
ناساندنی کتێبی هزری سیاسی، سیستم و هونەری حوکمڕانیی
پێشڕەو رەئوف
کتێبی (هزری سیاسیی و سیستم و هونەری حوکمڕانێتی) لە نووسینی سیروان حەمە رەشید-ە و یەکێکە لەو کتێبانەی کە شایەنی ئەوەیە بیخوێنینەوە، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی کاری سیاسی و حوکمڕانی دەکەن، یان خوێندکاری کۆلێژی زانستە سیاسییەکان، یان کۆمەڵناسین، دەتوانن وەک سەرچاوەیەکی زانستی سوودی لێببینن.
نووسەر لەم کتێبەدا بابەتەکانی لەسەر بنەمای مێژوویەکی قووڵ و فرە رەهەندی ئەندێشە و هزر و رامانی فەیلەسووفەکان و بیرمەندانی ناو ئەم کایە هزرییە نووسیوە، پشتی بە جەدەلێکی قووڵی مەعریفی بەستووە. لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە، نووسەر زۆر شارەزایانە بە زمانێکی سادە و کورت و پوخت، بابەتەکانی ناو ئەم کتێبەی بەسەر سێ تەوەردا پۆلێنکردووە، وەک :
۱٫ هزری سیاسی
۲٫ سیستم
۳٫ هونەری حوکمرانیی
لە تەوەری یەکەمدا، بیروڕای چەندین بیرمەند و فەیلەسوف باس دەکات، سەبارەت بە دنیای سیاسەت و ململانێی ناوخۆیی و دەرەکییەکان. باس لەوە دەکات، سیستەمی حوکمڕانی باش و سەرکەوتوو، بەبێ باگراوندی هزری سیاسی سەرکەوتوو نابێت. بۆیە لەناو بابەتە هزرییەکانی ئەم تەوەرەدا، پشتی بە پۆلێنبەندی گەشەکردن و قۆناغە جۆربەجۆرەکانی هزری سیاسیی بیرمەندان بەستووە کە لە سەردەمی رێنیسانس و میکاڤیلی-یەوە دەستپێدەکات، تاوەکو هزری مارکسیزم و سەرەتای هزری هاوچەرخ و نیولیڕالیزم.
لە تەوەری دووەمدا دەپرسێت سیستمی سیاسیی چییە؟ وەک نووسەر ئاماژەی پێدەدات سیستمی سیاسیی میتۆدێکی نوێیە، نەک تەنیا بۆ ناسینی دیاردە سیاسییەکان و دەزگا فەرمییە سیاسییەکان، بەڵکو بۆ هەموو جۆرە چالاکییەکی سیاسیی لە کۆمەڵدا گرنگە کە سیستمە سیاسییەکان، زیاد لە پێناسە و شووناسێکیان هەیە. بیرمەندان و توێژەرانی بواری سیستمە سیاسییەکان، هەر یەکە و لە روانگە و دیدگای جیاوازەوە پێناسەیان بۆ هزری سیاسیی و سیستم و حوکمڕانی کردووە.
لە تەوەری سێیەمدا، نووسەر باس لە کێشە و ئاڵەنگارییەکانی پرۆسەی حوکمڕانی دەکات لە عیراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها باس لە هونەری حوکمڕانیی و چۆنیەتی بەڕێوەبردن و دەسەڵات دەکات. بۆئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بنچینەی هەندێک لە تیۆر و تێزی بیرمەند و شارەزایان کە تایبەتن بە دەوڵەتداری و حوکمڕانیی باش کە خۆی لە چەند بابەتێکی سەربەخۆدا دەبینێتەوە. هەروەها باس لە سەرچاوەکانی هێز و بنەماکانی دەسەڵات و حزب دەکات. بە گشتی نووسەر زۆر باش، توێژینەوەی لەسەر هەموو ئاستەکانی ژیانی سیاسی و حزبی و حوکمڕانی کردووە.
لە کۆتاییدا ئەوەی ماوە بڵێین ئەوەیە، ئەم کتێبەکە جەختی کردۆتەوە لە سەر سێ کایەی هەرە گرنگی پڕۆسەی سیاسەتکردن کە ئەوانیش بریتیین لە (هزر و سیستم و هونەری حوکمڕانیی)، ئەمەش مایەی دەستخۆشی لێکردنە.
خانە کتاب كُردی