره‌و خۆی. هه‌رچه‌ند خوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ش ئه‌م ڕه‌گه‌زانه‌ی له به‌رده‌سته. یه‌که‌م پێشبینکار ئه‌وه‌یه که ده‌ق خه‌ریکه خه‌ونی که‌سێک ده‌گێڕێته‌وه که ماڵی ئاغایه‌کی ئاگر داوه. ئه‌وه‌ی که به به‌دواداچوونی ده‌ق، خوێنه‌ر به چ وه‌ڵامێک ده‌گات، ئه‌وه شتێکی تره. به‌ڵام خوێنه‌ری شاراوه (پاڵه‌کی) جگه له‌و شتانه‌ی ئاماژه‌ی پێ کرا، ده‌توانێت به‌مه بگات که له “ڕزگاری له کازیوه‌دا” و هه‌روه‌ها ناوی “شه‌ریف” توانجپۆشی (ایهام)یه‌ک خه‌ریکه هه‌ناسه ده‌دات. کازیوه به واتای به‌ره‌به‌یانی و ڕزگاربوون له تاریکییه و هه‌روه‌ها “شه‌ریف” هه‌ر وه‌ک ده‌زانین به واتای بهشهڕهفبوون و مه‌زنایه‌تییه، که‌چی به‌کرده‌وه هه‌ردووکیان به‌گژ خۆیاندا ده‌چه‌نه‌وه. ڕاسته یه‌کێک له واتاکانی کازیوه به‌ره‌به‌یانه، به‌ڵام هه‌ر وه‌ک ده‌زانین وشه‌ی کازیوه له (کاذب) عه‌ره‌بییه‌وه وه‌رگیراوه و کوردێندراوه و به واتای بوولێڵه‌ی به‌یانییه، واتا ڕووناکییه‌کی درۆیین و کاتییه که له‌گه‌ڵ ئاسۆ مه‌ودای هه‌یه و ته‌نیا به‌شێک له ئاسمان ڕووناک ده‌کاته‌وه و دواتر تاریک ده‌بێته‌وه. شێوه‌یه‌کی درێژۆکه‌ی هه‌یه و له شێوه‌ی کلکی ڕێوی ده‌چێت. لێره‌دا کازیوه وه‌ک هێمایه‌ک به‌کار دێت که شۆخه تێیدا ڕووناکییه‌کی درۆیینی بۆ رزگارکردنی خۆی تێدا ده‌بینێت. هه‌ر وه‌ک له لاپه‌ڕه‌ی ٣١یشدا به‌م شێوه‌یه وێنای ده‌کاته‌وه: “له‌سه‌ر هه‌ست بنوو، پێش کازیوه ده‌بێ له ئاوایی دوور کهوتبینهوه.” واتا له کاتی کازیوه‌دا له‌و کۆت و زنجیر و به‌ندیخانه‌یه ڕزگارت ده‌بێ، که‌چی ڕاسته‌خۆ ده‌که‌وێته به‌ندیخانه‌ی شه‌ریفه‌وه، ئه‌و شه‌ریفه‌ی به‌پێچه‌وانه‌ی ناوه‌که‌ی بۆنێکی له شه‌ڕه‌ف و ڕێز و مه‌زنایه‌تی پێ نه‌بڕابوو. “ئاگر و گورگ”یش یه‌کێک له‌و ڕه‌گه‌زانه‌ی که وه‌ستانێک به خوێنه‌ری پاڵه‌کی ده‌گرن و ده‌توانین بلێین وه‌ک خوازه که‌ڵکی لێ وه‌رگیراوه بۆ گڕی ئه‌و ڕق و نفره‌ت و تۆڵه‌یه که هه‌رده‌م له ناخی شه‌ریفدا بڵێسه ده‌ستێنێت و له ناخه‌وه ده‌یکات به گورگێکی دڕ و هۆڤی.” هه‌ڵبه‌ت له لاپه‌ڕه‌کانی (٢١ و ٢٣)شدابهم شێوه‌یه ئه‌م دوو ڕه‌گه‌زه زه‌ق ده‌کاته‌وه: “گورگی گڕکان بهلرفهلرف به‌ره‌و شه‌ریف ده‌هات، بۆنی به ته‌واوی وڵاته‌وه ده‌کرد.” “گورگی گڕکان بهلرفهلرف زاوزێی ده‌کرد، چوارده‌وریان ده‌گرت.” ڕه‌نگه ده‌ستکه‌وتگه‌لێکی له‌م چه‌شنه، زۆرتر یان که‌متر ئه‌و شته نه‌بێت که نووسه‌ر چاوه‌ڕوانی بێت، به‌ڵام خوێنه‌ری پاڵه‌کی ده‌توانێت له شتگه‌لێکی تر و ته‌نانه‌ت زۆرتر له ویستی نووسه‌ریش تێ بگات. ئایزێر له‌سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌یه که: “کاری خوێنه‌ر ته‌نیا ئه‌مه نییه که واتایه‌ک قه‌بووڵ بکات به‌ڵکوو ده‌بێ پاژه جیاوازه‌کانی ئه‌و واتایه‌ش به‌یه‌که‌وه گرێ بدات”. هه‌ر بۆیه ده‌ق ته‌نیا به تێگه‌یشتن نایێته ڕهداوه و له‌دوای تێگه‌یشتن، خوازیاری به‌رهه‌مهێنان و ئافراندنی واتاگه‌لێکی نوێشه. که‌واته به‌پێی تیۆری ئایزێر، به‌رهه‌مهێنانی واتا پێویستی به پێوه‌ندیی دیالێکتیکیی نێوان ده‌ق و خوێنه‌ر و کارلێکیان هه‌یه. جێین تامپکینز سه‌باره‌ت به کارلێک و گرینگییه‌که‌ی له تیۆریی ئایزێردا ده‌ڵێت: “خوێنه‌ر چالاکانه له به‌رهه‌مهێنانی واتای ده‌قدا به‌شداری ده‌کات … ده‌بێ له ڕێگه‌ی ده‌سته‌به‌رکردنی ئه‌و به‌شانه له ده‌ق که نهنووسراوهتنهوه، به‌ڵام ده‌ق به‌ته‌واوی دهرخهریانه، وه‌ک به‌دیهێنه‌ری به‌رهه‌م کار بکات. هه‌ر جارێ که ده‌قێکی تایبه‌ت ده‌خوێنینه‌وه، ئه‌و “بهکۆنکرێتکردن”ـه‌ی ده‌ق، خه‌یاڵی خوێنه‌ر ناچار ده‌کات که بکه‌وێته کار.”
له ڕاستیدا “بهکۆنکرێتکردن” ده‌سته‌واژه‌ی داهێنه‌رانه‌ی خودی ئایزێره؛ له ڕوانگه‌ی ئایزێرهوه ده‌ق به‌ر له‌وه‌ی بخوێنرێته‌وه حاڵه‌تێکی ده‌رهه‌ستی هه‌یه و ته‌نیا له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌یه که حاڵه‌تێکی به‌رهه‌ست له‌خۆ ده‌گرێت. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه، واتا بابه‌تێک نییه که نووسه‌ر له‌نێو ده‌قدا شاردبییهوه هه‌تا خوێنه‌ر، بیدۆزێته‌وه، به‌ڵکوو واتا گوته‌زایه‌کی ته‌واو ڕێژه‌یییه و له مێشکی هه‌ر خوێنه‌رێکدا به شێوه‌یه‌کی تایبه‌ت دێته دی.
له ڕوانگه‌ی ئایزێرهوه پێوه‌ندیی نێوان ده‌ق و خوێنه‌ر پێوه‌ندییه‌کی دوولایه‌نه و دیالێکتیکییه: “له لایه‌ک ده‌ق ڕۆڵێک بۆ خوێنه‌ر پێشنیار ده‌کات و له لایه‌کی تره‌وه خوێنه‌ریش ئینتیما و مه‌یلی خۆی هه‌یه. چونکه هیچ یه‌ک له‌م دووانه به‌ته‌واوه‌تی ناتوانێت بچێته ژێر ڕکێفی ئه‌وی تره‌وه، به‌ریه‌ککه‌وتنێک له‌نێوانیان چێ ده‌بێت.” ده‌ق ته‌نیا هێندێک سه‌ره‌داو به‌ده‌ست خوێنه‌ر ده‌دات، نه واتا ئاماده‌کراوه‌که‌ی. هه‌ر چیرۆکێک به‌پێی پێویست ناته‌واوه و ئه‌وه خوێنه‌ره که به خوێندنه‌وه‌ی ته‌واوی ده‌کات.
بۆ نموونه کاتێک له وشه‌ی “دیوار” له لاپه‌ڕه‌کانی (٢٣ و ٢٤) ورد ده‌بینه‌وه: “سه‌رم هه‌ڵێن، میچه‌که هاتبووه خوارتر. دیواره‌کان لێک نزیک ببوونه‌وه. شۆقی چراکه، دیواره تاریک و بێپهنجهرهکهی زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕاندبوو.” “بۆ دیوارێک ده‌گه‌ڕام پاڵی پێوه بده‌م. لاقم قورساییی جه‌سته‌می پێ ڕانه‌ده‌گیرا، که‌وتم به‌سه‌ر دار و گوێنییهکانی په‌نا دیواره‌که‌دا.” ده‌بینین دوو کارکردی ته‌واو جیاواز به دیوار دراوه؛ کاتێک دیواره‌کان لێک نزیک ده‌بنه‌وه وه‌ک هێمای زۆرداری و ئه‌و که‌شه پڕ له زه‌بروزه‌نگه‌ی وێنا ده‌کات و به هێنانی هاوه‌ڵناوی تاریک و بێپهنجهره و زه‌رد بۆ دیوار، دهمکوتیی که‌شه‌که تۆختر ده‌کاته‌وه و ئاماژه به نه‌بوونی هیچ ده‌روویه‌کی هیوابه‌خش ده‌کات و به ڕه‌نگی زه‌ردیش ڕه‌نگی مه‌رگ و ڕه‌نج و ژان له مێشکی خوێنه‌ردا وێنا ده‌کات. و کاتێک ده‌ڵێت” بۆ دیوارێک ده‌گه‌ڕام پاڵی پێوه بده‌م.”، وه‌ک هێمایه به‌کار هاتووه که بتوانی پشتی پێ بسپێری و پاڵپشتت بێت.
هه‌روه‌ها له لاپه‌ڕه‌ی (٢٥)دا دوو کارکردی ته‌واو جیاوازی به ڕه‌گه‌زی “پووزه‌وانه” داوه؛ یه‌کیان بۆنی نفرت و شه‌هوه‌ت و ده‌ستدرێژی و تۆڵه‌ی لێ ده‌هات و ئاوای وێنا ده‌کات: “ویستم لێی بکشێمه‌وه، پێی له‌سه‌ر داوێنی کراسه‌که‌م دانا، پووزه‌وانه چڵکنه شڕه‌کانی ته‌ڕ ببوون و بۆنێکی ناخۆشیان لێ ده‌هات.” و ئه‌وه‌ی تریان هێمای خۆشه‌ویستی و پاکی و جوانییه و به‌م شێوه‌یه وێنا ده‌کات: “دایکم کوتی: … پووزه‌وانه بۆ کێ ده‌چنی؟!” به‌سه‌رسامییه‌وه لێی وه‌رگرتم، چاو و برۆ ڕه‌شه‌کانی له‌سه‌ر ڕوخسارێکی ڕهشهسمهر خوێنشیرینتریان کردبوو، پێکه‌نینێکی قووڵ سه‌رسامییه‌که‌ی کاڵ ده‌کرده‌وه. ده‌ستی به سمێڵه پانه‌که‌یدا هێنا و تێی ڕوانیم، کوتی: “زۆر جوانن، له کوێ فێر بووی؟ ڕانه‌وه‌ستا وه‌ڵامی بده‌مه‌وه، داهاته‌وه لینگێک پووزه‌وانه‌ی خۆی داکه‌ند و ئه‌وه‌ی منی هه‌ڵکێشا و دوو سێ ده‌وری گوڵینگهکه تێ هاڵاند، کوتی: “ته‌واو ته‌واوه!”
ڕه‌گه‌زێکی تر که هه‌ر له چیرۆکی “ڕزگاری به کاتی کازیوه” دوو کارکردی ته‌واو لێکدژی پێ دراوه و وه‌ک مه‌جازی پاژ به گشت که‌ڵکی لێ وه‌رگیراوه، “نیگا”یهه. بۆ نموونه کاتێک له (ل ٢٦)دا ده‌ڵێت: “سه‌رم هه‌ڵینا، نیگام له نیگای حیزی گرێ درا. تیشکی ڕق و تۆڵه له چاویدا ڕه‌نگی ده‌داوه.”، نیگایه‌کی پڕ له قێزه‌ونی و چه‌په‌ڵی و قین وێنا ده‌کات که‌چی کاتێک له (ل ٢٨)داده‌ڵێت: “ئاگام لێ بوو، میرزا هه‌موو جارێک له کاتی دهرسکوتنهوهدا نیگای وه‌ک کۆترێکی ده‌سته‌مۆ به‌سه‌ر نیگای هه‌موو برازاکان و ئامۆزاکانمدا ده‌هاته‌وه هێلانه‌ی چاوه‌کانی من ده‌نیشت، خوداخودام بوو هه‌ست به‌و سه‌رنجانه‌ی نه‌که‌ن.”، نیگایه‌کی تژیی پاکی و بێخه‌وشی وێنا ده‌کات و به‌ره‌و پێوه‌ندییه‌کی سۆزدرانهت ده‌بات که وه‌ک کۆترێکی پاک و بێخه‌وش و ئه‌ویندار له هێلانه‌ی چاوه‌کانی شۆخه ده‌نیشێته‌وه.
که‌واته هه‌ر ده‌قێک خوازیاری هاوکاری و هاوڕێیه‌تیی خوێنه‌ره، که له ڕوانگه‌ی ئایزێرهوه ده‌بێ له‌لایه‌ن خوێنه‌ره‌وه له ڕێگه‌ی ئه‌و “درز” و “بۆشایی”یانه‌ی که هه‌ر ده‌قێک هه‌یه‌تی، پڕ بێته‌وه و ئه‌و بۆشایییانه نیشان ده‌ده‌ن که پاژه جیاوازه‌کانی ده‌ق ده‌بێ به‌یه‌که‌وه گرێ بدرێن، هه‌رچه‌ن خودی ده‌ق ئاشکرا ئاماژه به‌مه ناکات. هه‌ر وه‌ک ئایزێر خۆیشی ئاماژه‌ی پێ ده‌کات: “زۆربه‌ی ده‌قه نوێیه‌کان ئه‌ونده کوتکوت و پاژپاژن که ته‌واوی سرنج خوێنه‌ر ده‌که‌وێته سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی پێوه‌ندیی نێوان ئه‌و پاژه پرشوبڵاوانه. ئامانج له‌م کاره، پێچهڵاوپێچکردنی شه‌به‌نگی پێوه‌ندی نییه، به‌ڵکوو زۆرتر به مه‌به‌ستی ئاگادارکردنه‌وه‌ی ئێمه له سروشتی تواناییی ئێمه بۆ وه‌دیهێنانی پێوه‌ندییه‌کی ئه‌وها له‌نێوان پاژه‌کانه.” کاتێک له چیرۆکه‌کانی وه‌رزی پێنجه‌م ده‌ڕوانین، ده‌بینین ئه‌م پاژپاژبوون یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌م چیرۆکانه‌یه و ئه‌وه خوێنه‌ره که پێویسته پاژه‌کان بدۆزیته‌وه و هه‌ر کامیان له شوێنی تایبه‌تی خۆی دا‌نێت و به‌م شێوه‌یه پازێله‌که ڕێک بخاته‌وه. بۆ نموونه کاتێک له چیرۆکی چلگوڵ ورد ده‌بینه‌وه، یه‌که‌م شت که ده‌بێ خوێنه‌ر به‌دوایدا بێت پاژه‌کانی نێوان چلگوڵ و دایه مرێم و دێ‌و و خدرهڕهش و لیمۆ و باوکییه‌تی که ده‌بێ تێکیان بکاته‌وه و خۆی دایڕێژێته‌وه.
واتا و خوێنه‌ر
“کاری خوێندنه‌وه به واتای دۆزینه‌وه‌ی واتاکانی ده‌ق نییه به‌ڵکوو پێواژۆی ئه‌زموونی کارتێکردنی ده‌ق له‌سه‌ر خوێنه‌ره و ئه‌وه‌ی وا ده‌ق له‌گه‌ڵ ئێمه‌ی ده‌کات، له ڕاستیدا هه‌ر ئه‌و کاره‌یه که ئێمه له‌گه‌ڵ ده‌قی ده‌که‌ین، واتا پرسی لێکدانه‌وه” (ایگلتون،١٣٨٠: ١١٨). له خوێندنه‌وه و ئه‌زموونی کارتێکه‌ریی ده‌قدا، ده‌توانین به‌مه بگه‌ین که له زۆربه‌ی چیرۆکه‌کانی وه‌رزی پێنجه‌مدا، ژنانی چیرۆک هه‌ر کامیان له شوێنی خۆیدا خه‌ریکن له‌گه‌ڵ دیکتاتۆری نووسین و خوێندنه‌وه و دیکتاتۆره بچووک و گه‌وره‌کانی مێشکی خۆیان به‌شه‌ڕ دێن؛ جاری وایه له‌گه‌ڵیان هه‌ڵده‌که‌ن و جاری واشه ملکه‌چیان ده‌بن. به‌ڵام کاتێ ده‌بینین له زۆربه‌ی چیرۆکه‌کاندا ناوی ژنهگێڕهڕهوهکه نه‌هاتووه و هه‌ر جارێش ئه‌رکی چینێک له ژنانی کۆمه‌ڵگا له‌ئه‌ستۆ ده‌گرێت؛ بۆ نموونه وه‌ک ژنانی نووسه‌ر، خوێنده‌وار، هه‌ژار، ده‌وڵه‌مه‌ند، به‌رگدوور، فهڕشچن و … له ڕاستیدا خه‌ریکه باسی ژانی ژن و ئه‌و دیکتاتۆرییه‌ته ده‌کات که تووشی هاتووه و ته‌نانه‌ت جاوی وایه له‌لایه‌ن هاوڕه‌گه‌زه‌کانی خۆیه‌وه ئه‌م زه‌بره‌ی وێ ده‌که‌وێت. ژنانی ئه‌م چیرۆکان له له‌یلاوه بگره هه‌تا شۆخه و خاتوونی نووسه‌ر و ئه‌وانه‌ی بێناون، به ئاخاڤتن له‌گه‌ڵ ژنانی تر، وه‌ک دایک، خوشک، هاوڕێیه‌کانیان، هاوسه‌ر، برا و … کێشه‌کانیان له ڕه‌گه‌زێکی تره و تێ ده‌کۆشن هه‌ر یه‌که و به جۆرێ خۆیان له ده‌ست ئه‌م دیکتاتۆرییه ڕزگار بکه‌ن و ئه‌مه خۆی ده‌توانێت ده‌ستپێکێک بێت بۆ سه‌رهه‌ڵدانی که‌سایه‌تییه‌کی نوێ؛ بۆ نموونه له لاپه‌ڕه‌ی (١٤)دا ئه‌م سه‌رهه‌ڵدانه به‌م شێوه‌یه وێنا ده‌کات: “ده‌یزانی منیش وازم له‌و نێوه هێناوه و به‌دوای نێو و ناسنامه و چیرۆکی خۆمه‌وه‌م. من ده‌مویست ئه‌وجار نه‌ک له دایکێکی بهپرتهوبۆڵه، له خۆم له‌دایک ببمه‌وه.” یان کاتێک له چیرۆکی “نهۆمی نازانم چه‌ند”دا باسی مهمی ساڵانی ڕابردووی ده‌کات و ده‌ڵێت: “نایدرکێنێ به‌ڵام زۆر حه‌ز ده‌کا به جێی وشه و کتێب و گوڵ، بۆنی سیر و پیواز و چیشته جۆراجۆرهکانت لێ بێ” (ل ٨٥)؛ “کاکه‌مه‌م هه‌موو ماڵ و ماشێن و هه‌وا و زه‌وی و دنیا و تۆش به مڵک و سامانی خۆی ده‌زانێ و تۆ بێخهیاڵ له ماڵ و سامان، ته‌نیا گوڵدانی گوڵه‌کانت و کتێبه‌کانت بۆ گرینگه. تۆ باڵابه‌رزتر له‌وه‌ی نێوت له قهباڵهکاندا جێی بێته‌وه و له قه‌باره‌ی شته‌کاندا بۆت ناگونجێ” (ل ٨٩) باس له شۆڕشێک ده‌کات به‌دژی داگیرکردنی گیان و جه‌سته‌ی و هه‌ڵسوکه‌وتکردن له‌گه‌ڵ ژن وه‌ک کاڵایه‌ک و کڕینی و له‌خۆنامۆبوونی و له کۆتاییدا به‌م شێوه‌یه: “له‌نه‌کاو که‌سێک له ده‌رگای حه‌وشه دێته ژوور، بۆنی گوڵ و وشه، وڵات ده‌ته‌نێ. له پشته‌وه‌ڕا ده‌ست له‌سه‌ر چاوت داده‌نێ. نازانی کێیه؟ ته‌ڕتر له تۆ، باراناویتر له تۆ … تێ ده‌مێنی تۆ ئه‌وی، یا ئه‌و تۆ؟ کاتت پێ نادا بیری لێ بکه‌یه‌وه. تازه تێ ده‌گه‌ی ئه‌و یه‌کگرتنه‌وه‌یه چ حه‌زێکی شیرینه.” (ل ٩١)دا خۆ ونبووه‌که‌ی ده‌دۆزێته‌وه و یه‌ک ده‌گرنه‌وه، به‌گژ ئه‌م دۆخه داسه‌پاوه‌دا دێته‌وه و به‌م سه‌رهه‌ڵدانه به‌ره‌و که‌سایه‌تییه‌کی نوێ هه‌نگاو ده‌نێت. جا ڕه‌نگه له کۆتاییی هه‌موو چیرۆکه‌کاندا هه‌ستمان به ده‌ربازبوونێکی ئه‌وه‌تۆ نه‌کردبێت! هه‌ر وه‌ک ده‌زانین به‌پێی تیۆریی تێگه‌یشتن، ده‌توانین ناورۆکی ده‌قی ئه‌ده‌بی سه‌رله‌نوێ دابڕێژینه‌وه و به‌پێی ئه‌و شته‌ی که ئێمه به‌و ده‌قه‌ی ده‌ده‌ین، تێگه‌یشتنێکی دیکه‌مان لێی هه‌بێت؛ بۆ نموونه ئه‌و لێکدانه‌وه‌یه‌ی ژنێک له دۆخی ناسیاوی چیرۆکه‌کانی “وه‌رزی پێنجه‌م”دا له ده‌ق هه‌یبێت و له ده‌ق وه‌ری گرێت؛ هه‌روه‌ها ئه‌و بههاوزاتدانان و وتووێژه‌ی که له‌گه‌ڵ ده‌ق ده‌کرێت، ده‌توانێت جیاواز یان ته‌نانه‌ت به‌پێچه‌وانه‌ی چیرۆکه‌کان بێت. هه‌ر وه‌ک ئایزێر ده‌ڵێت: “ده‌قه‌کان واتایه‌کیان له‌نێو خۆیاندا نییه. کاتێک ده‌قێک به‌رهه‌ست ده‌بێت یان له مێشکی خوێنه‌ری ئاگادا نیشته‌جێ ده‌بێت، خوێنه‌ر به شێوی خۆمه‌ش ده‌قه‌که له ڕوانگه‌ی خۆی و جیهانبینیی خۆیه‌وه ده‌خوێنێته‌وه. به‌ڵام چونکه ده‌ق گشت ئه‌و زانیارییانه‌ی که خوێنه‌رێک پێویستی پێیه‌تی (سه‌باره‌ت به که‌سایه‌تی، دۆخ، پێوه‌ندییه‌ک یان هۆکاره ده‌قییه‌کانی تر) پێی نادات، ئه‌وه خوێنه‌ر خۆیه‌تی که ده‌بێ بۆشایییه‌کان به که‌ڵکوه‌رگرتن له زانیارییه‌کانی خۆی پڕ کاته‌وه. جگه له‌مه هه‌ر خوێنه‌رێک بۆخۆی ئاسۆی چاوه‌ڕوانیی خۆی ده‌ئافرێنێت به‌و واتایه که ئه‌وه‌ی که ده‌بێ یان ئه‌گه‌ری ڕوودانی هه‌یه، ده‌ئافرێنێت.”
به‌م شێوه‌یه خوێنه‌ر ده‌توانێت دوای دۆزینه‌وه‌ی بابه‌تگه‌لێکی ناسیاو له جیهانبینیی خۆی له‌نێو ده‌قدا، ده‌قه‌که بخوێنێته‌وه و لێک بداته‌وه.
ڕاسته خوێنه‌ر، واتا له‌نێو ده‌قدا ده‌دۆزیته‌وه، به‌ڵام له ڕاستیدا خوێنه‌ر ئه‌م دۆزینه‌وه‌یه له ڕێگه‌ی سه‌رنانه‌سه‌ر که‌سایه‌تیی چیرۆک و بهرهنگارهبوونهوه له‌گه‌ڵ شێوه‌ی ئه‌و و هاوبیرکردنی که‌سایه‌تییه‌که له‌گه‌ڵ خۆی ده‌سته‌به‌ر ده‌کات، ئه‌و کاته‌یه که چێژی “دۆزینه‌وه‌ی خۆت” له که‌سایه‌تیی چیرۆکدا، ده‌بێته دیاریی ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه؛ هه‌ر وه‌ک ئایزێر ده‌ڵێت: “دۆزینه‌وه خۆی جۆرێک چێژی جوانیناسانه‌یه؛ چونکه دوو ئه‌گه‌ری جیاواز له به‌رچاوی خوێنه‌ر داده‌نێت، یه‌که‌م ئه‌وه‌ی که خۆت – هه‌رچه‌ند به شێوه‌یه‌کی کاتی – له‌وه‌ی هه‌ی ئازاد ده‌که‌ی و له سنووردارێتییه‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی خۆت ده‌رباز که‌ی. دووه‌م ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌یه توانایییه ههستیارانهکانت و ئه‌و شتانه‌ی وا فێریان بوویه، تاقی که‌یه‌وه.”
یه‌کێکی تر له ڕێگاکانی زێده‌کردنی واتا به‌سه‌ر ده‌قدا ئه‌وه‌یه که خوێنه‌ر بتوانێت پاژه جیاوازه‌کانی واتا له ئاراسته‌یه‌کدا دا‌نێت. نێواندهقێتی یه‌کێک له‌و ڕه‌گه‌زانه‌یه که له‌و کاته‌دا یارمه‌تیی خوێنه‌ر ده‌دات. هه‌ر وه‌ک ته‌واوی بیرمه‌ندانی نێواندهقێتی له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن که: “له ڕه‌گه‌ز و تایبه‌تمه‌ندییه سه‌ره‌کییه‌کانی نێواندهقێتی، قه‌رزوه‌رگرتنه” (مکاریک،١٣٨٤: ٧٣ ).
بهقهرزوهرگرتنهکانی “وه‌رزی پێنجه‌م” چ ئه‌و پاژانه له ده‌روونشیکارییه‌کانی فڕۆید – که له‌نێو چیرۆکدا ته‌نراون- و چ ئه‌و پاژانه له ڕۆمان و شانۆنامه و شێعر که پێوه‌ندیی به ژیانی گێڕه‌ڕه‌وه‌کانی نێو چیرۆکه‌کان هه‌یه، گشتیان پێبهپێی گێڕه‌ڕه‌وه له‌گه‌ڵی که‌وتوون هه‌تا هزر و ئه‌ندێشه‌ی ناوه‌ندیی چیرۆکه‌که بگێڕنه‌وه. خوێنه‌ر کاتێک ئه‌م دێڕانه له لاپه‌ڕه‌ی (٨٨)دا ده‌خوێنێته‌وه: “له‌نێو گمه‌گمی کۆتره‌کاندا، هه‌را و پێکه‌نین و خه‌می که‌سایه‌تیی کتێبه‌کان، ده‌ست ده‌به‌ی له‌سه‌ر تاقه‌ی یه‌کێک له ماڵی که‌سایه‌تییه‌کان، بتڵێک شه‌ڕابی کۆن دێنیته ده‌رێ و له یه‌کێک له کافه‌کانی هه‌مان ڕۆماندا چاوه‌ڕوان داده‌نیشی، تا ئه‌و کاته‌ی “مادام بۆڤاری” دوور له چاوی “دۆکتۆر” له ماڵ دێته ده‌رێ و بۆ سه‌رسڵامه‌تی وێڕای قسه‌وباسێکی زۆر له‌سه‌ر ژیان، بخۆنه‌وه و بخۆنه‌وه.” “هاتنی “لیۆن” ئێوه لێک جیا ده‌کاته‌وه، ئه‌وان باوه‌ش به یه‌کدا ده‌که‌ن …” هێنانی گشت ئه‌م ڕسته و ناوانه له‌پاڵ یه‌کتر پێکهاته‌یه‌کی زه‌ینی چێ ده‌که‌ن بۆ وه‌دیهێنانی ئه‌م ڕوانگه‌یه که : “دهڕاوێنی و قاقا ده‌کێشی و نیگای دوورودرێژ و ساردوسڕی پڕ له “په‌ح” و “ئه‌یڕۆ”کانی ڕێبوارانت بۆ گرینگ نییه.” و هه‌روه‌ها کاتێ ده‌ڵێت: “له‌بیرته “کاکه‌مه‌م” به بوغز و قینه‌وه ده‌یکوت تۆ فێری به‌رزه‌فڕی بووی. ده‌بینی که باڵی فڕینت لێ ده‌ستێنم.” (ل٨٨)، “نه‌یتوانی ڕۆحی عاسی و به‌رزه‌فڕت ده‌سته‌مۆ بکا.” (ل ٨٩)، ده‌ق له تێکه‌ڵکردنی ئه‌و نێواندهقێتییان ده‌یهه‌وێ به‌مه بگات که چۆن ژنانی سه‌رده‌می بورژوازی بۆیان نه‌بوو ژیانێکی سه‌ربه‌خۆ بژین و به‌دوای ئامانج و ویسته‌کانی خۆیاندا بڕۆن و مادام بۆڤاری بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی سه‌ربه‌ستی هێزی تابۆکانی شکاند و ڕه‌نگه به‌ڕواڵه‌ت له شێوازێکی دژهڕهوشتیش بۆ ئامانجه‌کانی که‌ڵک وه‌رگرتبێت به‌ڵام له کۆتاییدا له‌م کاره‌ی خۆی ڕازییه. له چیرۆکی “نهۆمی نازانم چه‌ند” و له‌م به‌شه‌دا ژنهگێڕهڕهوهی چیرۆک به درزخستنه نێوان خه‌یاڵ و ڕاستی و کارتێکه‌ریی خوێنده‌وه‌ی مادام بۆڤاری له‌گه‌ڵ تابۆکان و دابونه‌ریته‌کان به‌ره‌وڕوو ده‌بێته‌وه و بۆ گه‌یشتن به سه‌ربه‌ستی و هه‌ڵفڕین و ویست و ئامانجه‌کانی خۆی له هیچ شتێ سڵ ناکاته‌وه؛ تا ئه‌و شوێنه که ده‌ڵێت: “ئه‌و ڕووداوانه شوێنه‌وار له‌سه‌ر ڕۆح و دڵت داده‌نێن. تۆ به‌هێز و خه‌ماوی، دڵنیای که پێویسته نه‌وه‌ستی و دڵنیای ده‌بێ ڕێگا ماوه‌کان ببڕی؛”. هه‌روه‌ها ناولێنانی که‌سایه‌تیی پیاوی ئه‌م چیرۆکه به ناوی “کاکه‌مه‌م” نێواندهقێتییهکی تره که هه‌ر خوێنه‌رێکی کورد به‌ره‌و چیرۆکه ئهویندارانهکی “مهم و زین”ی خانی ده‌باته‌وه؛ که‌چی کاتێ له‌گه‌ڵ چیرۆک ده‌چینه پێش ده‌بینین که که‌سایه‌تیی پیاوه‌که ڕێک به‌گژ ناوی کاکهمهمدا ده‌چێته‌وه و ڕێک به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وینه بێخه‌وشه‌که‌ی مهم بۆ زینه. که ئه‌مه‌ش خۆی دیالێکتیکێک له‌نێوان ده‌ق و خوێنه‌ردا چێ ده‌کات.
ژنی ناوه‌کیی ژنهگێڕهڕهوهکانی “وه‌رزی پێنجه‌م” غه‌زریو و تووڕه‌ن؛ له گشت زۆردار و ملهوڕه ناوه‌کی و ده‌ره‌کییه‌کانی که ناچار به قهبووڵکردنت ده‌که‌ن، تووڕه‌ن. ئه‌و زۆردارانه‌ی که “ده‌ربڕی گرێیه‌کی قووڵی تهریکخوازانهن و له سووچێکی ژیانی گشت ژناندا لهبۆسهدان؛ سه‌یر ده‌کات و چاوهڕێری ده‌رفه‌تێکه هه‌تا به‌گژیاندا بێته‌وه” (استس،١٣٨٧: ٥٦، به گێرانه‌وه له وتاری (زیباشناسی دریافت در “دل فولاد”)). له چیرۆکی “ژیله‌مۆ”شدا تواندنه‌وه و تێکه‌ڵاوکردنی شانۆنامه‌ی ئۆتێللۆ و دیزدمۆنا له‌نێو ده‌قی چیرۆکدا و ئه‌و جێکۆڕکێیهی که گێڕه‌ڕه‌وه به ئۆتێللۆ و که‌سایه‌تیی باوکی ده‌کات و له کۆتاییدا هه‌ردووکیان ده‌بن به‌یه‌ک، بۆ ئه‌مه هاتووه هه‌تا پێمان بڵێت ئه‌وه چۆنیه‌تیی به‌کارهێنانی هێزه که واتای چیرۆک ده‌ئافرێنێت نه‌ک سه‌رچاوه‌ی هێز. له ڕاستیدا به‌م شێوه‌یه خه‌ریکه ئه‌و دڵپیسی و ده‌سه‌ڵات و زۆردارییه زه‌ق ده‌کاته‌وه که به‌ربینگی به ژنانی چیرۆک به‌تایبه‌ت و ژنانی کۆمه‌ڵگا به‌گشتی گرتووه و هه‌ر جارێ و به شێوه‌یه‌ک خۆی ده‌رده‌خات. هه‌ر وه‌ک له لاپه‌ڕه‌ی (١٤٢)دا به‌م شێوه‌یه‌ی وێنا ده‌کات: “ده‌نگی ئۆتێللۆ له‌گه‌ڵ ده‌نگی بابم تێکه‌ڵ ده‌بوو. ڕوخساری ڕه‌شی ئه‌و وه سه‌ر ڕوخساری سووروسپیی بابم ده‌گه‌ڕا و بۆم جیا نه‌ده‌بوونه‌وه.” هه‌روه‌ها له لاپه‌ڕه‌ی (١٤٦)دا به‌م شێوه‌یه ئه‌م چه‌مکه و یه‌کبوونی زۆردار لێره‌دا به‌گشتی پیاو جا باوکی گێڕه‌ڕه‌وه بێت یان ئۆتێللۆ و زۆرلێکراو و بێده‌سه‌ڵاتی ژن جا دیزدمۆنا بێت یان دایکی وێنا ده‌کات: “دیزدمۆنا به ده‌نگێکی تیژ و خه‌مناکه‌وه ڕه‌نگه بێ ئه‌وه‌ی بیهه‌وێ چاوی به ئۆتێللۆ بکه‌وێ، کوتی نازانم بۆ؟ به‌ڵام ده‌ترسم! ده‌نگی دیزدمۆنا دیوی فه‌ڕشه‌که‌ی داده‌گرت: “من چ گوناهێک له خۆمدا شک نابه‌م، به‌ڵام هه‌ست ده‌که‌م ده‌ترسم.” “قسه‌کانی دیزدمۆنا بابیشمی سنگهپێ له به‌رامبه‌رمدا ڕاگرتبوو.” له کۆتاییدا گێڕه‌ڕه‌وه سنووره‌کانی نێوان نێواندهقێتی و ده‌قی چیرۆک له‌وپه‌ڕی خۆی تێک دهچڕژێنێت و به‌م شێوه‌یه‌ی وێنا ده‌کات: “ئۆتێللۆی نێو ڕادیۆکه سووروسپی هه‌ڵگه‌ڕابوو، ماندوو و پشووسوار هات له‌سه‌ر ته‌ختی فهڕشهکهم دانیشت و سه‌ری داخست” (ل ١٤٧). له ڕاستیدا زۆربه‌ی نێواندهقێتییهکانی وه‌رزی پێنجه‌م ناوه‌رۆکێکی زۆرداری و سه‌ربه‌ستی و ڕزگاری، له‌خۆ ده‌گرن: “فڕۆید ده‌یکوت: “یاسایه‌کی گشتی بوونی نییه که به‌کار هه‌مووان بێت، پێویسته هه‌رکه‌س، ڕێگای ڕزگاریی خۆی …” (ل ١٢٥). هه‌ر وه‌ک ده‌بینین گێڕه‌ڕه‌وه ده‌قێکی ده‌روونشیکارانه بۆ مه‌به‌ستی خۆی، واتا ڕزگاربوون له‌و دۆشداماوی و چه‌رمه‌سه‌ری و زۆردارییه تووشی هاتووه جا دایکی بێت یانیش هیوا، به‌کار دێنێت. یان کاتێ له لاپه‌ڕه‌ی (١٢٦)دا ئه‌م دێڕه‌ی شێرکۆ بێکه‌س دێنێته‌وه: “فهڕشچنێ هه‌تاکوو مرد فه‌ڕشی چنی …” چینی هه‌ژار و بێده‌سه‌ڵاتی کۆمه‌ڵگا و جۆرێکی تر له زۆرداری که جیهانی سه‌رمایه‌دارییه زه‌ق ده‌کاته‌وه؛ ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی که‌وا هه‌موو هێز و سامانی خۆیان به مژتنی خوێنی چینی هه‌ژار و بێده‌سه‌ڵاتی کۆمه‌ڵگا به‌ده‌ست هێناوه، که‌چی ئه‌م چینه چه‌وساوه‌یه ته‌نیا ژان و زۆرییان پێ بڕاوه.
یه‌کێکی تر له‌و ڕه‌گه‌زانه‌ی که ناو به ناو له وه‌رزی پێنجه‌مدا که‌ڵکی لێ وه‌رگیراوه و له خزمه‌ت چه‌مکی سه‌ره‌کیی چیرۆکه‌کاندا واتا سهرهڕۆییدایه، که‌ڵکوه‌رگرتن له ئوستووره و ئه‌فسانه‌یه؛ بۆ نموونه له لاپه‌ڕه‌ی (١٦٠)دا بۆ بهرههستکردنی ئه‌م چه‌مکه به‌م شێوه‌یه ده‌سته‌وداوێنی خوداژنهکانی نێو ئوستووره‌کان ده‌بێت و ده‌ڵێت: “ده‌ڵێم دایه ئه‌و به‌شکردنه، به‌شکردنی خودایه‌کی نێرینه‌یه. من چاوه‌ڕێی هیچ په‌رجۆیه‌ک نیم. چاوه‌ڕێ هاتنی خودایه‌کی مێینه‌م.” له چیرۆکی چلگوڵیشدا به گێڕانه‌وه‌ی حهکایهتیی چلگوڵ و دێوه‌که، به شێوه‌یه‌کی تر خه‌ریکه زۆرداریی نێرینه‌یه‌کی سه‌ره‌ڕۆ به‌سه‌ر ژنێکدا ده‌گێڕێته‌وه که له دایه مرێم و خدرهڕهشهدا وێنا ده‌کرێنه‌وه. هه‌روه‌ها له لاپه‌ره‌ی (١٨٣)دا به هێنانی وشه‌ی “چڕنهمووره” که ناوی دێوێکی ئهفسانهیییه به‌م شێوه‌یه ئه‌م ئه‌فسانه‌یه له خزمه‌ت ناورۆکیی چیرۆکدا به‌کار دێنێت: “نا نا، ئه‌وه چڕنهموورهیه، هه‌زار جاریشی بکوژی، دڵۆپێکی خوێن بڕژێته سه‌ر عه‌رزی، زیندوو ده‌بێته‌وه!”
ڕه‌گه‌زی ڕه‌شه‌با و دیواریش وه‌ک هێمای ده‌سه‌ڵاتێکی زۆردار و تاریک و سه‌ره‌ڕۆ که‌ڵکی لێ وه‌رگیراوه؛ بۆ نموونه له لاپه‌ڕه‌ی (٣٠)دا به‌م شێوه‌یه ڕه‌شه‌با وێنا ده‌کات: “چاوم لێ کرد ڕه‌شه‌بایه‌کی سه‌یر هه‌ڵی کردبوو، بۆگه‌ن و بۆساری تووتنێکی توند و شه‌هوه‌تێکی ئیبلیسانه و ڕقێکی بێبڕانه‌وه تێکه‌ڵ به پڕووشه‌ی به‌فره‌که ده‌کرد و به گژ جه‌سته و ده‌روونی منیدا ده‌کرد، هه‌ناسه‌ی پێ ته‌نگ ده‌کردم.” له لاپه‌ڕه‌ی (١٦٠)یشدا ئه‌م سهرهڕۆیییه و ده‌سه‌ڵاته نێرینه‌یه ئاوا به هێنانی باپیر و دیوار زه‌ق ده‌کاته‌وه: “کوتی ده‌زانی باپیرت به‌ننایه‌کی کارامه بوو؟ به‌لاقرتێوه چاوێکی له دیواره هه‌ڵکشاوه‌کان کرد. بزه‌یه‌کی تاڵی هاتێ: “چاوم ئاو ناخواته‌وه، ئه‌م دیوارانهش کاری ئه‌و نه‌بێ! تا ئێستا مابا هه‌موو جیهانی به دیوار به‌ش ده‌کرد.”
ڕه‌گه‌زێکی تر که له وه‌رزی پێنجه‌مدا جێی سرنج و ڕاوێستانه و ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی دیالێتیکێک له‌نێوان خوێنه‌ر و ده‌ق به‌دی بێت، ئارکیتایپ و هێما ئوستوورهیییهکانن. سێبه‌ر وه‌ک ئارکیتایپی تاریکی و ڕه‌شی و سه‌رکوتییه، که مرۆڤه‌کان نایانهه‌وێت دانی پێدا نێن، به‌ڵکوو هه‌وڵ ده‌ده‌ن له خۆیان دوور که‌نه‌وه. له ڕاستیدا به‌شی تاریک و نه‌رێی که‌سایه‌تیی مرۆڤ له‌خۆ ده‌گرێت که هه‌ر چه‌ن هه‌وڵ بده‌ی له خۆتی دوور که‌یه‌وه گه‌وره‌تر ده‌بێت و تا شوینێک ده‌چێته پێش که داگیرت ده‌کات. هه‌ر وه‌ک له لاپه‌ڕه‌ی ٢٤دا له چیرۆکی ڕزگاری به کاتی کازیوه‌دا به‌م شێوه‌یه‌ی وێنا ده‌کات: “شه‌ریف وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی دڕنده له دیوه‌که‌دا ده‌هات و ده‌چوو، جار جار پێش سێبه‌ره‌که‌ی ده‌که‌وت و جار جاریش سێبه‌ره‌که‌ی وه‌ک دێوێک پڕ به دیوه‌که وه‌پێشی ده‌که‌وت. من سه‌رم لێ شێوا و شه‌ریف و سێبهرهکهییم بۆ لێک جیا نه‌ده‌بۆوه.”. له ڕاستیدا ده‌توانین بڵێین ئه‌مه خۆی یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ملهۆڕهکانه؛ واتا ئه‌و سێبه‌ره ڕه‌شایییه جۆرێ دایان ده‌گرێت که ته‌نانه‌ت خاڵێک له ڕووناکایی و ژیانیان تێدا به‌دی ناکرێت، که‌واته چۆن ده‌توانن به که‌سانی دی ببه‌خشن.
هه‌روه‌ها بۆن وه‌ک ڕه‌گه‌زێکی زاڵ و کارتێکه‌ر له وه‌رزی پێنجه‌مدا ڕۆڵ ده‌بینێت تا ئه‌و شوێنه‌ی وه‌ک زینده‌وه‌رێک هه‌ڵسوکه‌وتی له‌گه‌ڵ ده‌گرێت، که له لاق ده‌ئاڵێت و به باڵادا هه‌ڵده‌گه‌ڕێ و هه‌ناسه‌ی لێ ده‌بڕێ. به‌تایبه‌ت بۆنی توندی توتون وه‌ک هێمای خنکان و هه‌ناسه‌بڕین و شه‌هوه‌تێکی بۆگه‌ن و گشتگیره که تانهتهت تێکه‌ڵی ڕه‌شه‌باش ده‌بێت. بۆ نموونه هه‌ر ته‌نیا له چیرۆکی “ڕزگاری به کاتی کازیوه”دا له هه‌شت شوێن ئاماژه‌ی پێ کراوه و زه‌ق کراوه‌ته‌وه و خوێنه‌ر ناچار ده‌کات هه‌ڵوێست بگرێت و به‌دوای جیهانبینییه‌ک و واتایه‌کی نوێ‌دا بێت. له بۆنی تونددا هاوه‌ڵناوی توند بۆ بۆن له‌گه‌ڵ هه‌ستی ساوایی تێکه‌ڵ بووه و له ڕاستیدا پێواژۆی جووڵه له بوارێکی هه‌ستییه‌وه بۆ بوارێکی تری هه‌ستی بووه‌ته هۆی ئه‌م به‌کارهێنانه که به‌کارهێنانێکی خوازه‌یییه. به‌م جووڵه‌ی ههستاویبوون (حسآمیزی) ده‌کوترێت. هه‌ستی توندی له‌گه‌ڵ کزانه‌وه‌ی وه‌رگر (گیرنده)ه‌کانی ده‌رد و ژان هه‌ست پێ ده‌کرێت. هه‌ر وه‌ک ئه‌م وه‌رگرانه گه‌رما و سه‌رماش هه‌ست پێ ده‌که‌ن و له ڕاستیدا توندی له‌گه‌ڵ وه‌جووڵه‌خستنی خانه هه‌ستییه‌کانی گه‌رما هه‌ستی پێ ده‌کرێت.
ئاوێنه یه‌کێکی تر له‌و ڕه‌گه‌زانه‌یه که له زۆربه‌ی چیرۆکه‌کانی وه‌رزی پێنجه‌م سرنجی خوێنه‌ر ڕاده‌کێشێت و وه‌ستانێکی پێ ده‌دات و وه‌ک هێمایه‌ک کارکردی جیاوازی پێ ده‌درێت؛ بۆ نموونه کاتێک له لاپه‌ڕه‌ی ١٣دا ده‌ڵێت: “جللهبهر و چهمهدانبهدهست به به‌ر ئاوێنه‌که‌دا تێ ده‌په‌ڕم. ڕۆحی له‌یلا به جه‌سته‌یه‌ک درێژ و سهروسهکتێکی ناحه‌زه‌وه له ئاوێنه‌که‌دا چاوی زه‌قم تێ ده‌بڕێ، به ده‌نگێکی ناخۆش لێم وه‌قسه دێ: “ده‌چین بۆ کوێ؟””، خه‌ریکه ده‌روون و ڕه‌وانی گێڕه‌ڕه‌وه وێنا ده‌کات و خۆی له خۆیدا ده‌رخه‌ری ئه‌م بڕوایه‌یه که ئاوێنه شتێک له خۆیدا ده‌شارێته‌وه که نابینڕێت و نه ته‌نیا مرۆڤ به‌ڵکوو ئه‌وه‌ی وا پێیه‌وه گرێ دراوه، نیشان ده‌دات. یان کاتێ ده‌ڵێت: “مێشکم ده‌ڵێت چه‌مه‌دانه‌که هه‌ڵگرمه‌وه و توند له ئاوێنه‌که‌ی ڕاکێشم. ئاوێنه وردوخاش ده‌بێ و من و له‌یلا ده‌بینه سه‌دان وێنه‌ی ناشیرین له‌سه‌ر فه‌ڕشه‌که.” (ل ١٣)، ته‌نانه‌ت به وردوخاشبوونی ئاوێنه‌که و ئه‌و خۆیانه، دیسان که‌سه‌که له‌گه‌ڵ ڕاستیی ده‌روونی ڕووبه‌ڕوو ده‌کاته‌وه. هه‌روه‌ها کاتێ له لاپه‌ڕه‌ی (٣٩)دا ده‌ڵێت: “حه‌زم ده‌کرد بچمه به‌ر ئاوێنه‌که و نه‌مده‌وێرا.”، ده‌رخه‌ری ڕووبه‌ڕووبوونه‌وی له‌گه‌ڵ خودی ڕاسته‌قینه‌ی گێڕه‌ڕه‌وه‌یه. له لاپه‌ڕه‌کانی (٤٧ و ٤٨) ئاوێنه دوو کارکردی ته‌واو دژه‌به‌یه‌کی پێ دراوه؛ کاتێک ده‌ڵێت: “په‌لکه درێژه‌کانی کچی نێو ئاوێنه‌که گریانی له‌بیر بردبۆوه، بزه‌ی خستبووه سه‌ر لێوی.” (ل ٤٧)، ئاوێنه ده‌رخه‌ری جوانی و سه‌رچاوه‌ی ژیان و ئه‌وه‌ی وا لیمۆ خۆشی ده‌وێت و پێی گرێ دراوه. چونکه له ڕاستیدا به هێنانی په‌لکه‌ی درێژ وه‌ک مه‌جازی پاژ به گشت بۆ سه‌ر واتا شوێنی شیبوونی قژ لای کوردان زۆر پیرۆزه و وه‌ک جێگه‌ی ڕووح دانراوه که ژیانبه‌خشه. که‌چی به هێنانی ئه‌م ڕسته‌یه: “لیمۆ له‌و وێنه زهردههڵگهڕاوهی نێو ئاوێنه‌که، که تف له زاریدا وشک ببوو، ترسا.” “ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ بێده‌نگتر بوو، تووڕه و تۆسن مۆڕه‌ی له ئاوێنه‌کان ده‌کرد و حه‌زی له دیتنی بابی نه‌بوو.” (٤٨)، به بڕینی په‌لکه‌کانی که مه‌جازی پاژ به گشته و جێنشینی قوربانیبوونی لیمۆ و زه‌ردهه‌ڵگه‌ڕانی ڕه‌نگی ژیانه، ده‌ڵێی ئاوێنه له‌گه‌ڵ ڕووح و ڕه‌نگی زهرههڵگهڕاوی لیمۆ ده‌بێته یه‌ک، به شێوه‌یه‌ک که لیمۆ وه‌ک بوونه‌وه‌رێ له‌گه‌ڵ ئاوێنه‌کان هه‌ڵسوکه‌وت ده‌کات و مۆڕه‌ی لێیان ده‌کرد. هه‌روه‌ها کاتێ ده‌ڵێت: “ناچار سپڕایییهکه له‌سه‌ر ده‌مم داده‌نێم و لێومی لێ جووت ده‌که‌م و قووڵ هه‌ڵی ده‌مژم، ده‌زانم هه‌ر مژێکی لێی ده‌ده‌م لاوێچێک ورده‌خۆڵ له‌گه‌ڵ خۆی ڕاده‌دا.” “به له‌پی ده‌ست وردهخۆڵی سه‌ر ئاوێنه‌که به‌ره‌و لایه‌ک ده‌سڕم” (٧٤)، له ڕاستیدا ئاوێنه وه‌ک هێمای یه‌کبوونی له‌گه‌ڵ ڕووح و نیشاندانی ڕووح و ده‌روونی گێڕه‌ڕه‌وه به‌کار ده‌هێنرێت و ئه‌و تۆزوخۆڵه‌ی له‌سه‌ر ڕووحی نیشتووه، ئاوێنه‌که‌ش که هه‌ر ڕووحێتی، دایپۆشیوه و به خاوێنکردنه‌وه‌ی ئاوێنه‌که خه‌ریکه ڕووحیشی له‌و خه‌م و ته‌مه‌ی گرتوویه‌تی، پاقژ ده‌کاته‌وه. هه‌روه‌ها کاتێک له لاپه‌ڕه‌ی (١٧٥)دا ده‌ڵێت: “هه‌رچی چاوی له ئاوێنه‌که ده‌کرد، تارمایییه‌ک نه‌بێ هیچی نه‌ده‌دی.”، باس له ده‌روون و ڕهوانێک ده‌کات که ته‌نانه‌ت بۆ خۆشی نامۆیه و ده‌ڵێی هه‌ر بوونی نییه.
کارکردێکی تر که ده‌توانرێت به ئاوێنه بدرێت، ئه‌و پێوه‌ندییه‌یه که له‌گه‌ڵ کات پێی ده‌درێت؛ بۆ نموونه کاتێ له لاپه‌ڕه‌ی (٧٤)دا ده‌ڵێت: “تا هه‌ر کات ده‌چمه به‌ر ئاوێنه، بێ سرنج له‌سه‌ر وێنه‌که‌ی خۆم تۆ ببینم، که بزه‌یه‌ک له‌سه‌ر لێو ده‌ڵێی: “چاوه‌ڕێم به.”، لێره‌دا کارکردی ئاوێنه ڕووبه‌ڕووکردنه‌وه‌ی گێڕه‌ڕه‌وه له‌گه‌ڵ چاره‌نووس و داهاتوویه‌تی.
له ڕاستیدا خوێنه‌ر دوای تێگه‌یشتن له گشت ڕه‌گه‌زه‌کانی چیرۆک و له‌پاڵ یهکدانانیان به‌م ڕاستییه ده‌گات که چیرۆکه‌کان به شێوه‌یه‌ک دانراون که له خزمه‌ت هزر و ئه‌ندێشه ناوه‌کییه‌که‌دا بن. به‌م ڕوانگه‌یه که گشت ڕه‌گه‌زه‌کانی چیرۆک له خزمه‌ت خستنه زه‌ینی بابه‌تێک بن، یه‌کپارچه‌یی پێ ده‌کوترێت که خوێنه‌ر به یه‌کێتی ده‌گه‌یێنێت.
کاتێک خوێنه‌ر له گشت که‌لێن و قوژبنه‌کانی ده‌ق، ڕه‌نگی ئه‌ندێشه ناوه‌ندییه‌که ده‌بینێت، ئاماده‌ی وه‌رگرتنی ئه‌گه‌ره‌کان و شیمانه‌کان ده‌بێت و له ئاکامدا ڕاڤه و لێکدانه‌وه‌کان په‌ره ده‌ستێنن.
ڕاڤه و خوێنه‌ر
ده‌قه‌کان چاوه‌ڕوانی خوێنهرگهلێکن که جۆرێکی تر لێیان بڕوانن و نوێیان که‌نه‌وه. بۆ ڕاڤه سه‌ره‌تا خوێنه‌ر ده‌بێ وه‌ک ئه‌وی تر چاو له خۆی کات. به خوێندنه‌وه و له‌گه‌ڵ ده‌قه‌که خوێنه‌ر ده‌توانێت وه‌ک ئه‌وی تر چاو له خۆی کات؛ ئه‌ندێشه نزم و به‌رزه‌کانی ده‌ق له‌وی تردا هه‌ڵسه‌نگێنێت. یه‌که‌مین گریمانه له “وه‌رزی پێنجه‌م”دا ئه‌وه‌یه که “منی خوێنه‌ر” چه‌نده له‌و سه‌ره‌ڕۆیانه نزیکم، له به‌ریه‌ککه‌وتنی دوو بڕوای زه‌ینی، واتا بڕوای زه‌ینیی منی خوێنه‌ر له‌گه‌ڵ بڕوای زه‌ینیی ده‌ق، جیهانێکی تر بۆ خوێنه‌ر چێ ده‌خوڵقێنێت که ڕه‌نگه خوێنه‌ر تا ئێسته لێی ئاگادار نه‌بووه. له خۆ خافڵبوون، به‌سه‌ر خۆدا زاڵبوون، ڕزگاری له خۆت و وه‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی خۆت، گشت ئه‌م کاردانه‌وانه له خه‌ڵوه‌تی خوێنه‌ر -له‌گه‌ڵ خوێنده‌وه- ڕووی ده‌دات. سه‌رچاوه‌که‌ی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه که خوێنه‌ر بتوانێت خۆی له‌گه‌ڵ ته‌رازووی ده‌ق، هه‌ڵسه‌نگێنێت. “بۆ ڕه‌خنه‌گرێک وه‌ک ئایزێر، گشت بابه‌تی خوێندنه‌وه، ئه‌مه‌یه که به‌ره‌و خۆناسینهوهیهکی قووڵتر ڕێنوێنیمان بکات و گه‌یشتن به ڕوانینی ڕه‌خنه‌گرانه له خۆمان خێراتر بکات” (ایگلتون، ١٣٨٠: ١١٠).
زۆرترین هه‌وڵ و تێکۆشانی تیۆریی جوانیناسیی تێگه‌یشتن بۆ ئه‌مه‌یه که بزانێت خوێنه‌ری سه‌رده‌مه جیاوازه‌کان چۆن و له چ ڕوانگه‌یه‌که‌وه به “دۆزینه‌وه‌ی واتا” گه‌یشتوون و له هه‌ڵسوکه‌وتێکی بازنه‌ییدا به چ شێوه‌یه به “دۆزینه‌وه‌ی خۆیان” گه‌یشتوون.
ئایزێر پێی وایه که: “له خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر به‌رهه‌مێکدا، ده‌بێ زه‌ینێکی ئاوه‌ڵا و خۆگونجێنمان هه‌بێت و ئاماده بین که له‌مه‌ڕ بڕواکانمان دوودڵ بین و بهێڵین گۆڕانیان به‌سه‌ر بێت” (ایگلتون، ١٣٨٠: ١١٠). له کارخانه‌ی ئافراندنی واتادا، خوێنه‌ر و ده‌ق بازنه‌یه‌ک چێ ده‌که‌ن له ڕه‌گه‌زی پرسیار و وه‌ڵام. هه‌ر ئه‌و جۆره‌ی ئایزێر کوتی، جاری وایه پرسیار له خوێنه‌ره و جاری وایه له ده‌قه. خوێنه‌ر پرسیار ده‌کات، پێشگریمانه‌یه‌کی هه‌یه به‌ڵام له‌لایه‌ن ده‌قه‌وه وه‌ڵامێکی تری پێ ده‌درێته‌وه. دواتر خوێنه‌ر جۆرێکی تر بۆی ده‌چێت. هێندێک جار خوێنه‌ره‌کان له‌سه‌ر بیر و بڕواکانی خۆیان پێداگری ده‌که‌ن و به هیچ شێوه‌یه‌ک نایانهه‌وێت له‌گه‌ڵ ده‌ق بچنه پێش. ئه‌و جۆره که‌سانه تووشی سه‌ره‌ڕۆییی خوێندنه‌وه بوونه. ئایزێر له‌گه‌ڵ خوێنهرێکدایه که بیربهرز بێت و ڕێگه بدات هه‌تا له‌گه‌ڵ ده‌ق بگه‌نه لێدوان و پرسیار و وه‌ڵام؛ چونکه جاری وایه وه‌رگرتنی وه‌ڵامه‌کانی ده‌ق شتێک له ده‌روونی خوێنه‌ردا وێران ده‌کات یان دڕدۆنگییه‌ک دووهێنده ده‌کات. پێشنیارکردنی ڕسته گوماناوییه‌کان به‌پێی خوێنه‌ره جیاوازه‌کان ده‌گۆڕدرێت؛ بۆ نموونه ئه‌و گومانه ژێرخانانه‌ی که له خودی چیرۆکه‌کاندا هه‌یه، وه‌ک ئه‌و گومان و دڕدۆنگییه‌ی له چیرۆکی “ڕزگاری به کاتی کازیوه”دا له‌مه‌ڕ که‌سایه‌تیی پیربادین و ئه‌و ئوستوورهیهیه لێیان چێ کردووه، زه‌ق ده‌بێته‌وه. ڕه‌گه‌زێک که به شێوه‌یه‌کی زۆر تۆخ ڕووبڕکێی (تحدی) له‌گه‌ڵ ده‌کرێت. پیرێک که ژنانی نێو چیرۆک بۆ وه‌دیهاتنی ئاواته‌کانیان پشتی پێ ده‌به‌ستن، ئه‌و نه‌ریته‌ی له کۆنه‌وه له کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واریدا باو بووه. هه‌رچه‌ند گێڕه‌ڕه‌وه‌ی چیرۆک سه‌ره‌تا هاوبیری ژنانی تره به‌ڵام به وێناکردنی سه‌ری پیربادین به کووله‌که، له سه‌ره‌تاوه هه‌ڵوێستێک به خوێنه‌ر ده‌گرێت، به شێوه‌یه‌ک که هه‌ست به بۆشایییه‌ک ده‌که‌ی و مێشک چالاک ده‌کات که خوێندنه‌وه‌یه‌کی تریشت بۆی هه‌بێت و له بوونی هێزێکی ئه‌وها دڕدۆنگ بیت. بۆ نموونه له (ل )٢٤دا به‌م شێوه‌یه‌ی وێنا ده‌کات: “پیربادین سه‌ری وه‌ک کووله‌که به دوو ده‌ست هه‌ڵگرت. له‌سه‌ر تاقه‌ی پشت کووره‌که، له‌لای چراکه داینا.” واتا سه‌رێکی به‌تاڵ له هه‌موو شت به‌ڵام له‌لای چراکه‌ی دانا، که وه‌ک ڕووناکییه‌که بۆ ئه‌م خه‌ڵکه. ته‌نانه‌ت له (ل٣٠)دا سه‌ری پیربادین ڕێک به کووله‌که ناوی ده‌بات و زۆرتر تۆخی ده‌کاته‌وه و به‌م خوازه‌یه بۆشایییه‌که تۆختر ده‌بێته‌وه: “پیربادینیش کووله‌که‌ی سه‌ری له‌پێش خۆی دانابوو، به ده‌ستێک گرتبووی و ده‌ستێکیشی به جڵه‌وی ئه‌سپه‌که‌یه‌وه بوو، ترس و شهرمهساریم له جه‌سته‌ی شپرزه‌یدا ده‌ده‌ی.” هه‌ر وه‌ک ده‌زانین سه‌ر گرینگ‌ترین و به‌نرخترین ئه‌ندامی مرۆڤه که خۆی سه‌رچاوه‌ی هێز و جیاوازییه. هه‌روه‌ها کاتێک له لاپه‌ڕه‌ی (٩٥)دا ده‌ڵێت: “کوتی کوڕه کڵاوێک به گه‌وره‌ییی مێژووی مرۆڤایه‌تی چۆته سه‌رمان … نووسی: “سڵاو … ده‌نگی هه‌ڵێنا، کڵاوی مێژوو به من چی؟” دواییش وه‌ک که‌سێک که شتێکی گرینگی وه‌بیر هاتبێته‌وه کوتی: “کام کڵاو؟”، خوێنه‌ر وه‌گومان و بیرکردنه‌وه ده‌خات و کارلێکێک له‌نێوان خوێنه‌ر و ده‌قدا ساز ده‌کات. یان کاتێ له لاپه‌ڕه‌ی (٩٩)دا ده‌ڵێت: “مادیار تووڕه بوو، له‌سه‌ر مۆبڵه‌که هه‌ستا. ده‌نگی هه‌ڵێنا: “ئه‌ی بۆ ئێمه سه‌رمان پێوه نییه؟ ئه‌ی کوا ڕسق؟!” دڕدۆنگییه‌ک له مێشکی خوێنه‌ردا ده‌ورووژێنێت و تۆخی ده‌کاته‌وه و به‌دوای وه‌ڵامدا له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یبات.
هه‌روه‌ها ئه‌و گومانه ڕووخانانهی له ده‌قی چیرۆکه‌کاندا له‌چاو ده‌دات خۆی له خۆیدا ده‌توانێت ببێته هۆی ئه‌و ئاڵوگۆڕه‌ی له خوێنه‌ره‌که‌ی چاوه‌ڕوان ده‌کرێت؛ بۆ نموونه له لاپه‌ڕه‌ی (١٠٠)دا به‌م شێوه‌یه‌ی وێنا ده‌کات: “باشه تۆ پێم بڵێ، مرۆڤی دیل حه‌ولێک بۆ ڕزگاری نادا؟ ده‌لاقه‌یه‌ک بۆ خۆی نادۆزێته‌وه؟”. هه‌روه‌ها کاتێک له لاپه‌ڕه‌ی (٨٦)دا ده‌ڵێت: “ڕۆحت ده‌چێته‌وه نهۆمی نازانم چه‌ند.”، ئه‌و گومانه له مێشکی خوێنه‌ردا تۆخ ده‌کاته‌وه و تووشی تێڕامان ده‌کات.
یه‌کێکی تر له ته‌کنیکه‌کانی ده‌ق بۆ وه‌گومان خستن، به‌کارهێنانی ڕسته لێکدژهکانه؛ بۆ نموونه: “به‌هه‌شتی زارا کوێیه؟! بۆ له‌و جیهانه دۆزهخییهش، جێیه‌کی به‌هه‌شتی لێیه؟!” (ل ٧٦). “نانووسم خوداحافیز، ده‌نووسم چاوه‌ڕێتم. ڕه‌نگه ده‌بوو بنووسم خوداحافیز، تا خودا وه‌بیری هاتباوه، که پێویسته ئه‌و بۆ من بپارێزێ” (ل ٨٠). “به من چی مانگ و ڕۆژ دڵداری یه‌کن یا دوژمن؟! به من چی ئه‌وان له ئه‌نجامدا به یه‌ک ده‌گه‌ن یان نا؟!” (ل ١٠٦).
کارێکی تر که ده‌ق ده‌توانێت بیکات بۆ ئه‌وه‌ی بڕواکانی خوێنه‌ر هه‌موار کاته‌وه، ئه‌و پرسیارگهلهن که له خودی ده‌قدا هه‌یه و خوێنه‌ر ده‌توانێت له‌نێو ده‌قدا بیخوێنێته‌وه. ئه‌و پرسیارانه‌ی که ده‌ق خۆی تێ ده‌کۆشێت له‌و وتووێژه‌ی که له‌گه‌ڵ خۆی هه‌یه‌تی، وه‌ڵامیان بداته‌وه؛ به‌ڵام خوێنه‌ریش هاوکات وه‌ڵامیان ده‌داته‌وه. زۆرترین پێکهاته‌ی خوێندنه‌وه واتا پێشبینی و گومان و گه‌ڕانه‌وه له کاتی پرسیار و وه‌ڵامه‌کانی ده‌ق له ده‌قدا و خوێنه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ق ڕووی ده‌دات. پرسیاره‌کان بۆ زانین نین، وه‌ڵامێکی ڕوون و سانایان له کاتێکی که‌مخایه‌ندا ناهه‌وێت، به‌ڵکوو ئه‌رکیان ته‌نیا “وهخۆهێنانهوه”یه. پرسیاره‌کان له‌لایه‌ن گێڕه‌ڕه‌وه‌ی ڕاسته‌قینه‌وه‌یه، به‌ڵام پێویسته به گه‌ڕانه‌وه بۆ مێژوو و ڕاستییه‌کان به وه‌ڵامه‌کان بگه‌ین: “ئێمه خۆشمان هیی خۆمان نین، به‌ره‌نگاری چی ده‌بییه‌وه؟” (ل ١٧). “وا باشتر نییه به‌دوای خۆتدا بگه‌ڕێی؟ کوتی ده‌توانی له‌گه‌ڵ خودی ڕاسته‌قینه‌ت ڕووبه‌ڕوو بییه‌وه؟ به هه‌موو هه‌ڵه و تاریکییهکانییهوه؟ به خۆم کوتم بڵێی بتوانم؟” (ل ٤١). “کێشه‌ت ڕابردوویه یان ئه‌و کچه ماڵوێرانه؟” (ل ٥) “کوتی بڵێی حه‌فتا، چه‌ند ساڵ بێ؟” (ل ٥١)؛ “ئێستا تۆ له بههارخهوهکه له‌نێو کتێبه‌کانتدا، له وه‌رزێکی پێنجه‌می ساڵدا بیر له چی ده‌که‌یه‌وه؟” (ل ٨٤)؛ “دایکم کوتی: “کێ ده‌زانێ دواڕۆژ چۆن ده‌بێ ڕۆڵه؟” دواڕۆژ؟” (ل ١٦٠).
له‌و نموونانه‌ی ئێسته ئاماژه‌ی پێ ده‌که‌ین، گێڕه‌ڕه‌وه به “ئه‌و”دانانی “من” په‌نجه‌ی ڕوو به خوێنه‌ره و خوێنه‌ر چاری ناچار ده‌بێ وه‌ڵام داته‌وه. ئه‌م تاقمه پرسیارانه ئاگایانه ڕووبڕکێی خوێنه‌ر ده‌که‌ن و له ڕاستیدا ئه‌مه خوێنه‌ره که له ڕاوی پرسیار ده‌کات؛ بۆ نموونه: “نه‌یده‌زانی له‌نێوان ئه‌و و دایکیدا نه‌فره‌ت زاڵه یا خۆشه‌ویستی یا خه‌مساردی؟” (ل ١٨٥)؛ یان کاتێ ده‌ڵێت: “کوا ده‌یتوانی فه‌رامۆش بکا؟ خۆشه‌ویستی و نه‌فره‌تی هاوکات له که‌سێک کوا پێکه‌وه ده‌گونجان؟” (ل ١٨٧). خستنه‌ڕووی ئه‌م جۆره پرسیارانه ده‌بێته هۆی ئه‌مه‌ی که هێندێک له‌و پرسیارانه‌ی که خوێنه‌ر ده‌یتوانی بپرسێت، پرسیار کرێن و بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیارنه به‌دوای ده‌قدا بڕۆین. به‌م پێیه نووسه‌ر ئه‌و خوێنه‌ره ئاڕمانییهی که له مێشکیدا په‌روه‌رده‌ی ده‌کات، له ده‌قدا ده‌یهێنێت و خوێنه‌ره‌کانی تر، خوێنه‌ره په‌نگخواردووه‌کانی ده‌قن.
ئه‌وه‌ی وا له ڕه‌وتی خوێندنه‌وه‌دا وه‌ده‌ستی دێنین، ته‌نیا کۆمه‌ڵێک ڕوانگه‌ی بگۆڕن، نه شتێکی ته‌واو نه‌گۆڕ و واتادار له هه‌ر خاڵێکدا. کاتێک وه‌ک خوێنه‌ر، ژنه‌نووسه‌رێک ده‌بینین که پێویسته له‌گه‌ڵ دیکتاتۆڕه‌کانی که‌لێن و قوژبنه‌کانی ژیانی ململانێ بکات هه‌تا خۆی به‌ده‌سته‌وه نه‌دات، ده‌گه‌ینه جۆرێک ڕێکخستنه‌وه‌ی خۆمان.
به پشتبه‌ستن به بیروبۆچوونی بیرمه‌ندانی تیۆریی جوانیناسیی تێگه‌یشتن به‌تایبه‌ت تیۆری بۆشایییه‌کانی ئایزێر به‌م ده‌ره‌نجامه ده‌گه‌ین که، ده‌قی به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بی یان هونه‌ری، درزگهل و بۆشاییگهلێکی هه‌یه که له‌لایه‌ن به‌رده‌نگ و خوێنه‌ره‌کانیه‌وه پڕ ده‌بێته‌وه و واتا به‌رهه‌م دێنێت و هه‌رکات که خوێنه‌ری کرده‌کی ئه‌م بۆشایییانه پڕ ده‌کاته‌وه کارلێک و پێوه‌ندیی ئه‌و له‌گه‌ڵ به‌رهه‌می هونه‌ری ده‌ست پێ ده‌کات و ڕێک له‌م خاڵه‌دا جوانیناسیی تێگه‌یشتن به‌رهه‌م دێت؛ واتا ئامانج له “جوانیناسیی تێگه‌یشتن” ئه‌مه‌یه که خوێنه‌ر بتوانێت له توێژه‌کانی ژێره‌وه‌ی ده‌ق ده‌ستی به گۆشه‌گه‌لێکی تر له ده‌روونی خۆی ڕابگات هه‌تا بتوانێت به ئه‌ندێشه‌کان، خووه‌کان و تایبه‌تمه‌ندییه شیرین و ناشیرینه‌کانی خۆیدا بچێته‌وه.
له ڕاستیدا دروستکردنی پێوه‌ندی و کارتێکه‌ریی جوانیناسانه له بنه‌ڕه‌تیترین ئامانجه‌کانی به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌کانن که به بوونی چالاکی به‌رده‌نگ و دروستبوونی پێوه‌ندی له‌نێوان به‌شه جیاوازه‌کانی، پێک دێت. له‌م چیرۆکه‌دا به‌م ئه‌نجام گه‌یشتین که خوێنه‌ر به‌و ستراتێژییه‌ی که نووسه‌ر له ده‌قدا ڕه‌چاوی کردووه و هه‌روه‌ها به خوێندنه‌وه‌ی داهێنه‌رانه و دۆزینه‌وه‌ی پێوه‌ندیی نێوان ئه‌ستووره و نێواندهقێتی و پرسیار و ڕه‌گه‌زه‌کانی چیرۆک و ده‌ق به‌ره‌و بابه‌ته شاراوه‌کانی ده‌ق ده‌ڕوات و خوێنه‌ر ده‌ستی به خوێنه‌ری شاراوه‌ی نێو توێژه‌کانی نێوه‌وه‌ی ده‌ق ڕاده‌گات. له‌م قۆناخه‌دا ده‌ق پێچهڵاوپێچ ده‌بێت و بۆشاییگهلێکی زۆر بۆ پڕکردنه‌وه له‌لایه‌ن خوێنه‌ر وه‌دی دێت. له ڕاستیدا هاوڕێیه‌تیی نووسه‌ر و بابه‌ته شاراوه‌کانی نێو ده‌ق بۆ خوێنه‌ری کرده‌کی وه‌ک خه‌ڵاتێکه که به‌دوای هه‌ر جوانیناسییه‌کی تێگه‌یشتن وه‌ک چیژ پێی ده‌درێت.
——————
سه‌رچاوه‌کان:
- کتێبی (دانشنامهی نظریههای ادبی معاصر، ایرنا ریما مکاریک، ترجمه: مهران مهاجر، محمد نبوی،تهران: نشر آگه، ١٣٨٤).
- کتێبی (پیشدرآمدی بر نظریهادبی، ایگلتون تری، ترجمه: عباس مخبر، تهران: نشر مرکز،١٣٨٠).
- کتێبی (ساختار و تأویل متن، بابک احمدی، تهران: نشر مرکز،١٣٨٢).
- کۆمه‌ڵه‌چیرۆکی وه‌رزی پێنجه‌م، نیشتمان قادریان، خانی، چاپی یه‌که‌م.
- وتاری (بهکۆنکرێتکردن له زیگۆراتی گۆرانییه‌کانی ئه‌ستێره، د، ڕه‌هبه‌ر مه‌حموودزاده).
- وتاری (زیباشناسی دریافت در “دل فولاد”، فرشته رستمی، فصلنامه پژوهشهای ادبی).
- وتاری (نسبیگرایی در نقد ادبی جدید، د. حسین پاینده، نقد ادبی).
- وتاری (خوانش تحلیلی شروح برگزیده از مثنوی (با تأکید بر نینامه، داستان پادشاه و کنیزک، شیر و نخچیران و پادشاه جهود) بر اساس نظریهی زیبایی‌شناسی دریافت یاوس و آیزر، بتول واعظ، عطیه سادات نصری).
- وتاری (زیبایی‌شناسی دریافت در هنر چیدمان؛ خوانشی بر اساس نظریهی ولفگانگ آیزر (مطالعهی موردی: چیدمان تعاملی استخر شنای لئوناردو ارلیچ)، فریماه فاطمی، اشرفالسادات موسویلر، فصلنامه علمی).
- وتاری (رمزگشایی خواننده درونمتن در داستان شیخ صنعان، زهرا انصاری، امیر اسماعیلآذر، پژوهشنامه نقد ادبی و بلاغت).
- وتاری (چگونگی دگردیسی نمادهای اساطیری “خون، گیاه و گیسو” در رمانهای معاصر (مطالعهی موردی سووشون، حیرانی و من او)، طاهره کوچکیان، خاور قربانی، ادبیات عرفانی و اسطورهشناختی ).
- وتاری (بازتاب نماد آینه در اسطوره و عرفان با تکیه بر بندهشن و مرصادالعباد، زهرا عامری، مه‌ین پناهی، فصلنامهی علمی- پژوهشی ادبیات عرفانی).
- وتاری (بررسی و تحلیل چگونگی توصیف “بوها” در متون نوشتاری زبان فارسی، اعظم استاجی، فصلنامهی علمی”پژوهش زبان و ادبیات فارسی”).
هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.