باسێکی تیۆریک سەبارەت بە ” ئەزموونی ژینکراو و ” ئەزموونی ئاسایی لە شیعر و ئەدەبیاتدا له ئەنجومەن ئەدەبیی مەریوان بەڕێوە چوو
” حەمەی کەریمی ” سەبارەت بە ” ئەزموون کردن لە شیعر و ئەدەبیاتی داستانیدا ” بە لێکدانەوەی دوو چەمکی (Erlebnis ) و (Erfahrung) وەکوو دوو دەستەواژەی ئەڵمانی بەرانبەر بە ئڵیبن ( تەجروبەی زیست شدە ) و ئفاغوون ( تەجروبەی ئاسایی ) هاتووە. ئەم دوو چەمکە له فەلسەفەی ئەڵماندا بە گشتی و بەتایبەت لە سوننەتی هێرمنۆتیکی و دیاردەناسیدا ، دوو تەعبیر و مانای جیاوازی بۆ کراوە و وەکوو دوو جۆر تەجروبه کردنی جیاواز لە ئەدەبیات و شیعردا لێکدراوەتەوە.
حەمەی کەریمی بە ئاوڕدانەوە لەم دوو چەمکە باسەکەی خۆی سەبارەت بە (ئەزموونی ژینکراو و ئەزموونی ئاسایی ) لە شیعر و ئەدەبیاتی داستانیدا بە دوو پارادیمی فەلسەفی کە یەکیان دەچێتەوە لای هێگل [ یەکانگیریی و پێوەندیی تەجروبه و زمانی هونەری ] ئەویتریان دەچێتەوە لای بنیامین و ئاگامبێن [ هەژاری و وێرانی ئەزموون ] لای مرۆڤی هاوچەرخ و سووژەی مودێڕن. پێشکەش کرد. ناوبراو لە درێژەی باسەکەیدا ئاماژەیدا بە جیاوازیی نێوان ئەم دوو جۆرە تەجروبەکردنە له کاتی گێڕانەوەدا و تەجروبەی ژینکراوی وەک تەجروبەی دەروونی و تەجروبەی ئاسایی وەک تەجروبەی دەرەکی ناو برد و بۆ شیکاریی و ڕاڤەی باسەکەی چەند نموونەی ( لە ڕۆمانی ” کاتی لە دەستچۆی” مارسل پرۆست و هاوکات شەش دەقی شیعری لە ” بولێر و ” ” پول سلان و ” تراکل ” هێنایەوە و دواتر سێ نموونەی شیعری لە ” نالی” و ” حاجی قادری کۆیی” و ” شێرکۆ بێکەس ” وەک سێ شاعیری کلاسیک و نوێ کە هەر کام لەو شاعیرانە سێ ئەزموونی مەنفای جیاوازیان هەبووە ) و هاوکات ئەم دەقانەی وەک نموونەی بەرزی گێڕانەوەی تەجرووبەی ژینکراو ناوبرد. . دیسان باسی ئەوەش کرا ئەزموونی ژینکراو بە مەرجی دەڕبڕینی تەواو و باش گێڕانەوە دەتوانێ بە باشی بگێڕدرێتەوە و لەم نێوانەدا نووسەرانی پرۆفیشناڵ و جیدی دەتوانن بە باشی تەجروبەی ژینکراوی ( تجربەی زیست شدە ) بگێڕنەوە. پاش تەواوبوونی باسەکە، لە لایەن بەشداربووانەوە کۆمەڵێک پرس و ڕەخنە هاتە ئاراوە و مژارەکەی بەرینتر و بەربڵاوتر کرد. جێی ئاماژەیە ئەم باس و مژارە لە هەفتەی داهاتوودا و بە بەشدارییەکی زۆرتر و گفتگۆیەکی بەرینتر درێژەی دەبێ .
ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.